Sunday, July 10, 2022

سپاسنامە:


دوورەدەستی و ئاوارەیی بە هەموو شێوەیەک قورسایی لەسەر مرۆی کۆچەر و دەربەدەر و دوورەدەست هەیە. سەرەڕای گەشت نەکردن بۆ مەوتەن و سەردانی خزم و دۆستانیش، زۆر پێداویستی هەن بە زەحمەت دەکەنە دەستمان.

برای ڕێزدار و بەهرەدار و ماندونەناسمان مامۆستا محەمەد گۆران، هەول و تێکۆشانێکی یەکجار زۆری کردووە بۆ زیندوو کردنەوەی هندەک لە مێژووی لەبییرکراو و شرۆڤە نەکراو. زۆر وردبین و سەلیقەدارانە دەمانگێڕێتەوە ناو تاک و توکی کەلە پیاوانێکی چالاک و تێکۆشەری ڕابردوو.


مامۆستا محەمەد لەو ماوانەی تێپەڕ بودا دوو پەرتوکی خنجیلانەی بەچاپ گەیاندون. یەکەمیان بەسەرهات و کردار و بەشێک لە مێژووی تۆمار نەکراوی ڕەمزی نافیع،مان پێ ئاشنا دەکات، دووەمیشیان شەڕی شەش مانگەی خانی لەپزێڕین،مان وەبییر دەهێنیتەوە.

بە حوکمی ئەوەی بەندە لە دەڤەری برادۆست و ناو خێلی برادۆست چاوم بە ژیان هەلێناون و کەمێک شارەزاییم لەسەر ڕوداو و خەلکانی دەڤەرەکە هەیە، مامۆستا محەمەد پەیوەندیی پێوە کردم و ویستی هندەک زانیارییم لێوەر بگری. هەر بەو هۆیەوە، کە پەرتوکی خانی لەپزێڕینی بەچاپ گەیاند، پەیوەندیم پێیەوە کرد و پرسیم داخوا چۆن و لە کوێ دەتوانین پەرتوکەکە بەدەست بخەین!..


مامۆستا محەمەد گۆرانی ئەدەبدۆست و زانیاریبەخش، لێی پرسیم داخوا کێ هەیە پەرتوکەکەیی بداتێ و بۆم ڕەوانە بکات!.

بە سوپاسەوە کاک غازی مەلا ئاری و کاک ڕەئوف برادۆست بە مەبەستی وەرگرتنی پەرتوکەکە سەردانی مامۆستا محەمەد گۆران،یان کردبوو. مامۆستای خۆشەویست و ژیاندۆست و ناوبراو، پەرتوکی ڕەمزی نافیع و پەرتوکی خانی لەپزێڕینی ئیمزا کردبون و وەک دیاریی دایبونە دەستیان بۆ ئەوەی بۆم ڕەوانە بکەن. ئەوانیش گەیاندیانبووە بەردەستی کاکە زرار عەلی کانیەڕەشیی خۆشەویست کە بەسەردان لە کوردستان بوو بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، بۆم بهێنیتەوە. کاک زرار عەلی،ش ١٤٤٠ کم لێمانەوە دوورە. خۆشبەختانە کاک زرار شوفێری لۆریی بار گواستنەوەیە. دیارە بارێکی هەلگرتبوو و بە شارەکەماندا تێپەڕ دەبوو. پەرتوکەکانی خستبونە ناو بەلکەی دەرگای لۆری، کە گەیشتە شارەکەمان زەنگێکی بۆ لێدام و چوم پەرتوکەکانم لێی ورگرتنەوە. هەردوو بەرتوکەکانم زۆر بە وردی خوێندنەوە و زانیاریی زێڕینی تێداهەن. بەتایبەت پەرتوکی لەسەر ڕەمزی نافیع نوسراوە، زانیاریی زۆر نوێ بون بۆم. منەتباری هەموو ئەو هاوڕێ خۆشەویستانەم کە ناویان لەم سپاسنامەدا هاتووە و زەحمەتی زۆریان کێشاوە هەتا پەرتوکەکانیان بەدەست گەیاندم. هەردوک پەرتوکەکانم وەک پیرۆزترین دیاری وەرگرتونە و هەتا مابم ئەو دیارییە پیرۆزانەی مامۆستا محەمەد گۆران لەناو پەرتوکخانەکەم و لەناو دلمدا جێگیر و پارێزراو دەبن.


لێرەوە لە کۆتایی ئەم سپاسنامەیەدا، دەلێم مامۆستا محەمەد گۆرانی برام، هەرچەندە بە جەستە لە یەکترەوە دوورین. بەس هەردەم بیرم لای کەسە خودنەویست و هاوڕێیانی ئەدەبدۆستی ئێوە و مانایە و گەورەترین دیاری لای بەندە وشە و ڕستە و نامیلکە و پەرتوکن. ئەوانیش لای بەهرەمەندان و قەلەم بەدەستانی خۆتان ئاسا دەست دەکەون. سەخاوەتی و دەستکراوەییتان مەرتەبەیەکی خواییە و وەسفی ناکرێ. هەر هەبن تەندروست و بەهرەدار و ژیان پڕ خێر و خۆشی. دوباره سپاس.


وێنەکە بەرگی هەردوو پەرتوکەکانە کە لەلایەن ڕێزدار مامۆستا محەمەد گۆران نوسراون و دەست خۆشیی لێدەکەین.


Saturday, June 25, 2022

کورتە باسێک لەسەر بووکگواستنەوەی گوندان و سالانی پێش هەشتاکان:


مالی زاوا بە یارمەتیدانی دراوسێ و خەلکانی گوندی، هەولیان دەدا بۆ خۆئامادەکردن و لێگێڕانەوەی هەموو خەلکی ئاوایی و کڕینی دیاری و هەدیە و دیارکردنی ڕۆژی زەماوەند. هەروەها ئەو خەلکانەی لێیان دەگێڕدرایەوە بۆ بەشداریی زەماوەند، ئامادەکاری خۆیان دەکرد و کچ و کوڕ و هەموو گەنجەکان بە جلوو بەرگی خاوێن و نوێ خۆیان پۆشتە دەکرد و دەڕازاندەوە و بۆن خۆش دەکرد. بەشێکی زۆر ئەسپی پێ سوك و چوست و چەلەنگیان زین و لغاو دەکردن بۆ ڕۆژی زەماوەند و بەزاندن و چارچارانێ و خۆ بە سوار چاك ناساندن و دیارکردن. 


ئەوانەی دەهاتن بۆ سەر شایی، کەسیان بەدەست بەتالی نەدەهاتن. هەر یەکەی دیارییەکی لەگەل خۆی دەهێنا. ئەوجا شتەکان بەپێی توانای خۆیان. هەبوو فەردە برنج، کارتۆنە قەند، فەردە شەکر، بزن، مەڕ، تەنەکە ڕوون، پارچە خشر، چەک و هتد.

ڕۆژێك پێشتر چەند کەسێکی دیاریکراو دەناردران بۆ مالە باوکی بووکێ. شەوێ بارگەی بووکێیان ئامادە دەکرد و ژنێکیان دیار دەکرد بۆ خزمەت و جێبەجێ کردنی بووکێ. دەیانگۆتە ئەو ژنە دیارکراوە “دایکەبووك.” دایکەبووك هەموو جوانکاری و ئامادەکردن و دەستلەخەنەنان و ڕازاندنەوەی بووکێی لە ئەستۆ دەگرت. وەک ئەم سەردەمە ئارایشگا و میکیاج و لووت بڕین و لێو ئەستور کردن نەبون. جوانکاریەکانی ئەو زەمانی هەر پرچ و بسک و کەزی لە خەنە نان و چاو بە کل و کلچیو ڕەش کردن هەبون. هدەک خەزێم،یان لە کەپ (کەپو) دەکرد و بازنی زێڕ و زیوە،یان لە دەست دەکردن. هندەک تاسی زیو و تەبەلغی زێڕ،یان لەسەر دەنان. یان گەردەنلغ لە مل دەکران.

 

شەوی ئامادەکردنی بارگەی بووکێ کە بەیانی بەڕێ بکرێت، مالە خالی بووکێ دەهاتنە لای ئەوانەی کە لە مالی باوکی زاواوە چووبوون بۆ ئامادە کردنی بووکێ، داوای چەکەخالانێیان دەکرد و ئەوانیش بەپێی توانای خۆیان شتێکیان دەدانێ. ئەوجا جار هەبوو چەکەخالانێ تفەنگ، دەمانچە، خەنجەر، پارە یان شتێك لەو جۆرانە دەدرایە خالەکانی و ڕازییان دەکردن. بەلام مەرج نەبوو هەموو کەسێك ئەو چەکەخالانێیە بخوازن. ئەگەر خواستیانبا ئەوا بە مافی خالەکان دەزانرا.

 

بەیانی گروپێك لە ژن و پیاو بە سواری ئەسپ دەچوون بۆ هەلگرتنی بووکێ و هینانیان بەرەو مالی زاوا و پاش گەیشتن و چاك و چۆنی، هەلدەستان بۆ خاترخواستن و دەرچوونیان لە مالی باوکی بووکێ. لەو کاتی خوشکی بووکێ یان هەر ژنێکی خزمی بووکێ دەرگای دەگرت و دەیگۆت ”هەتا پشتەدەرم نەدەنێ لێناگەڕێم بووك دەرچێت“. ئەوانیش چەندیان لەدەست هاتبا، پارە، پارچە زێڕ، یان زیو، شتێکیان دەدایێ و دەرگا بەردەدرا و بووکیان دەردەهێنا و سواری ئەسپێك دەکرا. بوخچەو بارگەی بووکێ بار دەکرا و دەست بە چەپلە ڕێزان و گۆرانی گۆتن دەکرا. خاترخواستنیان لە مالە باوکی بووکێ دەکرد. جار هەبوو دایك و خوشك و کەسە نزیکەکانی بووکێ، فرمێسکی شادی و گریانی لە یەکدابڕانیان تێکهەلاو دەبوون و ساتێکی خۆش و ناخۆش بوو. خۆشییەکە ئەوە بوو کە کچەکەیان دەبیتە خاوەن مال و مێرد. ناخۆشییەکەش ئەوە بوو کە کچەکەیان لێ دوور دەکەوتەوە و لە یەکتردیتنی ڕۆژانە بێبەش دەبوون.

 

بەهەرحال لەوێندەرێ بەڕێدەکەوتن و لە ڕێگا بەشێك لە سوارئەسپەکان ئەسپیان تاو دەدان و بەشێکیشیان بەپێی ڕۆیشتنی ئەسپی بووکێ دەڕۆیشتن و بە لێكگێڕانەوە گۆرانیان دەگۆتن. هەر شوانێك ئەگەر کەوتبایە سەر ڕێگای کاروانی بووكگواستنەوە، ملی مەڕێکی دەگرت و لەسەر ڕێگا ڕادەوەستا و داوەتیەکان بەخشیشێکیان دەدایێ. شوان زۆر بە دلخۆشییەوە دوای پیرۆزبایی و سوپاسکردنیان دەگەڕایەوە بەر مەڕومالاتی خۆی. ئیتر بەردەوام دەبوون لە ڕێگابڕین هەتا نزیك دەبوونەوە لە مالی زاوا و هندێك جاران پێش گەیشتنیان شێلکە تفەنگێکیان دەتەقاند و ئەوانەی مالێش دوو سێ شێلکە تفەنگیان وەلام دەدانەوە و شایی و هەلپەڕکێیان بەتال دەکرد. هەموویان لە پێشوازی کاروانی بووکێ ئەمبەر و ئەوبەر بەڕیز لە هەردوو دیوی ڕێگا ڕادەوەستان. زۆر بەگەرمی و شادی و چەپلەڕێزان و گۆرانی و هەلهەلەوە بووك و کاروانەکەیان دەدانە ناوخۆ هەتا دەگەیشتنە پێش مالێ و دەیانویست بووکێ دابەزێنن. بوك خۆی ئاسێ دەکرد و دانەدەبەزی. ئەوکاتی نزیکترین کەسی زاوا دەهات و شتێکی پێشکەش دەکرد. وەك پارە، ملك، چەند سەر مەڕو بزن، گاڕەش، یان هەر شتێك کە ئەو پێی ڕازی ببا. ئەو کاتی دادەبەزی و بە چەپلەڕێزان دەیانبرد بەرەو دیوەخان و جێی دانیشتنیان. لە پێش دەرگا کەسێك گۆزەیەکی پڕ لە گەنم و جۆ و برنج و شەکرۆک و ڕەزیانەی لەبەر پێی بوکێ بە زەوی دادەدا و دەیشکاند. کەسێکیتر لەسەر سواندەی بانی ڕادەوەستا و تەشتێکی پڕ لە شەکرۆك و چکولات و گوێز و ڕەزیانەی بەسەر سەری بووك و بەربووکیاندا دەباراندن و فڕێدەدانە خوارێ و مندالان بەکۆمەل دادەڕژانە هەلگرتنەوە و خڕکردنەوەیان. ئەو کاتی بووك دەبردرا ژوورێ و زاوا بانگ دەکرا بۆ لادانی خێلی (تارا) و بەخێرهاتنی. پاشان دەست دەکرا بە سفرە ڕاخستن و نانخواردن و دووبارە شایی دەکرا هەتا شەو دادەهات. ئەو سەردەمی تیپی مۆزیقا و گۆرانیبێژی تایبەت زۆر کەم بوون. بەلام کەسێك یان دوو کەس گۆرانیان دەگۆتن و چەند کەسێکیش لێیان دەگێڕاوە. بەو شێوە جۆرەکانی شایی دەگێڕدران. ئەو چەند شایییە زۆر باو بوون لەو سەردەم لە زۆربەی ناوچەی برادۆست. وەك، شێخانی، چاچانێ، ملانێ، سێپێی، چۆكچەمین، چۆخجانۆ، ڕۆین و هتد. 

لە ناوچەی برادۆست زۆربەی خەلك سۆفی و تەوبەداری نەخشبەندی بون لەسەر دەستی شێخ ڕەشید لۆلانی. بۆیە ڕەشبەلەك واتە شایی تێکهەلاوی ژن و پیاو حەرام و یاساخ بوو.  پیاو لە گۆڕەپانێکی نزیك مالی زاوا دیلانیان دەگێڕا. ئەگەر جێگایان بەشکردبا ژنەکان لە ژوورێ دیلانیان دەگێڕا. بەلام ئەگەر زەماوەندەکە زۆر قەلەبالغ و بۆشبایە، ئەوا ژنەکان لە دیوێکی مالی زاوا و زەلام لە دیوەکەی تر بەردەوامیان بە گێڕانی شادی و دیلان و هەلپەڕکێ دەدا. كه‌ مندال بووین هه‌رده‌م سۆفیه‌كان به‌گوێمانیاندا ده‌چرپاند و ده‌یانگۆت، "ڕه‌شبه‌له‌ك واته‌ شایی تێكهه‌لاوی ژن و پیاوان، ئه‌وه‌نده‌ حه‌ڕامه‌، له‌هه‌ر گۆڕه‌پانێكدا بكرێت، حه‌فت سالان گیای لێ شین نابێت". دیاره‌ گیا لێ شین نه‌بونه‌وه‌ له‌به‌ر پێپه‌ست و كوتینه‌وه‌ بووە‌، به‌س ئه‌وان پێیان وابوو له‌به‌ر حه‌ڕامی و گوناح و بێ ئەمری خوا بووە‌.

 

هەر ئەوتۆ پێشتر مالە باوانی زاوا حیسابیان دەکردن چەند مالیان داوەت کردبان هەر مالە و بوخچەیەك لە دیاریان بۆ دادەنان. هەر مالەو بە پێی ئەندامانی خێزانیان، هەر کەسەو شتێکیان بۆ دەخستە ناو ئەو بوخچەیە. شتەکان پێك دەهاتن لە گولاو، شە (شانە)، تۆق، ئاوێنەی بچوك، دەسمال، سابوونی بۆن خۆش، و هتد. 

ئەوانەی وەك دایکەبووك و بەربووك و خزمەتکار هەدیەی ئەوان زیادتر و گەورەتر بوو. بۆ نموونە، پاش بوخچەی باسمان کرد، دەستە جل و بەرگیشیان بۆ دادەنان. 

بەلام ئەگەر ژن بە ژنە کرابا، لازم بوو هەردووکیان بە یەکەوە و لە یەك ڕۆژدا بگوازرێنەوە. بە هەمان شێوەی لە سەرەوە باسمان کردووە بۆ ژن بە ژنەش پەیڕەو دەکرا.

واتە ڕۆژی پێشتر هەر لایەك گروپی بەربووکی خۆیان ڕەوانە دەکردە مالە باوکی بووکەکەیان بۆ ئامادەکردنی بووکێ. لە ناوەندی ڕێگادا جێگایەك دیار دەکرا بۆ بووك بەیەكگۆڕینەوە. بەیانی داوەتچی هەردوو مالە باوان بەڕێ دەکەوتن و داوەتچییەکانی هەردوو لایان لە جێگای دیاریکراو دەگەیشتنە یەکتر و بۆ دەمێك سوار ئەسپەکانی هەردوو لایان دەستیان بە تاودانی ئەسپەکانیان دەکرد. پاشان کاروانی بووكگواستنەوەی هەردوو لایان بە یەکەوە بۆ نزیکەی نیو کاتژمێر هەلپەڕکێیان دەکرد و لەو کاتی گروپی بەربووکی هەردوو باوانان بووکەکانیان دەگەیاندە ناو داوەتیەکانی خۆیان. باروبارگەیان حازر دەکردن و هەردوو لایان بە خۆشییەوە خاتریان لە یەکتر دەخواست و هەر یەکەیان بەرەو گوند و شوێنی خۆیان دەگەڕانەوە. له‌وێنده‌رێ كیهان زووتر بووكی خۆیان سواری ئه‌سپ كردبا و بارگه‌یان بۆی بار كردبا، خۆی به‌زالتر ده‌زانی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا. بۆیه‌ هه‌نده‌ك كه‌سی حیله‌كه‌ر خریی جوال و باری بارگه‌ی یه‌كتریان به‌دزیه‌وه‌ هه‌لده‌وه‌شاندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌وه‌ تاخیر بن و ئه‌وان زووتر بارگه‌ی بووكی خۆیان باركه‌ن و بڕۆن و بلێن، ئه‌ها، ئێمه‌ له‌ ئێوه‌ چه‌له‌نگتر بوین و بارگه‌كانمان پێشی ئێوه‌ به‌ڕێخستن.

وێنەم لە گوگل دەرهێناوە.

Monday, April 4, 2022

شێخۆ ناوخۆش و گرفتەکان لە گوندی مەلاعومەر


لە سالانی ١٩٦٥ هەتا ١٩٧٠ڕۆژانه‌ گرفت و ئاریشە و سەرئێشە دروست دەبون لە بەینی خه‌لكی جۆتیاری گوند و شوانەکانی  ئاوارە گیرساوەکان لەو گوندیدا. کاسبکارەکان ڕوحی خۆیان لەسەر دادەنا هەتا دانەوێلەیان دەگەیاندە گولدان و پێگەیاندن و بەرهەمهێنان. شوانکارە مندال و هەرزەکانیش بەبێ ئەوەی بیر لە زەحمەتییەکانی جۆتیاران بکەنەوە، جار هەبوو بەری کار و بەرخ و بزن و مەڕیان دەدایە گەنم و جۆی گولدایی. کە خودانی بەسەردا دەچوو و دەیبینی گەنم و جۆی خوراوە و شێلدراوە، ناخی پڕ ئاهو حەسرەت دەبوو. ناچار بەدوای دەوسی مەڕ و لێکۆلینەوەدا دەڕۆیشت و هندەکجار دەدۆزرانەوە داخوا کێ دەخلی لێ لەوەڕاندووە. هندەکجاریش تێ بزر دەبون و نەدەدۆزرانەوە داخوا کێییە. جار هەبوو شوانەکانی گوندیش بە دزی گەنم و جۆی دراوسێکانیان دەلەوەڕاندن و بەمل ئاوارەکاندا دەهات. هەکە خاوەن دانەوێلە ئەو شوانانەی ئاشکرا کردبان کە دەخلیان لێ لەوەڕادبوو، شکایەتیان دەبردە لای دایک و بابی شوانەکان. ئەوانیش بەشێکیان خەمساردانە لە شتەکانیان دەڕوانی. ناچار زەرەرلێکەوتوان هانایان دەبردە بەر مالە شێخی برادۆستان لە هەولێرێ.

شێخۆ ناوخۆش وەک ڕیش سپیی سۆفیەکانی ئەو گوند دەبیندرا و زۆر جاران زەرەرلێدراوان ڕوویان لە مالی ئەو دەکرد و پێیاندەگۆت، تکایە یارمەتیمان بدە و شوانکارەکان تێبگەینە چیتر زەرەرمەندمان نەکەن. ڕاستە شێخۆ ناوخۆش کەسێکی خاوەن قەدر و ڕێز و دیار بوو. بەس نەیدەتوانی هەموو شوانەکان کۆنتڕۆل بکات. بەڕاستی شێخۆ کەسە‌كی مەرتەبەدار و به‌ویقار بوو و خۆی به‌ براگه‌وره‌ی خزمەکانی دەزانی و زۆربەی پرس و ڕای خزمانیش هەر بە وی دەکران. سیفاتی زۆر باش و ڕوحیه‌تی یارمه‌تیدانی زۆر بەرز بوو. بەس نازانم داخوا چاوپۆشیی له‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌كان ده‌كرد و سەر زەنشتی شوانكارەکانی نه‌ده‌كرد یان هەر ئەوەندەی لەدەست دەهات و پێی چارەسەر نەدەکران. 

سەرەڕای گازانده‌ی زۆری ڕۆژانە و شکایەت بردنە لای حاجی محه‌مه‌دی شێخ ڕەشید لۆلانیش، مالە شێخ و ئاغاواتی برادۆستی ئەو غەرەزەیان لێی هەلگرتبوو کە شێخۆ ناوخۆش ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی سەردانی بوڕهان ئاغای دزەیی بکرێ و حساری لێوەربگیڕێ بەبێ ئەوەی پرس و ڕا بە مالە شێخ و ئاغاکان بکرێ. چونکی عەقلیەتی شێخایەتی و ئاغایەتی قبولیان نەبوو و نییە کەس لەژێر حوکمی ئەواندا دیار و ڕێزدار و بە کردار بێت بێی ئەوان. حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید چه‌ند جارێك ئاگاداری دابووە شێخۆ و پێی گۆتبوو، ”واز لە ئاژاوە و له‌وه‌ڕاندنی ده‌خل و دانی دانیشتوانی گوندی بهێنن و نه‌هێلن‌ زیاتر شكایه‌ت بێنه‌وه‌ لام“. سه‌ره‌ڕای له‌وه‌ڕاندن و زیان له‌ جۆتیاران دانیش، بنه‌ماله‌ی شێخۆ ناوخۆش و خزمه‌كانیان، حه‌زیان له‌ مالی سۆفی حه‌سۆ هه‌ركی نه‌بوو. ئێمه‌ش چه‌ند سه‌ر بزنمان هه‌بون و من مندال بوم. له‌گه‌ل جه‌لالی كوڕه‌ گه‌وره‌ی شێخۆ و خوشک و براکانی كار و به‌رخمان بردبونه‌ سه‌ر دەراوی زێی بۆ ئاودان. ئه‌و ڕۆژی سۆفی حه‌سۆش له‌هه‌مان ده‌راو له‌گه‌ل كچێكی دە دوازدە‌ سالانی، سێبه‌رێکیان چاک كردبوو و مه‌ڕیان له‌ ده‌و زێی مۆلدا بوو. هه‌ردووكیان له‌به‌ر سێبه‌ر دانیشتبون بەبێ گرفت. جه‌لال به‌ ئێمه‌ی مندالی گۆت،” هه‌ڕون ته‌شقه‌له‌یان پێ بكه‌ن و به‌ردیان تێبگرن بۆ ئەوەی لێرە بڕۆن و دەراو بۆ مەڕ و بزنی ئێمە چۆل ببێت.” ئێمەیش مندالی کەمفام بوین و بە قسەی جەلال،مان کرد و چوین به‌ردمان تێیان گرتن. حه‌سۆ ڕاوی ناین. نه‌گه‌یشته‌ ئێمه‌ی مندال، چووه‌ گژ جه‌لال. جه‌لال،یش هەرزەیەکی بەخۆوە بوو. سۆفی حه‌سۆ خۆی له‌ جه‌لالی دا و هه‌رچه‌ندی هەولیدا و ڕایوەشاند پێی له‌ عه‌ردی نه‌درا. دەستی لە جه‌لال به‌ردان و داهاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ردێك هه‌لگریته‌وه‌ و لێی بدات. له‌و ئه‌سنایدا، جه‌لال خڕكه‌ به‌ردێكی له‌سه‌ر په‌راسوی حه‌سۆدا و حه‌سۆ سه‌ر و سه‌ر بۆ عه‌ردی چوو. هه‌ستایه‌وه‌ و ڕاوی جه‌لالی نا. جه‌لال هه‌لات. كوانده‌یه‌كی بلند هه‌بوو. جه‌لال له‌و كوانده‌ به‌سه‌ر كه‌وت. حه‌سۆ بەدوایەوە بوو و ویستی به‌سه‌ر بكه‌ویت، جه‌لال خڕكه‌ به‌ردێکیدیی له‌ سینگی حه‌سۆی دا و پشتاوپشت كه‌وته‌ خوارێ و نەیتوانی هەستیتەوە. كچه‌كه‌ی حه‌سۆی هاواری بۆ مالێ برده‌وه‌. هەتا هاوار گەیشتە ئەوێ، جه‌لال هه‌لات و خۆی بزر كرد. كوڕه‌كانی حه‌سۆ هاتن، باوكیان چوارچەندگ هەلگرت و بردیانەوە. لە مالێ تڕمبێلێکیان پەیدا کردبوو و حەسۆیان بردبوو بۆ خەستەخانە لە‌ هه‌ولێرێ. زیاتر له‌ دوو حه‌فته‌ حه‌سۆ له‌ خه‌سته‌خانه‌ كه‌وت. له‌گه‌ل به‌رد لێدانێ، خوێنی ڕژابویه‌وه‌ ناو هناوان. هه‌تا چاك بویه‌وه و لە خەستەخانە هاتەوە‌. کوڕەکانی مالیان تێکنا و باریان کرد بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە بەلا و گێچەل پێکردن‌. ئیدی چونه‌وه‌ ناو زۆمه‌كانی هه‌ركیان له‌ ده‌وروبه‌ری هنجیرۆکێ لە نزیک کەلەکی یاسین ئاغا. هه‌والی ئه‌و شه‌ڕ و ته‌شقه‌له‌ش گه‌یاندرابووه‌ مالی حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید. نەوەکانی شێخ ڕەشید چه‌ند كه‌سێكیان ناردن و شێخۆ و خدری برایان بردنه‌ هه‌ولێرێ. حاجی محه‌مه‌د پرسیاری له‌ هه‌ردوکیان كردبون داخوا بۆ ئه‌و هه‌موو ئاژاوه‌گێڕییە به‌رده‌وام ده‌كه‌ن و واز له‌ تێكده‌ری ناهێنن؟ دیاره‌ شێخۆ به‌ دلی حاجی محه‌مه‌د وه‌لامی نه‌دابونه‌وه‌. حاجی محه‌مه‌دیش فه‌رمانی كردبوو كه‌ شێخۆ تەمبێ بکرێ و بیکەنە پەند (عیبرەت) بۆ هەموو ئەوانەی زەرەر و زیانی گوندیان دەکەن و ئاژاوەگێڕی دەکەن. ئەوتۆ باس کرا کە تەمبێ کردنی شێخۆ بە عەبدولقادری کوڕی حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید سپێردرابوو. ئەویش گەنجێکی خوێن گەرم بوو. هەست و ویژدانی نەبووە بەرامبەر شکاندنی کەڕامەت و وێران کردنی دەرونی مرۆڤ. شێخۆ ناوخۆشی بردبوو لەناو گۆڕەپانێک و لەبەر چاوی دەیان کەس، گۆتیبوو ”دەبی ئاوی پێدا بکەن و دارکاریی بکەن“. کەس ئامادە نەببوو بەو شێوە لێیبدات. ئەوجا نازانم نەیانوێرابوو یان دلیاننەدابوو. بۆیە عەبدولقادری نەوەی شێخ ڕەشید ملی خدری برای شێخۆی گرتبوو، پێیگۆتبوو ”ده‌بی به‌ ته‌نه‌كان ئاو به‌ شێخۆی براتدا بکەی و له‌به‌ر چاوی خه‌لكی داركاریی دەکەین. ئەگەر ئاوی پێدانەکەی، دارکاریی تۆیش دەکەین. بۆ ئه‌وه‌ی هەردوکتان ببنە پەند و كه‌سیتر جورعه‌ت نه‌كات لە فەرمانی باوکم لەبدات“. ئیتر به‌و شێوه‌، داركاریی شێخۆیان كردبوو و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سه‌دی و ده‌رونیان دابون. سەرباری دارکاریش، وازاندرا کە عەبدولقادر بەپێوە چوبووە سەر زگی و بە پێنان لێیدابوو. کە وازیان لێیان هێنابوو و گەڕانەوە مالێ، شێخۆ ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌‌ی لێ بووه‌ داغێكی له‌بیر نه‌كراو و كه‌وتبووه‌ حالاتێكی گۆشه‌گیری و نه‌ده‌هاته‌ ناو خه‌لكی و سه‌ردانی كه‌سی نه‌ده‌كرد. ته‌ركی خانەقای حاجی محەمدی شێخ ڕەشیدیشی  كردو هەتا کۆتایی ژیانی چاوی پێیان نەکەوتەوە. ئەندامانی مالە شێخیش ئەوەندە لەخۆڕازی و لوتبەرز بون، لەخۆیان نەگرت داوای لێبوردنی لێبکەن و دلی چاک بکەنەوە. زۆر به‌داخه‌وه‌، به‌و قه‌هر و كه‌سه‌ر و دەروون ڕۆشانەوە،‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سالانی ١٩٧٠دا له‌ گه‌لیی خواكوڕك كۆچی دوایی كرد.

تێبینی:

 بۆ بەندە هەموو مرۆڤێکی کردار مرۆڤ، خۆشەویست و ڕێزدارە بەبێ جیاوازی. بەس چیم بیستووە و بینیوە، وەک خۆی گێڕایتمەوە بەبێ خاتر گرتنی هیچ لایەک. ئیدی ئەگەر ئەم ڕاستیانە بەدلی کەسانێک نەبن، بەندە خەتابار نیم و پێویستە هەر مرۆڤێک لە هەر کردارێکدا، ڕەچاوی پەرێزی خودی خۆی بکات.