Friday, December 29, 2017

ڕاو : به‌شی ٣



پاییزان كه‌و له‌ ترسی به‌فر بارین ڕوی له‌ خوارێ، یان بلێین جێی گه‌رمتر ده‌كرد. ته‌نها كه‌وی مه‌ده‌نی، یان كه‌وی خۆجێیی ده‌مایه‌وه‌. به‌لام بهاران له‌گه‌ل ده‌ست پێكردنی بژینی به‌فر و به‌سته‌له‌ك، هه‌وره‌كان له‌ جیاتی به‌فر، بارانیان هه‌لده‌ڕشت.  كه‌وه‌كانیش هه‌لده‌كشانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ چیاییه‌كان و له‌گه‌ل به‌له‌كه‌ی به‌فر ده‌ڕۆیشتن. 

ئێمه‌ جۆره‌ تۆڕێكمان دروست ده‌كردن له‌سه‌ر شێوه‌ی تۆڕی ماسیگران، به‌لام ئه‌و تۆڕه‌ی بۆ كه‌و گرتن به‌كار ده‌هاتن، زیادتر له‌ مترێك به‌رین و پان بون. شووه‌ك یان توره‌ دارێكی درێژ و زراوی هنارمان ده‌هێنا. له‌گه‌ل ده‌ستكه‌ دارێكی له‌ شێوه‌ی ده‌سكی خاكه‌ناس، پێمه‌ڕه‌، مه‌ڕبێل. سه‌ری ئه‌ستورتر دو كونی تێده‌كرانه‌وه‌. توره‌ دار هناره‌كه‌ ڕاست و چه‌پ هه‌ر سه‌رێكی له‌و كونانه‌ هه‌لده‌كێشراو پینج ده‌كران و زۆر به‌ قه‌ییمی ڕاده‌وه‌ستا. 

تۆڕه‌كه‌مان له‌ داوێك ده‌چنی كه‌ به‌ ئاسانی نه‌پسێ و له‌ ده‌وره‌ی ئه‌و تووره‌ هنارمان
 ده‌به‌ست كه‌ سه‌ره‌كانی له‌ ده‌ستكه‌ دار هه‌لكێشرابون و له‌ شێوه‌ی هێلی سوڕاوه‌ یان ده‌ور دراو بو.

هه‌رده‌م لاێتی پێنج، شه‌ش پولی یان بلێین پاتریمان هه‌بون. به‌رگێكی گه‌رممان ده‌پۆشی و پێلاوێكی سه‌ركه‌گای توركیمان له‌پێ ده‌كردن. تۆڕه‌كه‌مان له‌سه‌ر شان داده‌ناو ملمان ده‌دایه‌ كه‌ندو دۆله‌كان بۆ ڕاو كردنی كه‌وان. ده‌بێ شه‌وانی باران چوباینه‌ ڕاو كردنی كه‌وه‌كان. چونكی ئه‌گه‌ر باران نه‌باریبا و سامال بایه‌، زه‌حمه‌ت بو بتوانین كه‌و ڕاو بكه‌ین. به‌لام ئه‌گه‌ر باران بایه‌، زۆر به‌ ئاسانی ڕاومان ده‌كردن. 

ئه‌گه‌ر خۆمان له‌به‌ر بارانی به‌خوڕ ڕاگرتبا، باران چه‌نده‌ به‌ڕێژنه‌ بایه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاسانتر كه‌و ڕاو ده‌كران. زۆر جاران به‌و شێوه‌ ده‌چوین و ڕادێره‌ كه‌وێكمان ده‌بینیه‌وه‌ له‌ لیسدا. جار هه‌بوو هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ جێیه‌ك لیس ببون، ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌كتر نزیك نه‌بون كه‌ تۆڕ هه‌موویان بگریته‌وه‌. 
له‌و جۆره‌ هه‌لكه‌وتدا، هه‌لده‌ستاین، شه‌به‌قی لاێتمان ده‌دایه‌ كه‌وێك و ده‌مان دایه‌ كه‌وه‌كانیتر هه‌تا بتوانن یه‌كتر ببینن. كه‌ یه‌كتریان ده‌بینی، هێدی هێدی هه‌لده‌ستان و له‌ یه‌كتر نزیك ده‌بونه‌وه‌. كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ یه‌كتر، له‌سه‌ره‌خۆ تۆڕمان به‌سه‌ردیانداده‌دا، هه‌موویان به‌بن ده‌كه‌وتن و سه‌ریان له‌ كونه‌كانی تۆڕ ده‌هاته‌ده‌ر. چه‌قۆمان ده‌رده‌هێناو سه‌رمان ده‌بڕین و ڕاده‌وه‌ستاین هه‌تا له‌ باله‌فڕكێ ده‌كه‌وتن، ئینجا له‌ جه‌نتامان ده‌ئاخنین و ده‌مان هاویشته‌ ناوملان و به‌دوای چینێكیتردا ده‌گه‌ڕاین هه‌تا جانتامان پڕ ده‌كرد و به‌ره‌ و مالێ ده‌هاتینه‌وه‌. 
شه‌و هه‌بو یه‌ك دو جاران لێیان ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌ جانتای پڕه‌وه‌. جاریش هه‌بو هه‌تا لاقمان شل و كوت ده‌بون، ده‌گه‌ڕاین و هیچمان پێ نه‌ده‌دۆزرانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ڕادێره‌ كه‌وێك، یه‌كجار زۆبان و نه‌ماتوانیبا تۆڕ به‌سه‌ر هه‌موویاندا بده‌ین، له‌گه‌ل تۆڕ پێدادان، به‌شێكیان ده‌فڕین و ده‌رباز ده‌بون. به‌لام له‌ فڕیندا، هیچیان نه‌ده‌دیت و له‌ هه‌ر جێگایه‌ك كه‌وتبانه‌ سه‌ر زه‌وی، له‌وێ ده‌مانه‌وه‌ هه‌تا به‌یان ده‌هات و ده‌بووه‌ ڕۆناكی. به‌ كه‌وه‌ هه‌لفڕیوه‌كانی شه‌و ده‌گۆترا، شه‌وفڕ. 
شه‌وفڕ بۆ میوانی ناوه‌ختیش به‌كار ده‌هات. زۆر جاران ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ ناوه‌ختی چوبایه‌ گه‌ڕانی مالان، یان بلێین سه‌ردانی مالێك به‌ میوانی، پێمان ده‌گۆت شه‌وفڕ، واته‌ میوانی ناوه‌خت، یان سه‌ردانكه‌ری ناوه‌خت، یانی سه‌ردانی كاتێكی نه‌گونجاو. ئه‌و كه‌وانه‌ی ده‌بونه‌ شه‌وفڕ، گرتن و ڕاو كردنیان زۆر ئاسانتر بو. چونكی به‌ ته‌نها ده‌مانه‌وه‌ و ئاگاداریان كه‌متر بو.

 جار هه‌بو له‌ ڕاوی شه‌واندا توشی ده‌عباو گیاندارانی هه‌مه‌جۆر ده‌بوین. 
چه‌ندین جاران توشی ڕه‌وه‌ گورگ و ڕه‌وه‌ به‌راز و یه‌كانه‌ به‌راز و هرس ده‌بوین.

شه‌وێك له‌ ڕاوه‌ كه‌و گه‌یشتمه‌ سیخوڕێك و داوم به‌سه‌ری دادا. سیخوڕ هه‌رده‌م لموزی به‌ زه‌ویه‌وه‌یه‌. بۆیه‌ ئاسان به‌ تۆڕ، ڕاو ناكرێ. دو جاران تۆڕم به‌سه‌ریدادا، هه‌ردو جاران له‌بنی ده‌رچو. دیاره‌ به‌ختم هه‌بو كه‌ له‌بن تۆڕ ده‌رچو، ئه‌گینا كه‌ سیخوڕ ته‌نگاو ده‌بێت، په‌ڕ ده‌هاوێژی. په‌ڕ هاوێشتنی سیخوڕ ترسناكه‌، ده‌كرێ به‌ سه‌ختی مرۆڤ بریندار بكات. سیخوڕ گیاندارێكی زۆر به‌ زه‌ڕ یان بلێین زه‌ره‌ردار نه‌بو. ته‌نها یه‌ك زه‌ره‌رمه‌ندیی بۆ جۆتیاران هه‌بو، ئه‌ویش خواردن و ورد كردنی به‌ری بیستانان بو. به‌تایبه‌ت بیستانی شمتو و گندۆره‌.
له‌بیرمه‌ حاجی قاسم به‌نه‌یی پارچه‌ زه‌ویه‌كی كردبووه‌ شمتو.(شفتی، زه‌به‌ش، شمتی، شامی) سیخوڕ پێی فێر ببو، هه‌ر شه‌و نزیكه‌ی ده‌ دانه‌ زیاتر شمتۆوی هورد ده‌كردن و ده‌خواردن. حاجی قاسم له‌ ده‌وره‌ی بیستان، قیسپی چه‌قاندبون و ده‌وره‌ی زه‌ویه‌كه‌ی به‌ ستری كه‌ناری په‌رژین (په‌رژان، په‌رجان، په‌رجین) كردبو. سیخوڕ ده‌هات و په‌رژینی ده‌سمت و ده‌چووه‌ ناو بیستان و به‌رده‌وام ده‌بو له‌ شمتو خواردن. له‌سه‌ره‌تادا، حاجی قاسم بڕوای وابو كه‌ ده‌توانی به‌ په‌رژینی ئه‌ستورتر و بته‌وتر بیستان له‌ سیخوڕ بپارێزی. بۆیه‌ پێنج شه‌ش ڕێز ستری كه‌ناریی له‌ یه‌كتر ده‌به‌ستن و په‌رژینی ده‌دایه‌ پشت یه‌ك. به‌لام كه‌ به‌یانی ده‌چو، ده‌یبینی سیخوڕ هه‌ر هه‌موو ته‌به‌قه‌ ستریه‌كانی سمتووه‌ و كۆمه‌له‌ شمتووه‌كی خواردونه‌. پاشان فێلێكی ئاسان و نایابی دۆزیه‌وه‌. ئه‌ویش به‌كار هێنانی خه‌لێف بو.

هه‌ستا ئه‌و جێگایانه‌ی سیخوڕ په‌رژینی سمتبو، خه‌لێفێكی ده‌هینا و له‌ كونه‌كانی په‌رژینی ده‌گرت، سیخوڕ ده‌هات و ده‌یویست به‌ناو خه‌لێفدا بڕوات بۆ ناو بیستان. چونكی خه‌لێف، ده‌رگای چونه‌ ژور ته‌واو به‌رینه‌ و دیوی چونه‌ده‌ریش ته‌سك و زراو، سیخوڕ تێیدا گیر ده‌بو، نه‌ ده‌یتوانی به‌دیوه‌ ته‌سكه‌كه‌دا ده‌ربچی، نه‌ ده‌یتوانی پشتاو پشت بگه‌ڕێته‌وه‌.  هه‌ر چه‌ندی هه‌ولی ده‌دا كه‌ پشتاو پشت بگه‌ڕێته‌وه‌، په‌ڕه‌كانی له‌ خه‌لێف گیر ده‌بون و تێیدا ده‌چه‌قی. به‌یانی زوو حاجی قاسم ده‌چووه‌ سه‌ر ڕوحی و ده‌یكوشت. به‌و شێوه‌ تۆله‌ی شمتووه‌كانی له‌ سیخوڕ ده‌كرده‌وه‌.

خۆیشم سالێك پارچه‌ عه‌ردێكی بچوكم كرده‌ شمتو. ئه‌وه‌نده‌ شمتوی پێوه‌ هاتبون پێمان ته‌واو نه‌ده‌بون. كاتێك زانیمان سیخوڕێك پێی فێر بو، هه‌ر شه‌و كۆمه‌له‌ شمتووه‌كی ده‌خواردن. هه‌ستام له‌ ناوه‌ندی بیستان، كه‌پرێكم له‌سه‌ر داره‌ مازینه‌ك دروست كردو چه‌ند‌ شه‌وێك له‌ ئێواره‌وه‌ ده‌چومه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌پر و قرمه‌م له‌به‌ر ده‌ستان هه‌تا به‌ره‌ به‌یان نۆبه‌م لێی ده‌گرت. هه‌ر نه‌ده‌هات. كه‌چی كه‌ من ئه‌وێم به‌جێ ده‌هێشت، پاشان ده‌چوم و ده‌مبینی چه‌ندین شمتووی خواردینه‌. شه‌وێك بڕیارمدا هه‌تا ڕۆژ هه‌لاتن، ئه‌وێ به‌جێ نه‌هێلم.
چومه‌ سه‌ر كه‌پر و بۆی دانیشتم هه‌تا نزیكه‌ی به‌ره‌ به‌یان. كاتێك بینیم له‌ دومه‌نی خوارێڕا هاته‌ ناو بیستان و ده‌ستی كرد به‌ خواردنی شمتو. سێ شمتووی خواردن، هاته‌ سه‌ر چواره‌میان، قرمه‌یه‌كم لێیداو كه‌وته‌ خواره‌وه‌. له‌سه‌ر كه‌پر هاتمه‌خوار و ویستم سه‌ری ببڕم، یه‌كسه‌ره‌ هه‌لات و چوه ناو كونه‌ شاخێك و نه‌یگه‌یشتمێ كه‌ ده‌ری بهێنم. له‌ناو ئه‌و كوندا مردار ببو و چیتر شمتووه‌كانی نه‌خواردین.

خوێنه‌رانی هێژا، ئێمه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌ شاخاویه‌كانی برادۆست، خۆڕسكانه‌ ده‌ژیاین و دوور بوین له‌ خوێندن و په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یشتن. دوور بوین له‌ بنكه‌ی پۆلیس و ته‌ندروستی و دادو قانون. هه‌ر ئه‌وتۆ بێخه‌به‌ر بوین له‌ یاری و ململانێی سه‌رمایه‌داری و قومارخانه‌ی سه‌ر خوێن و ئێسقانی هه‌ژاران. وامان ده‌زانی ژیان هه‌ر وایه‌و داده‌نی خوداییه‌ كه‌ به‌شێكمان هه‌ژارین و هه‌ندێك ئاغا و به‌گ و خاوه‌ن دیوه‌خانن و هه‌ندێكیش شێخ و ته‌كیه‌دار و پێشڕه‌وی سۆفی و ده‌روێشه‌كانن بۆ وه‌رگرتنی كلیلی ده‌رگای به‌هه‌شت. به‌ ئومێدێكی گه‌شه‌وه‌ ده‌ژیاین و هه‌ر له‌مه‌ڕ خودامان ده‌زانی كه‌ وه‌ك نیعمه‌تێك زۆربه‌ی ئه‌و گیاندارانه‌ی بۆ حه‌لال كردوین كه‌ گۆشتیان ده‌خورێ. به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی بۆمان ده‌كرا، ڕاوی گیانداره‌كانمان ده‌كرد و گۆشتیانمان له‌ شیش ده‌داو ده‌برژاند و ده‌خوارد.

سه‌ره‌ڕای بێ به‌زه‌ییمان به‌رامبه‌ر گیانداران، ده‌رباره‌ی مرۆڤ، هه‌م ویژدان زیندو بوین، هه‌میش نانی ئێواره‌مان هه‌بایه‌، خه‌می به‌یانیمان نه‌بو، هه‌م دلفراوان و خوانچه‌ ڕازاوه‌ بوین بۆ میوانان و ده‌ستی یارمه‌تی و خێراتمان كراوه‌ و ئاوه‌لا بو بۆ هه‌ر كه‌سێكی پێویست.
هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ گۆڕانكاریی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌. به‌لام هه‌تا ئێستاش ڕه‌نگی ساده‌یی ئه‌و سه‌رده‌م، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هنده‌ك مرۆڤی ناوچه‌ چیاییه‌كان هه‌ر ماوه‌ و ڕوحی پاكی و یه‌ك ڕوویان هه‌ر به‌ زیندووی ماوه‌ته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازیه‌دا، كه‌سانی پاك و ڕاست و ویژداندار، زۆر جاران ده‌كه‌ونه‌ داوی ناپاكان و داغ ده‌كرێن، لێ مرۆڤه‌ سه‌رچاوه‌ پاكه‌كان هه‌ر ناتوانن خۆیان له‌ مه‌یدانی ناپاكاندا ببیننه‌وه. به‌هیوای پاكی و سه‌داقه‌ت و ژیانپارێزی بۆ هه‌موو لایه‌ك.