Saturday, January 20, 2018

ماری ڕه‌ش

ماری ڕه‌ش.
له‌ سالانی هزارو نۆسه‌دو حه‌فتاكاندا دو خانوومان هه‌بون. خانووه‌ك له‌ گوندی به‌نێی خواكوڕك، ئه‌وه‌یتریان نزیكه‌ی بیست ده‌قیقه‌ ڕێ له‌ خوار گوندی به‌نێ له‌ سولكێ بو. له‌ سولكێ ده‌ره‌دیه‌كی زۆر گه‌وره‌مان هه‌بو. له‌ سه‌رگه‌ی ده‌ره‌دیه‌كه‌ هه‌م خانووی تێدا ژیانمان هه‌بو هه‌میش هۆلێكی گه‌وره‌ی مه‌ڕو مالاتمان هه‌بو. زستانان سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانمان له‌ سولكێ ده‌گه‌یشتینه‌وه‌ یه‌كتر و مه‌ڕو مالاتیش به‌هۆی به‌فر بارینی زۆره‌وه‌ له‌و ناچه‌، زستان هه‌بو دو هه‌تا سێ مانگان ده‌كه‌وته‌ دونێ. دونه‌، واته‌ هه‌ر له‌سه‌ر گیاو كاو چلو به‌خێو ده‌كران و به‌هۆی بارینی به‌فره‌وه‌، له‌وه‌ڕگای ده‌ره‌وه‌ نه‌ده‌ما.

كه‌ بهار داده‌هات، مه‌ڕو مالات ده‌بردرایه‌ بهارواران. هاوینانیش ده‌چونه‌ هاوینه‌هه‌واران. یه‌ك دو هاوینان هه‌ر من له‌سه‌ر خانووی سولكێ ده‌مامه‌وه‌ و خزمه‌تی به‌رو بیستانانم ده‌كرد و خه‌ریكی ئاودێری و بژاره‌ و چاندن و جۆتیاری بوم. هه‌رده‌م بۆ جل و به‌رگ گۆڕین و خواردن ده‌هاتمه‌وه‌ ناو خانوو. شه‌وانیش له‌سه‌ر بانی خانووه‌كه‌ كوله‌م هه‌لده‌دا و له‌ژێر كوله‌دا ده‌خه‌وتم. سولكێ كه‌وتبووه‌ خوار سولاغ (شه‌لال)ه‌ ئاوێكی زۆر به‌رز. هاوینان دره‌نگ شه‌و له‌به‌ر نه‌رمه‌ هه‌وای تاڤگه‌كه‌، ده‌بایه‌ به‌تانیمان به‌خۆ دادابا و مه‌یله‌و سارد ده‌بو. له‌ پێش هۆلی مه‌ڕ و مالات، بنه‌ دار تووه‌كی زۆر گه‌وره‌مان هه‌بو. پێیده‌گۆرترا توو شامی. كه‌ توو پێده‌گه‌یشتن، ئه‌وه‌نده‌ به‌ری پێوه‌ ده‌هات، به‌ ڕۆژ ئێمه‌ تووه‌كانمان ده‌خواردن، شه‌وانیش ده‌بووه‌ خلله‌ و خرتۆكی هرسان (ورچ) له‌بن دار تووه‌كه‌ و تووان ده‌خواردن. كه‌چی به‌ری ئه‌و دار توو نه‌ به‌ ئێمه‌ نه‌ به‌ هرسه‌كان خه‌لاس نه‌ده‌بو.

ئێمه‌ له‌وه‌ ده‌رچوبوین شه‌وان له‌ هرس و به‌رازان بترسین و له‌گه‌لیان ڕاهاتبوین. ده‌ورو به‌ری خانو و زه‌وی و ده‌ره‌دیه‌كه‌ش هه‌مووی خه‌له‌ به‌رد و ڕێزه‌ ستری كه‌ناری بون و پوش و په‌لاخیش خۆی لێكده‌دا. جێگای هه‌موو جۆره‌ گیاندارێكی لێ ده‌بویه‌وه‌. ته‌نها زۆر له‌ كۆره‌ ماران ده‌ترساین. كۆره مار زۆر ته‌پ و ته‌مبه‌له‌ و جار‌ هه‌یه‌ هه‌تا پێی لێنه‌نرێ ناڕوا. ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كیش نه‌یبینی و پێی لێنا، مه‌گه‌ر به‌ختی هه‌بیت ئه‌گینا پێیوه‌ده‌دات. پێیوه‌دانی كۆره‌ ماریش زۆر كاریگه‌ره‌ و دوور نییه‌ بیكوژی یان سه‌قه‌ت ببێت.

ماری ڕه‌ش زۆر سه‌لامه‌ت و هه‌ستیاره‌. ئه‌وه‌نده‌ به‌ هه‌ست و خوسته‌، هه‌ركه‌ نزیكی ده‌بوین، یه‌كسه‌ره‌ ڕایده‌كرد. دو ماری گه‌وره‌ی ڕه‌ش له‌ ده‌وری خانووه‌كانمان هه‌بون. زۆربه‌ی ڕۆژان كه‌ ده‌چومه‌ ناو شینایی، ده‌یانم بینین و ڕایانده‌كرد بۆ‌ ناو دڕك و ته‌ڕاش، جاریش هه‌بو ده‌مبینین ده‌چونه‌‌ ناو كونه‌ دیواره‌كانی خانووه‌كانمان.

ڕۆژێك ده‌ستم دایه‌ كنۆره‌ و داس و هنده‌ك ستری كه‌ناریم بڕین و كردنه‌ گورزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كانی په‌رژینی پێش ده‌رگا چاك بكه‌مه‌وه‌. كاتێك له‌ناوكاو مارێكی ڕه‌ش له‌پێشم ده‌رپه‌ڕی. منیش كنۆره‌یه‌كم ڕاوه‌شاندێ، كنۆره‌ به‌ر قه‌دی مار كه‌وتو بریندار بو. به‌ برینداری نه‌یتوانی خۆی ده‌رباز بكات، لێم جنقیه‌وه‌ و به‌ته‌مای شه‌ڕ كردن بو. كنۆره‌یه‌كیدیم لێیدا، كه‌وت و كوشتم. ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ر مابو. ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، ڕۆژێك له‌ گوندی ده‌هاتمه‌وه‌ بۆ سولكێ. تێیهه‌لنگوتم و ‌بینیم ماره‌ ڕه‌شه‌كه‌یتر، مارێكی بۆری داحوراوه‌ و هێشتان ته‌واوی نه‌كردبو. به‌لام به‌هۆی قوتدانی ماره‌كه‌یتر، نه‌یتوانی بڕوات. ده‌ستم دایه‌ ڕككه‌ دارێك و هه‌ردوكیانم به‌ یه‌كه‌وه‌ كوشتن.
له‌و ڕۆژیه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ماره‌ ڕه‌شانه‌م كوشتن، ئیدی ئیسڕاحه‌تم لێ تێكچو له‌به‌ر ماره‌ بۆره‌كان.
هه‌ر كاتی ده‌هاتمه‌وه‌ ناو خانوو بۆ پێویستیێك، ده‌مبینی مارێكی بۆره‌ قه‌دی به‌ دار خێزه‌ره‌ و قاریته‌كاندا هاتینه‌ خوار. حه‌فته‌ی دو سێ ماره‌ بۆره‌م له‌ناو خانوو ده‌وروبه‌ری به‌ قرمه‌ی ده‌كوشتن. ئه‌وكاتی زانیم، كه‌ دوژمنی دوژمنانمان، نیوه‌ دۆستێكن. هه‌تا ماره‌ ڕه‌شه‌كان نه‌كوژرابون، یه‌ك ماری بۆره‌ نه‌یده‌وێرا تخونی خانووه‌كانمان بكه‌وێ. كه‌ ماره‌ ڕه‌شه‌كانم كوشتن، ئینجا بۆره‌كان ترسیان نه‌ماو به‌ربونه‌ ناو خانوو ده‌وروبه‌ری.