Tuesday, November 26, 2019

جەژنی قەڵ

جەژنی عەلەشیش
مرۆڤ دڕوندایەتی بە خوداپەرستی ئەژمار دەکات. ئەوا بەرەو پیریی جەژنی سپاسگوزاریی دەبینەوە. ئێوارەی پێنج شەم زۆرینەی خێزانەکانی ئەمەریکا لە یەکتر کۆ دەبنەوە و بەشداریی خواردن و خوان ڕازاندنەوەی یەکتر دەکەن. ئەو شایی و شادیی و ورگ داگرتنەیش گشتی لەسەر کەول و گۆشت و ورد کردنی ئێسقانی عەلەشیش و ڕوح ئازاردانیان بەڕێوە دەبرێت.
سەرجەم بازاڕەکانی ئەمەریکا بە گیشە لاشەی بێگیانی عەلەشیشیان هەلداوەتەوە. بەگشتی بازاڕەکانی گۆشت فرۆشی ئەمەریکا ٨٠%ی نرخی عەلەشیشیان داشکاندوە. لەو ڕۆژانەدا لە سەرتاسەری ئەمەریکا، دێرەکان و پەرستگاکان بە ملیۆنان عەلەشیش بەلاش بەسەر بێمال و خێزانە کەم دەراماتەکاندا دابەش دەکەن. مخابن، دەبینم زۆربەی مرۆڤە ئۆلدارەکان، خێرو خوداپەرستیی خۆیان لەسەر ئازاردان و سەربڕینی گیاندارە بەست ئەزمانەکان بنیاتناوە و بنیاتی دەنێن. ڕوح هەر ڕوحە و ئازاریش هەر ئازار، نازانم بۆچی مرۆڤ هەست بە ئازاری ئەوانیدی ناکات و خوێن ڕشتنیان بە خوداپەرستی دەزانن. دەبێ کەی خودا بێتەدەنگ و بە مرۆڤ بلێ من هەرگیز حەزم لەو کارەتان نییە و قڕکاریی ڕوحەکانم بۆ ئێوە حەلال نەکردوە، بەلکو ئەوە ئێوەی مرۆڤن بۆ بەرژەوەندیی و تێر کردنی نەفسی شومی خۆتان جەژن لەسەر گیان پڕوکاندن و مل پەڕاندن و برژاندنی لاشەی گیانداران دەگێڕن و ڕوحیان دەهێڕن. ئەو جەژنە لە سالی ١٦٢١ دامەزراوە و هەرسال لە پێنج شەممەی چوارەمی مانگی یازدەدا دەگێڕدرێ. ئەگەر تەماشا بکەین، زۆرینەی دیندارەکان بڕوایان وایە کە خودا بەهەشت و دۆزەخی داناوە و ئەو مرۆڤانەی تاوانبارن، هەر وەک چۆن مرۆڤ لاشەی گیانداران لەسەر ئاگر دەبرژێنن، خودایش تاوانباران بەو شێوە لە شیش دەدات و لەسەر ئاگردانی دۆزەخ دەیانبرژێنی. ئەگەر وابێت، یەکەم عەقل و ویژدانی خودایش جیاوازیی نییە لەگەل عەقل و ویژدانی مرۆڤ. دووەم دەبێ چ مرۆڤێکی بێ تاوان لەسەر زەوی ژیابێت؟ بڕواناکەم پەیدا ببێت، کەواتە بەهەشت زیادەیە و بە چۆلی دەمێنێتەوە و خودایش بە گشتی مرۆڤەکان لە دۆزەخ دەئاخنی. ئەگەر مرۆڤ چاوچنۆک و خۆپەرست و ورگن نەبن، داهات و خواردنی جیهان، بە یەکسانی بە زیادەوە بەشی هەموو ژینداران دەکات و پێویستی نەدەکرد، هندەک خۆیان بە خێرخواز پێشان بدەن و خێرات بەسەر برسیەکاندا ببەشنەوە و خوێنی گیاندارانیش بەو شێوە زۆریە بڕێژن. ئیتر ئەوە عەدالەت و خوداناسیی مرۆڤەکانە و خراپتریشی دەکەن.

خەیام گۆتویەتی
خودایە، پەردەیەکت هەلداوە، کەس پەنای ئەو پەردە نابینێکە پەردەت هەلگرت، کەس لە ژیاندا نەماوە هەتا بیبینێ"

وێنەکە لە گوگل وەرگیراوە

Monday, November 25, 2019

شیکاریی ٣ وشە.

وەسف و شیکاریی چەند وشەیەک کە لە دەڤەری برادۆست بۆ واتای جیاواز بەکار دەهاتن
دەکرێ لە ناوچەکانی تریش بۆ هەمان واتا بەکار هاتبن، بەس ویستم ئەو کورتە باسە ببێتە وەبیر هێنانەوەیان.

یەکەم
 (دلۆپ) وشەی دلۆپ زۆر واتا دەبەخشێ و لەگەل ڕستە و بابەتەکان واتای دەگۆڕێ. ئەگەر بانی خانوو ئاو بدات، دەگۆترێ دلۆپە دەکات، شێرەی ئاو چاک نەگیرێتەوە، دلۆپە دەکات. شتێکی هەلێخستی بێت و ئاوی لێداوەرێ، بە دلۆپە ناودەبرێ. دەتوانرێ بگۆترێ، فلانە کەس ئەوتۆ دەگریا دلۆپ دلۆپ فرمێسکی دەهاتنەخوار. دەکرێ بۆ سەدان شتیتریش بەکار بهێت. تەنها بەندە دەمەوێ بەتایبەت واتایەکی دلۆپ باس بکەم کە لەناوچەی برادۆست زۆر باو بو. ئەویش ئەگەر کەسێک لە دیوانێکدا بەسەرهات، یان چیڕۆکێکی سەرنج ڕاکێشی گێڕابایەوە و دانیشتوان بەتاسەوە گوێیان بۆی ڕاهێلابا، لەوکاتی کەسێک قسەیەکی وەبە گێڕانەوەکەڕا
کردبا، ئەوانیدی، پێیاندەگۆت، دلۆپە مەکە، واتە تەشویش دروست مەکە و ڕاوەستە هەتا لێی تێبگەین.

دووەم 
وشەی پلیندار (پەلار)، دو واتا دەبەخشی. پلیندار بەوە دەگۆترا کە پاییزان دوای گیوز داکوتان و چەلوەشێن کردن، هندەک گیوز بە سەرە پرچکەکانەوە دەمان و چەلوەشێن نەدەگەیشتنێ. کەسێک دارێکی کورتی هەلدەگرتەوە و ڕایدەوەشاندێ و گیوزەکانی بەو پلیندار بەردەدانەوە.
دووەم واتای وشەی پلیندار، ئەگەر کەسێک تانەی لە کەسێکیتر دابان، واتە تەعلیقی لێی دابان، تەعلیق لێدەر بە پلیندار وەشێن ناودەبرا. واتە کەسانی تەعلیقچی، پلیندار وەشێن بون. واتە وشەی تەعلیق، بە کوردیە ڕەسەنەکەی، پلیندارە. یان ئەگەر کەسێک تەعلیقێکی بە قووەتی لە دو کەسان دابایە بە یەکەوە، دەیانگۆت، بە پلیندارێک جۆلمانەیەکی یەخست. یان ئەگەر کەسێک تەعلیقی لە کەسێکی تر دابان و بەرامبەرەکەی پێی خۆشنەبا، بە تەعلیق لێدەرەکەی دەگۆت، پلینداران مەوەشێنە، واتە تەعلیقمان لێ مەدە و هەتا دوایی. دەزانم لە زۆربەی دەشتی هەولێریش لە جیاتی پلیندار، پەلار بەکار هاتوە.


سێیەم
 کیسکت. کیسکت کەت، یان کیسکت کەوت. واتای وشەی کیسکت کەوت بۆ ئەو هەلکەوتانە دەهات کە ئەگەر کەسێک سلاوی کە کەسێکی تر کردباو ئەوەیتر وەلامی نەدابایەوە، برادەران بە سلاوکەرەکەیان دەگۆت، کیسکت کەوت. کیسک، بۆخۆی بە کیسەی توتن و بڕموت دەگۆرا، بەس کیسکت کەوت، بەو واتایە دەهات کە سلاوت لە کەسێک کردو وەلامی نەدایەوە. ئەو وشە زۆر بە بەربلاوی بەکار دەکات. وەک دەزاندرێ، کیسک یان کیسە بۆ هزاران شت بەکار دێت، کیسەی دانەوێلە، کیسەی خوێن و هەتا دوایی. هەر ئەوتۆ لە ناوچەی برادۆست و دەوروبەریشی، بە قەتماغ دەگۆترا کیسە. بۆ نمونە، برینی دەستی فلانی کیسەی گرتوە، برینەکانی کیسەیان گرتوە و خەریکە ساڕێژ دەبنەوە. برینی سوتانی لەشی فلانی کیسەی گرتوە و ئەو کیسە فڕێ بدات، پێستێکی تازە دەردەکەوێتەوە. لێرەدا کیسە، واتە قەتماغ

ئومێدەوارم توانیمبێت بەشێک لە واتاکانی ئەو سێ وشەیە بگەینم و دەکرێ برادەرانیش، واتایتریان بۆ زیاد بکەن، هەتا بزاندرێ ئەو وشانە چەندان واتای جوان لە ناوچە جیاوازەکان دەبەخشن.


Wednesday, November 13, 2019

ئاودەل و کیژەکانی. بەشی دوایی.


بەشی ٣
شكوریه‌ کچی بچوكیان بو، مێردی به‌ عه‌بدولله‌ كردبو، به‌هۆی لاوازیی و فه‌قیرییه‌وه‌، نازناوی مێردی كرابووه‌ (چڕ). له‌ ته‌مه‌نی پێكه‌وه‌ ژیانیاندا، ببونه‌ خاوه‌نی پێنج كیژ. عه‌‌بدولله‌ كه‌سێكی هه‌ژار و نه‌دار بو، بۆ ماوه‌یه‌ك ژیانی به‌ گاوانی به‌ڕێوه‌ بردبو، سۆفیه‌كی خوایی و ده‌رون پاك بو. لەو سەردەمانەی گاوانی گوندی بەنێ بوە، ڕۆژێک گاڕانی بردبوە خوارانا ( خوارانە جێگایەکی پڕ لە لەوەڕگەی بژون و خاوێن بو. تیرە باسک و بستیی بەرز و بلندی تێدا هەن). عەبدوللە گاڕانی بەردابوە ناو بژونی و لەسەر قیتکە بستیەکی بەرز دانیشتبو و دەدالغە چوبو و ئاگای لە گاڕانێ نەمابو. گاڕان بەرەبەری مەغریبێ بەبێ گاوان هاتبوە ناو گوندو بەرو بیستانی گوندیان. خەلکی گوندی یەکتریان دەنگ دابو و هەر یەکەی لە ولاخەکانی خۆی ببونە خاوەن و بردیانبونەوە و لە حەوشە و پاگانیان کردبونەوە. دونیا تاریک داهاتبو و عەبدوللە پەیدا نەببویەوە. خەلکانی گوندی کەوتبونە دلەخورپە و گۆتیانبو لەوانەیە لە بەرد و بستی و لاتێک بەربوبیتەوە و جێگایەکی شکابێت و نەیتوانیبێت بگەڕێتەوە.
بەو شەوی بەدوایدا چوبون لە مل و باسک و دۆلەکانی خوارانان بەدوایدا گەڕابون. لە هەر جێگایەک کاسی عەبدوللەیان کردبو و کاس کردنیان لە تاشە چیاکاندا تێک وەستابویەو و دەنگی دابویەوە، کەچی عەبدوللە هەر وەلامی نەببو. کاتێک دەبینن بەرعاسمان لەسەر لوتکە بستیەکی زۆر بەرز دانیشتیە و هەر دەستان ڕادەوەشێنی و لەبەر خۆیەوە قسان دەکات. چەندی بانگیان کردبو هۆ هۆۆۆۆ عەبدوللە، هیچ وەلامی نەدابونەوە. گوندیان لەو بستی بەسەر کەوتبون و گەیشتبونە ڕۆخی، هێستان عەبدوللە هیچ ئاگای لێیان نەببو. ئەوانیش گەیشتبونێ و یەک دو شەقە و چەپەلۆکیان  لێیدابو و لێیان حەیتاندبوو پێیانگۆتبو، هەستە کوڕە، ئەوە چ خێرتە، شێت بوی، مەسئەلە چیە؟ئەو کاتی گوردیەکی وێکەتبو و هۆشیار ببویەوە و بە گوندیانی گۆتبو، دەک خوا خێرتان نەنوسی، دو تاوانبارم گرتبون و خەریک بوم بە لەسێدارەدانیان بدەم و ئێوە لێنەگەڕان ئەو کارە تەواو بکەم. گوندیان لێیان پرسی بو، کوڕە سێدارەی چی، ئەوە ئەتو باسی چیمان لەبۆ دەکەی؟ لە وەلامدا، گۆتیبو، چیتان لێ بشارمەوە، بەخوا لە نیوڕانێوە من لەسەر ئەو جێگا بەرزە دانیشتم و دەدالغە چوم، بە قەولی خۆم حکومدارێک بوم و بەدوای قەلاچۆ کردنی تاوانبارانەوە بوم، ئەگەر ئێوە لێتان تێک نەدابام، هیچیانم نەدەهێلان. بەهەرحال، هۆشیار ببویەوە و لەگەل گوندیان هاتبویەوە بۆ مال. له‌ سالانی ١٩٥٨ و ١٩٥٩ مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌ناوی كوردایه‌تییه‌وه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی شه‌عب شه‌عبانێ، هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی برادۆست و زێده‌تر له‌ ١٥٠ گوندی وێران كردن و ڕاوی سۆفیه‌كان و ته‌كیه‌ی شێخ ڕه‌شیدی لۆلانیی نا و ئاودیوی ئێران و توركیای كردن. له‌ سالی ١٩٦٢ شێخ ڕه‌شید لۆلانی و مه‌حمود به‌گی خه‌لیفه‌ی له‌ناچاری په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌وله‌تی عێڕاق،ه‌وه‌ كرده‌وه‌ و له‌ ترسی مه‌لا مسته‌فا خۆیان ته‌سلیمی عێڕاق كرده‌وه‌ و بەناوی حەڕەس حدودیەوە چەکی حکومەتیان لە شان کرد، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە شەڕەنگێزیی کوردایەتیی بپارێزن. لەو هاتنەوەدا بۆ ژێر حوکمی عێڕاق، ئاوارەکانی برادۆستان كه‌وتنه‌ ناو شاری هه‌ولێرو دەشتی هەولێر. مالە شێخی لۆلان و بەشێکی زۆری سۆفیەکان لە گەڕەکی باداوا و ئیسکان و ڕۆناکی دامەزرابون. چەند ڕەبایەکیان لە دەورەی ئەو گەڕەکان دامەزراندبون و شه‌وان پڕ چه‌كدار ده‌بون بۆ پاسەوانی لە مال و خێزانیان، ڕۆژانیش هەر ڕەبایە ئێشکگرێکیان تێدا ده‌مان. ڕۆژێكی هاوین، گه‌رما ده‌بێت، عه‌بدولله‌ له‌به‌ر قیژه‌ و قاڕی و گریانی مندالانی پیاور و گاگۆلەکەر بێزار ده‌بێت و ده‌ڕواته‌ لای براده‌رێكی له‌‌ ڕه‌بایه‌. له‌ناو ڕه‌بایه‌دا، خۆی درێژ ده‌كات و خه‌و ده‌یباته‌وه‌، له‌و كاتیدا، چه‌ته‌كانی كوردایه‌تی دێنه‌ سه‌ریان، یه‌كێك چۆك له‌سه‌ر سینگی عه‌بدولله‌ داده‌نێ و ده‌یداته‌ به‌ر گولله‌ و ده‌یكوژی. ڕه‌فیقی عه‌بدولله‌یشیان گرتبو، لوله‌ی ده‌مانچه‌یان له‌سه‌ر گوێی دانابو، له‌گه‌ل په‌نجه‌ لێكێشان، سه‌ری خۆی لادابو، گولله‌ی ده‌ماچه‌ به‌ر چه‌ته‌یه‌كی خۆیان كه‌وتبویه‌وه‌ و بریندار ببو. ڕه‌فیقی عه‌بدولله‌ خۆی له‌ناو ده‌ستیان هاویشتبووه‌ ده‌رێ و ڕاپه‌ڕیبو، ئه‌وانیش دایانبووه‌ به‌ر ڕێژنه‌ی گولله‌، به‌س ته‌مه‌نی ته‌واو نه‌ببو و هیچ گولله‌ی تێنه‌هالیابون. هاواری بۆ مالان هینابویه‌وه‌ و گۆتی بو، عه‌بدولله‌یان كوشت، هه‌تا هاوار گه‌یشتبووه‌ ڕه‌بایه‌، عه‌بدولله‌ ڕوحی له‌به‌ردا نه‌مابو، ئه‌وانه‌ی هاتبونه‌ سه‌ریشیان، برینداره‌كه‌یان بردبوو خۆیان ده‌رباز كردبو. به‌و شێوه‌ عه‌بدولله‌ كوژراو شكوریه‌ و منداله‌كانی به‌بێ سه‌روه‌ر مانه‌وه‌. له‌دوای ماوه‌یه‌ك شكوریه‌ به‌ناچاری بۆ ئه‌وه‌ی منداله‌كانی بێ به‌خێوكه‌ر نه‌بن، مێردی به‌ تیی خۆی كرده‌وه‌. تیی شكوریه‌ ناوی سلێمانه‌، ئێستایش له‌ ژیاندا ماوه‌. سلێمان دوای ته‌مه‌نێك كچی حاجی چیچۆی خواست و وه‌ك ژنی دووه‌م به‌سه‌ر شكوریەی هێنا. شکوریەیش وەک ژنێکی پێڕم کراو، ناچار بو بەو شێوە ژیان بگوزەرێنی هەتا کۆتایی تەمەنی و ڕوحی پڕ زەحمەتی لە لەشی بێهێزی جیابویەوە و هسایەوە. ڕه‌حمه‌ت له‌ ڕوحی فاتیمه‌ و مریه‌م و شكوریه‌ و سه‌رجه‌م كۆچ كردوان. 

وێنەکە لە گوگل وەرگیراوە  
کۆتایی ئەو بابەتە

Monday, November 11, 2019

ئاودەل و کیژەکانی: بەشی ٢

   
ئاودەل و کیژەکانی:
بەشی ٢
مریه‌م کیژی ناویترێ بو، مێردی به‌ مه‌حمودی خانمێ كردبو، له‌ ته‌مه‌نی هاوسه‌ریاندا، حه‌فت مندالیان په‌یدا بونه‌، كیژه‌ك و شه‌ش كوڕ. كوڕی نۆبه‌ره‌یان له‌ ده‌شتی دیانه‌ له‌ سالی ١٩٦٥ به‌ناوی سه‌عدی به‌به‌ر تۆپی كوردایه‌تیی كه‌وت له‌گه‌ل چوارده‌ مندالی تر بە یەک تۆپ لاشه‌یان پارچه‌ پارچه‌ بون و ڕوحیان ده‌رچو. كه‌م دایك و باوك هه‌ن له‌ ناوچه‌ی برادۆست له‌و سه‌رده‌میدا، جه‌رگی به‌ده‌ستی چه‌ته‌كانی کوردایەتیی، بەسەرپەرشتیی بنه‌ماله‌ی بارزانی نه‌سوتابێت.
مه‌حمود و مریه‌م ژیانێكی ده‌ستكورتانه‌یان پێكه‌وه‌ ده‌برده‌سه‌ر، مه‌حمود زۆر كاسب و كه‌دكار بو، هه‌رگیز ڕاوه‌ستان و ماندی بونی نه‌ده‌زانی، شه‌وو ڕۆژ له‌ خه‌بتین و پاله‌یی و سه‌پانی كردن دابو، هەر ڕۆژی بەدوای مەحمود داگەڕاباین، لە مەزراوو خترە و جێگایتر و بەدوای جۆتی گایاندا نەبا، نەدەدۆزرایەوە. زۆر جاران شەوانیش نەدەهاتەوە مالێ و هەر خەریکی ئاودێری و پەرژین و درونە بو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی منداله‌كانی به‌خێو بكات. مەحمود ئەوەندەی خەریکی جۆت و درونە بێت، پشتی چەمابو و ڕاست نەدەبویەوە. سەرەڕای ئەو کاسبکاریشی، هەردەم ڕزقیان سوارو کورت و کەم بو. مریه‌م،یش هه‌م خزمه‌تی مال و مندالانی ده‌كرد، هه‌م یارمه‌تیی كابانی دراوسێكانی ده‌دا له‌ مال گێسكدان و‌ ده‌ستاڕ گێڕان و جۆنی كوتان و دانه‌وێله‌ بێژینه‌وه‌ و بێژینگ و مۆغه‌ل و سه‌ره‌د كردن و بژاره‌ كردن و هه‌لپفاندن و پاك كردنه‌وه‌دا، سەرباری پشتیە دار کێشان و بێری و چێل دۆشان و تەون و تەشی و ڕستن و نان پاتن، هەتا دراوسێ،ش دانه‌وێله‌یه‌كی بده‌نێ و بۆ مندالانی بكاته‌ شیو و برسی نه‌مێننه‌وه‌، یانیش كراسێكی پێ ببه‌خشن كه‌ نوێژی پێبێن و پێویستیی به‌ پنی و درونه‌وه‌ نه‌بێت. دانیشتوانی گونده‌كانمان ڕوحیه‌تێكی هه‌ره‌وه‌زی و زباره‌یی و ته‌بایان هه‌بوو. هه‌رده‌م به‌پێی توانا، یارمه‌تیده‌ری یه‌كتری بون. ئه‌و گوندیانه‌ی خاوه‌ن مه‌ڕ و بزن بون، هه‌رده‌م به‌هاران هه‌ر یه‌كه‌ی چه‌ند بزنه‌دۆیه‌كی ده‌دانه‌ ئه‌و مالانه‌ی مه‌ڕ و بزنیان نه‌بون. بزنه‌دۆ، به‌و جۆره‌ ده‌گۆترا، كه‌  ئه‌وانه‌ی بزنیان هه‌بوون، دو، سێ یان زیادتر بزنی ده‌دانه‌وه‌ ئه‌و ماله‌ دراوسێ،یه‌ی كه‌ به‌شی ماست و دۆ بزن و مه‌ڕیان نه‌بون و هه‌تا پاییزێ. واته‌ بزنه‌كان هه‌ر هی خاوه‌نی بون، به‌س دراوسێی بێ بزن وه‌ریده‌گرتن و ده‌یدۆشین و به‌خێویشی ده‌كردن هه‌تا شیریان تێدا مابا، كه‌ پاییزێ شیریان تێدا نه‌ده‌ما، ده‌یدانه‌وه‌ خاوه‌نی. مالی مه‌حمود و مریه‌مێ، داهاتی شیرو ماست و دۆ و كه‌شك و په‌نیرو ژاژی و لۆرو ڕون،یان له‌سه‌ر بزنه‌دۆیان بو. له‌بیرمه‌ لە سالانی حەفتاکاندا، مریه‌م یه‌ك چێلی به‌له‌ك سۆری هه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ چێله‌كه‌ شیردار بو، به‌س به‌شی خێزانیانی نه‌ده‌كرد. چه‌ندین سال بو ئه‌و چێله‌ی به‌خێو ده‌كرد و کەمەک ماست و دۆی لێ حاسل ده‌كرد. چێڵ پیرو كه‌نه‌فت ببو، هه‌موو ددانه‌كانی هه‌لوه‌ری بون و نه‌یده‌توانی باش بله‌وه‌ڕێ، به‌هۆی هندێوه‌، ئه‌وتۆ لاواز ببو، خڕ په‌راستوه‌كانی له‌ پیست ده‌رچوبون و ببونه‌ ماسولكه‌. مریه‌م هه‌م خێری زۆری لێی بینیبو، هه‌میش دلی بۆی ده‌كڕوزایه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، سێ جه‌مه‌ پسخوڕ و سه‌رۆك و بنۆكی پاش ماوه‌ی دانه‌وێله‌ی بۆ ده‌كرده‌ شۆرواوه‌كی ڕۆن و ده‌یدایێ و به‌و شێوه‌ ته‌مه‌نی چێلی درێژتر ده‌كرد و به‌ جوانی به‌خێوی ده‌كرد.
وێنەکە لە گوگل وەرگیراوە
بەشی سێ یەمی بەدوادادێت