Monday, November 25, 2019

شیکاریی ٣ وشە.

وەسف و شیکاریی چەند وشەیەک کە لە دەڤەری برادۆست بۆ واتای جیاواز بەکار دەهاتن
دەکرێ لە ناوچەکانی تریش بۆ هەمان واتا بەکار هاتبن، بەس ویستم ئەو کورتە باسە ببێتە وەبیر هێنانەوەیان.

یەکەم
 (دلۆپ) وشەی دلۆپ زۆر واتا دەبەخشێ و لەگەل ڕستە و بابەتەکان واتای دەگۆڕێ. ئەگەر بانی خانوو ئاو بدات، دەگۆترێ دلۆپە دەکات، شێرەی ئاو چاک نەگیرێتەوە، دلۆپە دەکات. شتێکی هەلێخستی بێت و ئاوی لێداوەرێ، بە دلۆپە ناودەبرێ. دەتوانرێ بگۆترێ، فلانە کەس ئەوتۆ دەگریا دلۆپ دلۆپ فرمێسکی دەهاتنەخوار. دەکرێ بۆ سەدان شتیتریش بەکار بهێت. تەنها بەندە دەمەوێ بەتایبەت واتایەکی دلۆپ باس بکەم کە لەناوچەی برادۆست زۆر باو بو. ئەویش ئەگەر کەسێک لە دیوانێکدا بەسەرهات، یان چیڕۆکێکی سەرنج ڕاکێشی گێڕابایەوە و دانیشتوان بەتاسەوە گوێیان بۆی ڕاهێلابا، لەوکاتی کەسێک قسەیەکی وەبە گێڕانەوەکەڕا
کردبا، ئەوانیدی، پێیاندەگۆت، دلۆپە مەکە، واتە تەشویش دروست مەکە و ڕاوەستە هەتا لێی تێبگەین.

دووەم 
وشەی پلیندار (پەلار)، دو واتا دەبەخشی. پلیندار بەوە دەگۆترا کە پاییزان دوای گیوز داکوتان و چەلوەشێن کردن، هندەک گیوز بە سەرە پرچکەکانەوە دەمان و چەلوەشێن نەدەگەیشتنێ. کەسێک دارێکی کورتی هەلدەگرتەوە و ڕایدەوەشاندێ و گیوزەکانی بەو پلیندار بەردەدانەوە.
دووەم واتای وشەی پلیندار، ئەگەر کەسێک تانەی لە کەسێکیتر دابان، واتە تەعلیقی لێی دابان، تەعلیق لێدەر بە پلیندار وەشێن ناودەبرا. واتە کەسانی تەعلیقچی، پلیندار وەشێن بون. واتە وشەی تەعلیق، بە کوردیە ڕەسەنەکەی، پلیندارە. یان ئەگەر کەسێک تەعلیقێکی بە قووەتی لە دو کەسان دابایە بە یەکەوە، دەیانگۆت، بە پلیندارێک جۆلمانەیەکی یەخست. یان ئەگەر کەسێک تەعلیقی لە کەسێکی تر دابان و بەرامبەرەکەی پێی خۆشنەبا، بە تەعلیق لێدەرەکەی دەگۆت، پلینداران مەوەشێنە، واتە تەعلیقمان لێ مەدە و هەتا دوایی. دەزانم لە زۆربەی دەشتی هەولێریش لە جیاتی پلیندار، پەلار بەکار هاتوە.


سێیەم
 کیسکت. کیسکت کەت، یان کیسکت کەوت. واتای وشەی کیسکت کەوت بۆ ئەو هەلکەوتانە دەهات کە ئەگەر کەسێک سلاوی کە کەسێکی تر کردباو ئەوەیتر وەلامی نەدابایەوە، برادەران بە سلاوکەرەکەیان دەگۆت، کیسکت کەوت. کیسک، بۆخۆی بە کیسەی توتن و بڕموت دەگۆرا، بەس کیسکت کەوت، بەو واتایە دەهات کە سلاوت لە کەسێک کردو وەلامی نەدایەوە. ئەو وشە زۆر بە بەربلاوی بەکار دەکات. وەک دەزاندرێ، کیسک یان کیسە بۆ هزاران شت بەکار دێت، کیسەی دانەوێلە، کیسەی خوێن و هەتا دوایی. هەر ئەوتۆ لە ناوچەی برادۆست و دەوروبەریشی، بە قەتماغ دەگۆترا کیسە. بۆ نمونە، برینی دەستی فلانی کیسەی گرتوە، برینەکانی کیسەیان گرتوە و خەریکە ساڕێژ دەبنەوە. برینی سوتانی لەشی فلانی کیسەی گرتوە و ئەو کیسە فڕێ بدات، پێستێکی تازە دەردەکەوێتەوە. لێرەدا کیسە، واتە قەتماغ

ئومێدەوارم توانیمبێت بەشێک لە واتاکانی ئەو سێ وشەیە بگەینم و دەکرێ برادەرانیش، واتایتریان بۆ زیاد بکەن، هەتا بزاندرێ ئەو وشانە چەندان واتای جوان لە ناوچە جیاوازەکان دەبەخشن.


No comments:

Post a Comment