Monday, August 16, 2021

خەونەڕۆژی ڕابردوو بەشی (٣)


لە سالانی ١٩٦٠و بەسەرەوەتر کەمێک گۆڕانکاری دروست بوون. کەت کەتە مال نەفتیان بەدەست دەکەوت، بۆ قەندیل بەکاریان دەهێنا. قەندیلی نەفت لەسەر دەلاقە دادەران هەتا کاتی نوستن. قۆدیەکی بچوک بوو، سەرکیان کون دەکرد و پڕ نەفتیان دەکرد. فتیلەیەکی پەڕۆیان تێیهەلدەکێشا، کە فتیلە نەفتی هەلدەمژی، ئاگریان بەر دەدایێ و بەشی یەکتر بینین ڕۆناکایی دەبەخشی. نابا بای لێبدەت، ئەگینا یەکسەر دەکوژایەوە. زۆر جارانیش هەلدەچوو و گوڕیی یەک دوو بست بەرز دەبویەوە. دەبایە هەردەم لە جێگایەک دابندرێ کە لە کاتی هەلچوون، ئاگر بەرنەبێتە مال و حال. هنداو قەندیل تێکڕا ڕەش هەلدەگەڕا و دوکەلگرتی و ڕیشال گرتیی دەبوو. پاشان، فانۆس پەیدا بوون. فانۆسیش هەردەم شوشە بە تەنی و ڕەش بوون. ئێواران یەکێک لەبەر دادەنیشت و فانۆسی پڕ نەفت دەکرد. فتیلەی ڕەژەن گرتی و ڕەق بویی دەبڕی و شوشەی بە پەڕۆیەکی نەرم خاوێن دەکردەوە. 

لەو سالانیشدا، لە ناوچە شاخاویەکانی دەڤەری برادۆست زۆر بەزەحمەت گەنم و جۆ پێدەگەیەندرا. لەبەر ئەوەی هەتا درەنگانی بەهارێ بەفری لێ ڕەش نەدەبویەوە. جۆتیاران چارەیان نەبوو دەبایە پاییزێ زەویەکان ڕوسە بکەن، (واتە ئاو بدەن) بۆ ئەوەی نەرم بنەوە و بتوانرێ جۆت بکرێن. ئیدی پاشی ڕوسە کردن، ڕۆژێک لێدەگەڕان هەتا کزر دەبوویەوە، پاشان دەستیان بە هاژوانی گاو و جۆت دەکرت و زەویەکەیان دەکێلا. ئەوانەی لە توانایاندابا و جۆتە گای خۆیان هەبا، زەوییان جۆت دەکرد، پاشان تۆیان دەکرد و وەردیان دەدایەوە بۆ ئەوەی دانەوێلە باشتر بهێنی. ئەوانەی جۆتە گای خۆیان نەبوو، هەر تۆیان بە بەیاری وەردەکرد و جۆتیان دەکرد. دوای جۆت کردن ئاویان دەدا و هەولیان دەدا پاسەوانیی لێبکەن و لێنەگەڕێن ڕەوە چێچکە (چۆلەکە) دانی چاندراو بخۆن هەتا شین دەبوو. زۆر کەس هەلامەتیان لەناو دروست دەکردن. هەلامەت چەند دارێکیان دەچەقاندن لەناو زەویی چاندراودا، هندەک پەڕۆیان پێوە دەکردن و لەگەل گوفیە با دەهەژانەوە و چێچکەی نێزیک نەدەبوون. بۆیەش ئەگەر کەسێک بەرگێکی شەپ و شۆڕی لەبەربا و توند و دۆل نەبا، پێیاندەگۆت (ئەوە بۆ خۆ ڕێک نایێخی، دێبێی هەلامەتی)، واتە بۆ خۆت ڕێک و چوست و چەلەنگ ناکەی، ڕەنگی هەلامەت دەدەیت.

کە گەنم و جۆی چاندراو سەری هەلدەدا و پنجە دەبوو، بەفری بەسەردا دەباری و لەژێری دەمایەوە هەتا بەهارێ. کە بەفر ڕەش دەبوویەوە، ئامادە بوو بۆ سەرهەلدانەوە و گەشە کردن. ئیدی شەو و ڕۆژ جۆتیار خەریک بوون بۆ خزمەت و پاراستنی دانەوێلە هەتا گولی دەدا و دانی دەگرت. زۆر سالان گەنم دانی دەگرت و فەریکە دەبوو، لەو کاتیدا سنک دەهات و پێیوەردەبوو، بە ماوەی چەند ڕۆژێک تەواوی گەنم و جۆی دەخوارد و هەلیدەمژی و جۆتیار ئەو هەموو زەحمەتەی بەخەسار دەچوو. سنک، جۆرە گیاندارێک بوو، بەهاران لە شێوەی کلۆ (کولی) بەس ورد و زۆر بوون، هیچ دەرمانێکیش لەدەست جۆتیارانی ئەو زەمانیدا نەبوو هەتا بیڕشینن و نەهێلن سنک لە دەخل و دانی بدات. ئەو گیاندار سێ ناوی لێ دەهێندران (سنک، کیسەلۆک، قمل). دیسان کلۆش ئەوەندە زۆر بوون، لە ناوەڕاستی بەهارێ بەردەبوونە ئەو ناوچە، پەلکە دار و درەخت و شیناییان دەخوارد. هندەک سالانیش سنک و کلۆ کەم بوون و جۆتیار خەنی دەبن و بە ئومێدی گەش و دلخۆشییەوە چاوەڕوان دەبوون بۆ درونەوەی گەنم و جۆی کامل بووی. جاریش هەبوو، گەنم و جۆ لە گولێ دابوون، واتە کامل و ئامادە بوون بۆ درونەوە، بۆ بەدبەختیی، سروشت چەند پەلە هەورێکی بە ئاسماندا بلاو دەکردەوە و دەبووە بروسی و گۆلە گۆل و ڕەشەبا، لە جیاتی باران تەرک (تەزرە) (گژنۆک) دەباری و گەنم و جۆی لە گولێدابوو، دەیکوتییەوە و نیوە زیادتر لەدەست دەچوو. ئەو گەنم و جۆیەی دەهاتە بەر و درونەیش، هەمووی بە دەست و داسوک دەدروایەوە. جۆتیاران لە کاتی درونەدا، ئەوەندە هیلاک دەبوون، ئێواران پشتیان ڕاست نەدەبوویەوە. زۆربەی خەلکانی ڕێنجبەری گوندان، هەر لە تەمەنی پەنجا سالی و سەرەوەتر پشتیان کوڕ دەبوو و ڕاست نەدەبوونەوە. زۆر کەس دەیانگۆت، فلانەکەس لە پیرییان پشتی چەماوەتەوە، نەیاندەگۆت بە ئیش و دورنەوە پشتیان کۆم بووە. تەنها کەسانێک لە گوندان کە پیریش دەبوون پشتیان نەدەچەمایەوە، ئەوانیش ئاغا و مەلا بوون. چونکی نە ئاغا نە مەلا ناچار نەبوون پشتیان بە درونە و ڕێنجبەریی کوڕ بکەنەوە. هەردوو لایان لەسەر ڕەنجی گوندیان بە باشترین شێوە دەژیان. بۆیە زۆر جاران ئەگەر کەسێک لە کەسێکی تری دەپرسی داخوا تەندروستیی چۆنە؟ وەلامدەرەوە دەیگۆت (وەکی بیورێ مەلایمە). بۆیە دەیگۆت وەکی بیوری مەلای، چونکی بیوری مەلای قەد کاری پێنەدەکرا هەتا کۆل ببی یانیش تێک بچی. هەر ئەوتۆ گەنم و جۆی دەدروانەوە، جۆتیاران بە پشتی خۆیان و گوێدرێژان دەیان کێشاوە سەر جۆخینێ. بە گایان گێرەیان دەکرد.  دارەکیان لە ناوەندی جۆخینێ دەچەقاند، چوار، پێنج یان شەش گایان لێک دەبەستنەوە و سەری گوریسیان لەو داری چەقێندراو دەبەستەوە و گایەکان بە چەرخ لەدەوری ئەو داری لەسەر گیشەی گەنم و جۆ دەسوڕاندران هەتا تەواو دەکوترا و ورد دەبوو. پاش گێرە کردن، شەنەبا دەکرا و دان لە سەرەد دەدرا و خاوێن دەکرایەوە. کا و قەزەپیش بە جوال و ڕەشکە دەکێشرایەوە ناو کادین بۆ مەڕ و مالات.

ئەم وەسفەی سەرەوە لەسەر ناوچە چیاییەکان بوو.

(ماویەتی)

وێنەکەم لە گوگل وەرگرتووە.