Wednesday, August 11, 2021

خەونەڕۆژی ڕابردوو: بەشی (٢)


خاوێن کردنەوەی موو و خوری و شانە کردن، بە تەشی ڕستن و بادانەوە و تەون و درومانی دەستی، گشتیان لەسەر شان و ملی ژنان بوو. هەر ئەوتۆ ناوکۆی مال و بێلاوی و پێش دەرکەی مالیان بە گێسکی دار و گێسکە گیا ڕادەمالین. بە هەمان جۆرە گێسک حەوشەی مالیات و هۆلی مەڕ و بزن و کار و بەرخ، پاگی چێل (مانگا) و گۆلک و کەر و هەسپ و هێستران دەمالدران و بە بێلۆکی دار پەین (ڕیخ) لە سەویان دەکرا و بە پشتێ دەبرانە سەر گوفەک (زبلدان). یانیش بەسەر زەوی و دەرەدیەکان وەردەکران بۆ ئەوەی بە قووەت ببن و بەر و بیستانیان بە بەر و بەرەکەت بێت. سەرەڕای پشتی کێشانی دار و گیا و ڕەسێ و کەرکۆل، بێری بزن و مەڕ و چێل دۆتنیش، زۆر لە ژنانی مالە دەست کورت و نەبوییەکان، دەچوون جۆنیان بۆ مالە حال خۆشەکان دەکوتی، دەستاڕیان بۆ دەگێڕان بۆ ئەوەی جەمە خواردنێکیان بدەنێ و بۆ مالی خۆیان ببەنەوە. زۆر گەنج هەبوون دەچوون دەبوونە شوانی مالە مەڕدارەکان بە نان و زگ، یان دەبونە گاوانی گوندی و گاڕانیان دەلەوەڕاند بۆ ئەوەی نانی گاوانییان پێبدرێ و پێی بژین. زۆر هەبوون دەچون پالەییان بۆ خاوەن ملک و دەخل و دانان دەکرد بۆ ئەوەی تێر بخۆن نەک بە پارە و ژمارە. هەردەم دراوسێ پێویستییان بە یەکتر هەبوو. 


ئاگر هەلکردن و داگیرساندن، بە بەرد و بەردەستیان بوو. دەبایە هەر مالێک بەرد و بەردەستی و پوشییان هەبا بۆ ئاگر کردنەوە. جار هەبووە مالێک ئاگری بە بەرد و بەردەستییان پێ نەکراوەتەوە، ناچار بووە چووە لە مالی جیرانان دەسک یان بلێین کۆمەلە چیلکە داری بە ئاگری هێناون و لە مالەوە دایگیرساندووە. بۆیە ئەگەر کەسێک سەردانی مالێکی کردبا و ویستیبا زوو بڕواتەوە، بە پەندێک پێیاندەگۆت (دێ ڕوونێ خو نەهاتییە دەسکی ئاگری).

دیواری خانییەکان بەرد و قوڕ (گل) بون. بانەکان قاریتە، ڕاستەدار، خێزەرە، کواشک دەکران و خۆلەبان دەکران. هەر خانییەک یەک یان دوو کولەنگیان تێدا بوون بۆ ئەوەی دوکەل و دومانی ئاگردانیان تێڕا بچیتەدەر. خانییەکان سواندەیەکی نیو متر زیادیان هەبوو بۆ ئەوەی ڕێژنەی باران بە دیواراندا نەهێتەخوار و خۆلی دیوار نەنوخولێتەوە و نەبنە هۆی ڕوخان و هەڕفتن. چەند دەلاقەیەک لە دیوارەکاندا دروست دەکران، هەم بۆ ڕۆنایی، هەمیش شتیان لەسەر دادەنان. زستانانیش قەپات دەکران بۆ ئەوەی سەرما کار لە ژوورێ نەکات. زۆر مالبات لەدەستیان نەدەهات، یانیش هۆشیارییان ئەوەندە نەبوو کە خانیی ژیانی خۆیان و مالیاتیان بە جیابێت. بەلکو یەک خانیی گەورەیان دروست دەکرد. بە هەتان و چەپەر و چیت (چیخ) ناوبڕیان دەدانێ. ئەگەر لەبن هەتانی چێل یان مەڕ و بزن میستیانبا، پەشکە میز بەناو هەتانیڕا دەهاتنە ناوکۆی مالێ. ئەوە هەر مەپرسە بۆ بۆن ڕیخ و میزی مالیاتی. هەر بانێک باگوردانی تایبەتی خۆی هەبوو. هەکە دراوسێکان یەکێکیان باگوردانی نەبا و بانیان بەسەر یەکەوە بان، یارمەتیی یەکتریان دەدا بۆ بان گێڕان. باگوردان لە بەردی سپی و گونجاو دروست دەکران و بەردتاش هەبوون بۆ نکوراندن و بیرازتن و دروست کردنیان. 

کۆل (بالاو، بالاڤ) و شوشتن و گەرما و کردن دەگمەن بوون. سابون و شامپۆ و شتی خاوێن کردنەوە هەر نەبوون. لەوانەیە هندەک جۆرە سابوونی وەک ڕەقێ یان بلێین سابونی ڕەقێ هەبوبن. بەس بەو باشیە نەبوون کە بەرگیان پێ خاوێن ببیتەوە. یانیش بیستیتم کە سابون لە قەسکوان (قەزوان) دروست دەکرا. نازانم چۆنیان دروست دەکرد، بەس باوەڕ ناکەم ئەو جۆرە سابون شتی پێ خاوێن بوبێتەوە، بۆیە زۆربەی جاران ئامانەکانیان بە ئاخەسۆر (گلەسۆر) دەشوشتن و پاک دەکردنەوە.

لەبەر ئەوەی خانیی گشتیان ئاخ بوون و نوستن لە ناوکۆیان بوو، کێچ لە ئاخی ناوکۆ دروست دەبوون و مرۆڤ هەموو لەشی هەلدەهات. شەوان هەرکەس وەکی گڕووان هەتا بەیانی خۆی دەخووراند لەبەر کێچ پێوەدانێ. سپی (ئەسپێ) ئەوەندە زۆر بوون پرچی ژنان و مندالان پڕ ڕشک و بووانگ دەبوون و دەبایە بە شە (شانە)ی دار پرچیان داهێنرابا و خاوێن کرابایەوە. پیاوەکانیش بە هەمان شێوە بەرگیان پڕ ڕشک و بووانگ و سپی (ئەسپێ) دەبوون و هەر نیفییەکی بەرگیان هەلدرابایەوە، بە کۆمەل ئەسپێیان تێدا بوون. دەبایە کە جلکیان دادەنان بۆ شوشتن، لەناو مەنجەلێک کولاندرابان هەتا هەموو ئەسپێی ناویان دەمردن و لەبەریان دەکردنەوە. بەهۆی هەبوونی کێچ لەناو خانییەکاندا، لەگەل سەری بەهارێ خانییەکانیان بەجێ دەهێشتن و دەچوونە بەهارواران و ڕەشمالیان دەگرتنەوە. لەو هەوارانەی بەهارێ، تۆزێک لەشیان پاک دەبویەوە لە کێچ پێوەدان و خوریان.

کەس لە ڕەنگی بۆسی و تێکچوونیی جل و بەرگی نەدەپرسی. هەر ڕوسیی تێڕا دیار نەبا، پێی ڕازی بوون. زۆر جارانیش ئاگرێکی خۆشیان لە دەرەوە هەلدەکرد و جل و بەرگیان دادەکەناندن و لەسەر ئاگریان دەسوڕاندن بۆ ئەوەی ئەسپێ بەربنەوە ناو ئاگر و تۆزێک لەناو بەرگ کەم ببنەوە. زۆر جاران بە مندالان دەگۆترا، زۆر گیوز (گوێز) مەخۆن، ئەسپێتان دەکەونێ. هندەک مندال سەریان کەچەل دەبوو بەهۆی پیس و پەلۆسیەوە و چارەسەریشیان نەبوو. داو و دەرمان تەنها ئەوانە بوون کە شارەزا و حەکیمە کوردەواریەکانی نەخوێندەوار بە ئەزموونی خۆیان لە گیا و تالەبەنیشت و جەوی و تێسوو دروستیان دەکردن. دەرمانی ددان ئێشان، کێشان بوو بە کەلبەتال، یانیش سوتاندن و دوعا پێوە خوێندنی کۆلکە مەلایان بوو.

ئامان و کاچ و کلۆزی ئەو سەردەمی زۆربەیان کۆتکە دار، ملاکە دار بوون. تەنها مەنجەل (قۆشخان) (قازان) زەرک، سەرپۆش و حەوجۆش سفر بوون و دەبایە سالانەیش ببرێنە لای سەفاران و سپی بکرێنەوە. ئەگەر سپی نەکرابانەوە، هەر خواردنێکی تێیدا مابایەوە، کەسک هەلدەگەڕا و ژەهراوی دەبوو. بۆ ڕۆناکایی کەسانێک هەبوون، فتیلەیان لە ڕون و شەما هەلدەهێنا و لە شێوەی قەندیل بۆ چەند کات و سعاتێک دادەگیرسا و ڕۆناکایی بە ناومال دەبەخشی. نەفت و گازوایل لەو دەڤەراندا پەیدا نەدەبوو.

(ماویەتی)

وێنەکە لە گوگل وەرگیراوە.

No comments:

Post a Comment