Tuesday, August 10, 2021

خەونەڕۆژی ڕابردوو(١)



لە ناوەڕاستی سالانی ١٩٥٠ ژیانی گوندان جۆرێک بوو، خەلکان لە خوایان دەویست نان و دۆیان هەبێ و لە برسان نەمرن. ئەوەی چەند سەر بزن و مەڕی هەبان، یەکێک بوو لە زەنگین و حال خۆشەکان. خۆ ئەگەر جۆتە گایەکیشی هەبا، ئەوە زۆربەی دەر و جیران چاویان لە دەستی ئەو دەبوو بۆ یارمەتیدان. هەبوویی و نەبوویی ئەو زەمان، تەبا و یارمەتیدەری یەکتر بوون، لەبەر ئەوەی کەس نەبوو حەوجە نەبێ و بۆ کێماسیەکانی هانا نەباتە بەر هاوڕێ و دراوسێ و ناسیاوانی. جەمێک تێر و چەندین جەم برسی بوون نانێک بەپێخۆر و چەندان بە ترسی بوون. هەتا سالانێک پێش ئێستا باسی ژنێک دەکرا کە دایکی چەند بندالێک بووە. ئێوارەیەک بەچکەکانی هەر داوای خواردنیان لێی کردووە، ئەویش هیچی لەمالدا نەبووە و خواردنی لەمالدا شک نەبردووە. بۆیە دەستی بە بەند گۆتن کردووە، بە گۆرانی لەبەریان هاتووە و چووە و گۆتیتیگوجو گوجو، نان نییە کەولم بجوو“. بەو شێوە برسیایەتیی لەبیر مندالان بردیتەوە و هێوژی کردینەوە هەتا خەویان لێکەوتووە. زۆر جاران بیر دەکەمەوە و دەلێم، ئافەرین بۆ ئەو دایکانەی بە دوو چاوی زەق تەماشایان کردووە، جگەر گۆشەکانیان بەبێ شیو و زگی بەتالەوە خەوتون و ناخی هەر وەک کێلە بەفری بەر هەتاو نەتواوەتەوە و بەرگەی ژیانی گرتووە.

بەرگی ئەو زەمان بۆ جوانی نەبوو، بەلکو تەنها بۆ داپۆشینی لەش و لار بووە. کڕینی بەرگ سالانە بووە، واتە ئەوەی لەدەستی هاتبا، سالێ یەک دەستە جلکی دەکڕین. وەکیدی، هەموو بەرگیان بە پنی و پارچە و دەزی و دەرزی و بەنک و سوژن پێکەوە دەدرویەوە. خەلک خەمی نان و مانەوەی بوو لە ژیاندا، نەک بەرگ و جوانی و پۆز لێدان.

لەبەر ئەوەی کارەبا و ئالاتی پاراستن و فێنککەرەوە نەبوون، ئەگەر کەسێک ئاژەلێکی سەر بڕیبا و گۆشتی زیادیان هەبا، دەبا یەکسەر خێی بکەن و بیکەنە قەدید، واتە لەبەر ڕۆژێ وشکی بکەن و وەک تەختەدار هەلیگرن. کەینێ ویستیانبا بیخۆن، لە ئاوێیان دەنا هەتا نەرم دەبویەوە و تۆزێک تام خێی بەردەدا، ئەوکاتی لێدەنرا و لەبەر گەنم و جۆ و نۆک دەکرا و خۆشترین خواردن و جەم بوو. هیچ هێسکێکیش فڕێ نەدەدرا، هەموویان لەناو ئاوک دەکران و دەکولاندران بۆ خۆش کردنی خواردن و ئاوە سورک، پاشانیش هێسکەکانی کولاو دەشکاندران و مێشکی ناویان دەخوارد. زۆر خێزان هەبوون چەندان شەو بەبێ خواردن سەریان دەنایەوە و دەخەوتن. زۆریش زەحمەت بووە کەسانێک بە زگی برسیوە خەویان لێ بکەوی. بۆیە پەندێک هەبوو، دەگۆترا ”(باب کوشتی خەوی لێدەکەوی، شیو نەخواردی خەوی لێناکەوی)“. سالانە جۆتیاران تالە و هەرزن و گەنمەشامی،یان دەچاندن. باوەڕ ناکرێ کەس نانی سافیی گەنمی هەبوبێ. هەردەم گەنم و جۆ و تالە و هەرزن و گەنمەشامی تێکهەل دەکران و دەبردرانە ئاشی ئاوێ بۆ هاڕین. یانیش هەر لەمالەوە لە دەستاڕی دەکران، نیوە ورد دەکران و دەکرانە هەویر و وەک دۆرک واتە ئەستورک دەخرانە سەر سێل و دەپێژران بۆ خواردن. دیارە لە هەموو سەردەماندا کەسانێک کە حالیان خۆش بووە، زوو لەخۆبایی بوونە و بە شێوەیەک لە شێوەکان لەخۆیان تێکداوە بۆیە پەندێک هەبوو، دەگۆترا (نانی گەنم خۆی لە زگی ئاسندا دەگری) واتە هەر کاتی کەسێک نانی گەنمی بەدەست کەوتبێت و ژیانی باش بەڕێوە چوبێت، خۆی لێگۆڕاوە و لە وەزن و کوریی خۆیدا نەماوە. هەولی داوە فەرمان بەسەر خەلکانی دەور و بەریدا بکات، بەو هۆیەوە زوو خۆی توشی بەلایەک کردووە و لەخۆی تێکداوە، یان لەبەر چاوی کەسانیدی هێسک گران و ڕەزا قورس بووە. بۆیەش پەندێکیدی دەگۆترا ( کردمانج کە زەنگین بوو یان ژنێک هەلدەگری، یانیش کەسێک دەکوژی). مەرج نییە پەندەکان گشتیان پەسند و دروست بن. بەس هیچ پەندێک لەخۆڕا نەگۆتراوە. بەلکو خەلکانێکی لەخۆبایی کاری نەشیاو و هەلسوکەوتی نەگونجاویان کردووە و کەسانی دەوروبەریشیان پەندیان لەسەر دروست کردوون.

ژنان شەوو ڕۆژ پشودانیان نەبوو، هەر دەبا دانەوێلەیان لەناو جۆنیدا کوتابا و خواردنیان ئامادە کردبا، یانیش دەستاڕیان گێڕابا و هاردیان لە مۆغەل دابا. (بەدوایدادێت)


وێنەکە لە گوگل وەرگیردراوە.

No comments:

Post a Comment