Saturday, November 10, 2018

جۆتی كه‌ر و گا.

جۆتی كه‌ر و گا
له‌ سالانی ١٩٦٠كاندا، جۆتیارێكی گونده‌كانی كه‌ور و دێرێ، جۆتی ده‌هاژوا، له‌ناچاری كه‌رێك و گایه‌كی پێكه‌وه‌ نییر كردبون و زه‌ویی پێده‌كێلا، 
هنده‌ك مندالی بێته‌ربییه‌ت و بیژیی خواكوڕكی لێی كۆببونه‌وه‌، هه‌ر ناوه‌ ناوه‌ پێیان ده‌گۆت، مامه‌ مامه‌، خۆزگه‌ كره‌كه‌یشت گابا، جۆته‌كه‌ت زۆر خۆشتر به‌ڕێوه‌ ده‌چوو. 
جۆتیاری هیلاك له‌ بیژیایه‌تیی منداله‌كان تێنه‌ده‌گه‌یشت، كه‌ منداله‌كان ده‌یانگۆت، خۆزگه‌ كه‌ره‌كه‌ت گابا، ئه‌ویش ده‌یگۆت خۆزگه‌، به‌س چیبكه‌م خودا به‌ نسیبی نه‌كردومه‌ و ناچارم جۆتیاریه‌كه‌م‌ به‌ كه‌رێك و گایێك به‌ڕێوه‌به‌رم. منداله‌كان له‌ ناوه‌وه‌دا ده‌كولان و كه‌نین لاشه‌ی ده‌هه‌ژاندن، به‌س خۆیان نه‌ده‌هێنا سه‌ر ئه‌و ڕه‌نگه‌ كه‌ جۆتیار هه‌ست به‌ واتای بیژیایه‌تیان بكات. جۆتیار وایده‌زانی منداله‌كان دوعای خێری بۆ ده‌كه‌ن و واتای دوعایه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ جیاتی كه‌ر، گایه‌كیتری هه‌بایه‌، به‌ دو گایان جۆتیاری خۆشتر ده‌بو، منداله‌كانیش به‌ بیژیایه‌تی، جۆتیاریان داده‌پیوایه‌ كه‌ری به‌ست ئه‌زمان. ئیتر هه‌ر وابووه‌ و هه‌رده‌م هه‌ژارانی تێنه‌گه‌یشتو، جێی قه‌شمه‌ریاتی بیژییه‌كان بونه‌.

( كه‌ور و دێرێ، دو گوندن له‌ ده‌شتی هه‌ولێرێ)

وێنه‌كه‌م له‌ گوگل وه‌رگرت، هه‌ولمدا وێنه‌ی كه‌ر و گای پێكه‌وه‌ نییر كراو بدۆزمه‌وه‌ و نه‌متوانی.

Friday, November 9, 2018

جۆتیاری:

جۆتیاری

دوای هه‌شت سالان ژیانمان له‌ ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری به‌ده‌ستی هێزی
كوردایه‌تی، له‌ یازده‌ی ئاداری سالی ١٩٧٠ بووه‌ قونبادان و هه‌لهه‌له‌ و شیعار گۆتنه‌وه‌ی (هه‌تا دونیا دونیایه‌، كوردو عاره‌ب برایه‌) ئێمه‌یش به‌به‌ر مه‌ڕحه‌مه‌تی ئه‌و برایه‌تی كه‌وتین و ڕه‌گامان پێدرا بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر گونده‌ وێران كراوه‌كانمان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌یان. هه‌موومان ده‌ستكورت و نه‌بویی بوین و هیچ خێزانێكی گوندیانمان له‌ توانایاندا نه‌بو جۆته‌ گایه‌كی باش و هه‌وكوف و لێكهاتوو بكڕن بو جۆت و جۆتكاری. باوك و باپیرم به‌ په‌له‌ هنده‌ك بزنیان فرۆشتن و دو ‌ گایان به‌
پاره‌ی بزنه‌كان كڕین، ئه‌و دو گایه‌ زۆر نابه‌رابه‌ر و جیاواز بون له‌ هێزو هه‌یكه‌لدا. دانه‌یه‌كیان ڕه‌نگ شیری و خاوه‌نی هه‌یكه‌لێكی به‌رز و به‌هێز و كه‌له‌گه‌ت بو، هه‌ر به‌ گای شین ناوده‌برا، ئه‌ویتریان گایه‌كی ڕه‌ش و جوڕنه‌ و بچوك بو، به‌ گای چڕ ناوده‌برا. به‌ناچاری ئه‌و دو گایه‌ نابه‌رابه‌ره‌مان پێكه‌وه‌ داده‌به‌ستن و زه‌ویه‌كانمان پێیان ده‌كێلان. زه‌ویه‌كانیشمان گشتی به‌رد و كه‌ندال و بنه‌دار و كه‌له‌ك بون. ده‌بی جۆتمان له‌ده‌وره‌ی هه‌موو دار و به‌ردی گه‌وره‌ و كه‌له‌كه‌ به‌ردان سوڕاندبا و هه‌لكێلابا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گایه‌كان به‌ هه‌یكه‌ل زۆر جیاواز بون، هه‌رچه‌نده‌ نییر له‌سه‌ر سكورد و ملی هه‌ردوكیان بو، به‌س گای گه‌وره‌ هه‌م جۆتی ڕاده‌كێشا، هه‌میش گایه‌ جوڕنه‌كه‌ی له‌دوای خۆی ڕاده‌كێشا و گایه‌ جوڕنه‌كه‌ نه‌یده‌توانی له‌به‌ری ڕاستكاته‌وه‌. هه‌ركاتی گایه‌ گه‌وره‌كه‌یش زۆر هیلاك ده‌بو و گه‌ و ملی ژانیان ده‌كرد، له‌و كاتیدا، گاسن له‌هه‌ر به‌رد و شاده‌ماره‌كانی بنه‌داران گییر ببایه‌، گای گه‌وره‌ له‌بێزاریان ملی له‌ ڕاكێشان ده‌نا، چه‌ندی جۆتیار ده‌یگۆتێ ئۆ وه‌ره‌، ئۆ ڕاوه‌سته‌، دادی نه‌ده‌دا و ئاموری ده‌شكاند و جۆت ڕاده‌وه‌ستا. بۆیه‌ باوك و باپیرم ئه‌و هه‌ردو گایه‌ نابه‌رابه‌رانه‌یان فرۆشتن و جۆته‌ گایه‌كی تری ڕێك و جۆتكێشیان كڕین و چیتر ئاموریان نه‌شكان و جۆتیان به‌تال نه‌بو. ئه‌و جۆته‌ گایه‌ی كوردایه‌تی، ئه‌وه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌‌ به‌و شێوه‌ ئاموری كورد ده‌شكێنن و جۆتیاریان به‌تال ده‌كه‌ن، كه‌چی نه‌ پاره‌ی ده‌كه‌ن و نه‌ دێنه‌ فرۆشتن، نه سه‌ریان ده‌بڕدرێ، نه‌ كوردانیش لێیان بێ ئومێد ده‌بن. به‌دلنیاییه‌وه‌، هه‌تا كورد خاوه‌نی ئه‌و جۆته‌ گایه‌ی كوردایه‌تی بن، هه‌رده‌م ئاموریان به‌ شكایی له‌سه‌ر زه‌ویی به‌یار ده‌مێنێته‌وه‌.

وێنه‌كه‌ له‌ مێژووی برادۆست وه‌رگیراوه‌