Tuesday, August 10, 2021

خەونەڕۆژی ڕابردوو(١)



لە ناوەڕاستی سالانی ١٩٥٠ ژیانی گوندان جۆرێک بوو، خەلکان لە خوایان دەویست نان و دۆیان هەبێ و لە برسان نەمرن. ئەوەی چەند سەر بزن و مەڕی هەبان، یەکێک بوو لە زەنگین و حال خۆشەکان. خۆ ئەگەر جۆتە گایەکیشی هەبا، ئەوە زۆربەی دەر و جیران چاویان لە دەستی ئەو دەبوو بۆ یارمەتیدان. هەبوویی و نەبوویی ئەو زەمان، تەبا و یارمەتیدەری یەکتر بوون، لەبەر ئەوەی کەس نەبوو حەوجە نەبێ و بۆ کێماسیەکانی هانا نەباتە بەر هاوڕێ و دراوسێ و ناسیاوانی. جەمێک تێر و چەندین جەم برسی بوون نانێک بەپێخۆر و چەندان بە ترسی بوون. هەتا سالانێک پێش ئێستا باسی ژنێک دەکرا کە دایکی چەند بندالێک بووە. ئێوارەیەک بەچکەکانی هەر داوای خواردنیان لێی کردووە، ئەویش هیچی لەمالدا نەبووە و خواردنی لەمالدا شک نەبردووە. بۆیە دەستی بە بەند گۆتن کردووە، بە گۆرانی لەبەریان هاتووە و چووە و گۆتیتی ” گوجو گوجو، نان نییە کەولم بجوو“. بەو شێوە برسیایەتیی لەبیر مندالان بردیتەوە و هێوژی کردینەوە هەتا خەویان لێکەوتووە. زۆر جاران بیر دەکەمەوە و دەلێم، ئافەرین بۆ ئەو دایکانەی بە دوو چاوی زەق تەماشایان کردووە، جگەر گۆشەکانیان بەبێ شیو و زگی بەتالەوە خەوتون و ناخی هەر وەک کێلە بەفری بەر هەتاو نەتواوەتەوە و بەرگەی ژیانی گرتووە.

بەرگی ئەو زەمان بۆ جوانی نەبوو، بەلکو تەنها بۆ داپۆشینی لەش و لار بووە. کڕینی بەرگ سالانە بووە، واتە ئەوەی لەدەستی هاتبا، سالێ یەک دەستە جلکی دەکڕین. وەکیدی، هەموو بەرگیان بە پنی و پارچە و دەزی و دەرزی و بەنک و سوژن پێکەوە دەدرویەوە. خەلک خەمی نان و مانەوەی بوو لە ژیاندا، نەک بەرگ و جوانی و پۆز لێدان.

لەبەر ئەوەی کارەبا و ئالاتی پاراستن و فێنککەرەوە نەبوون، ئەگەر کەسێک ئاژەلێکی سەر بڕیبا و گۆشتی زیادیان هەبا، دەبا یەکسەر خێی بکەن و بیکەنە قەدید، واتە لەبەر ڕۆژێ وشکی بکەن و وەک تەختەدار هەلیگرن. کەینێ ویستیانبا بیخۆن، لە ئاوێیان دەنا هەتا نەرم دەبویەوە و تۆزێک تام خێی بەردەدا، ئەوکاتی لێدەنرا و لەبەر گەنم و جۆ و نۆک دەکرا و خۆشترین خواردن و جەم بوو. هیچ هێسکێکیش فڕێ نەدەدرا، هەموویان لەناو ئاوک دەکران و دەکولاندران بۆ خۆش کردنی خواردن و ئاوە سورک، پاشانیش هێسکەکانی کولاو دەشکاندران و مێشکی ناویان دەخوارد. زۆر خێزان هەبوون چەندان شەو بەبێ خواردن سەریان دەنایەوە و دەخەوتن. زۆریش زەحمەت بووە کەسانێک بە زگی برسیوە خەویان لێ بکەوی. بۆیە پەندێک هەبوو، دەگۆترا ”(باب کوشتی خەوی لێدەکەوی، شیو نەخواردی خەوی لێناکەوی)“. سالانە جۆتیاران تالە و هەرزن و گەنمەشامی،یان دەچاندن. باوەڕ ناکرێ کەس نانی سافیی گەنمی هەبوبێ. هەردەم گەنم و جۆ و تالە و هەرزن و گەنمەشامی تێکهەل دەکران و دەبردرانە ئاشی ئاوێ بۆ هاڕین. یانیش هەر لەمالەوە لە دەستاڕی دەکران، نیوە ورد دەکران و دەکرانە هەویر و وەک دۆرک واتە ئەستورک دەخرانە سەر سێل و دەپێژران بۆ خواردن. دیارە لە هەموو سەردەماندا کەسانێک کە حالیان خۆش بووە، زوو لەخۆبایی بوونە و بە شێوەیەک لە شێوەکان لەخۆیان تێکداوە بۆیە پەندێک هەبوو، دەگۆترا (نانی گەنم خۆی لە زگی ئاسندا دەگری) واتە هەر کاتی کەسێک نانی گەنمی بەدەست کەوتبێت و ژیانی باش بەڕێوە چوبێت، خۆی لێگۆڕاوە و لە وەزن و کوریی خۆیدا نەماوە. هەولی داوە فەرمان بەسەر خەلکانی دەور و بەریدا بکات، بەو هۆیەوە زوو خۆی توشی بەلایەک کردووە و لەخۆی تێکداوە، یان لەبەر چاوی کەسانیدی هێسک گران و ڕەزا قورس بووە. بۆیەش پەندێکیدی دەگۆترا ( کردمانج کە زەنگین بوو یان ژنێک هەلدەگری، یانیش کەسێک دەکوژی). مەرج نییە پەندەکان گشتیان پەسند و دروست بن. بەس هیچ پەندێک لەخۆڕا نەگۆتراوە. بەلکو خەلکانێکی لەخۆبایی کاری نەشیاو و هەلسوکەوتی نەگونجاویان کردووە و کەسانی دەوروبەریشیان پەندیان لەسەر دروست کردوون.

ژنان شەوو ڕۆژ پشودانیان نەبوو، هەر دەبا دانەوێلەیان لەناو جۆنیدا کوتابا و خواردنیان ئامادە کردبا، یانیش دەستاڕیان گێڕابا و هاردیان لە مۆغەل دابا. (بەدوایدادێت)


وێنەکە لە گوگل وەرگیردراوە.

Sunday, August 1, 2021

کوندەبۆ و بیرەوەری:



مرۆڤ بۆخۆی بەدیۆم و وێرانکەرە، کەچی گیاندارێک یان بالندەیەکی بەستئەزمان و بێ زەرەر بە بەدیۆم دەزانی. مندالێکی فامدار بووم. هەردەم گوێم لە خەلکانی ئاوایی و دەر و دراوسێ دەبوو، دەیانگۆت ”بەیانی کە ویستت سەفەر بکەیت و مارت بینی. سەفەرەکەت بەتال بکەی باشە. دەگۆترا بینینی کێروشک (کەروێشک) لە ئێواراندا بەدیۆمە و شتێکی خراپت دێتە ڕێگا. دەگۆترا کوندەبۆ (کوندەبەبۆ، کوندە پەپوو) لەهەر گوندێک بخوێنی، وێران دەبێ، یان دەگۆترا، چومە فلانە گوندی، ئەوەندە چۆل بوو، دەتگۆت کوندەبۆ تێیدا خوێندویەتی“. مرۆڤەکان بۆخۆیان لە بەدیۆمیدا غەرقن و هەردەم یەکتر وێران دەکەن. لەبیرمە لەسالی ١٩٥٨ شەعب شەعبانێ بەرپا بوو، بە نیازی خۆیان دژی شێخ و ئاغایان هەلگەڕانەوە. کەچی لە لایەکەیتر پالپشتییان لە مالە شێخی بارزانی کرد و مەلا مستەفای بارزانی و چەکدارە خێلەکیەکانی بە پالپشتیی شوعیەکان و شەعب، هێرشیان کردە سەر دەڤەری برادۆست و زیادتر لە ١٥٠ گوندیان وێران کردن بەبێ ئەوەی کوندەبۆی بەستئەسمان ئاگای لێبێت. برادۆست ئاوارەی تورکیا و ئێران بوون هەتا سالی ١٩٦٢، ئەو کاتی لەناچاری پەیوەندیان بە دەولەتی عێڕاق کردەوە و لە ترسی لەشکری بارزان نەیانتوانی بێنەوە دەڤەری خۆیان و گوندە وێران کراوەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. بەو هۆیەوە ڕویان لە دەڤەری خۆشناوەتی و سورچیایەتی و هەولێر و دەشتی هەولێرێ کرد. ئێمە مالمان کەوتە گوندی ماوەرانێ لە خوار شەقلاوێ. گوندی ناوبراو لەژێر سەرپەرشتیی سالحاغا و سەلماناغای برای دابوو. ئەوانیش یارمەتییان داین و هندەک خانییان بۆ ئێمەی ئاوارە چۆل کردن و ئەو زستانی لەوێ ماینەوە. ئێوارەیەک کوندەبۆیەک لەسەر چختە سۆرکەکانی بەرامبەر گوندی ماوەڕانێ دەیخوێند. خەلکان کەوتنە دلەڕاوکێ و گۆتیان ”بەخوای کوند لەو گوندەشی خوێند. بابم تفەنگچییەکی نیشان هنگێو بوو. دەستیدایە تفەنگێ و پارێزی بردە کوندی سروشتی. لەگەل شریقێنی تفەنگێ، کوندەبۆی چاو خوماری ڕوحی شیرینی دەرچوو و بووە قوربانیی عەقلی ژار و کلۆلی مرۆڤ. بە کوشتنی کوندەبۆ، خەلکان دلیان داکەوت و وایاندەزانی کوندەبۆ ڕێبەرایەتیی ئەو هێزەی کردووە کە لە ١٩٥٨گوندەکانیانی وێران کردن نەک مەلا مستەفای بارزانی!..

ئایی کوردی پەروەردە سەقەت، چۆن شێخ و ئاغا و داگیرکار هەردەم بەکارتان دەهێنن و خۆتان بەدیۆم و خاپورکەر و وێرانکەرن، کەچی جوانترین و چاوگەشترین و بەسودترین بالندە بە بەدیۆم دەزانن. لێرەدا نامەوێ خوێنەرە ڕێزدارەکان وابیر بکەنەوە کە تەنها مەلا مستەفا تاوانباری سەرەکی بووە. نەخێر، کورد زۆربەی عەشائێر و شەخس پەرستن و هەموویان تاوانبارن، بە شێخ ڕەشید لۆلانی و تەواوی میر و بەگ و بەگزادەکانی برادۆستی و بارزانی و گشت عەشیرەتەکانیدیی کورد. هەر ئەوتۆ تاک بەتاکی کورد تاوانبارن کە چەک بۆ شێخ و ئاغا و حیزب و میلیشیاداران هەلدەگرن و هێرش دەبەنە سەر هاوزمانانیان.

 

بێینەوە سەر بابەتی کوندەبۆ:


لێرە لە ئەمەریکا پێچەوانەی کورد بیر دەکەنەوە دەرحەق بە کوندەبۆ. دانیشتوانی ئەمەریکا دەلێن 

”ئەگەر کوندەبۆ لە دەورەی مالتان هەبوو و بیندرا، ئەوا دەرگای خێرتان بەڕوودا دەکرێتەوە. بەختی خەوتوتان هۆشیار و چالاک دەبێتەوە. لەبۆ زۆر هاولاتیانی ئەمەریکا، بینینی کوندەبۆ، نیشانەی تاجی ژیری و زانینە. وابڕوا دەکەن کە کوندەبۆ نیشانەی سەرەتایەکی نوێ و خۆش و شادیهێنەرە.


منیش بڕوام وایە کە هەموو زیندەوەرێک جوان و پێویست و پیرۆزیی سروشتە و لازمە هەم بە جوانی ببیندرێن. هەم بپارێزرێن و مرۆڤ بەدیۆمیی خۆی نەخاتە ئەستۆی سروشت و گیانداری هەمەجۆر و ڕەنگەکانی خوایی.


ئەم بابەتەم بۆیە نوسی: چونکی دوو ڕۆژ بوو کوندە بۆیەک میوانمان بوو. هەردەم بەرمدەدا دەرەوە و نەدەڕۆیشت. ئەم بەیانیەیش کێشتی لەگەل خواردین و هەر وەک پێشتر بەرمدا، بەس یەکسەر بالی لێکدان و بەبێ دەنگی ڕۆیشت و نەگەڕایتەوە. هیوادارم پارێزراو بێت و ئەزمونی ژیانێکی خۆش بکات.