Friday, February 25, 2022

گواستنه‌وه‌ی مال و خێزان لە دیانا بۆ كه‌له‌كی یاسین ئاغا ١٩٦٥ (١٤):


دوای ئەو کارە دڕوندانەی لەشکری کوردایەتیی و تۆقاندن و کووشتنی ژن و مندالانی مەدەنی و بێتاوان، ئەو مال و خێزانەی مابون خرانە ناو تڕمبێلان لە دەشتی دیانا بەرە و ناو خاباتی کەلەکی یاسین ئاغا. لەوێش هەم بەهۆی خەمباری و گریان و لەدەستدانی ژن و مندالێکی زۆر و ترس و تۆقان و تێكچونی باری دەرونییەوە، هه‌میش هەواگۆڕی و کەمخۆراکی، سەدی هەشتای ئەو خەلکانە تاوی و دەردەدار بون و لەناو زۆر خێزاناندا کەسی لەش ساخت بەرچاو نەدەکەوت. لەوێش خەلکێکی زۆر لە پیر و پەكکەوتە و مندالانی ساوا و بریندارەکانی لێدانی دیانا، گیانیان لەدەستدا و توربستانێکی گەورە لە مەیتی ئەو کەسانە هاتە پێكهێنان لە باستام (ناوی قەبرستانەکەیە) نزیك قسرەسۆران لە کەلەکی یاسین ئاغا. 


هاتنه‌وه‌ی باوكم و نه‌خۆش كه‌وتنی:

باوکم و چەندین کەسی تر سەرەڕای ئەو مەرگەساتەی بەسەر خێزانیان هاتبوو و گواسترانەوەی مال و خێزانیان لە دەشتی دیانا بۆ کەلەکی یاسین ئاغا، زیاتر لە سێ مانگ بوو مالە شێخ و ئاغاواتی برادۆست ڕێگایان پێ نەدابون سەنگەرەکانیان بەجێ بهێلن و بێنەوە و بزانن چی بەسەر مال و خێزانیان هاتووە. 

لەدوای زیادتر لە سێ مانگان، ڕێگایان پێ درابوو بۆ دوو حەفتە سەردانی مالەوەیان بکەنەوە.  کە باوکم هاتەوە بۆ سەردانی مالەوەمان،  دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لەناومان، ئەویش نەخۆش و تاوی کەوت و خەریك بوو ئاگای لە خۆی نەمێنێت. دوو حه‌فته‌كه ‌ته‌واو بون. لەو کاتی عەبدولقادری نەوەی شێخ ڕەشید لۆلانی هات بۆ کۆکردنەوەی لەشکر و ناردنیان بۆ بەدل کردنی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی زۆر بوو لە سەنگەرەکان بون. باپیرم چوبووە لای و پێی گۆتبوو،” بەڕێز عەبدولقادر، مستەفای کوڕم زۆر نەخۆشە و ناتوانێ هەستێتە سەرپێ.” لە وەلامدا عەبدولقادر گۆتیبوو،” ئەگەر بە دارەبازەش هاتبێ، دەبێ هەر بێت.” باپیریشم توڕە ببوو و پێی گۆتبوو،” خۆ ئێوە خوا نین، من پێت دەلێم ناتوانی هەستێتەوە و ناش هێت.” لەسەر هندێ بۆ ماوەی شەش مانگان موچەی باوکمیان بڕی. موچەکە بۆخۆی ١٣ دینار بون، کاربەدەستان حەفت دیناریان بۆخۆیان دەبردن، ٦ دیناریان دەدانە چەکدارەکان. ئەو شەش دیناریشیان لە باوکم بڕین بۆ شەش مانگان. به‌هۆی ئاواره‌یی و ده‌ربە‌ده‌ری و شه‌ڕی عه‌شائێریش، له‌موچه‌ی فرسانی به‌ولاوه‌، هیچ داهات و كه‌سابه‌تێكیتریان نه‌بوو. باوكم پاش ماوه‌یه‌ك له‌تاوی بون  و نەخۆشی باشتر بوو، ناچار بوو ده‌ست به‌معامه‌له‌ی هینانی تۆچای سیپه ‌بكات بۆ ئه‌وه‌ی مال و مندالی له‌نه‌بونیدا ڕه‌زیل نه‌بن. چای سیپه‌ به ‌قاچاخ لە سوریاوە ده‌هات. به‌س باوكم به‌و معامه‌له ‌توانیی داهاتێكی باشتر له‌معاشی فرسانی په‌یدا بكات و ژیانی خێزانیی باشتر بەڕێوە ببات.


پاییزی هەمان سال ١٩٦٥

بەهەر شێوە، هەمان سال بۆ پاییزێ، ئێمەیان دابەش کردین بەسەر گوندەکانی ئەو ناوچانەدا. ئێمە نۆ خێزان کەوتینە گوندی مەلا عومەر لە دە و زێی کەلەکی یاسین ئاغا. ئەو کاتی خانوو بۆ هەموومان پەیدا نەبون. بە ناچاری، پردێك لە دانگی گوندی هەبوو. مالی ئێمه‌و مالی نیعمه‌ت مۆمێ هەردوو دیوی پردەکەمان دیوار کردن و ئەو زستانی ژیانمان لەژێر ئەو پردەدا بەسەر برد. هه‌ردوو خێزانمان ئه‌وه‌نده ‌ته‌با بون، هیچ جه‌مێكمان به‌بێی یه‌كتر نه‌دەخوارد. بەختەوەر بوین، کە ئەو زستان ئەوەندە باراناوی نەبوو کە ئاو هەلداتە بن پردەکەو لافاو وێرانمان بکاتەوە. هەتا بەهارێ لەوێدا ستر بوین. بۆ سالی پاشتر واتە سالی ١٩٦٦ کەسێك بە ناوی مەرعی ژۆرێکی دایە خێزانی ئێمە و چوینە ناو ئەو ژوورە. لە سالی ١٩٦٧ باپیرم و شێخۆ ناوخۆش و چەند کەسێکی تر پەیوەندییان بە بوڕهان ئاغای دزەییەوە کرد. بوڕهان حسارێکی زۆر گەورەی هەبوو لەو گوندی. بۆخۆی بە مالەوە چوبووە ناو پێشمەرگەی کوردایەتیی. یوسفی براشی لە هەولێر دەژیا. ئیدی کە باپیرم و شێخۆ ناوخۆش لەگەل چەند کەسێکی تر سەردانیان کردبوو و پێیانگۆتبوو، حسارەکەتان بەتالە، ئێمەیش بێ جێ و ڕێگاین هاتینە لات و دەمانەوێ حسارمان وێدەیەوە تێیدا بژین هەتا بزانین چارەنوسمان چی دەبێت. بوڕهان ئاغا مەردانە حساری وێداینەوە و هەرجاری ڕێگاشی کەوتبا ئەو دەوروبەر، بەخۆو پێشمەرگەکانیەوە سەردانی دەکردین و بەینمان زۆر خۆش بوو. لەناو حساری بوڕهان ئاغادا ماینەوە هەتا یازدەی ئاذاری سالی ١٩٧٠. 

چاوەڕوانی بەشی داهاتوو بن

Thursday, February 24, 2022

چیڕۆكی حه‌مید خانم له‌ناو هاونبارانی دیانادا ١٩٦٥ (١٣):

ئێواره‌كی زه‌رده‌په‌ڕ، حه‌مید میرۆمه‌ر ناسراو بە حەمید خانم له‌ماله‌وه‌ نابێت. ته‌نها خه‌دیجه‌ی هاوسه‌ری و منداله‌ هورده‌واله‌كانی له‌ژێر ساباتی ئاواره‌یی شه‌ڕه‌نگێزی شێخایه‌تیدا له‌گۆڕه‌پانی ئه‌وبه‌ری دیانادا. مندالێكی ته‌مه‌ن چه‌ند ڕۆژه‌ له‌باوه‌شی و خه‌ریكی لایه‌لایه‌ی کۆرپەکەیه‌تی. نزیكه‌ی شازدە مندالی جیرانان له‌نزیك ساباتیان یاریی كه‌لانێ ده‌كه‌ن و بێخه‌به‌رن له‌ده‌ستی تاوانی خۆپه‌رستان. ڕۆژ خه‌ریكی نه‌خشاندنی زه‌ده‌په‌ڕی ئێواره‌یه‌.

له‌ناكاو گرمه‌ی تۆپێك و دوان و ده‌یان، گرم ‌و زرم نه‌بڕایه‌‌وه‌. ئەو مندالانەی كه‌لانێیان ده‌كرد، هه‌رشازده‌یان قیمه‌كران و پارچه‌ گۆشتیان به‌ساباته‌كان و به‌سه‌ر عه‌رزدا په‌رت بون و ڕوح ده‌رچون فڕكه‌یان بوو. خه‌لكان گشتیان تێكقژان و ڕاده‌په‌ڕین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌گۆشته‌كان و گرمه‌یترو ئه‌وانیش ده‌بونه‌پارچه‌كۆشتی بێ گیان. گرمه‌و بروسكی تۆپباران دانه‌بڕان و ڕۆژ خۆی شارده‌وه‌ و شه‌و و تاریكی بالی به‌سه‌ر ده‌شتی دیانادا كێشاو ڕۆناكایی بووه‌ بروسكی ته‌قینه‌وه‌ی گولله‌ هاونان. له‌و كاته‌ی ڕۆژ تیشكی زه‌رده‌په‌ڕی زێڕینی شاردنه‌وه‌ هه‌تا نیوه‌شه‌و داهات ١٣١ ژن و مندال لاشه‌یان هوردو قیمە کران. سه‌دانیش بریندار و بێ هیمدادو یارمه‌تیدان خوێنیان له‌به‌ر ‌ڕۆیشت. دوای نیوه‌شه‌و، خه‌لكانی مابون، گیان فیدایانه‌ به‌دوای لاشه‌ی به‌گیان و بێ گیاندا گه‌ڕان و چه‌نده‌یان بۆ كرا، لاشەی ‌بێ ڕحیان خه‌رمان ئاسا كۆ کردنەوە‌.

دیاره‌ له‌گه‌ل گرمه‌ی هاونی یه‌كه‌م، خه‌دیجه‌ منداله‌ ساواكه‌ی له‌باوه‌ش ده‌گرێ و له‌سابات هه‌لدێت به‌ره‌ و كه‌ندالی خوار مالان. هاونێكیترو جه‌سته‌ی خه‌دیجه‌ له‌ناو كراسی ڕه‌شیدا تڕ تڕ ده‌بێت و مه‌مكی ڕاستی به‌ساخی ده‌مێنێته‌وه‌ و باقی هیچ پارچه‌ی له‌شی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نامێنێ و تارمایی ڕوحی شیرینی په‌رت ده‌بێ و مندال ه‌ساواكه‌ش، هنده‌ك جه‌سته‌ی ناسكی ده‌ڕنجێ.

بۆ به‌یانی زوو، حه‌میدی هاوسه‌ری خه‌دیجه‌ به‌نیازی خۆی بۆ ماله‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، مال؟ مال ته‌نها خوێنی مه‌یی و تۆز و خۆلی ته‌قینه‌وه‌ و بۆنی باروت و تاكه‌ پێلاوو پنیه‌ جلكی دڕاو له‌شوێن هه‌وار ماون و خه‌دیجه‌ و مندال به‌چ سه‌ر چونه‌؟ كه‌س نییه‌ لێی بپرسێ و وه‌لام وه‌رگرێته‌وه‌. 

هه‌ر كێ ده‌بینێ، له‌خۆی په‌شوكاوتر و سه‌رلێ شێواوتره‌. شوێن هه‌واری خالی به‌جێ ده‌هێلی و ڕوو ده‌داته‌ تەکیای لۆلان و خەستەخانە و جه‌سته‌ بێ ڕوحه‌كان ده‌پشكنی، له‌ناو كوژراوه‌كاندا نایاندۆزێته‌وه‌. حه‌مید ده‌پرسێ و ده‌پرسێ، نه‌ به‌كوژراوی نه‌ به‌زیندویی، سۆراغی خه‌دیجه‌ی هاوسه‌رو منداله‌ ساواكه‌ی ده‌ست ناكه‌وێ. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ناو ساباته‌ بۆن گرتوه‌كانی خوێن و باروتدا له‌و سه‌ر هه‌تا ئه‌وسه‌ر، هه‌ر هه‌وال و سۆراغ نابێت. ده‌چێته‌وه‌ شوێن ساباته‌كه‌ی خۆیان و خه‌یالی له‌بۆ دێت و ده‌لێ، "ده‌بێ له‌ئه‌سنای یه‌كه‌م هاون و كوژرانی شازدە‌ مندال، ترسی ڕوح به‌ره‌ و دۆلی خوار دیانای نه‌بردبێت؟" هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌و كه‌ندالیدا دل به‌خورپه‌ ده‌چێته‌خوار. كا‌تێك شتێكی ڕه‌شی له‌دۆلی خوارێ به‌رچاو ده‌كه‌وێ و په‌له‌ ده‌كات و خۆی به‌و شته‌ڕا ده‌گه‌ینی. خودایه‌ چی ببینی و چی ڕویداوه‌ و چی هه‌یه‌ حه‌مید نه‌هه‌ژێنی و ناخی نه‌سوتێنی؟ به‌هه‌ردوو چاوی زه‌ق و پڕ له‌ئه‌سرینی خوێنین و ئاخ و ئۆفه‌وه‌ باوه‌ش به‌كراسی ڕه‌ش و له‌خوێندا ڕه‌ق و ده‌ق گرتودا ده‌كات و ده‌بینی له‌ڕۆژی پێشتره‌وه‌ ڕوحی خه‌دیجه‌ مالئاوایی له‌جه‌سته‌ی پارچه‌كراوی كردوه‌ و ته‌نها لاسینگی ڕاستی به‌ڕوتی ماوه‌ته‌وه‌ و منداله‌ ساواكه‌ی ده‌می له‌مه‌مكی ڕاستی دایكی دایه‌ و مه‌مكی بێڕوحی دایكی ده‌مژی و ژیر و بێده‌نگ و ساخ، وه‌ك بلێی ڕوحی دایكی هه‌ر له‌لایه‌ لایه‌یدا بوبێت و هیچی به‌سه‌ر نه‌هاتبێت.

دیاره‌ خه‌لكانێكیتر ئاگاداری ناله‌ و هاوار و گریانی حه‌مید ده‌بن به‌دیداری ئه‌و دیمه‌نه‌نه‌ خوازراو و ڕوح بژێنه‌ و به‌هانایه‌وه‌ ده‌چن و به‌زۆر منداله‌كه‌ی لێوه‌ر ده‌گرن. ده‌ست ده‌كه‌ن به‌كۆكردنه‌وه‌ی گۆشت و ئێسقانی خه‌دیجه‌ی هاوسه‌ری. حه‌مید له‌قودره‌تی دانییه‌ مرگ بكرێ و ڕوح پۆلایینه‌و له‌سینه‌یدا هه‌لنافڕێ و خوێن و ده‌ماره‌كانی گه‌رم و ڕوخساری سۆر هه‌لگه‌ڕاوه‌ و شتێك نییه‌ ئۆقره‌ی پێبگرێ، ئومێدێك نه‌ما پێی بژیێ.

دو سێ مندالی پیاوری سێوی و خۆی له‌هه‌رسێكیان سێویتر بێی خه‌دیجه‌ی هاوسه‌ری. مندالی شیره‌خۆری ساواش سه‌ربار. خودایه‌ سه‌برو هه‌دار، چۆنت لێوه‌شاندین ده‌ستی زۆردار، ئێستا من چیم، ژیان چۆنه‌، تاوانه‌ تاوان، چۆن بژیم و نه‌بم بێزار؟

حه‌مید نه‌فرین ده‌كات و نازانێت به‌رگه‌ی كام ئازار بگرێت. ئازاری نه‌بونی، یان زه‌بونی، ئازاری بێكه‌سی، یاخوت بێهاوسه‌ری، ئازاری مندالی ساوای بێدایك و بێمالی، یان ئازاری سێ مندالی فامداری بێ ئۆقڕه‌ی سێوی، ئازاری ئاواره‌یی ده‌ستی عه‌قلی خێل، یان زۆرداریی شێخ و ئاغا. نازانی له‌به‌ر كام ئازار بنالێنی و نالین له‌به‌ر كام برینی ناخ بكات و دادی بۆ كام ده‌رگای نه‌كراوه‌ی دادپه‌روه‌ری ببات. 

حه‌مید ئه‌وه‌نده‌ گریابوو، ئه‌وه‌نده‌ لوراندیبوو، ئیتر ده‌نگی ده‌رنه‌ده‌چوو، ته‌نها له‌نزیكه‌وه‌ هه‌ست به‌نوزه‌ و خیسێنی سینه‌ی هه‌لقرچاوی ده‌كراو له‌به‌ر ئازاری ده‌رونی تێكشكاوی، شه‌و خه‌و نه‌ده‌چووه‌ چاوانی. لای مرۆڤی ڕۆژهه‌لاتی، گریان بۆ پیاو شه‌رمێكی گران و له‌كه‌یه‌كی وێران بوو، حه‌مید ناچار بوو گریه‌ی په‌نگ خواردوی ناو ناخ و هه‌ناسه‌كانی ئه‌و كاتانه‌ هه‌لڕێژی كه‌ده‌نگی له‌گه‌ل ده‌نگی منداله‌ساواكه‌ی تێكهه‌لاو بێت و كه‌س نه‌یبینێت. مندالی ساوای بێدایك له‌برسان بێده‌نگ نه‌ده‌بوو. به‌یانیان زوو، حه‌مید عه‌ودال عه‌ودال، منداله‌كه‌ی ده‌خسته‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌سته‌ له‌رزۆكه‌كانی و به‌ناو جیراناندا ده‌گه‌ڕاو ده‌پاڕایه‌وه‌، داخوا چ ژنێكی خوایی مندال له‌به‌ر ده‌ستان، ده‌توانێ مه‌مكی بخاته‌ده‌می منداله‌ساواكه‌ی و تۆزێك حه‌وسه‌له‌ی بێت و حه‌میدیش، له‌ناخ هه‌لقرچان داكاسێت.

منداله‌كه‌ دوای چه‌ند مانگێك به‌خێو كردنی هه‌جه‌مه‌رگی و دوور له‌لایه‌لایه‌ و هه‌ناسه‌ی پڕ سۆزی دایك، جه‌سته‌ی زه‌عیف و بێهێز بوو به‌رگه‌ی هه‌لگرتنی ڕوحی شیرینی نه‌گرت و چەنگه‌ گۆشت و ئێسقانی له‌توربستانی باستام له‌گه‌ل چه‌ندان مندالیتری بێدایك ژێرگل كران. حه‌مید منداله‌ سێویه‌كانیتری به‌خێو كردن و مانگ و سالی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕین. حەمید لە ژیاندا نەماوە، بەس مندالەکانی ئێستایش لە ژیاندان و ئەو ڕوداوانەیان لەیادن.

خوێنەرانی بەڕێز: ئەو سەردەمی وەک ئێستا نەبوو، شیری تۆز و شیری قۆدی و دەستکرد پەیدا نەدەبوو، مندالی ساوا تەنها بە شیری دایکانیان بەخێو دەکران. ئەگەر دایکێک شیری کەم بایە و مندالەکەی پێ تێر نەبایە، ناچار بون بیبەنە لای دایکێکی تری مندال لەبەر دەستان و شیری بداتێ. ئەو مندالەیش دەبونە خوشک و برای شیری و کە گەورەیش دەبون، بە یەکتر نەدەشیان، واتە نابێ لە یەکتر مارە کرابان. من و کچە پلکێکم بەو شێوە، هەردوکمان بە شیری دایکم بەخێو کرابوین و بە یەکتر نەدەشیاین.

تێبینی:

ئه‌و هاون باران و تاوان، ده‌ستی دەولەتانی داگریرکەری توركی و فارسی و عاره‌بی نه‌بوون. ئه‌و تاوان ده‌رحه‌ق به‌ژن و مندالانی لاخه‌به‌ر، ده‌ستی گلاوی هزری خێله‌كیی كوردایه‌تیی بوو. به‌لێ ده‌ستی كوردایه‌تیی بوو به‌سه‌رپه‌رشتیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی. به‌لێ كوردایه‌تیی به‌و شێوه‌ كراوه‌و له‌سه‌ر قه‌تل و عامی عه‌شیره‌ته‌كانیتر بنیاتنراوه‌. 

وێنەکە پەیوەندیی بەم ڕوداوەوە نییە. لە گوگل وەرگیراوە.

ئەمە تەنها چیڕۆکی خێزانێکە لەناو ڕوداوەکەدا.

چاوەڕوانی بەشەکانی تر بن.