دوای ئەو کارە دڕوندانەی لەشکری کوردایەتیی و تۆقاندن و کووشتنی ژن و مندالانی مەدەنی و بێتاوان، ئەو مال و خێزانەی مابون خرانە ناو تڕمبێلان لە دەشتی دیانا بەرە و ناو خاباتی کەلەکی یاسین ئاغا. لەوێش هەم بەهۆی خەمباری و گریان و لەدەستدانی ژن و مندالێکی زۆر و ترس و تۆقان و تێكچونی باری دەرونییەوە، ههمیش هەواگۆڕی و کەمخۆراکی، سەدی هەشتای ئەو خەلکانە تاوی و دەردەدار بون و لەناو زۆر خێزاناندا کەسی لەش ساخت بەرچاو نەدەکەوت. لەوێش خەلکێکی زۆر لە پیر و پەكکەوتە و مندالانی ساوا و بریندارەکانی لێدانی دیانا، گیانیان لەدەستدا و توربستانێکی گەورە لە مەیتی ئەو کەسانە هاتە پێكهێنان لە باستام (ناوی قەبرستانەکەیە) نزیك قسرەسۆران لە کەلەکی یاسین ئاغا.
هاتنهوهی باوكم و نهخۆش كهوتنی:
باوکم و چەندین کەسی تر سەرەڕای ئەو مەرگەساتەی بەسەر خێزانیان هاتبوو و گواسترانەوەی مال و خێزانیان لە دەشتی دیانا بۆ کەلەکی یاسین ئاغا، زیاتر لە سێ مانگ بوو مالە شێخ و ئاغاواتی برادۆست ڕێگایان پێ نەدابون سەنگەرەکانیان بەجێ بهێلن و بێنەوە و بزانن چی بەسەر مال و خێزانیان هاتووە.
لەدوای زیادتر لە سێ مانگان، ڕێگایان پێ درابوو بۆ دوو حەفتە سەردانی مالەوەیان بکەنەوە. کە باوکم هاتەوە بۆ سەردانی مالەوەمان، دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لەناومان، ئەویش نەخۆش و تاوی کەوت و خەریك بوو ئاگای لە خۆی نەمێنێت. دوو حهفتهكه تهواو بون. لەو کاتی عەبدولقادری نەوەی شێخ ڕەشید لۆلانی هات بۆ کۆکردنەوەی لەشکر و ناردنیان بۆ بەدل کردنی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی زۆر بوو لە سەنگەرەکان بون. باپیرم چوبووە لای و پێی گۆتبوو،” بەڕێز عەبدولقادر، مستەفای کوڕم زۆر نەخۆشە و ناتوانێ هەستێتە سەرپێ.” لە وەلامدا عەبدولقادر گۆتیبوو،” ئەگەر بە دارەبازەش هاتبێ، دەبێ هەر بێت.” باپیریشم توڕە ببوو و پێی گۆتبوو،” خۆ ئێوە خوا نین، من پێت دەلێم ناتوانی هەستێتەوە و ناش هێت.” لەسەر هندێ بۆ ماوەی شەش مانگان موچەی باوکمیان بڕی. موچەکە بۆخۆی ١٣ دینار بون، کاربەدەستان حەفت دیناریان بۆخۆیان دەبردن، ٦ دیناریان دەدانە چەکدارەکان. ئەو شەش دیناریشیان لە باوکم بڕین بۆ شەش مانگان. بههۆی ئاوارهیی و دهربەدهری و شهڕی عهشائێریش، لهموچهی فرسانی بهولاوه، هیچ داهات و كهسابهتێكیتریان نهبوو. باوكم پاش ماوهیهك لهتاوی بون و نەخۆشی باشتر بوو، ناچار بوو دهست بهمعامهلهی هینانی تۆچای سیپه بكات بۆ ئهوهی مال و مندالی لهنهبونیدا ڕهزیل نهبن. چای سیپه به قاچاخ لە سوریاوە دههات. بهس باوكم بهو معامهله توانیی داهاتێكی باشتر لهمعاشی فرسانی پهیدا بكات و ژیانی خێزانیی باشتر بەڕێوە ببات.
پاییزی هەمان سال ١٩٦٥
بەهەر شێوە، هەمان سال بۆ پاییزێ، ئێمەیان دابەش کردین بەسەر گوندەکانی ئەو ناوچانەدا. ئێمە نۆ خێزان کەوتینە گوندی مەلا عومەر لە دە و زێی کەلەکی یاسین ئاغا. ئەو کاتی خانوو بۆ هەموومان پەیدا نەبون. بە ناچاری، پردێك لە دانگی گوندی هەبوو. مالی ئێمهو مالی نیعمهت مۆمێ هەردوو دیوی پردەکەمان دیوار کردن و ئەو زستانی ژیانمان لەژێر ئەو پردەدا بەسەر برد. ههردوو خێزانمان ئهوهنده تهبا بون، هیچ جهمێكمان بهبێی یهكتر نهدەخوارد. بەختەوەر بوین، کە ئەو زستان ئەوەندە باراناوی نەبوو کە ئاو هەلداتە بن پردەکەو لافاو وێرانمان بکاتەوە. هەتا بەهارێ لەوێدا ستر بوین. بۆ سالی پاشتر واتە سالی ١٩٦٦ کەسێك بە ناوی مەرعی ژۆرێکی دایە خێزانی ئێمە و چوینە ناو ئەو ژوورە. لە سالی ١٩٦٧ باپیرم و شێخۆ ناوخۆش و چەند کەسێکی تر پەیوەندییان بە بوڕهان ئاغای دزەییەوە کرد. بوڕهان حسارێکی زۆر گەورەی هەبوو لەو گوندی. بۆخۆی بە مالەوە چوبووە ناو پێشمەرگەی کوردایەتیی. یوسفی براشی لە هەولێر دەژیا. ئیدی کە باپیرم و شێخۆ ناوخۆش لەگەل چەند کەسێکی تر سەردانیان کردبوو و پێیانگۆتبوو، حسارەکەتان بەتالە، ئێمەیش بێ جێ و ڕێگاین هاتینە لات و دەمانەوێ حسارمان وێدەیەوە تێیدا بژین هەتا بزانین چارەنوسمان چی دەبێت. بوڕهان ئاغا مەردانە حساری وێداینەوە و هەرجاری ڕێگاشی کەوتبا ئەو دەوروبەر، بەخۆو پێشمەرگەکانیەوە سەردانی دەکردین و بەینمان زۆر خۆش بوو. لەناو حساری بوڕهان ئاغادا ماینەوە هەتا یازدەی ئاذاری سالی ١٩٧٠.
چاوەڕوانی بەشی داهاتوو بن
No comments:
Post a Comment