لە پاییزی سالی ١٩٦٢دا شێخ ڕەشید لۆلانی و مەحمود بەگی خەلیفە و بەگ و بەگزادەکانی تر قراریان دابوو کە چیتر بە ئاوارەیی لە ناو خاکی تورکیادا نەمێننەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان زیادتر بە هیلاک نەچن و لە برسان و سەرمادا نەتولێنەوە. ئەو سالی شێخ محەمەد خالد بارزانی بەخۆی و تابعەکانیەوە چەکداری دەولەتی عێڕاق بون. واتە فرسان بون و لە دەوروبەری سارداو و هاودیانا و مێرگەسۆر و گۆڕەتوو و هەتا دەگاتە کێلی سەلیم خان بە لەشکری شێخ محەمەد خالد بارزانی سپێردرابوو بۆ پاراستن. کە برادۆست لە تورکیاوە گەڕانەوە و گەیشتنە دەشتی بەرازگر، شێخ محەمەد خالد بارزانی وەعدی پارێزگاریی بە برادۆستان دابوو هەتا دەگەنەوە دەشتی دیانا. بەس برادۆست بڕوایان پێ نەهاتبوو. بۆیە هەر لە دەشتی بەرازگر لەشکریان کۆ کردبویەوە و هەرچی چەکی هەبوو، هینایانبون لە بەرازگر هەتا دەشتی دیانا کە پارێزگاری لە مال و خێزانیان بکەن و نەهێلن بکەونە بەر پەلاماری لەشکری کوردایەتیی.
شێخ محەمەد خالد بارزانی داوای دیداری لەگەل شێخ ڕەشید لۆلانیی کردبوو. شێخ ڕەشید گۆتیبوو ”پاش ئەو هەموو تاوانانەی بنەمالەی بارزانی دەرحەق بە ئێمەیان ئەنجام داوە داوای دیداریشم لەگەل دەکەن، وەلایەلعەزیمە لە قیامەتیشدا نەزەری ئێمە و ئەوان لە یەکتر حەرامە و نابێ یەکتر ببینین“. ئیدی حکومەت هەلیکۆپتەرێکی ناردبوو، هەر لە بەرازگر شێخ ڕەشید بەو هەلیکۆپتەر گوازرابویەوە بۆ ڕواندز و مال و خێزانیش قۆناغ بە قۆناغ لەوێوە بەناو لەشکری شێخ محەمد خالد بارزانیدا هاتبونە گۆڕەتوێ و مێرگەسۆری و هاودیانا و هەتا گوندی بالەکیان لەسەر گەلیی عەلی بەگ. خەلکانی دەربەدەر کراو، دابەش بون بەسەر گوند و شارەکاندا، هەر لە حەریر و باتاسەوە هەتا دەگاتە هەولێر و دەشتی هەولێرێ.
ئه‌وانه‌ی به‌و شێوه ئاواره‌بون، زۆرینه‌یان ڕوت و ڕه‌جال و بێ داهات بون، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ته‌سلیم بونه‌وه‌یان به‌ده‌وله‌تی عێڕاق، زۆربەی پیاوه‌كانیان ناونوس كرابون بۆ فرسانی. به‌هۆی ئه‌و زولمه‌ی له‌ده‌ست بنه‌ماله‌ی بارزانیان بینیبوو، نه‌ك خۆیان به‌جاش نه‌ده‌زانی، به‌لكو وایان ده‌زانی كه‌ئه‌ڕكێكی پیرۆزه چه‌ك هه‌لگرتن و پارێزگاری له‌خۆ كردنیان و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی ناڕه‌وای له‌شكری بنەمالەی بارزانی. ئەو کاتی موچەی هەر فرسانێک ١٣ دینار بوون. حکومەت موچەی هەموو چەکدارەکانی دەناردە لای شێخ و ئاغا و بەگەکان. ئەوانیش شەش دیناریان دەدایە هەر چەکدارێک و حەفت دیناریشیان گلدەدانەوە.
ئێمە و چەند مالێکی گوندی خۆمان پاییزێکی درەنگ و سارد گەیشتینە دەربەندی شەقلاوە، بەهۆی هەبوونی مەڕ و مالاتەوە لەوێ ماینەوە. باپیرم و بابم و حاجی شێمه‌د و ڕه‌سول برایم سەردانی سالح ئاغای ماوەرانێیان کرد و داوای یارمەتیان لێی کرد. ئەویش هەولیدا، لەگەل خەلکی ماوەرانێ، چەند خانووێکیان بۆ ئێمە بەتال کردن و ئەو زستانەمان لەوێ بەسەر برد. لەو خانووانەی دایان بە ئێمە، یەکێك لێی، خانووی سەلمان ئاغای برای سالح ئاغا بو بۆی چۆل کردین.
له‌بیرمه باپیرم ده‌چووه تاق و باوێشه‌كانی پشت ماوه‌رانێ، بارێكی داری جوانی ده‌بڕین و له‌كه‌رێكی ده‌نان، من له‌گه‌لی ده‌چوم، له‌دەربەندی شه‌قلاوه، باری دارانی به ڕپیه‌ك ده‌فرۆشتن. بە پارەی ئەو بارەداران پێویستیەکانی مالێی پێدەکڕین و زیادەیش دەمایەوە.
هه‌ر ئه‌وتۆ له‌بیرمه بۆ یه‌كه‌م جار بوو، ڕادیۆم له‌مالی سالح ئاغا بینی. ڕادیۆیه‌كی گه‌وره له شێوه‌ی سندۆق له‌سه‌ر ڕفانكه‌یه‌ك داندرابوو، كۆمه‌له‌پاتریه‌كی چوار گۆشه‌ی تەڕ له‌پشت ڕادیۆكه داندرابون و به‌وایه‌ر وزه‌ی ده‌دایه ڕادیۆكه، ئاریه‌له‌كی بۆ له‌سه‌ر بان داندرابوو، سه‌ری ئاریه‌له‌كه دوو بشكۆژی فه‌خفوریی سپیی پێوه‌بون. سالح ئاغا خۆی نەبا، کەسیتر بۆی نەبوو دەست بۆ ئەو ڕادیۆ بەرێت و بەئیشی بێخیت. منی مندال چەند جارێک لەگەل باوکم و باپیرم لە دیوانی سالح ئاغا گوێمان لەو ڕادیۆ دەگرت و وام بیر دەکردەوە کە کەسانێک چوبنە ناو ڕادیۆکە و لاوک و حەیران بۆ ئێمە بلێن و لە دلی خۆمدا، دەمگۆت، چۆن جێیان بویتەوە و بەکوێدا چوینە ژوورێ!.
له‌بیرمه ئەو زستانی بەفر باری و سڕ و سەرمایەکی زۆر دژوار دەستی پێ کرد. بەهۆی ئەو سەرمایەوە، دەچووین چێچكه(چۆلەکە)مان لەژێر سواندەی خانووەکان دەفڕاندن. سڕ و سه‌قه‌م ئه‌وه‌نده دژوار بوو، کە هه‌لده‌فڕین نه‌ده‌گه‌یشتنه سوانده‌یه‌كی تر، له‌سەرمان بەردەبوونەوە و دەمان گرتن و سەرمان دەبڕین.
وێنەم لە گوگل وەرگرتووە و پەیوەندیی بە نوسینەکەوە نییە.
ماویەتی
No comments:
Post a Comment