Tuesday, February 22, 2022

تۆپبارنی مال و خێزان لە دیانا (١١):

من و ڕەسول و سەمەد بزنەکانمان بەرە و مالان هینانەوە. لە نزیك مالان، کەریم مهاجر گەیشتە لامان تۆزێك پشومان هاتەوە. گۆتمان ئۆخخەی دیارە بەهانای ئێمەوە هاتووە. بەلام کەریم، لە جیاتی یارمەتی ئێمەی مندال بدات، سەمەدی برای لەگەل خۆی برد و بەرە و چەپەرەکانی شینکی بادلیان ڕۆیشتن. بە من و ڕەسولی گۆت، ”بزنەکان بەڕهەللا بکەن و بۆ خۆتان بڕۆن بۆ تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی.” کە من و ڕەسول گەیشتینەوە ناو مالان، گرمەی تۆپ و گریە و هاواری ژن و مندالان و نالەی برینداران، کەللەی سەری مرۆڤی کاس دەکەرد. بە هەر لایەكدا شەنقاومان دەهاویشت بریندارێك یان پارچە لاشەی کوژراوانی لێ کەوتبون. من و ڕەسول گەیشتینە ناو ڕیزە کەپری سەر جادە، هاونێکی لە کەپرێکدا، یەکسەر ئاگری تێبەربوو. ئێمەش سەر لێ شێواو بوین و ڕاپەڕین بۆ لای مالەکانی خۆمان. کە گەیشتینە ناو مالان، کەسی خۆمان و كه‌سی زیندوو لەناو مالان نەمابون. بۆن خوێن و باروت و دوکەل و دومان گێژی کردبوین. گرمە و بروسکەی هاونان بەردەوام بوو. کەس لە کەس نەدەبووە خاوەن و هەر یەکە و بەدوای کەس و ئەندامانی خێزانی خۆیاندا وێل بون. ئێمەش هەر بە ڕاپەڕین ڕومان لە جادە کرد و بەرە و تەکیەی مالە شێخ کەوتینە ڕێ.

گەیشتینە ناو دار سپیندار(ئەسپیندار)ەکانی ئەو ئاوەی لە دیانا دەچووە خوارێ. چەند کەسێك لەوێ هندێك لاشە و برینداریان دانابون و بە دیاریانەوە دانیشتبون. هندێکیش لە هەولی برینپێچانی زامداران دابون. ئێمەش هەر بە ڕاکردن دەڕۆیشتین. یەکێک لەوانەی لای لاشە و بریندارەکان بانگی کردین گۆتی،” کوڕە وەرن مەڕۆن بەبەر تۆپان دەکەون.”  ئێمە بەهۆی پەشوکاوی، هەر ئاگامان لە تۆپ و کوژرانی خۆمان و بانگکرنی ئەوان نەبوو. هەر بە ڕاکردن هەتا گەیشتینە نزیك قوتابخانەی سەرەتایی دیانا. لەوێ هاونێکی لەپێش ئێمەدا. لەگەل گرمە و گوڕیی بژکینی هاونەکە ڕەسول یەکسەر بەر بوەوە. من وامزانی کە ئەویش کوژرا. بەرە و دواوە ڕامکرد. نزیکەی سەد مەترێك ڕۆیشتم، دەنگێك هاتە گوێم و هەر دەیگۆت،” ڕاوەستە عیسا ڕاوەستە.” منیش ڕاوەستام دیتم ڕەسولە. ئیتر کە ڕەسول گەیشتەوە لام، ئەوەندە شەپرزە ببوین لە ترسان و هیلاکی و ڕاکردندا هەر بە خەیالمدا نەهات لێی بپرسم و بزانم بۆ بەر بوەوە و چی بەسەر هاتووە. هەر بە گریانەوە هەردوکمان ڕامان کرد هەتا گەیشتینەوە ناو ئەسپیندارەکانی خوار دیانا. لەوێ ئەوانەی پێشتر بانگیان کردین و ئێمە گوێمان نەدانێ،  یەکێك لەوان گۆتی،” وەرنە ئێرە ئێمە دەتانبەینەوە بۆ لای کەسوکارتان.” ئێمەش هەم هیلاك ببوین، هەمیش لەترسان نەمان دەزانی ڕوو بدەینە کامەلا. بەناچاری لەوێ ڕاوەستاین بە گریانەوە، هەتا شەو ڕاشکا و یەکێك لەو کەسانە دەستی گرتین ئێمەی بردین هەتا دەرگای قوتابخانەی دیانا و تەسلیمی پاسەوانەکانی تەکیەی حاجی محەمەد شێخ ڕەشید لۆلانیی کردین. ئەوانیش دەستیان گرتین و خستینیانە ناو ژورێك بێجگە لە من و ڕەسول، زیاتر لە چل مندالیتری دابڕاو لە کەسوکاریان تێدابون. پاسەوانێك دەرگای لەسەر داخستین و وەك مێگەلە کار و بەرخ هەر هەموومان بێدەنگ لە ترسان خۆمان گرمۆلە دابوو لەناو ئەو ژۆرەدا. زۆر لەو مندالانە لە هەردوو چاوان فرمێسکیان دەهاتنەخوارو دەنگیان لەبەر دەرنەدەهات. هیچ ئاگامان لە برسیایەتی و هیلاکەتی و دابڕان نەبوو. ترس و تۆقان هەموو خانەکانی لەشی داگرتبوین و مردنمان بە چاوی خۆمان دەبینی و دەستهەلاتی دەرباز بونمان نەبوو.

ئەو شەوە باپیرم بەبێ پشودان هەموو جێگایەك گەڕا بوو بەدوای مندا. چەندین جار چوبووە ناو لاشەی مندالە کوژراوەکان و منی بۆ نەدۆزرابویەوە نە بە ساخی و نە بە کوژراوی. سەردانی ئەو ژۆرەشی کردبوو کە ئێمەی تێدا بوین، بەس پاسەوانەکان دەرگایان بۆ نەکردبویەوە. 


دایکم مندالێکی ساوا و یەک دوو مندالی پیاوری لەبەر دەست بوون. لەگەل یەکەم تۆپ لێدان لەگەل ئامینەی خوشکی بەگەل برینداران کەوتبون به‌نیازی خۆیان بۆ خەستەخانەی دیانا. خه‌سته‌خانه‌ش، ئه‌وه‌نده ‌مولزیم و به‌سه‌روبه‌ر نه‌بوو كه‌ له‌گه‌ل ڕوداوه‌كان یان شه‌وان كراوه ‌و خاوه‌ن خه‌فه‌ریات بن. مه‌لا سۆفیی مێردی پلكم له‌گه‌ل یه‌كه‌م هاون، ده‌ست و قاچه‌كانی هورد و خاش ببون. 

دایكم و ئامینەی خاله‌تم خستیانبووه ‌ناو به‌تانیان و چوار چه‌نگ به‌هه‌رحال و ڕاکێشان و بلند کردن و هەلگرتن گه‌یاندیانبووه ‌دیانا. له‌وێش هیچ كه‌س لێیان نەببوه ‌خاوه‌ن و یارمه‌تیده‌ر. ناچار له‌دیار لاشه‌ی زه‌بون و بێچاره‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌ده‌ست هاتبوو، هه‌تا به‌یانی چه‌ندین به‌تانیان پەیدا کردبون له‌به‌ر خوێن له‌برینان ڕۆیشتن بگۆڕن و نەیان توانیبوو بگەڕێنەوە ناو مالان و به‌دوای منداله‌كاندا بگه‌ڕێن. 

له‌سالی ٢٠١٦ جارێك به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ل مالی مه‌لا سۆفی كرد و پرسیاری ئه‌و قڕكاری و بریندار بونیم لێ كرد. به‌ئاهییه‌كی سارد و ناخێكی پڕ له‌حه‌سره‌تی مه‌زلومه‌تیه‌وه‌، گۆتی، ئه‌رێ وه‌لله ‌ئه‌و تاوانم هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه‌. ڕاسته ‌هه‌موو ده‌ست و قاچم له‌گه‌ل یه‌كه‌م هاون، هوردو خاش ببون. خودا خێریان بنوسی، دایكت و ئامینه‌ی خێزانم و خێرخوازانیتر لاشه‌ی خوێناویی منیان خسته‌ناو به‌تانیان و بردمیان بۆ لای خه‌سته‌خانه‌. به‌س خه‌سته‌خانه‌یش نه‌بوو، ناچار بوین هه‌تا به‌یانی چه‌ندین به‌تانییان له‌خوێنی من گۆڕین و منیش شه‌لال و بێحال له‌ناو ئازار و خوێندا مام و كتك (پشیلە)‌ برسیه‌كان ده‌هاتنه‌سه‌ر برینانم و ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رم نه‌بان، ده‌ست و قاچه‌كانم نه‌مابون و نه‌مده‌توانی كتكه‌كانیش له‌سه‌ر لاشه‌ی خوێناویم ده‌ربكه‌م. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گۆتی، هه‌كه ‌خودا ڕوحی كه‌سێك نه‌بات، ناڕوات، ئه‌گینا مانه‌وه‌ی من شێوه‌ی موعجیزه‌یه‌. هه‌تا به‌یانی خوێن له‌لاشه‌م ده‌چۆڕایه‌وه‌. ڕۆژی پاشتر منیان گه‌یاندمه‌ خه‌سته‌خانه‌ی جمهوریی هه‌ولێرێ، له‌وێش، ته‌واوی لاشه‌یان له‌گێچ گرتم، سێ مانگان به‌قوردسترین عه‌زاب له‌ناو ئه‌و گێچ كردندا ژیام. دوای سێ مانگان، ئه‌وجا قالبی گێچیان شكاندو لێیان كردمه‌وه‌. كه ‌گێچه‌كه‌یان لێ كردمه‌وه‌، ده‌تگۆت له‌بن به‌رداشی ئاشی ده‌ریان هێناوم. هه‌رچه‌نده ‌هێسكه‌كان خۆیان گرتبویه‌وه‌، به‌س بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌رزشیان به‌ده‌ست و پێیه‌كانم كرد هه‌تا خوێن پێیاندا گه‌ڕایه‌وه ‌و به‌كار كه‌وتنه‌وه‌".

بابم لە چەپەرەکانی هنداو بادلیان بوو. لەشکری بارزان لەگەل تۆپبارانکردنی مال و خێزانی برادۆستان و بەخوێنی ژن و مندالان سۆرکردنی دەشتی دیانا، وایان دانابوو کە لەشکری سۆفیەکانی برادۆستان بەهۆی کوژرانی مال و خێزانیان، چەپەرەکانیان بەجێ دەهێلن و ئەوانیش بە ئاسانی دەتوانن دەست بەسەر بنكه‌كانیان و دەشتی دیانادا بگرن و ئەوانەی بە تۆپباران نەکوژرابون، بە دیل و ئەسیری دەیانگرن و سەریان دەبڕن و کۆتایی بە ژیانی زۆرینەی ئەو برادۆستانەی دەشتی دیانا دەهێنن. ئەوەبوو ئەو شەوی هێرشیان هینابووە سەر ئەو چەپەرانەی پارێزگاریان لە دەشتی دیانا دەکرد. بەس هێرشەکەیان بەرپەرچ درایەوە و نەیانتوانی سەرکەوتوو بن. بابم دەیگێڕاوە و دەیگۆت "هێرشبەران شەو لە بەرامبەرمان ئەوەندە هاتبونە پێش و دەیانەویست خۆیان باوێنە ناو خەندەکی چەپەرەکانمان. ئێمەیش بەرپەچمان دانەوە و لەخۆمان دوور خستنەوە. لەوبەری بانگیان دەکردین و دەیانگۆت بڕۆنەوە مالێ قەلیەتان حازرە". واتە گۆشتی ژن و مندالی کوژراوتان قەلیەیە.

وێنەم لە گوگل دەرهێناوە و پەیوەندیی بە ڕوداوەکەوە نییە.

چاوەڕوانی بەشکانی تر بن.

No comments:

Post a Comment