کە لە سالی ١٩٦٢دا برادۆست و تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی و بەگ و بەگزادەکان لە تورکیا گەڕانەوە و تەسلیمی دەولەتی عێڕاق بونەوە، لەبەر لەشکری کوردایەتیی بە سەرپەرشتیی مەلا مستەفای بارزانی، نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر گوند و ملک و مالی خۆیان، لە ئاوارەیی تورکیا گەڕانەوە و ئاوارەی هەولێر و دەشتی هەولێر بونەوە. تەکیەی شێخ ڕەشید لە هەولێر لە گەڕەکی باداوا و ئیسکان دامەزرا. سۆفیەکانیش پەرت و بلاوی گوند و دەشتی هەولێر بون و شێوەی دۆم و ڕەوەند لەژێر ڕەشمال و چادر و کۆخدا ژیانیان بەسەر دەبرد.
”خودا لەسەر شاهێدە سۆفیەکمان سێ جاران ببیتە جوو و بگەڕێتەوە، قبولی دەکەینەوە، بەس یەکجار ببیتە تابعی بنەمالەی بارزانی، بەهیچ ڕێگایەک قبول ناکرێتەوە“. ئیدی شێخ ڕەشید تەواو گەیشتبووە قەناعەت کە ناتواندرێ لەگەل بنەمالەی بارزانی پێکەوە بژیێن. بۆیە لە باداوا و ئیسکان مایەوە هەتا سالی ١٩٦٤، هەر لەوێ نەخۆش کەوتوو کۆچی دوایی کرد. لەناو تەواوی سۆفی و مریدەکانی تەکیەی شێخ ڕەشیددا بووە ماتەمینی و شین و گرین و مەزوب بون هاواریان دەکرد و دەیانگۆت ”سەرداری دونیا و قیامەتمان لەدەست چوو“. جەنازەی شێخ ڕەشید ئامادە کراو بردرایە شاری موسل لە تەنیشت مەرقەدی نەبی یونس بەخاک سپێردرا. سالانە هزاران سۆفی و مرید سەردانی مەرقەدی شێخ ڕەشید و نەبی یونسیان دەکرد. لەپاش کۆچ کردنی شێخ ڕەشید لۆلانی، ئەوانەی جێگرەوەی بون، وەک وی هەلسەنگاندنیان بۆ بنەمالەی بارزانی نەکردبوو و هەردەم بەو ئومێدەوە بون کە بتوانن گفتوگۆیان لەگەل بکەن و ئاشت ببنەوە و جۆتیاران و گوندیانی برادۆست ڕێگەیان پێبدرێ بگەڕێنەوە سەر لادێکانیان و ژیانێکی نۆرمال بەڕێوە ببەن. لەسەر ئەو بیرکردنەوە، سالێک پاش کۆچ کردنی شێخ ڕەشید، هەولیاندابوو کە لەگەل مەلا مستەفا بارزانی گفتوگۆ بکەن و پێکبهێنەوە. بەس لەو هەولەدا هەر زوو بە ڕووی سەرەوەی سەرانی کوردایەتیی هەلخەلەتان و سۆفی و تەواوی برادۆستەکانیان دەنگدان کە مالان بارکەن و لە دەشتی دیانا کۆببنەوە هەتا تەواو بڕیار لە بارزانڕا دێت و دەگەڕێینەوە سەر گوندەکانمان و کۆتایی بە دوژمنداریی عەشائێری دەهێنین. ئیدی سۆفیەکانیش ئەوەندە بڕوایان بە مالە شێخ هەبوو، ئامادەبون سەری خۆیان بدۆڕێنن، بەس ئامادە نەبون فەرمانی مالە شێخ بشکێنن. هەرچی مالە سۆفی و برادۆست هەبون، بەهاری ١٩٦٥ مالیان بار کردن و لە دەشتی دیانا بار و بارگەیان خستن. هندەک ڕەشمال و خیوەتیان گرتنەوە، هەندەکیش کەپر و ساباتیان چاک کردن و تێیدا مانەوە بۆ کاتێکی کورت. بە نیازی خۆیان دایاننابوو کە بۆ هاوینێ ڕێگایان پێبدرێ و بگەڕێنەوە بۆ گوندە وێران کراوەکانیان و دەست بە ئاوەدان کردنەوەیان بکەن. هێزی کوردایەتییش هەر لە پیلان دابون بۆ قڕکاریی سۆفی و برادۆستان بەتایبەتی. لێرەدا کارەساتیان بەسەر مال و خێزانی برادۆستاندا هێنا. لە بەشی دادێت دێینە سەر باسی ئەو کارەساتە.
وێنەکەم وەرگرتووە.
ماویەتی.
No comments:
Post a Comment