Thursday, February 14, 2019

هه‌ستی مندال


هه‌ستی مندالان

جۆتیار گێڕایه‌وه‌ و گۆتی، خاوه‌نی دو مندالی خنجیلانه‌ بوم، بوژانی ٤ سالی و ژوانی ٦ سالی. فیلمێكی نوێی پڕ له‌ په‌ند و پێكه‌نین هاتبووه‌ سینه‌ما، به‌ پرس و ڕای هه‌ردو منداله‌كانم، چوین بۆ بینینی فیلمه‌كه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌ماشا كردنی فیلمدا، بوژان له‌سه‌ر كورسی خه‌و بردییه‌وه‌. خۆم و ژوان ماینه‌وه‌ هه‌تا فیلم ته‌واو بو. له‌پاش كۆتایی فیلم، بوژانم له‌ باوه‌ش كرد و هاتینه‌ ناو ئۆتۆمبێل، شه‌وێكی زیك و ته‌زی بو، منیش عاباكه‌مم داكه‌ناند و به‌سه‌ر بوژانم دادا و به‌ره‌ و ماله‌وه‌ كه‌وتینه‌ڕێ. كه‌ گه‌یشتین، بوژانم له‌ باوه‌ش كرد و بردمه‌ سه‌ر جێگاو لێفكم به‌سه‌ری دادا. له‌گه‌ل ژوانیش چومه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی نوستنی و له‌ ته‌نشتی ڕاكشام و ده‌ستمان به‌ قسان كرد. 
هه‌م ده‌مویست گفتوگۆ بكه‌ین هه‌تا خه‌وی لێده‌كه‌وی، هه‌میش ده‌مویست بزانم هه‌تا چه‌ند پێكه‌وه‌ چونمانی پێ خۆش بووه‌ و چۆنی سه‌رنج داوه‌ته‌ فیلمه‌كه‌.
گۆتم ژوان پێت چۆن بو پێكه‌وه‌ چوینه‌ پێش فیلمه‌كه‌‌؟
 ژوان گۆتی، بابۆ زۆر خۆش بو.
 دوباره‌ پرسیم، چیدیت پێخۆش بو له‌و پێكه‌وه‌ چونه‌مان و فیلمه‌كه‌یش؟ 
ژوان وه‌لامی نه‌بو و ڕوی سوڕانده‌ دیواری و بێده‌نگ مایه‌وه‌. 
نه‌مزانی چیبو و بۆچی ژوان وه‌لامی نه‌دامه‌وه‌ و ڕوی وه‌رگێڕا!. پرسیم و گۆتم ها كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، چیته‌؟ بۆ ڕوت وه‌رگێڕاو وه‌لامت نه‌دامه‌وه‌؟ كه‌ ژوان ئاوڕی دایه‌وه‌، ده‌بینم هه‌ردو چاوی پڕ ئه‌سرین بونه‌ و به‌ خرینگێن و ده‌نگ له‌ قوڕگ داماوی، پرسیاری كردو گۆتی، بابۆ، هه‌كه‌ جاره‌كیدی منیش خه‌وم لێبكه‌وی و سه‌رما بیت، چاكه‌ته‌كه‌ت داده‌كه‌نی و به‌سه‌رم داده‌ده‌ی؟ 
جۆتیار گۆتی، هه‌رچه‌نده‌ دلیم دایه‌وه‌ و پێم گۆت كه‌ ئه‌و و براكه‌ی هه‌ردوكیان خۆشه‌ویستمن و جیاوازی له‌به‌ینیان نییه‌، به‌س ئه‌وه‌نده‌ له‌و هه‌سته‌ ناسكه‌ پڕ سۆزو سۆیه‌ی ژوان فێربوم، به‌ درێژایی ته‌مه‌ن له‌بیرم نه‌كردووه‌ و له‌بیری ناكه‌م.
مندالان ناسكن‌، ده‌بێ به‌ ناسكی هه‌لسوكه‌وتیان له‌گه‌ل بكرێ و متمانه‌یان بۆ دروست بكرێ و به‌ باوه‌شی خۆشه‌ویستیه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن. توندو تیژی، متمانه‌ و بڕوا بخۆبون لای مندالان ناهێلی و هه‌ست به‌ سۆز و خۆشه‌ویستیی دایكان و باوكانیان ناكه‌ن. بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ به‌ عه‌قلێكی ژیر و دلێكی ڤیندار و له‌سه‌رخۆ  له‌گه‌ل ته‌مه‌نی منداله‌كاندا بگونجێن و فێركاری ته‌ندروست بن و هه‌لوێسته‌ له‌سه‌ر بیر و هه‌سته‌كانیان بكرێ، هه‌ر ئه‌وتۆ گوێ له‌ هه‌موو هه‌ست و پرسیاره‌كانیان بگیردرێ. به‌ ئومێدی ژیانێكی خۆش و پڕ خۆشه‌ویستی و ئازادی بۆ هه‌موو لایه‌ك.

Wednesday, February 13, 2019

مه‌لا كه‌مال مه‌لا عه‌لی

كۆچی دوایی مه‌لا كه‌مال مه‌لا عه‌لی ئه‌لموشی:
ئه‌مڕۆ زۆر دلگران بوم به‌ هه‌والی كۆچی دوایی ڕێزدار مه‌لا كه‌مال مه‌لا عه‌لی ئه‌لموشی.
مه‌لا كه‌مال له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجایه‌تیدا ڕه‌فیقی باوكم بو، هه‌رده‌م سه‌ردانی یه‌كتریان ده‌كرد هه‌تا سالی ١٩٧٠ كه‌ ئێمه‌ له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕاینه‌وه‌ و گونده‌كانمان ئاوه‌دان كردنه‌وه‌. 

له‌ پاش ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی گونده‌كانمان، ٩٠% خه‌لكی برادۆست خۆیان له‌ حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌پاراست و تێكهه‌لاویان نه‌ده‌بون، هۆی تێكهه‌ل نه‌بونیش دوژمنداریی بنه‌ماله‌ی بارزانی بو له‌گه‌ل شێخ ڕه‌شید لۆلانی و سۆفیه‌كانی. ئه‌وانه‌ی ده‌بونه‌ كادیر و پێشمه‌رگه‌ی پارتیش، سۆفیه‌كان و زۆربه‌ی خه‌لكی ناوچه‌ی برادۆست، به‌چاوێكی زۆر ناشیرین و شێوه‌ خیانه‌تكارێك لێیان ده‌ڕوانین. ڕه‌حمه‌تی مه‌لا كه‌مالیش یه‌كه‌م كه‌س بو له‌ گوندی ئه‌لموشێ ببێته‌ كادیری پارتی و چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی له‌شان بكات، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌، مه‌لا كه‌مال ڕێزو خۆشه‌ویستیی پێشانی له‌ناو گوندیان و خه‌لكانی ئه‌و ده‌ڤه‌ردا وه‌ك پێشتر نه‌مابو. به‌س سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چوبووه‌ باوه‌شی حیزب و كاری نهێنی و ئاشكرای بۆ ده‌كردن، ئه‌وو باوكم ڕفاقه‌تیان به‌رده‌وام بو و هه‌ركه‌ ڕێیان ده‌كه‌وته‌ گونده‌كانی یه‌كتری، به‌خۆشحالییه‌وه‌ سه‌ردانی یه‌كتریان ده‌كرد و باسی بیره‌وه‌ریه‌ ڕابردووه‌كانیان بۆ یه‌كتر ده‌گێڕانه‌وه‌. 

له‌ به‌هاری ١٩٧٥دا كه‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی گۆتی كاری (مه‌ن ته‌مامشود) و ئاشبه‌تالی ڕاگه‌یاند، ڕه‌حمه‌تی مه‌لا كه‌مال مه‌لا عه‌لی له‌ مالباتی دابڕاو ئاواره‌ی ئێران بو. هه‌ر له‌ هاوینی هه‌مان سالدا، باوكم به‌ نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد و یه‌كتریان نه‌بینییه‌وه‌. به‌نده‌ هه‌رده‌م ڕفاقه‌تیی مه‌لا كه‌مال و مسته‌فای باوكمم له‌یاد بووه‌ و پڕ به‌دل حه‌زم ده‌كرد جارێك له‌گه‌لی دانیشم و بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆی و باوكمم بۆ بگێڕیته‌وه‌، به‌س ئێمه‌ له‌ سالی ١٩٩١‌ ئاواره‌ بوین و ئه‌وان له‌ كوردستان مانه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌ر نه‌متوانی بیبینم و ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌ دلم دابون و حه‌زم لێبو ئاراسته‌ی بكه‌م و وه‌لامه‌كانی لێ وه‌رگرمه‌وه‌، له‌ ناخمدا به‌بێ وه‌لام مانه‌وه‌ و یه‌كترمان نه‌بینییه‌وه‌. 
جێگات به‌هه‌شت بێت و ڕوحت ئارام بێت كاكه‌ مه‌لا كه‌مال مه‌لا عه‌لی. خه‌وێكی شیرین و خۆشت هه‌بێت، ئێمه‌یش هه‌موومان له‌ ڕێگای ئه‌و خه‌وه‌ درێژه‌ین و هه‌ر یه‌كه‌مان به‌ ڕۆژی خۆی.

دوعاخوازین خودا ئارامی به‌ ئه‌ندامانی خێزانی و سۆزدارانی ببه‌خشی و ته‌مه‌نی درێژی بۆ منداله‌كانی جێهێشتبێت.