Saturday, December 29, 2018

نه‌فره‌ت له‌ وه‌فای سه‌گ


نه‌فره‌ت له‌ وه‌فای سه‌گ:
من سه‌گم وه‌ك گیاندار خۆش ده‌وێن نه‌ك وه‌ك وه‌فادار. 
دێله‌ گورگێكی وێلی سروشت، له‌ كونه‌ به‌ردێكدا تره‌كی، شه‌ش توله‌ گورگی لێبون. هێشتان توله‌ گورگه‌كان چاویان نه‌بشكوتبون، مرۆڤێكی‌ ڕاوچی به‌سه‌ریان هه‌لبوو، دێله‌ گورگی دایكیان له‌ ترسی ڕاوچی هه‌لات و لێیان دوور كه‌وته‌وه‌. مرۆڤه‌كه‌ دو توله‌ی لێیان گرتن و ئه‌وانی تر چونه‌ قولایی كونه‌كه‌‌ و بۆی نه‌گیران. ڕاوچی دو توله‌ گورگه‌كانی هینانه‌وه‌ مالێ و كلك و گوێی هه‌ردوكیانی بڕین، به‌خێوی كردن، هه‌تا
كه‌وی(مالی) بوون و بوونه‌ سه‌(سه‌گ)ی وه‌فادار، له‌ جیاتی سروشتی ژیانی ڕه‌سه‌نیان، فێری نوستن و خواردنی سه‌ر گوفه‌كی ئاوه‌دانیی مرۆڤه‌كان بوون. ناویان لێنان خڕۆ و برزۆ. كرانه‌ سه‌گی به‌ر مه‌ڕ و له‌ جیاتی بژونخۆری، بونه‌ بۆگه‌نخۆر. 
توله‌ گورگه‌كانی تر،گه‌وره‌ بوون و هه‌ر وه‌ك سه‌روشتی ڕه‌سه‌نی خۆیان به‌ گورگایه‌تی مانه‌وه‌ و له‌گه‌ل دێله‌ گورگی دایكیان فێری نێچیر و په‌لاماردان و په‌یدا كردنی خواردنی بژونی ڕۆژانه‌یان بوون. گورگه‌كان به‌دوای ڕێكه‌وتدا ده‌گه‌ڕان و هه‌ر شوان له‌ مه‌ڕ خافل ببانه‌، په‌لاماری مه‌ڕه‌كانیان ده‌دا. به‌س دوای ئه‌و گورگانه‌ی كه‌وی كران و له‌ لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ كرانه‌ سه‌گی به‌ر مه‌ڕی و یارمه‌تیده‌ری شوانان، خوشك و برا گورگه‌كانی تر، نه‌یانده‌توانی تخونی مه‌ڕ بكه‌ون له‌ ترسی برا به‌سه‌گ كراوه‌كانیان. شه‌وێك گورگه‌كان زۆریان برسی بوو، پارێزیان برد بۆ مه‌ڕه‌كان، شوان له‌ گرانه‌خه‌و دابون ئاگایان له‌هیچ نه‌بوو. له‌گه‌ل گورگه‌كان په‌لاماری مه‌ڕه‌كانیاندا، گورگه‌ به‌سه‌گ كراوه‌كان گو‌رزۆ و برزۆ به‌رپه‌رچی گورگه‌ به‌ ڕه‌سه‌ن خوشك و براكانیانداو خۆیان له‌ یه‌كتردا. هه‌رچه‌نده‌ گورگه‌ به‌ سه‌گ كراوه‌كان ده‌ره‌قه‌تی گورگه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان‌ نه‌هاتن، به‌س شوانێك له‌و كاتیدا به‌خه‌به‌ر هات و تفه‌نگێكی هاویشته‌ گورگه‌كان، گورگێك به‌به‌ر تفه‌نگ كه‌وت و قالچه‌ی شكان. به‌ برینداری كه‌وته‌ به‌ر كه‌لبه‌ی برا به‌سه‌گ كراوه‌كانی و بێ ڕوحمانه‌ هه‌لیان دڕاندو كوشتیان. پاشان چه‌ند ڕۆژێك بوو، شوان نانی نه‌ده‌دا گورگه‌ به‌سه‌گ كراوه‌كان هه‌تا ته‌واوی گۆشتی گورگه‌ ڕه‌سه‌نه‌ كوژراوه‌كه‌یان خوارد و هێسكه‌كانیشیان كڕاندن. له‌و كاتیه‌وه‌ گورگه‌ كه‌وی كراوه‌كان وه‌فایان بۆ ڕه‌سه‌ن و سروشت و دایك و خوشك و براكانیان نه‌ماو و بونه‌ وه‌فاداری شوانی مه‌ڕ و هێسك و گۆشتی برایه‌كه‌ی خۆیان خوارد و بونه‌ پارێزوان و وه‌فاداری ئه‌و مرۆڤه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر بێچكه‌ ئه‌سیری كردبون و كلك و گوێی دامالیبون و له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی خستبون‌، ئێستایش هه‌موو سه‌گه‌كان به‌و شێوه‌ن. بۆیه‌ من سه‌گم وه‌ك وه‌فادار خۆش ناوێن، ته‌نها وه‌ك گیاندار خۆشم ده‌وێن. به‌شێكی مرۆڤه‌كانیش سیفه‌تی ئه‌و سه‌گانه‌یان هه‌یه‌، دوژمنی ڕه‌سه‌نی خۆیانن و وه‌فاداری مرۆڤه‌ دڕونده‌كانن، ده‌كرێ ئه‌و مرۆڤه‌ی خۆیان به‌خاوه‌نیان سه‌پاندووه‌، كلك و گوێیشیان ببڕن، هێشتانیش له‌به‌ری بنوزێنه‌وه‌ و ڕاوی هاوڕه‌نگه‌كانی خۆیان بۆ مرۆڤه‌ دڕونده‌كه‌ بكه‌ن.

No comments:

Post a Comment