گۆرانیەکی فۆلکلۆریی ناوەڕاستی سالانی ١٩٦٠تەکان و درونە واتە دروێنەی ئەو سەردەم و بەکار هێنانی داس و قەیناغ و زپارە، واتە هەرەوەزیی پالەکانم وەک خۆی نوسیتەوە، گۆرانیەکە لەو زەماندا بە بەند لە یەکتر گێڕانەوە، وەبەر داس و دروێنەڕا دەگۆترا. بۆ نمونە جار هەبوو شەش یان حەفت کەس بەریان لە گەنم و جۆ دەگرد، سەرپالە بەپێش دەکەوتوو ئەوانیدی بەڕێز (بەڕیز) بەدوایدا دەڕۆیشتن و هەموویان چوارجار بەدەستی چەپە قەفکیان لە دەغل و دانی دەداو جاری پێنجەم دەبووە سوالە و چیدی لەناو دەست و قەیناغاندا جێگەی نەدەبویەوە و سوالەیان فڕێ دەدایە یەک ڕێز، واتە دایاندەنا. ژنێک یان دوان بەدوایاندا دەهاتن، بۆ کۆکردنەوەی سوالەکان، بەو ژنان دەگۆترا گیشەکەر سوالەکانیان خڕ دەکردنەوە و دەیان کردنە مەلۆ و پاشان دەیانکێشانەوە جێگایەک و ناوە ناوە دەیانکردنە گیشە. لە گیشە دروست کردندا، سەرە گولە گەنم و جۆ دەخرانە ناوەوە و بنە درواوەکەی قەزەپ دەخرایە دەرەوە، ئەویش بۆ هندێ بوو هەتا چۆلەکە و سواندیلکە و ڕەشوێلە و زیندەوارینیتر بە ئاسانی نەگەنە گولەکانیان و دانەکە نەخورێ. یەک لە پالەکان گۆرانیەکی دەگۆت و ئەوانیدی پێکەوە لێیان دەگێڕاوە و لەدو نزمی گۆرانیەکە پێنج سوالەیان دادەنان و جارێک پشتیان ڕاست دەکردەوە. دروێنە ئەوەندە بە زەوق و خۆشی دەکرا، جار هەبوو زەویی گەورەیان هەتا ئێوارێ خەلاس دەکرد. زۆریش گرینگ بوو پالەکان لە دروێنەدا دەستیان پاک بێت و زۆر گولە گەنم و جۆ هەلنەوەرێنن و خەساریان نەکەن. واتە دەبایە پەرێزیان خاوێن بێت. هەر لەسەر ئەو پەرێز خاوێنیەشە، وشەی پەرێز بۆ چەندین پەند و واتا بەکار هاتووە و بۆ کەسانی ناپاک و داوێن پیس و هەتا دوایی، گۆتراوە، پەرێزی خاوێن نییە، واتە کرداری باش و پەسند و پاقژ نینە. یان بۆ کەسانی باش گۆتراوە، پەرێزی خاوێنە، واتە مرۆڤێکی پاکە. بەندە بۆخۆم لەو شێوە پالەییدا بەشدار نەبوومە و وەک پێویست شارەزا نیم، بەس ئەوەندەی لێدەزانم و بە مندالی چومەتە ناویان و هەستم لە گۆرانیەکانیان ڕاگرتوە. هەردەم لە نزیک بەری دروێنە بەرامپیلێک دەکرایە سێبەر یان کەپرۆکێکی بچوک بە داری کفر یاخود بە حەسیل (هەسر) چاک دەکرا و دەکرایە قۆناغی پشودان و نان و نیوڕۆژ لێخواردن. لەژێر ئەو کەپرو سێبەردا، دێمکەی ئاو هەلدەواسران، یان کوندەی ئاو لەناو گیشە دادەنران، جاریش هەبوو، جەڕە و گۆزە و کوپە دادەنران و ئاوێکی فێنک و خۆش و سازگاریان لێ دەهەلێنجاو دەیانخواردەوە. لە جێی قۆناغدا، چەند هسان و ڕونی مەڕیان دادەنا، لە کاتی پشودان، داسەکانیان پێ دەهسون و خۆش و تیژیان دەکردنەوە. زۆربەی جاران جەمی نیوڕانێی پالەکان ساوارو نان و پیاز بوون، چونکی ئەگەر خواردنی سوک و ئاسانیان خواردبان، زوو برسی دەبوون و نەیاندەتوانی خۆڕاگر بن هەتا کاتی دروێنە ڕاگرتن و پشو
وەرگرتن.
وەرگرتن.
هەر ئەوتۆ دەگێڕنەوە و دەلێن، جارێک چەند پالەیەکی گەنج بە هەرەوەزی دروێنە بۆ مالباتێک دەکەن. ئەو مالە کچێکی فێلبازو مەکرو و شارەزایان دەبێت. کچە دەیەوێ پالەکان زۆر بە جددی و خۆ ماندو کردنەوە دروێنە بکەن. بەیانی کە دەڕوا بۆ گیشەکەری، کۆمەلە سێوێکی جوان لەگەل خۆی دەبات، لە هەر دەرفەتێکدا، خۆی دەگەیەنیتە پالەیەک و بەدزیی ئەوانیدی سێوێکی دەداتێ و پێیدەلێ تۆ زۆر قۆزو زیرەکیت و سەرنجت ڕاکێشاوم. بەو شێوە هەر پالە سێوێکی بەردەکەوێ و هەر یەکەیان وادەزانێ کە تەنها ئەو هەلبژاردەی کچەیە و سێوی وەرگرتووە، هەر یەکەی سێوی خۆی لە باخەلی دادەنێ و دل نادات سێوی یاری بخوات. کچەی گیشەکەر بەدوایاندا دێوو دەڕواو سوالە و مەلۆ کۆدەکاتەوە و ناوە ناوە پێیان هەلدەلێ و دەنگیان دەدات و دەلێ قوربانی ئەو لاوەم کە سێوی لە باخەل دایە بتبینم تۆ زیرەکترینی پالەیت، ئەوانیش زێدەتر گەرم دەبن و هەر یەکەی توندو تۆلتر دەبێت لەسەر وەشاندنی داس و شێوەی ئاگر بە گەنمدا دەڕۆن و دەیدورن و هەر یەکەی وادەزانێ، تەنها ئەو خاوەنی سێوو جێی سەرنجی یاریەتی. هەتا ئێوارێ گەنم کۆتایی دێت و دروێنە تەواو دەبێت، بەس گەنجەکان خەریکن بە خاوی بکەون ئەوەندە ماندی و شەکەت بوینە هندی یار ناویان تێبدات. ئێوارێ بۆیان ئاشکرا دەبێت کە هەموویان سێو وەرگرن و پەندیان پێکراوە. ئەو کاتیش کار لەکار ترازاوە و دەربارەی چاوەڕوانیی یار، تەنها هیلاکیان پێ ماوەتەوە.
کورتە تێبینیەک لەسەر گۆرانیەکە، هەرچەندە لە دەشتی هەولێرێ گوێبیستی ئەم گۆرانیە بویمەو لە هەگبەی بیرەوەیی مندالیمدا ماوەتەوە و نەفەوتاوە، بەس هەست دەکەم ڕەسەنی گۆرانیەکە هی دەشتی هەولێر نەبێت، چونکی شێوەزاری هەولێری کەم تێدا بەدی دەکرێ. ئەو کاتەی گۆرانیەکەم وەرگرت، کەسێک هەبوو بەناوی مەلا عەزیز. مەلا عەزیز قەیرە کوڕ بوو، لاقێکی ناتەواو بوو هەردەم بەسەر لای ڕاستەیدا دەلەنگی. زەوق و خولیایەکی گەنجانە و دەنگبێژانەی هەبوو. هەردەم لە ساوار کوتان و دروێنەدا دەنگبێژی پالەو جۆتیاران بوو.
فەرموون ئێوە و گۆرانیەکە.
گۆرانیبێژ، گۆرانیگێڕەرەوە
یارم باری کرد کەس نەیگێڕاوە، مالەکێ بارکرد کەس نەیگێڕاوە
ئەسپم دەرهێنا لێمدا لغاوە، ئەسپم دەرهێنا لێمدا لغاوە
چومە بەرایێ کۆچم گێڕاوە، چومە بەرایێ یارم گێڕاوە
پێمگۆ بۆ ماچێ زولفی هەلداوە، پێمگۆ بۆ ماچێک زولفی هەلداوە
دەوم پێوەنا دەتگۆ شەکراوە، دەوم پێوەنا دەتگۆ شەکراوە
مالەکێ بارکرد مالە بلباسن، مالەکێ بارکرد مالە بلباسن
سەربار سۆرەگوڵ بنبار ڕێواسن، سەربار سۆرەگوڵ بنبار ڕێواسن
کیژێ وێ مالێ سەر بە هەیاسن، کیژێ وێ مالێ سەر بە هەیاسن
کوڕی وێ مالێ مەردو مێرخاسن، کوڕی وێ مالێ مەردو مێرخاسن
کەسەرێ لەدلم فاتم و مەیاسن، کەسەرێ لەدلم فاتم و مەیاسن
مالەکێ بارکرد مالە گەردینە، مالەکێ بارکرد مالە گەردینە
سەربار سۆرگوڵ بنبار هەرمینە، سەربار سۆرگوڵ بنبار هەرمینە،
کیژێ وێ مالێ هەوری لەملینە، کیژێ وێ مالێ هەوری لەملینە
کوڕی وێ مالێ پەستەک سپینە، کوڕی وێ مالێ پەستەک سپینە
کەسەری لەدلم فاتم و ستینە، کەسەری لەدلم فاتم و ستینە
مالەکێ بارکرد مالە شێخانن، مالەکێ بارکرد مالە شێخانن
سەربار سۆرەگوڵ بنبار ڕەیحانن، سەربار سۆرەگوڵ بنبار ڕەیحانن
کیژێ وێ مالێ هەوری لەملانن، کیژێ وێ مالێ هەوری لەملانن
کوڕی وێ مالێ تفەنگ لەشانن، کوڕی وێ مالێ تفەنگ لەشانن
کەسەرێ لەدلم ماتم و مەیانن،. کەسەرێ لەدلم ماتم و مەیانن
خۆشحال سپاسگوزار دەبم هاوڕێیانی شارەزا، بابەتەکە بە سەرنج و تێبینی دەولەمەندترو واتابەخشتر بکەن.
وێنەم لە گوگل وەرگرتوە.
No comments:
Post a Comment