Wednesday, July 31, 2019

خێل و عه‌داله‌ت پێكه‌وه‌ ناگونجێن

خێل و عه‌داله‌ت پێكه‌وه‌ ناگونجێن
له‌مێژه‌ هاوار ده‌كه‌م و ده‌لێم، خێل و عه‌داله‌ت كوجا مه‌ڕحه‌با. 
له‌مێژه‌ ده‌لێم، له‌هه‌ر كونجێكی جیهاندا، خێل و سه‌رۆك خێل بالاده‌ست بون، عه‌داله‌ت و ماف و یه‌كسانیبون جێگای نابێته‌وه‌. 
به‌نده‌ دژی خێل و سه‌رۆك خێله‌كان نیم، وه‌ك مرۆڤ، گشتیان ڕێزو خۆشه‌ویستمن، به‌س نابێ خێل ئه‌وه‌نده‌ تۆخ بكرێت كه‌ ماف و عه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تی پێشێل بكات و گه‌لان له‌بال یه‌كتری هه‌لوه‌شێننه‌وه‌. چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا، كورته‌ پۆستێكم كرد و گۆتمبو، شه‌رمه‌ كه‌سانی هۆشیار پاشناوی عه‌شیره‌ت به‌كار بهێنن. زۆر له‌ خزم و دۆسته‌ ساویلكه‌كانم هاوڕا نه‌بون و ده‌یانگۆت، شانازییه‌ كه‌ ئه‌ندامی فلان عه‌شیره‌ته‌ین. ڕوی پۆستی ڕابردوم له‌و سه‌ره‌ زله‌ خێله‌كیانه‌ بو كه‌ یاری به‌ هاولاتیانیان ده‌كه‌ن. هه‌ر وه‌ك ئه‌و سیناریۆیه‌ی به‌ هاوبه‌ش له‌ لایه‌ن پاراستنی پارتی و میتی توركیه‌وه‌ ئه‌نجام درا، كه‌ ده‌كرێ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی میتی توركیی تێدا كوژرا له‌ چێشتخانه‌ی هۆقه‌باز، ئێكسپایه‌ر بوبێت و كاریان پێی نه‌مابوبێت و هه‌ر میتی توركی خۆیان بڕیاری له‌ناوبردنیان دابێت، هه‌م بۆ كۆتایی هێنان به‌و ئه‌ندامه‌ی ئێكسپایه‌ر، هه‌م بۆ دروست كردنی سیناریۆی دیاری كراو به‌ مه‌به‌ستی ملشۆڕ كردن به‌ نه‌وه‌كانی  ده‌ست ڕۆیشتوی مه‌حمود به‌گی خه‌لیفه‌، هه‌میش بۆ دژایه‌تیی په‌كه‌كه‌ و زێده‌تر هێنانی هێزی داگیركه‌ری توركی. 
ئه‌و سیناریۆ و یاریكردنیش به‌رهه‌می مێشكی خێله‌كیی سه‌رانی سه‌ركزی كورده‌، به‌تایبه‌تی پارتی دێموقوڕاتی كوردستان، چونكی ئه‌و پارته‌ به‌هه‌موو ناوه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ نه‌ك دێموقڕاتی و نیشتیمانی نین، بگره‌ هه‌تا سه‌ر مۆخ خۆپه‌رست و مالپه‌رست و بێگانه‌په‌رستن و سه‌ركوتكه‌ری چینه‌ جیاوازه‌كانی كوردن، هه‌ر ئه‌وتۆ لك و پۆپه‌كانی ئه‌و پارته‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌تا كۆتایی، گشتیان به‌ فه‌رمانی بنه‌ماله‌ی خێله‌كیی بارزانی هه‌لده‌سوڕێندرێن و پیاو نییه‌ به‌بێی بنه‌ماله‌، داوو ده‌رزییه‌ك به‌ یه‌كه‌وه‌ بكات. 
خێل نه‌ دێموقڕاتیه‌، نه‌ مه‌ده‌نیه‌، نه‌ دكتاتۆریه‌، به‌لكو ته‌نها خلته‌یه‌كی دواكه‌وته‌ و هه‌لئاوارده‌ و وابه‌سته‌یه‌ به‌ هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه‌، هه‌تا ئه‌و خلته‌یش سه‌ركێش و بڕیارده‌ر بێت، گه‌ل و نیشتیمان خێر له‌ خۆیان نابینن‌. 
ده‌وله‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی توركی مرۆڤی سه‌ربه‌رزی كوردی قبول نییه‌، ته‌نها مرۆڤی سه‌ركزو ملشۆڕی كوردی قبوله‌. پارتی و بارزانیش لاسایی ئه‌وان ده‌كه‌نه‌وه‌ و مرۆڤی سه‌ربه‌زی خێلی برادۆست و خێله‌كانیتریشیان قبول نییه‌، ته‌نها مرۆڤه‌ سه‌ركز و ملشۆڕه‌كانی ئه‌و خێلانه‌یان قبوله‌.
له‌وه‌ته‌ی بنه‌ماله‌ی بارزانی هه‌بونه‌، له‌ هه‌موو ژیانیاندا و هه‌تا ماویشن، نه‌ك هه‌ر خۆیان شانازی به‌ گه‌ل و نیشتیمانه‌وه‌ ناكه‌ن، بگره‌ هه‌رده‌م هه‌ولیان داوه‌، زۆرێك له‌ كوردان ئه‌وتۆ گێل و گه‌مژه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ جیاتی نیشتیمان، شانازی به‌ نازناوی بارزانه‌وه‌ بكه‌ن. 
بۆ بنه‌ماله‌ی تاله‌بانی و سه‌رجه‌م ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یش هه‌مان شت ڕاسته‌. هه‌ر ئاغا و شێخ و خاوه‌ن دیوه‌خانێكی تریش بێته‌ سه‌ركار و ده‌ستی بڕوات، هه‌مان به‌زم به‌ گه‌لی كورد ده‌كات و هاولاتیان له‌ جیاتی شانازی به‌ ڕه‌سه‌نی خۆیان و نیشتیمانی خۆیان و گه‌لی كورده‌وه‌ بكه‌ن، ده‌بێ شانازی به‌ پاشناوی خێل و بنه‌ماله‌ی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌‌ بكه‌ن. 
به‌نده‌ وه‌ك كوردێك بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ و پڕ به‌دل، هه‌موو مرۆڤێكی كردار مرۆڤم خۆش ده‌وێن به‌بێ جیاوازی، ئینجا برادۆستی، بارزانی، گه‌ردی، دۆسكی، به‌رواری، سندی و گولی، كۆچه‌ر، هه‌ركی، مزوری، زێباری، ڕێكانی، سلێڤانی، گه‌ڕگه‌ڕی، شه‌به‌ك، مه‌نگوڕی، گۆران، سورچی، خه‌یلانی، خۆشناو، بلباس، جاف، زه‌ندی، شوانی، دزه‌یی، سیان، بندیان، به‌رزنجی، مكوریانی، شكاك و هه‌تا كۆتایی، هه‌رچی كردار مرۆڤ بێت، لای به‌نده‌ هاوزمان و خۆشه‌ویسته‌. به‌ڕای من ئه‌گه‌ر سه‌رپه‌رشتیارانی KDP له‌ جیاتی مێشكی خێله‌كی و بنه‌ماله‌یی، مێشكێكی نیشتیمانی و ته‌باییان هه‌بایه‌، نابا ئه‌و سینارۆی وه‌ك فیلمی هندیان دروست كردبا. وه‌ ده‌بێ تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیش مه‌تین بارزانی بێت، چونكی له‌وێ ئاماده‌ بووه‌ كه‌چی هه‌ر وه‌ك شاهه‌دیش یه‌ك قسه‌ی قانونیی له‌ده‌م ده‌رنه‌چووه‌ و ڤیدیۆیه‌ك پێشان نه‌دراوه‌ ئه‌وی تێدا ببینرێت. ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی مه‌حمود به‌گی خه‌لیفه‌یش به‌ قه‌ولی خۆیان، تۆمه‌تبار بایه‌، ده‌یانتوانی هه‌ر بلێن سدقی كه‌ریم خان مه‌حمود به‌گ، پێویست نه‌بو به‌و ناوه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ هه‌موو برادۆستیان بكه‌ن. له‌ هه‌مان كاتدا، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌كانی مه‌حمود به‌گی خه‌لیفه‌یش خێله‌كی نه‌بن، پێویست ناكات وه‌ها له‌ خه‌لكی ڕه‌شو ڕوت بكه‌ن كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و بلێت، شانازییه‌ كه‌ برادۆستم، بنه‌ماله‌ی مه‌حمود به‌گی خه‌لیفه‌ی، سه‌رناسترین بنه‌ماله‌ن و پێویستیان به‌ خۆناساندن نییه‌ به‌ناوی عه‌شیره‌ته‌وه‌. به‌س به‌داخه‌وه‌ كه‌ گشت چینی بالاده‌ست، له‌ یه‌كتر ده‌چن و هه‌رده‌م به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانن كه‌ خێلگه‌رایی زه‌قتر بكه‌ن و دژی یه‌كتریان هه‌لگه‌ڕێننه‌وه و له‌به‌ر چاوی یه‌كتریان ناشیرین بكه‌ن‌. سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی جیهانیش، هه‌رده‌م هێزداری ئه‌ و چینه‌ بالاده‌ست و بازرگانانه‌ن نه‌ك په‌روه‌رده‌ و ماف و ته‌بایی گه‌لان. وه‌ك خۆم هه‌تا له‌ ژیاندا مابم، هه‌رده‌م هه‌ول ده‌ده‌م هه‌م له‌گه‌ل خۆم و هاوڕێیانم ڕاستگۆ بم، هه‌م ئه‌گه‌ر براشم بالاده‌ستێك بێت كه‌ به‌ ڕه‌نجی ئه‌وانیدی خۆی پێگه‌یاندبێت، به‌ ڕه‌نجده‌رانی بناسێنم و خۆم له‌ كه‌دكاران جیا ناكه‌مه‌وه‌. 
هه‌ر ئه‌وتۆ هه‌تا بۆم بكرێ، به‌ هه‌ر قوربانیدانێكیش بێت، خۆم له‌ به‌ره‌ی گه‌ل و چینی چه‌وساوه‌دا ده‌بینمه‌وه‌‌.
بژی ڕێزو ته‌بایی و پێكه‌وه‌ ژیانێكی دوور له‌ سه‌ركوتكاری و جیاكاری و خۆپه‌رستی.
مردن بۆ خیانه‌تكاران و پیلانگێڕان و تێكده‌رانی په‌روه‌رده‌ و بازرگانانی خوێنمژ به‌ ناوی خێل و بنه‌مال و حیزب و كوتله‌بازییه‌وه‌.

وێنه‌كه‌ تۆپبارانی كوردستانه‌ له‌لایه‌ن ده‌وله‌تی داگیركه‌ری توركیاوه‌ و له‌ گوگل وه‌رگیراوه‌.


Sunday, July 21, 2019

سێودینی باپیری پێنجه‌ممان

سێودینی باپیری پێنجه‌ممان.

به‌پێی باس كردنی حه‌مه‌دی باپیرمان، بنه‌ماله‌ی ئێمه‌ به‌ ڕه‌سه‌ن خه‌لكی گوندی هاورنێ،نه‌. گوندی هارونێ ده‌كه‌وێته‌ دومه‌نی ده‌شتی به‌رازگر نزیك ئه‌و ڕوباره‌ی به‌ناو ده‌شتێدا دێته‌خوار. حه‌مه‌دی باپیرمان باسی باپیری خۆی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌ و ده‌یگۆت، ”سێودینی باپیرم، زەوی و زارێكی زۆری هەبووە لە دەشتی بەرازگر. قەسرێکی لە گوندی چنارێ هەبووە. ئێستاش، بناغە و لا دیوارەکانی ئه‌و قه‌سر ماون و لە لای هەموو خەلکی بەرازگر قەسری چنارێ ئاشکرا و مەشهورە. له‌ گێڕانه‌وه‌ی حه‌مه‌دی باپیرماندا واده‌رده‌كه‌وت كه‌ سێودین كه‌سێكی ده‌ست نه‌خۆش و توند میجاز بوبێت. له‌سه‌ر توند ته‌بیعه‌تی،  لەگەل عەبدوللای کوڕی لێك ده‌كه‌ون و سێوه‌دین توڕه‌ ده‌بێت، به‌ عه‌بدوللای كوڕی ده‌لێ، له‌ مال و مولكی خۆمت بێ پشك ده‌كه‌م و ناهێلم هیچت بۆ بمێنێته‌وه‌." له‌و پێكنه‌هاتندا، سێودین لە ڕکی عه‌بدوللای کوڕی، ده‌ڕواته‌ لای بەگزادەکانی چنارێ و ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌لیان و پێیان ده‌لێ، ”ئه‌گه‌ر خزمەتم بکەن هەتا دەمرم، قەسرو سەرجەم زەوی و زاری چنارێ و هارونێتان لێ نه‌زر ده‌كه‌م“.  به‌گزاده‌كانی چنارێش وه‌عدی پێ ده‌ده‌ن كه‌ خزمه‌تێكی باشی بكه‌ن و نه‌هێلن له‌ هیچی كه‌م بێت. سێودین قرار ده‌دات و هه‌موو عه‌رد و قسریان نه‌زر ده‌كات. ئه‌وانیش خزمەتیان کردووە بۆ ماوەیەکی درێژ، به‌س دیاره‌ زۆر ڕوح چڕ بووه‌ و زوو نه‌مردووه‌، ده‌كرێ به‌هۆی بێ میجازییه‌وه‌، ئه‌وانیش لێی بێزار بوبن، بۆیه‌ ڕۆژێك لە به‌رزایی له‌سه‌ر قەسری چنارێ پالێكیان پێڕانایه‌ و فڕێیان داوەتە خوارێ، له‌گه‌ل فڕێدانه‌خوار و به‌ عه‌ردی كه‌وتن، ڕوحی ده‌رچووه‌، یاكسه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ قسرێیان فڕێدابووه‌خوار، كردنیانبووه‌ هاتو هاوار و گۆتوویانبو گایەك لە بن قەسرێ لێیداو کوشتی. ئیتر به‌و شێوه‌، سێودین،یان كوشتبو  و هەرچی ملك و ئه‌ملاكی هەیبو به‌ قه‌سره‌وه‌، هەر هەمووی کەوتبووه‌ دەست بەگزادەکانی ئەو دەوروبەرو هه‌تا ئێستایش. 

دیاره‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌، عه‌بدوللای باوكی باپیرمان هیچ ملكی نابێت، هه‌تا میراتی له‌بۆ حه‌مه‌دی باپیرمان به‌جێ بمێنێت، عه‌بدوللایش هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاویدا كۆچی دوایی ده‌كات و باپیرمان و خوشك و براكه‌ی به‌ هێتیمی ده‌مێننه‌وه‌. له‌ جه‌نگی جیهانیشدا، كولب و برسیه‌تی بال به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌دا ده‌كێشی و خه‌لكانی ده‌ست كورد و نه‌بویی، زۆر شه‌پرزه‌ ده‌بن. باپیرمان له‌ ناچاری بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ شوانی به‌درۆی به‌گزاده‌. هه‌رجار باپیرمان به‌ باشی سه‌نای به‌درۆ و خێزانی به‌درۆی ده‌كرد و ده‌یگۆت، زۆر یارمه‌تیی منیان ده‌دا و لێنه‌ده‌گه‌ڕان له‌ هیچم كه‌م بێت. ده‌یگۆت، ئه‌وان وه‌ك شوان حیسابیان بۆ نه‌ده‌كردم، به‌لكو وه‌ك كوڕی خۆیان ئه‌ژماریان ده‌كردم. به‌س پاشان باپیرمان له‌گه‌ل شینۆ و فاتیمه‌ی خوشكی ڕو له‌ قه‌لاتی هه‌ولێرێ ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌وێ به‌ سه‌پانی ژیان ده‌گوزه‌رێنن هه‌تا باپیرمان له‌گه‌ل خه‌مێی دامیرمان ده‌بنه‌ هاوژین. ئه‌وجا دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی برادۆست، به‌هۆی سێودین و دۆڕاندنی سه‌رجه‌م ملك و مالی، باپیرمان هیچی ئه‌وتۆی له‌ ده‌شتی به‌رازگر نابێت كه‌ ئومێدی له‌سه‌ر دامه‌زرانه‌وه‌ی پێی هه‌بێت، بۆیه‌ له‌پاش جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م كه‌ باپیر و داپیرمان ده‌بنه‌ هاوژین و مال، ده‌ستبه‌رداری ده‌شتی به‌رازگر ده‌بن و ڕو  له‌ گوندی به‌نێی خواكوڕك ده‌كه‌ن و له‌وێ ئاكنجی ده‌بن. له‌ گوندی به‌نێ هنده‌ك ملك و میراتی شینۆ و فاتیمه‌ی خوشكی باپیرمان به‌ میرات بۆ ده‌مینێته‌وه‌ و هه‌نده‌كیشیان كڕیوه‌. به‌هه‌رحال، باپیرو داپیرمان توانیانبو له‌ ژیانی گوندی به‌نێدا سه‌ركه‌وتوانه‌ ببنه‌ خاوه‌نی زه‌وی و ملكێكی زۆر، باشترین ده‌ره‌دیی گوندی به‌نێ، هی باپیر و داپیرمان بو. داپیرمان هه‌ر زوو كۆچی دوایی كردبو و ئێمه‌ پێیڕا نه‌گه‌یشتین. باپیرمان هه‌ر مابو هه‌تا ٢٥\٢\١٩٩١ ئه‌ویش له‌و ڕۆژیه‌وه‌ مالئاوایی له‌ ئێمه‌ و ژیان كرد. باپیرمان ده‌ره‌دیی گوندی به‌نێی كردیته‌‌ به‌یتولمال و به‌ قه‌ولی ئه‌و بێت، ئه‌و ده‌ره‌دی، كڕین و فرۆشتنی پێناكرێ و ده‌بێ هه‌رده‌م بۆ بنه‌ماله‌مان بمێنێته‌وه‌. ده‌ره‌دیی سولكێش خۆسه‌ر هی باپیرو داپیرمان بون و له‌ خێرو ناوچاوانی ئه‌وانه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ پێڕا گه‌یشتین، خاوه‌نی پاوانی خۆمان بوین هه‌تا له‌ سالی ١٩٧٨ گونده‌كانمان ته‌ڕحیل كران و ئێمه‌یان له‌و ناوچه‌ و لانه‌ی‌ ڕه‌سه‌ن مه‌حڕوم كردین. دوای سه‌ره‌تای هاوینی ١٩٧٨ كه‌ ته‌ڕحیل كراین، هه‌تا ئێستایش ئه‌و ناوچه‌ ئه‌مانه‌ت و ژیانی ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیه‌وه‌. ئێستایش به‌ خه‌یال ئێمه‌ هه‌ر خاوه‌نی ئه‌و گوند و زه‌ویاین، به‌س به‌ واقع، هیچ خێرمان لێی نه‌بینیوه‌ و دوای ته‌ڕحیل نه‌مانتوانیوه‌ له‌وێ بژین و بمینین و خۆمان به‌ خاوه‌نی بزانین. 

باپیرم زۆر باس و قسه‌ی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌. زۆر به‌ وردی باسی له‌ شه‌ڕ و ململانێی به‌ینی به‌گزاده‌كانی ئه‌و به‌ر و ئه‌مبه‌ری ڕوباری به‌رازگر ده‌كرد. ئه‌و له‌ گێڕانه‌وه‌كانیدا، ناوی زۆریانی له‌ یاد بو. به‌س به‌داخه‌وه‌ كه‌ به‌نده‌ زۆربه‌ی ناوه‌كانم له‌ یاد نه‌ماون. باپیرم سه‌یر قسه‌ی ده‌گێڕانه‌وه‌، باسی ده‌كردو ده‌یگۆت، به‌گزاده‌كانی هه‌ردو به‌ر هه‌ر له‌ شه‌ڕ دابون دژی یه‌كتر، ده‌یگۆت هه‌ردو به‌ر نۆ گێره‌ی نۆ نۆیان له‌ یه‌كتر كوشتونه‌ واته‌ زیادتر له‌ هه‌شتا كه‌سیان له‌ یه‌كتر كوشتونه‌. خۆزگه‌ كه‌سێك ئه‌و كورته‌ بابه‌ته‌م بۆ به‌ڕێز نوره‌ددین جه‌وهه‌راغا بخوێنیته‌وه‌. له‌گه‌ل ڕێزو سوپاس بۆ هه‌ر كه‌سێكی ده‌یخوێنیته‌وه‌.

ئومێده‌وارم به‌گزاده‌ به‌ڕێزه‌كان به‌ هه‌له‌ له‌و كورته‌ نوسینه‌م تێنه‌گه‌ن. ئه‌وه‌ ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی مێژووه‌ و وه‌ك چۆنم بیستووه‌، به‌ ئامانه‌ته‌وه‌، باسم كردووه‌.

Thursday, July 18, 2019

نادیه‌ موراد جێی شانازییه‌

نادیه‌ موراد جێی شانازییه‌.
به‌نده‌ شانازی به‌ پێگه‌یشتن وتێكۆشانی نادیه‌ موراد،ه‌وه‌ ده‌كه‌م و ده‌زانم نادیه‌ خانم هه‌لگری په‌یامێكی به‌رده‌وامی پڕ له‌ ئێش و ئازاری هه‌ژارانی ئێزدییه‌. نادیه‌یش ده‌یتوانی هه‌ر وه‌ك زۆر له‌ ماستاوچیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیداران، دوای خۆناساندن، وێلی كه‌سایه‌تیی خۆی بێت و ژیانێكی شاهانه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێت و خه‌م و ژانه‌ ڕابرودوه‌كان له‌بیر به‌رێته‌وه‌، به‌س ئه‌و هه‌تا ئێستا خه‌ریكی په‌یامی پیرۆزیه‌تی و له‌هه‌ر په‌یامدانێكیشدا، چه‌ندان ئاهی سارد و حه‌سره‌تاوی هه‌لده‌كێشی. ئه‌گه‌ر دیقه‌تی بده‌نێ، له‌‌ ڕوخاساری خه‌ماوییدا هزاران ده‌ردو كه‌ده‌ر به‌دی ده‌كرێن. هه‌رده‌م هه‌ولی داوه‌ به‌ده‌نگ به‌له‌نگازان و قوربانیانی ده‌ستی داعش و پیلانگێڕانه‌وه‌ بێت و ده‌نگی نه‌بیستراوی تاوان لێكراوان به‌ جیهانی بێ گوێ و بێ هه‌ستی مرۆڤبون بگه‌ێنی. 
ڕاسته‌ نادیه‌ خانم هه‌له‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر‌ تاوانی پیلانگێڕان بخاته‌ ئه‌ستۆی هه‌موو كورد، چونكی ئه‌ویش ده‌زانی كه‌ هزاران كورد هه‌تا ئێستایش ناخیان ژان ده‌كات بۆ هاوزمانانی ئێزدی، به‌س ئاخ له‌ده‌ست سیاسه‌ت و سیاسییه‌ پیلانگێڕ و خائین و نیشتیمان فرۆشه‌كان. به‌س دیسانیش مافی خۆیه‌تی كه‌ دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئێزیانی شنگال هێنرا، هه‌رچی ئێزدی بێت، جارێكی تر متمانه‌ به‌ كوردی عێڕاق نه‌كاته‌وه‌، چونكی وه‌ك ڕۆژی ڕۆناك دیار بو و دیاره‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خیانه‌تی به‌شێك له‌ كوردان نه‌بایه‌، به‌تایبه‌ت پارتی و بارزانی، ئه‌وا هه‌رگیز داعش به‌و ئاسانی نه‌یده‌توانی خه‌لكی ئێزدیی شنگال و ده‌وروبه‌ری قه‌تل و عام بكات و سه‌دان ژن و مندال هه‌تك بكات و هزارانیش ده‌ربه‌ده‌ر و مالوێران بكات. ڕاستی زۆر تاله‌ و زۆربه‌ی كوردپه‌روه‌ره‌ ناموس به‌ده‌ست توركه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانه‌وه‌ پێیان قبول نییه‌ نادیه‌ خان لای سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ڕاستیه‌كان بدڕكێنی و بلێ، ململانێی حكومه‌تی كارتۆنیی هه‌ولێر و به‌غدایه‌ ناهێلن شنگال ئاوه‌دان بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌تا داعشیش له‌و ناوچه‌ نه‌ماوه‌، به‌س خه‌لكی ئێزدی ژیانیان هه‌ر له‌خه‌ته‌ر دایه‌ و ناتوانن به‌ ئارامی ده‌ست به‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ماله‌ وێران كراوه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ گه‌ف و گوڕیان لێده‌كرێ، هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ بیانۆیه‌كی بێ بنه‌ماوه‌. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی شنگال هه‌تك كراو سه‌دان ژن و مندالانی هاوزمانانمان كه‌وتنه‌ به‌ر زولمی شه‌ڕه‌فسزانی داعش و هه‌تا ئێستایش، هه‌رجاری وه‌بیرم دێنه‌وه‌ و ئه‌و منداله‌ به‌جێماوه‌ی له‌به‌ر ترینگی ڕۆژێ هه‌ردو چاوی له‌ده‌ست دابون و پاشان ڕوحی فریشته‌یی له‌ لاشه‌ی جیابویه‌وه‌، ناتوانم ئارام بمه‌وه‌ به‌بێ ڕشتنی فرمێسك و ئاخ و ئۆف. به‌شێكی زۆر له‌ كوردپه‌روه‌ران واده‌زانن كوردایه‌تی خزمه‌ته‌ به‌ جه‌ندورمه‌ و میتی توركی و پاسدارانی ئێرانی، كه‌چی زماندرێژیش ده‌كه‌ن ده‌رحه‌ق به‌ كه‌سێكی قوربانیی وه‌ك نادیه‌ موراد، ده‌ك ڕوی ئه‌و جۆره‌ كوردایه‌تیه‌ ڕه‌ش بێت كه‌ خیانه‌ت و خزمه‌تی داگیركه‌ران به‌ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌زانن.