Monday, March 7, 2022

ئاش بەتالی ١٩٧٥ بەشی (١٨) و کۆتایی بۆ ئێستا


کە ئێران و عێڕاق لە جەزائێر پێکهاتن و شای ئێران بڕیاریدا زیادتر پالپشتیی مەلا مستەفا بارزانی نەکات، ئەو قافلە عەسکەری و هێز و تەقەمەنیەی بەڕێوە بون بۆ کوردان، گشتیان ڕاگیران و بەرەو ئێران گەڕێندرانەوە. مەلا مستەفا بارزانی بانگ کرایە ئێران و گوێیان لێی بادا و پێیانگۆت ئێمە لەگەل عێڕاق پێکهاتوین کە زیادتر یارمەتیی ئێوە نەدەین. لێرە بەوکاوە پالپشتیتان ناکەین و هەموو شتێک دەکەوێتە سەرەخۆتان. دەتانەوێ درێژە بە شەڕ کردن بدەن، کەیفی خۆتانە. ئەگەر درێژەیش بە شەڕ نەدەن و بهێن بۆ ئێران، جێگاتان بۆ دەکەینەوە. بەس مەلا مستەفا بارزانی هەر لەوێ تاکلایەنانە و بەبێ پرسی سەرانی تری کورد بڕیاری ئاشبەتالیدا. ئیدی ناهۆشیارانە هێزی پێشمەرگە دەنگ درا کە شەڕ نەکەن و دەستبەرداری بەرگری و جەنگین بن و خۆیان بەدەستەوە بدەن یانیش بەرە و ئێران کۆچ بکەن. لەگەل ئەو بڕیار بە ماوەی ٢٤ سعات، هەموو شتێک گۆڕا. ئەو بنکانەی دەگوازرانەوە بۆ گەلیی خواکوڕک و لۆلان، بەڕێوە پەکیان کەوت و نەگەیەندرانە جێی مەبەست.


هێزە چەکدارەکان بەیەکجاری ورەیان ڕوخاو سەریان لێ شێوابوو. نەیاندەزانی چ گێژاوێکە تێیکەوتون و چۆن لێی دەرباز دەبن. هەر بابا بوو چەک فڕێ بدات و هەول بدات ڕێگای ئاوارەیی یان خۆبەدەستەوەدان هەلبژێری. هندەک ملی مال و خێزانیان دەدایە شاخ و ناوچە پڕ بەفر و جەمەدەی سنوری ئێران بۆ دەرباز بون. هندێکیش قەدەمیان شکابوو و خۆیان تەسلیمی عێڕاق دەکردەوە.

لەو سەروبەندیشدا، مەلا مستەفا بارزانی و کوڕەکانی هەر لە پیلانی خوێن ڕشتن و تۆقاندن بەردەوام بون. سەرەڕای بڕیاری ئاشبەتالیان، حەزیان نەدەکرد هیچ مرۆڤێکی خاوەن شەهامەت و هۆشمەند لە دەڤەرەکانیاندا بمێنێت. دیارە مەلا مستەفا بارزانی هەردەم ترسی هەبووە لە  حەمەد ئاغای مێرگەسۆری و کوڕەکانی و شێروانیەکان کە دەست لە بنەمالەکەیان بستێنن و ڕۆژێک لە ڕۆژان جێی ئەوان بگرنەوە. بۆیە پێشی ئاشبەتال هندەک لە کوڕ و کەسانی نێزیک لە حەمەد ئاغایان کوشتبون و شوێن بزریان کردبون. کە ئاشبەتالیش ڕاگەیەندرا، وەک لە خەلکی ئەو دەڤەرانم بیست، زیادتر لە ٣٠٠ کەسیان لە بەرەمالەی حەمەد ئاغا و شێروانیەکان لەناو بەندیخانەی خەلان و دەوروبەردا نیزەپۆش کردن و کوشتن. (نیزەپۆش) واتە بە نیزە و قەمە و حەڕبەی سەر لولەی تفەنگ کوشتیانن. دوای کۆمەلکوژ کردنیش جەنازەی زۆربەیانیان نەدابونەوە مال و خێزانیان و قەبرو ناشتنی عادەتیشیان پێ ڕەوا نەبینیبون.


وەک باس دەکرا، پیلانیان هەبووە کە شێخ و بەگەکانی برادۆستانیش وەک مالباتی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری تۆبڕ و قڕ بکەن و نەهێلن بەساخی لەدەستیان دەربچن. بەس وەک دەزاندرێ، سنوری ئێران و عێڕاق هەر لە حساری ڕوستێ هەتا خۆی لە سنوری تورکیا دەداتەوە، برادۆستن. پاش ئاشبەتالیش، خەلکێکی یەکجار زۆر ناچار بون بەناو برادۆستاندا بەرەو ئێران هەلبێن. بۆیە نەیانتوانیبوو دەست لە خوێنی شێخ و بەگەکانی برادۆستان هەلکەن و لەناویان بەرن، نەوەک هۆزی برادۆست کاردانەوەیان هەبێت و ڕێگای دەربازبونیان لێ بگیرێ و نەتوانن لەو سنوران دەرباز بن بەرەو ئێران. دەکرێ بەو هۆیەوە بوبێت کە نەیانکوشتن. ئیدی ئەو شێخ و بەگ و ئاغایانەی برادۆستی کە بەند و بنچاو کرابون لە ناو کوردستان و دیوی ئێران،  تێکڕا ئازاد کران و گەڕانەوە ناو مال و خێزانیان.


هێشتانیش مالی بارزانی ترسیان هەبوو کە لەو تێکشاندا بکەونە بر ڕقی توندی تۆلە ستاندنەوەی خێلی برادۆست و سۆفییەکانی سەر بە خانەقای لۆلان. بەس تەواوی برادۆستی و سۆفی بە پێچەوانەی زولم و زۆرداریی بنەمالەی بارزانییەوە، لەناوەخۆ خەبەریان لە هەموو گوندی و جۆتیاران گێڕایەوە کە هەرکەس لە ڕاستەخۆی بە باری نان و خواردن و پێڕۆ و نوین و بەرگەوە بهێن بەهانای لێقەوماوانەوە و یارمەتیی مال و خێزانیان بدەن هەتا بە ساخی و سەلامەتی ئاودیوی ئێران دەبن. خۆم یەکێک بوم کە لەگەل حەشاماتی یارمەتیدەراندابوم و بەچاوی خۆم دەمبینین کە هزاران مال و خێزانی لێقەوماو یارمەتی دەدران و لە گەرووە بەفراوی و سەختەکاندا دەرباز دەکران بەرەو ئێران.

ئاخر کێلەشین و کەرگەوزین و خنێرە و سالاریا و هەتا ئەو دیوی سنور، سەقەتترین و بەفراویترین جێگان. لەو گەرواندا جار هەیە  تیرمەی هاوینێ بەفر و کڕێوە دەست پێدەکات و کاروانان شەپرزە و ڕێبەست دەکات. بۆیە هەکە لە لایەن برادۆستەکانەوە بەو ڕوحیەتەوە یارمەتیی لێقەوماوان نەدرابا، دوور نەبوو هزاران مال و خێزان لە سەرما و برسا و ماندیبونییان بە هیلاک بچن. ڕەو کردن و ئاوارە بونێکی ئەوەندە لەناوکاو و بێسەرو بەرە بوو، هەر مەپرسە. بەهۆی خۆپەرستیی بنەمالەی بارزانی و جیاکاریشەوە، لە سەتا پێنجی برادۆستییەکان تێکهەلی حیزبایەتی و پێشمەرگایەتی نەببون. چەند کەسێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردران، ببونە کادیر و چەکداریان. ئەوانیش لەناو برادۆستاندا بە ناپاک و لادەر و بێڕێز لێیاندەڕواندراو کەس کەیفی پێیان نەدەهات.

ئیدی لەبەر ئەوەی دانیشتوانی دەڤەری برادۆست تێکهەلی چەکداری نەبون، بە ئاشبەتالی مەلا مستەفا و بە گەڕانەوەی حکومەت، سەتا نۆهەت و پێنجی ئاوارە نەبون و لەسەر گوندەکانیان هەلنەقەنان . پاش دەرباز بونی خەلکانی ئاوارە و کۆتایی هاتنی جموجولی چەکداری، هێزەکانی عێڕاقی هاتن هەتا لێلکان و بەلەسەنان و لۆلان و کانیەڕەش و زۆر جێگایتریش. ڕۆژانە هەلیکۆپتر بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕانەوە و چاودێرییەکی وردیان دەکرد. بەس بارودۆخ هێور بویەوە و ئێمەی جۆتیار و مەڕدار و گوندی، کەوتینەوە سەر ڕەوڕەوەی ژیان و کارو کەسابەتی خۆمان. زۆربەمان دلخۆش بوین و واماندەزانی کە پاش ئاشبەتال، بنەمالەی بارزانی جارێکی تر لەڕویان ناهێت باسی کوردایەتیی بکەنەوە و کوردانیش بەدوایان ناکەونەوە و ڕێگایان پێنادەن ببنەوە سەرکێش و بڕیاردەر. بەس هزار مخابن کە کوردانی عێڕاق پەندیان وەرنەگرت و بەردەوام هەتا ئێستایش بەشێکیان کۆیلە ئاسا بەدوای ئەو بنەمالە و ئاغاواتی تری خۆپەرست و بازرگان و بێگانەپەرستەوەن. دلنیام هەتا کورد خۆیان لە خێل و هۆز و تیرە و ئاغاپەرستی دانەمالن، هەرگیز دەستیان بە ماف و دادو یەکسانیبون ناگات.


وێنە لە گوگل وەرگیراوە

ببورن کە چەند ڕۆژێک دواکەتم و کاتم نەبوو بۆ دابەزاندنی بابەتەکە.

Wednesday, March 2, 2022

گیرانی شێخ و به‌گزاده‌كانی برادۆستان (١٧)


سالی ١٩٧٤. بەهاری هەمان سال هێشتان شەر دەستی پێنەکردبوو، ڕەوەندی هەرکییان هەر وەک نەریتی پێشان لە گەرمیانێ هاتن بەرە و کوێستانەکانی برادۆست بەو نیازەی پاییزێ هەر وەک جاران بگەڕێنەوە بۆ گەرماین و کەس ڕێیان لێ نەگری. لە هاوینی هەمان سالدا، شەڕ لە بەینی هێزی کوردایەتیی و حکومەتی بەغدا بەرپا بوو و بووە گرم و زرمی تۆپ و ناپالمی بە فڕۆکە دەهاویژران. ئیدی لەگەل بەرپا بونی شەڕ، چەندین کار و کرداری نەگونجاو لە هێزی کوردایەتیی بەدی کران. 

(١) به‌فه‌رمانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی دەستیان دایە گرتن و دەستەسەرکردنی ئەو خەلکانەی کە ١٠٠% بە “بەلێ ئەزبەنی”خۆیان به‌ به‌رده‌ستی بنه‌ماله‌ی بارزانی نه‌ده‌زانی. سەرەتا لە شێروان و گۆڕەتوو و مێرگەسۆر لە ئەندامانی خێزان و لایەنگرانی حەمەد ئاغای مێرگەرسۆری دەستیان پێ کردوو هەرچی بۆنی ئەو بنەمالە و لایەنگرانی لێهاتبێت، قۆلبەستیان کردن و لە بەندیخانەکانیان ئاخنین. 

(٢) دەستیان هاوێشتە بەگ و بەگزادەکانی برادۆست و ئەوەی خۆی بەدەستەوە نەدابا و بۆیان نەگیرابان، ڕاوه‌دوویان ده‌نان و مالەکانیان تالان دەکردن. چەند کەسێکی دیار لە برادۆستان ڕایان کرد بۆ تورکیا و لەوێوە تەسلیم بە بەغدا بوونه‌وه‌. لەو کەسانەی ڕایانکرد و تەسلمیان نەبون یەکیان لێ کەریم خان مەحمود بەگ بوو. وەک باس کرا و گۆتیان ”لوقمانی مەلا مستەفا بارزانی بە دزیی بابیەوە ئاگاداریی دابووە کەریم خان و پێیگۆتبوو، "بڕیار دراوە بتانگرن. گرتنی ئێوە یەکجارەکییە و دەتانکوژن. واباشترە ڕێگایەک بۆ دەرباز بونتان بدۆزنەوە“. ئیدی کەریم خان خۆی ئامادە کردبوو. کە بەسەر مالێیان دادا، ئەو لەناو مالێ نەمابوو. هەرکە خەبەری وەرگرت کە بەسەر مالێیان دادایە. ئەو بە قاچاخ ڕۆیشت بۆ تورکیا. لە تورکیاوە بە فڕۆکە گەڕاوە بۆ بەغدا و لەوێ مایەوە هەتا ئاشبەتال. هەر ئەوتۆ قادر بەگی برای کەریم خانیش هەلات بە مندالەوە چووە موسل و نەگەڕاوە. ئەوانەی هەلنەهاتن هەرچ کەسێکی دیار بوو، لە هەموو ناوچەی برادۆست، گشتیان قۆلبەست کردن بە حاجی محەمەدی شێخ ڕه‌شید لۆلانییەوە، هەر هەموویان بردنە دەڤەری باله‌كایه‌تی و ئەو دیوی ئێران بەند و بنچاویان کردن. خەلکان تێکڕا وایاندەزانی کە چارەنوسی بنەمالەی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری و حاجی محەمەدی لۆلانی و سەرجەم بەگ و بەگزادە گیراوەکانی برادۆست، بە مان و نەمانەوە یەک چارەنوسان هەیە. 

(٣) ڕەوەندی هەرکییان پاییزێ لە کوێستانان هاتنە خوار و ویستییان بگەڕێنەوە بۆ گەرمییان، لەشکری کوردایەتیی ڕێیان پێنەدان و گەڕاندیاننەوە بۆ دەڤەری برادۆست. ئەوانیش نە جێگا و ڕێگای مانەوەیان هەبوو نە دەیانتوانی بەو پاییزە ئالف بۆ مەڕ و مالاتیان دابین بکەن. ناچار بون بە مەڕ و مالاتەوە ڕۆیشتن بۆ تورکیا. لە تورکیاوە ڕۆیشتنەوە بۆ دەشت و دەری دەوروبەری موسل. گێڕایانەوە و گۆتیان ”حاجییەکی هەرکی ئەوەندە توڕە ببوو، لەدوو ماینەک دەڕۆیشت و دەیهاژوا، لە ڕقان یەک بەخۆ بە ماینیی دەگۆت "کوڕڕڕییی هەی مەلا مستەفی دتیتلا تەناوۆ". سەرەڕای گێڕانەوەی ڕەوەند و گرتن و بەند کردنی هەموو کەسە دیارەکانیش، ترسیان لێ هەلنیشت کە بەهۆی خۆپەرستییان و ناعەدالەتییان و  گرتنی سەرانی خێلی برادۆست، خەلکانی ئەو دەڤەر کاردانەوەیان بەرامبەر کردەوەکانیان هەبێت و لێیان قبول نەکەن. بۆیە بڕیاریاندا نزیکەی دە هەتا دوازدە بنکەی پێشمه‌رگه‌ لە ناو گوندەکانی گەلیی خواکوڕك و گەلیی لۆلان دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پەرپەرچی هەر نەڕازیبون و جولەیەکی برادۆستان بدەنەوە. كه‌چی لە کاتی بردنی گوندنشینەکان به‌ سوغره و بێگار ‌بۆ هێنانی کەل و پەلی بنکەکان و دامەزراندنیان لەو ناوچه‌، ئەوەبوو ئێران و عێڕاق لە جەزائێر گەیشتنە مۆر کردنی ئەو بڕیارەی کە بزوتنەوەی کورد بە سەرپەشتی مەلا مستەفای بارزانی و له‌ژێر کۆنتڕۆلی ساواکی ئێران ڕابگیرێ و زیادتر درێژەی پێ نەدرێ. کاروانی گوستنەوەی بنکەکان بەڕێگاوە پەیکیان کەوتوو نەگەیەندرانە جێی مەبەست.
وێنەم لە گوگل وەرگرت.
لەدوای دێت.

Tuesday, March 1, 2022

ماله‌ ڕەوەندەکانی بابیه‌زدینی ١٩٧٠ (١٦):

پێش چوونەوەی خاوەنه‌كان، هەر گوندێك چەند مالێکی ڕەوەنداتی بابیەزدینی خاوەن مەڕومالاتی لەسەر دامەزرابوون. کە خاوەن گوند چوونەوە، هەر کەسە و لە هەولی ئەوەدابوون کە لە زەویوزاری خۆیان ببنەوە خاوەن و دەست بە جۆت و جۆتکاری بکەنەوە. بەلام لەلایەن هندێك لەو مالە ڕەوەندانەوە ڕێگرییان لێ دەکراو جار هەبوو بە پشتبەستن بە بنه‌ماله‌ی بارزانییەوه‌، بە گرێدانی دەسرۆک (جەمەدانی)ی سۆر سوکایەتییان بە خاوەن گوندەکان دەکرد. چەندین جار سەرەڕای جۆتڕاگرتن و ئیهانە کردن، جۆتیارەکانیان لەسەر ملکی خۆیان دەر دەکردن و بە لێدان نیوە مردووشیان دەکردن. وەك ئەوان بڕیاربەدەستی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بن، بەو شێوە دەیانگۆتە جۆتیاران،” ئێمە بە خوێن ئێوەمان عەفوو کردووە نەك بێنەوە و خۆتان بە خاوەن گوند و ملک و مال بزانن.” ناچار چەند جۆتیارێك هانایان بردە بەر نوسینگەی مەلا مستەفا لە ناوچەی مێرگەسۆر و لەوێوە گرفتەکانیان بە نوسین بۆ دەستی مەلا مستەفا بەرز کردەوە. مەلا مستەفاش پاش چەند مانگێک لێژنەیەکی چوار کەسی نارد بۆ گوندەکەمان و شەوێ لە مالی کەسێك میوان بون لەو مالە ڕەوەندانە کە ڕێگرییان لە جۆتیارەکان دەکرد بە ناوی حاجی یوسف بابیەزدینی.

باپیرم پاش نانی بەیانی چووبوو بۆ مالی حاجی یوسف. کە دەرگای کردبوویەوە، تەماشای کردبوو، هێشتا میوانەکانیان لە خەو هەلناستاون. باپیرم پاشدا گەڕابووەوە هەتا میوانەکانیان لەخەو هەلنەستن. بەلام حاجی یوسف هەر بانگی کردبوو،” وەرە سۆفی مەگەڕێوە.” باپیریشم پێی گۆتبوو،” پاشان دێمەوە، بەلام بانگم مەکە سۆفی، چونکی نە تۆ حاجی و نە منیش سۆفیم.” کاربەدەستی لیژنەکە یەکسەر بەتانی لەسەر خۆ لادابوو و گۆتیبوو،” سۆفی وەرە، ئەو قسەیەی تۆ زۆر بە مانا بوو. بۆمان باس بکە، ئایا بۆچی نە یوسف حاجیە و نە تۆش سۆفی؟” ئەویش لە وەلامدا گۆتیبوو،” ئاخر ئەگەر یوسف، حاجی خوایی بوایە، جۆتی جۆتیارە هەژارەکانی ڕانەدەگرتن و زەویەکانیانی داگیر نەدەکردن، ئەگەر منیش سۆفی خوایی بومایە، هندێك لە زەوی و ملکی خۆمم بۆ حاجی بەجێ دەهێشت هەتا بیتوانیبا مەڕ و مالیاتی لەسەر بەخێو بکات و نەمان دەهێشت ئەو گرفتە ئەوەندە گەورە ببێت کە بگاتە لای مەلا مستەفا و ئێوە لەوێوە بهێن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێوانمان.”


ئیتر هەر لەسەر ئەو گفتوگۆیەی نێوان باپیرم و حاجی یوسف و ئەندامانی لیژنەکە، باپیرم وەك کەسێکی بڕواپێکراو و ڕاستگۆ دیاریکرا بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکان و چارەسەرکردنیان. ئەوەبوو بڕیار درا هەرچی ملکی وەسیەت و مزگەوت هەیە، هەمووی بدرێتە ئەو مالە ڕەوەندانە و زەوی و ملکی جۆتیاران بگەڕێندرێتەوە بۆ جۆتیاران. هەر ئەوتۆ بڕیار دەرا کە ئەو مالە ڕەوەندانەی خانوویان درووست کردبوو لەسەر ملکی خەلکی ئاوایی، خانووەکان بقڕسێندرێن بە نیوە قیمەت بدرێنه ‌خاوەن زەوییەکان، یانیش تێك بدرێن و لەسه‌ر زه‌ویی جۆتیاران هەلگیرێن.

بەلام سەرەڕای چارەسەرکردن، دیسان چەند کەسانێکی ئاژاوەچی لەناو ئەو ڕەوەندە‌ مەڕ لەوەڕێنانەدا هەبوون و بە بەستنی جەمەدانی سۆر خۆیان زال دەکرد بەسەر خەلکی گوندەکان و زەرەروزیانی جۆتیارانیان دەکرد. جۆتیارانی چەوساوەیش حەزیان بە داوا و شکایەتکاری بەردەوام نەدەکرد و زۆر جاران دەستبەرداری مافەکانیان دەبوون، بۆ ئەوەی تەشقەلەی زیادتریان پێ نەکرێ.

سەرەڕای ئەو گیرو گرفتانە و ژیانی پڕ لە نەهامەتی و زەحمەتی و شەقەسەری و نەبونیش، زۆربەی مالە شێخەکانی بارزانی و برادۆستی داوای سوخرەیان لە جۆتیارانی هەموو گوندەکان دەکرد. دەبی هەرسال هەر جۆتیارێک بە سوغرە چوبا بۆ گیادرون و چلوو بڕین و بار و گواستنەوەی مقەڕەکانی چەکدارەکانیشیان. لە سالی ١٩٧٠دا هەتا سالی ١٩٧٤ زۆر هەولیان دەدا لەگەل خەلکی برادۆست کە تێکهەلی هێزە چەکدارەکانیان ببن و ببنە کادیری حیزبی و چەک هەلگرن. بەس هێشتان ٩٥% برادۆست لەژێر کاریگەریی ڕابردودابون و کەس نەیدەتوانی وەک ئەندام و کادیر و چەکدار کاریان لەگەل بکات. ٥%ی برادۆست ببونە ئەندام و کادیری حیزبی و کاریان بۆ دەکردن. ئەوانیش لەناو خەلکی برادۆست بە خائین و لادەر تەماشا دەکران و کەس کەیفی پێیان نەدەهات. هاوڕێیان بۆ ئەوەی تەواو لەم نوسینانە تێبگەن، پێویستە بابەتەکانی پێشوتر بخوێننەوە.

لەدوای دێت و بەردەوامین

Sunday, February 27, 2022

یازده‌ی ئاذاری ١٩٧٠ (١٥)

لەو گوندانە ماینەوە هەتا 11 ئاذاری١٩٧٠. لە سالی ١٩٧٠ لە هەموو ئەو دەشت و شار و شارۆچکانه‌دا دەست کرا بە شیعاری (هەتا دونیا دونیایە، کورد و عارەب برایە). وە‌هام بیست له‌ده‌می سۆفییه‌كانی ته‌كیه‌ی شێخ ڕه‌شید لۆلانی و گۆتیان،” دوای بڕیاری ١١ی ئاذار، حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید لۆلانی کە بڕیاربەدەستی هەموو سۆفییەکان و زۆرینەی هۆزی برادۆست بوو، سه‌ردانی به‌غدای پایتەختی كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل سه‌ركردایه‌تیی حكومه‌تی عێڕاق قسه‌بكات و بزانێ له‌دوای ١١ی ئاذار و وه‌ستانی شه‌ڕ له‌به‌ینی ده‌وله‌تی عێڕاق و مه‌لا مسته‌فای بارزانی، چاره‌نوسی ئه‌و برادۆستانه ‌چی ده‌بێت كه‌فرسانن و چه‌كی حكومه‌تیان به‌شانه‌وه‌یه ‌و چه‌ندین ساله‌ ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ی ده‌ستی بنه‌ماله‌ی بارزانین. چه‌كدارانی ژێر كۆنتڕۆلی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌دوژمنی  سه‌رسه‌ختی خۆیانیان ده‌زانن. گۆتیان پێشتر هه‌ر كاتی حاجی محه‌مه‌د و ئاغاواتی برادۆستیان ویستیانبا، ده‌یانتوانی له‌گه‌ل سه‌رۆكایه‌تیی عێڕاق یه‌كتر ببینن.

به‌لام له‌و سه‌ردانه‌ی حاجی محه‌مه‌د و دوای یازده‌ی ئاذار بۆ به‌غدا، زیادتر له‌حه‌فته‌یه‌ك له‌چاوه‌ڕوانی دابوو كه‌چاوی به‌سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت یان كاربه‌ده‌سته‌ بالاكان بكه‌وێ، كه‌چی نه‌چاوی پێیان كه‌وت، نه‌هیچ نه‌تیجەشی پێ وه‌رگیرایەوە ده‌رباره‌ی چاره‌نوسیان. به‌ناچاری گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌ولێرێ و له‌گه‌ل چەند کەسێكی بڕواپێکراوی خۆی چون بۆ گەلیی حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی بە تەنازول کردنەوە سەردانی مەلا مستەفای بارزانی بکەن.  وەک باسیان دەکرد، مەلا مستەفا ئەو کاتی لە داروسەلام دادەنیشت. (داروسەلام دەکەوێتە دەڤەری بالەکایەتی). وه‌ك له‌سۆفیه‌كانم بیسته‌وه‌، گۆتیان کە حاجی محەمەد گەیشتبووە بازگەی داروسەلامێ، پەیوەندییان بە مەلا مستەفاوە کردبوو و پێیان گۆتبوو حاجی محەمەدی شێخ ڕەشید لۆلانی لێرەیە بۆ سەردانی ئێوە هاتووە. مەلا مستەفایش پێیگوتبون، ڕایگرن هەتا خۆم دێمە وێندەرێ. ئیدی مەلا مستەفا هاتبووە بازگە و لەوێندەرێ لەگەل حاجی محەمەد یەکتریان بینی بوو و بە یەکەوە چوبونەوە بۆ جێی دانیشتنیان. گۆتیان ”مه‌لا مسته‌فا له‌ حاجی محه‌مه‌د لۆلانیی پرسی و گۆتی، ئێمه ‌له ‌مێژه ‌دوژمنین، چۆن هاتویت بۆ سه‌ردانم“؟ گۆتیان حاجی محه‌مه‌د وه‌لامی دایه‌وه ‌و گۆتی، ”ئێمه‌خوێنێكی زۆرمان له‌به‌ین ڕژاوه‌، به‌س من هاتوم و ئاماده‌م، سه‌رم ببڕه‌و سۆفیه‌كان به‌تایبه‌تی و برادۆستان به‌گشتی عه‌فوو بكه‌و دوژمنداریی پێشتر له‌بیر خۆت و خه‌لكیش به‌ره‌وه‌“. گۆتیان مەلا مسترفا پێیگۆتبوو ”بەڕێزتان هەر سەرۆک عەشیرەتی برادۆستن و دەگەڕێنەوە بۆ لۆلان و  گوندیانیش هەرکەس بۆ سەر ملک و مالی خۆیان.ئیدی لەوێڕا مەلا مستەفا بارزانی بڕیاری دا کە ڕێگا بە هۆزی برادۆست بدرێت و بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان بکەن و زیادتر درێژە بە شەڕی عەشائێری نەدرێ. هەر ئەوتۆ بڕیار درابوو کە بەهۆی ئاژاوەی پێشوترەوە جیاوازی لە بەینی هیچ کەسێکدا نەکرێ. 

سه‌رجه‌م سۆفی و چه‌كداره‌كانی برادۆست چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ و فەرمانی حاجی محه‌مه‌د،یان ده‌كرد. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌سه‌ردانیكردنی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، خه‌به‌ریان دایه ‌تێكڕای ئاواره‌كانی برادۆست و پێیان گۆتن،” ته‌واو، شه‌ڕی خێله‌كیی به‌ینی بارزانی و برادۆستیان كۆتایی هات و مه‌لا مسته‌فا فه‌رمانی داوه‌ كه‌ هه‌رچی ئاواره‌یه ‌بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و زاری خۆی و جیاوازی له‌به‌ینی هیچ هۆز و تیره ‌و كه‌سه‌كاندا نەكرێ. ئه‌وه‌بوو، سه‌رجه‌م چه‌كه‌كانی حكومه‌ت ته‌سلیم كرانه‌وه‌. زۆرێک چەکی تایبەتی خۆیان هەبون، بێجگە لەوان خەلکانیدی به‌بێ چه‌كی كه‌وتنه‌خۆ ئاماده‌كردن و باروبارگه ‌تێكنان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانیان. وەک لە بابەتەکانی پێشوتردا باسمان کردووە. هەر لە سالی ١٩٥٩ هەتا سالی ١٩٧٠ گوندەکانی برادۆستان چۆل و بێخاوەن و وێرانە بون. لەو یازدە سالاندا، خەلکانێکی لاییدە و مەڕدار هاتبونە سەر هندەک گوندان و خانی و بەریان لەسەر زەوی و دەرەدیەکانی گوندیان دامەزراندبون و زۆربەی زەویە بە پیت و بەرەکەتەکانیان کردبونە دەرهۆل و پێواری مەڕ و مالات.

ئیدی کە گەڕاینەوە، کێشە لەبەینی گوندیانی ڕەسەن و ئەو مالە لاییدانەی مەڕدار لەسەر زەوی و زار بەرپا بوو.

بەڕێزانی خوێنەر وەک زۆربەمان دەزانین چینی خۆپەرستی بەناو شێخ و ئاغاو بەگ و گەدا، ئەوەندە لەخۆڕازی و لوتبەرز و خۆپەرستن، هیچ کات نەیانتوانیوە لەگەل ڕەعیەت و تابعەکانیان شەفاف و ڕاستگۆ و سادە بن. بۆیە ئەو گێڕانەوانەم تەنها وەرگیراوە لە دەمی سۆفیەکان و قسەی لابەلا. چونکی نە مەلا مستەفا بارزانی لەخۆی دەگرت ئەو جۆرە پەیوەندییانە بۆ ڕایگشتی باس بکات، نە شێخ و ئاغاواتی برادۆستان و عەشیرەتەکانیدیش لەخۆیان دەگرت بێنە ناو خەلکانی ئاسایی و باسی سەردان و دانیشتن و گفتوگۆ و تێکگەیشتن و تێکنەگەیشتنەکانیان ڕاستگۆیانە بۆ خەلک باس بکەن. نە کەسانێکی ناخ پاک و بێلایەنیش دەیانتوانی گفتوگۆکانیان بۆ ڕایگشتی بگوازنەوە. بۆیە ناچارین بەپێی باسکردنی خەلکان شتەکان داڕێژینەوە.

برایەکی خۆشەویست وێنەی داروسەلامی بۆ ناردوم، سپاسی دەکەین.

بابەتەکان درێژەیان دەبێت و بەردەوام دەبین.