سالی ١٩٧٤. بەهاری هەمان سال هێشتان شەر دەستی پێنەکردبوو، ڕەوەندی هەرکییان هەر وەک نەریتی پێشان لە گەرمیانێ هاتن بەرە و کوێستانەکانی برادۆست بەو نیازەی پاییزێ هەر وەک جاران بگەڕێنەوە بۆ گەرماین و کەس ڕێیان لێ نەگری. لە هاوینی هەمان سالدا، شەڕ لە بەینی هێزی کوردایەتیی و حکومەتی بەغدا بەرپا بوو و بووە گرم و زرمی تۆپ و ناپالمی بە فڕۆکە دەهاویژران. ئیدی لەگەل بەرپا بونی شەڕ، چەندین کار و کرداری نەگونجاو لە هێزی کوردایەتیی بەدی کران.
(١) بهفهرمانی مهلا مستهفای بارزانی دەستیان دایە گرتن و دەستەسەرکردنی ئەو خەلکانەی کە ١٠٠% بە “بەلێ ئەزبەنی”خۆیان به بهردهستی بنهمالهی بارزانی نهدهزانی. سەرەتا لە شێروان و گۆڕەتوو و مێرگەسۆر لە ئەندامانی خێزان و لایەنگرانی حەمەد ئاغای مێرگەرسۆری دەستیان پێ کردوو هەرچی بۆنی ئەو بنەمالە و لایەنگرانی لێهاتبێت، قۆلبەستیان کردن و لە بەندیخانەکانیان ئاخنین.
(٢) دەستیان هاوێشتە بەگ و بەگزادەکانی برادۆست و ئەوەی خۆی بەدەستەوە نەدابا و بۆیان نەگیرابان، ڕاوهدوویان دهنان و مالەکانیان تالان دەکردن. چەند کەسێکی دیار لە برادۆستان ڕایان کرد بۆ تورکیا و لەوێوە تەسلیم بە بەغدا بوونهوه. لەو کەسانەی ڕایانکرد و تەسلمیان نەبون یەکیان لێ کەریم خان مەحمود بەگ بوو. وەک باس کرا و گۆتیان ”لوقمانی مەلا مستەفا بارزانی بە دزیی بابیەوە ئاگاداریی دابووە کەریم خان و پێیگۆتبوو، "بڕیار دراوە بتانگرن. گرتنی ئێوە یەکجارەکییە و دەتانکوژن. واباشترە ڕێگایەک بۆ دەرباز بونتان بدۆزنەوە“. ئیدی کەریم خان خۆی ئامادە کردبوو. کە بەسەر مالێیان دادا، ئەو لەناو مالێ نەمابوو. هەرکە خەبەری وەرگرت کە بەسەر مالێیان دادایە. ئەو بە قاچاخ ڕۆیشت بۆ تورکیا. لە تورکیاوە بە فڕۆکە گەڕاوە بۆ بەغدا و لەوێ مایەوە هەتا ئاشبەتال. هەر ئەوتۆ قادر بەگی برای کەریم خانیش هەلات بە مندالەوە چووە موسل و نەگەڕاوە. ئەوانەی هەلنەهاتن هەرچ کەسێکی دیار بوو، لە هەموو ناوچەی برادۆست، گشتیان قۆلبەست کردن بە حاجی محەمەدی شێخ ڕهشید لۆلانییەوە، هەر هەموویان بردنە دەڤەری بالهكایهتی و ئەو دیوی ئێران بەند و بنچاویان کردن. خەلکان تێکڕا وایاندەزانی کە چارەنوسی بنەمالەی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری و حاجی محەمەدی لۆلانی و سەرجەم بەگ و بەگزادە گیراوەکانی برادۆست، بە مان و نەمانەوە یەک چارەنوسان هەیە.
(٣) ڕەوەندی هەرکییان پاییزێ لە کوێستانان هاتنە خوار و ویستییان بگەڕێنەوە بۆ گەرمییان، لەشکری کوردایەتیی ڕێیان پێنەدان و گەڕاندیاننەوە بۆ دەڤەری برادۆست. ئەوانیش نە جێگا و ڕێگای مانەوەیان هەبوو نە دەیانتوانی بەو پاییزە ئالف بۆ مەڕ و مالاتیان دابین بکەن. ناچار بون بە مەڕ و مالاتەوە ڕۆیشتن بۆ تورکیا. لە تورکیاوە ڕۆیشتنەوە بۆ دەشت و دەری دەوروبەری موسل. گێڕایانەوە و گۆتیان ”حاجییەکی هەرکی ئەوەندە توڕە ببوو، لەدوو ماینەک دەڕۆیشت و دەیهاژوا، لە ڕقان یەک بەخۆ بە ماینیی دەگۆت "کوڕڕڕییی هەی مەلا مستەفی دتیتلا تەناوۆ". سەرەڕای گێڕانەوەی ڕەوەند و گرتن و بەند کردنی هەموو کەسە دیارەکانیش، ترسیان لێ هەلنیشت کە بەهۆی خۆپەرستییان و ناعەدالەتییان و گرتنی سەرانی خێلی برادۆست، خەلکانی ئەو دەڤەر کاردانەوەیان بەرامبەر کردەوەکانیان هەبێت و لێیان قبول نەکەن. بۆیە بڕیاریاندا نزیکەی دە هەتا دوازدە بنکەی پێشمهرگه لە ناو گوندەکانی گەلیی خواکوڕك و گەلیی لۆلان دابمەزرێنن بۆ ئەوەی پەرپەرچی هەر نەڕازیبون و جولەیەکی برادۆستان بدەنەوە. كهچی لە کاتی بردنی گوندنشینەکان به سوغره و بێگار بۆ هێنانی کەل و پەلی بنکەکان و دامەزراندنیان لەو ناوچه، ئەوەبوو ئێران و عێڕاق لە جەزائێر گەیشتنە مۆر کردنی ئەو بڕیارەی کە بزوتنەوەی کورد بە سەرپەشتی مەلا مستەفای بارزانی و لهژێر کۆنتڕۆلی ساواکی ئێران ڕابگیرێ و زیادتر درێژەی پێ نەدرێ. کاروانی گوستنەوەی بنکەکان بەڕێگاوە پەیکیان کەوتوو نەگەیەندرانە جێی مەبەست.
وێنەم لە گوگل وەرگرت.
لەدوای دێت.
No comments:
Post a Comment