پێش چوونەوەی خاوەنهكان، هەر گوندێك چەند مالێکی ڕەوەنداتی بابیەزدینی خاوەن مەڕومالاتی لەسەر دامەزرابوون. کە خاوەن گوند چوونەوە، هەر کەسە و لە هەولی ئەوەدابوون کە لە زەویوزاری خۆیان ببنەوە خاوەن و دەست بە جۆت و جۆتکاری بکەنەوە. بەلام لەلایەن هندێك لەو مالە ڕەوەندانەوە ڕێگرییان لێ دەکراو جار هەبوو بە پشتبەستن بە بنهمالهی بارزانییەوه، بە گرێدانی دەسرۆک (جەمەدانی)ی سۆر سوکایەتییان بە خاوەن گوندەکان دەکرد. چەندین جار سەرەڕای جۆتڕاگرتن و ئیهانە کردن، جۆتیارەکانیان لەسەر ملکی خۆیان دەر دەکردن و بە لێدان نیوە مردووشیان دەکردن. وەك ئەوان بڕیاربەدەستی مهلا مستهفای بارزانی بن، بەو شێوە دەیانگۆتە جۆتیاران،” ئێمە بە خوێن ئێوەمان عەفوو کردووە نەك بێنەوە و خۆتان بە خاوەن گوند و ملک و مال بزانن.” ناچار چەند جۆتیارێك هانایان بردە بەر نوسینگەی مەلا مستەفا لە ناوچەی مێرگەسۆر و لەوێوە گرفتەکانیان بە نوسین بۆ دەستی مەلا مستەفا بەرز کردەوە. مەلا مستەفاش پاش چەند مانگێک لێژنەیەکی چوار کەسی نارد بۆ گوندەکەمان و شەوێ لە مالی کەسێك میوان بون لەو مالە ڕەوەندانە کە ڕێگرییان لە جۆتیارەکان دەکرد بە ناوی حاجی یوسف بابیەزدینی.
باپیرم پاش نانی بەیانی چووبوو بۆ مالی حاجی یوسف. کە دەرگای کردبوویەوە، تەماشای کردبوو، هێشتا میوانەکانیان لە خەو هەلناستاون. باپیرم پاشدا گەڕابووەوە هەتا میوانەکانیان لەخەو هەلنەستن. بەلام حاجی یوسف هەر بانگی کردبوو،” وەرە سۆفی مەگەڕێوە.” باپیریشم پێی گۆتبوو،” پاشان دێمەوە، بەلام بانگم مەکە سۆفی، چونکی نە تۆ حاجی و نە منیش سۆفیم.” کاربەدەستی لیژنەکە یەکسەر بەتانی لەسەر خۆ لادابوو و گۆتیبوو،” سۆفی وەرە، ئەو قسەیەی تۆ زۆر بە مانا بوو. بۆمان باس بکە، ئایا بۆچی نە یوسف حاجیە و نە تۆش سۆفی؟” ئەویش لە وەلامدا گۆتیبوو،” ئاخر ئەگەر یوسف، حاجی خوایی بوایە، جۆتی جۆتیارە هەژارەکانی ڕانەدەگرتن و زەویەکانیانی داگیر نەدەکردن، ئەگەر منیش سۆفی خوایی بومایە، هندێك لە زەوی و ملکی خۆمم بۆ حاجی بەجێ دەهێشت هەتا بیتوانیبا مەڕ و مالیاتی لەسەر بەخێو بکات و نەمان دەهێشت ئەو گرفتە ئەوەندە گەورە ببێت کە بگاتە لای مەلا مستەفا و ئێوە لەوێوە بهێن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێوانمان.”
ئیتر هەر لەسەر ئەو گفتوگۆیەی نێوان باپیرم و حاجی یوسف و ئەندامانی لیژنەکە، باپیرم وەك کەسێکی بڕواپێکراو و ڕاستگۆ دیاریکرا بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکان و چارەسەرکردنیان. ئەوەبوو بڕیار درا هەرچی ملکی وەسیەت و مزگەوت هەیە، هەمووی بدرێتە ئەو مالە ڕەوەندانە و زەوی و ملکی جۆتیاران بگەڕێندرێتەوە بۆ جۆتیاران. هەر ئەوتۆ بڕیار دەرا کە ئەو مالە ڕەوەندانەی خانوویان درووست کردبوو لەسەر ملکی خەلکی ئاوایی، خانووەکان بقڕسێندرێن بە نیوە قیمەت بدرێنه خاوەن زەوییەکان، یانیش تێك بدرێن و لەسهر زهویی جۆتیاران هەلگیرێن.
بەلام سەرەڕای چارەسەرکردن، دیسان چەند کەسانێکی ئاژاوەچی لەناو ئەو ڕەوەندە مەڕ لەوەڕێنانەدا هەبوون و بە بەستنی جەمەدانی سۆر خۆیان زال دەکرد بەسەر خەلکی گوندەکان و زەرەروزیانی جۆتیارانیان دەکرد. جۆتیارانی چەوساوەیش حەزیان بە داوا و شکایەتکاری بەردەوام نەدەکرد و زۆر جاران دەستبەرداری مافەکانیان دەبوون، بۆ ئەوەی تەشقەلەی زیادتریان پێ نەکرێ.
سەرەڕای ئەو گیرو گرفتانە و ژیانی پڕ لە نەهامەتی و زەحمەتی و شەقەسەری و نەبونیش، زۆربەی مالە شێخەکانی بارزانی و برادۆستی داوای سوخرەیان لە جۆتیارانی هەموو گوندەکان دەکرد. دەبی هەرسال هەر جۆتیارێک بە سوغرە چوبا بۆ گیادرون و چلوو بڕین و بار و گواستنەوەی مقەڕەکانی چەکدارەکانیشیان. لە سالی ١٩٧٠دا هەتا سالی ١٩٧٤ زۆر هەولیان دەدا لەگەل خەلکی برادۆست کە تێکهەلی هێزە چەکدارەکانیان ببن و ببنە کادیری حیزبی و چەک هەلگرن. بەس هێشتان ٩٥% برادۆست لەژێر کاریگەریی ڕابردودابون و کەس نەیدەتوانی وەک ئەندام و کادیر و چەکدار کاریان لەگەل بکات. ٥%ی برادۆست ببونە ئەندام و کادیری حیزبی و کاریان بۆ دەکردن. ئەوانیش لەناو خەلکی برادۆست بە خائین و لادەر تەماشا دەکران و کەس کەیفی پێیان نەدەهات. هاوڕێیان بۆ ئەوەی تەواو لەم نوسینانە تێبگەن، پێویستە بابەتەکانی پێشوتر بخوێننەوە.
لەدوای دێت و بەردەوامین
No comments:
Post a Comment