سێودینی باپیری باپیرمان: واتە بابکی پێنجەممان
بەپێی گێڕانەوەی باپیرمان، لە سەدەی هەژدەدا سێودینی باپیری باپیرمان، زەوی و دهرهدییهكی زۆری هەبووە لە گوندەکانی هارونێ و چنارێ لە دەشتی بەرازگری دەڤەری برادۆست. قەسرێکی لە گوندی چنارێ هەبووە. ئێستاش بناغە و دیوارەکانی ماون و لە لای زۆربەی خەلکی بەرازگر قەسری چنارێ یان بلێین قەسری سێودین ئاشکرا و مەشهورە.
سێوەدین تەنها تاقە کوڕێکی هەبووە بەناوی عەبدوللا. نەزاندراوە داخوا کوڕەکەی گوێنەگر و سەرەڕۆ بووە، یان سێودین کەسێکی ڕاڕاو نەگونجاو بووە. باب و کوڕ لێیان دەبێتە کێشە و لە یەکتر تێناگەن. سێودین کوڕەکەی وەدەر دەنێ و لە مال و ملکی خۆی بێبار و بێبەشی دەکات و لەو ڕکان دەچیتە لای بەگزادەکانی چنارێ و پێیان دەلێ، ”من پیرە مێردێکی بێکەس و بێتوانام و پێویستیم بە خزمەت و قال لێکردن هەیە. بەخێوم بکەن هەتا دەمرم قەسر و سەرجەم زەوی و زاری چنارێ و هارونێ بۆخۆتان و لێتان نەزر دەکەم." ئەوانیش خزمەتیان کردووە بۆ ماوەیەکی تەواو. دیارە لێی بێزار بونە و ئەویش ڕوح چر بووە و زوو نەمردووە، بۆیە ڕۆژێك لە قەسرێیان فڕێ داوەتە خوارێ و گۆتوویانە گایەك لە بن قەسرێ لێیداو کوشتی. ئیتر دوای ئهوهی لهقهسرێ،یان فڕێداوه و كوشتویانه، هەرچی مال و ملکی سێودین هەیبووە دەستی بەسەردا گیراوە و هەر هەمووی کەوتۆتە دەست بەگزادەکانی ئەو دەوروبەر و عەبدوللەی کوڕی لە مال و ملک بەری و بێ پشک بووە. هەر چۆنێک بێت هەتا مرۆڤ ساخ بێت، لە ژیان و تێکۆشان بەردەوام دەبێت. بەهەر شێوەیەک بوبێت، عەبدوللە ژن دەهێنێت و لە گوندی بەنێی خواکوڕک هندەک زەوی و جێگای لێژیانیان پەیدا دەکەن و بە جۆتیاری ژیانیان دەگوزەرێنن. هەر لەوێ دەبنە خاوەنی مال و سێ مندالیان پەیدا دەبن. کچێک و دوو کوڕ بەناوی فاتیمە، حەسەن و حەمەد. نۆبەرە واتە مندالی گەورەیان فاتیمە بووە.باپیرمان حەمەد زۆر بەسەرهاتی تال و شرینی بۆ دەگێڕاینەوە و دەیگۆت، ”من ئەوەندە مندال بوم بەبیرم ناهێ کەی دایکمان کۆچی دوایی کردووە. بابمان ئێمەی بە سێویایەتی بەخێو کردووە و فاتیمەی خوشکمان یارمەتیدەر و هاریکاریی بووە. زۆری نەخایاند، باوکیشمان کۆچی دوایی کرد. ئێمە هەرسێ مندال هێتیم و سێوی ماینەوە و خەلکان یارمەتییان دەداین. پاشان فاتیمە مێرد بە خزمێکیان دەکا بەناوی شینۆ. دیارە شینۆ زۆر باش بووە بۆیان و بە جوانی بەخێویانی کردووە، بۆیە هەرکاتی باپیرمان حەمەد ناوی شینۆی دەهێنا، بە خال شینۆ باسی دەکرد. شینۆ خاوەنی زەوی و ملکێکی یەکجار زۆر بووە. زۆربەی زەویی گوندەکانی جۆرتی سەرێ و خوارێ، زیارەت، بڕەپیر، سولکێ، چەمی سولکێ و ئهلموشی ژێری هی شینۆ بوونە. حەمەد و حەسەن و شینۆ و فاتیمه هەرچواریان پەیمانی دلسۆزی و تەبایی دەبەستن و سۆزدارانە و تەبا خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەبن.
بابەتی مالباتمان لە گێڕانەوەی باپیرمانەوە بەردەستن و جار جارە کورتەیەکیان لێ دەخەینە بەر دیدەنی گەشی هاوزمانانمان
No comments:
Post a Comment