Wednesday, January 26, 2022

به‌هاری ١٩٤٧ و گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە ئێران: (٤)


باپیرم لەو گێڕانەوەدا "گۆتی؛

"سەرەڕای شەڕەنگێزی و دوژمنداریش، هەرجاری بنه‌ماله‌ی بارزانی و چه‌كداره‌كانیان کەوتبانه ‌تەنگانە و هاواریان بۆ برادۆستان هێنابا، زۆر بە سادەییەوە یارمەتیمان دەدان.  کەچی هەر کاتی ئەوان بەسەر ئێمەدا زال بانە، بێ ویژدانانە هەلسوکەوتیان دەکرد". 

بۆ نمونە: "حه‌ره‌كه‌تی قازیی محەمەد دەستی پێ کرد، شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا و هەموو هێزەکانیان پەیوەندیان بەو شۆڕشەوە کرد و چوونە ئێران هەتا شۆڕش تێک شکا. لە پاش تێکشکانی كۆماری مهاباد و گیرانی قازیی محەمەد و هاوڕێکانی، حکومەتی ئێران لە بەهاری سالی ١٩٤٧ تەنگی بە هێزەکانی شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بارزانی هەلچنی و ناچار کران کە بەرە و سێکوچکەی ئێران، عێڕاق، تورکیا هەلبێن و بگەڕێنەوە بۆ ناو خاکی عێڕاق.  ئەو سێ گۆشەیەش هەمووی برادۆستن و بەبێ ڕەزامەندی ڕێگەدانی شێخ ڕەشید و هۆزی برادۆست، ئاسان نەبوو گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی عێڕاق بەرە و گوندەکانی خۆیان. بۆیە لەسەر سنوور، مەلا مستەفا قاسیدێکی بە نهێنی ناردبووە لای شێخ ڕەشید لۆلانی و داوای یارمەتی و ڕێگا پێدانیان لێی کردبوو. ئەویش پەیمانی یارمەتیدانی پێ دابوون هەتا بەناو گوندەکانی برادۆستاندا بەرە و دەڤەری شێروان و بارزان بگەڕێنەوە.  لەسەر ئەو پەیمانە، شێخ ڕەشید هەم خەبەری دابووە سەرجەم گوندەکانی گەلی خواکوڕک و دەشتی بەرازگر و پێی ڕاگەیاندبوون کە خزمەتێکی باش و بە قەدر و ڕێزەوەیان بكه‌ن و پارێزگاریان بکەن هەتا لە دەشتی بەرازگر دەربازیان دەکەن بەرە و ناوچەکانی خۆیان و لەوێ بەولاوە کەیفی خۆیانە چی دەکەن. سەرەڕای خەبەردانیش، چەند کەسێکی ڕاسپاردبون کە یەک دوو ڕۆژ پێشی گەیشتنی بارزانی و چەکدارانی، دەچونە ئەو گوندانەی دەکەوتنە سەر ڕێگە و پێیاندەگۆتن کە سبەی یان دوو سبەی لەشکریان دەگاتە ئێرە و ئامادەباشیی خۆتان پێشان بدەن و کەستان بەچاوی غەرەزەوە لەسەر ڕابردوو تێیان نەڕوانن. ئیدی گرنگ نەبوو ئێمەی گوندی چ ئێش و ئازارێکمان بەدەستی لەشکری بارزانەوە چێشتبوو. فەرمان فەرمانی شێخ ڕەشید بوو و هەموومان بڕیاری ئەومان لە شێوەی فەرمانی خوا دەزانی و جێبەجێمان دەکرد.


هەر لەسەر داوای شێخ ڕەشید لۆلانی، سەرجەم گوندەکانی برادۆست، پێش گەیشتنی لەشکری بارزان، خۆیان ئامادە دەکرد و خواردن و پێداویستییەکانیان په‌یدا دەکردن بۆ پێشوازی و خزمەتکردنیان.  ئەوە بوو، لە مانگی گولانی١٩٤٧ مەلا مستەفا بە زیادتر لە پێنج سەت کەسەوە گەیشتنە گوندی ئێمە، گوندی بەنێ.  گوندی به‌نێ ڕووه ‌و ڕۆژهه‌لات هه‌لكه‌وتووه‌، له‌قه‌د شاخی چیابەنە‌. ده‌كه‌وێته‌به‌ینی گونده‌كانی جۆرت و ئێشمێ. به‌رامبه‌ر چیای دێل و گوندی شۆشنێ.  ئێمەش پێشتر لەسەر فەرمانی شێخ ڕەشید، خۆمان ئامادە کردبوو. بە پێی توانامان، پێشوازیمان کردن و خواردنێکی زۆر باشمان بۆ دانان.  ئێوارێ مەلا مستەفا لەسەر تاتەنوێژی پێش دەرگای مزگەفت لەگەل مەلا عەبدولخالق ئابڕی(ئاوبڕی) و ئێمەی گوندی دانیشتبوو. ئێمەش هەموومان لە دەورەیان کۆببوینەوە گوێمان دابوێ داخوا چ باس و قسەیەک دەکات. کاتێک مەلا مستەفا بە دەنگێکی بەرز گۆتی،  "گەلی سۆفیا، ئاگادار بن، لەشکەر برسی و ماندییه‌، کەس چ تشتا ل لەشکری نەکڕیت. هەر کەسه‌كی بوێت تشته‌كی بکڕی، ئه‌ز پخۆ کڕیار و فرۆشیارم. هەرکەسی بێی من بازاڕ دگەل ‌پێشمەرگەی بکه‌ت، دێ  هێته‌جه‌زا کردن." پێشمەرگەکان زۆربەیان دەو و ددانیان کەسک ببوون هندی بەڕێوە لە برسان گیاوگۆل و پەلکەداران بخۆن. هەبوو دەچووە لای نانپێژەک، پێی دەگۆت، "یەک نانم بدێ، تفەنگەکەمت پێ دەدەم،." بۆیە مەلا مستەفا پێشتر ئەو ئاگاداریەی به‌گوندیانماندا.


مەلا عەبدولخالق ئاوبڕی پرسیاری لە مەلا مستەفا بارزانی کرد و گۆتی، "ئەزبەنی، خو گوندێ بارزان ئاوەدان نییە، بەخۆت و ئەو لەشکرەوە دێ کێوەچن؟" 

مەلا مستەفا، لە وەلامدا گۆتی، "مەلا عەبدولخالق، وەللایەلعەزیمە، لەو گەڕانەوەمدا، کەس نییە لێی بترسێم، تەنها ئەگەر شێخ ڕەشید پشتگیریم بکات، گوندی بارزانیش ئاوەدان دەکەینەوە. "دیسان مەلا عەبدولخالق پرسی و گۆتی، "باشە، ئەدی بۆ کۆتایی بەو ئاژاوە ناهێنن لە بەینی خۆتان، ئێوە و لەشکرتان و شێخ ڕه‌شید و تەواوی سۆفیەکانیش، پشتگیریی یەکتری ناکەن؟" 

مەلا مستەفا گۆتی، "خودا مالی سەبەبکاران کاول و وێران بکات. ئەگینا، کەر و گۆلکی بارزانیش لێیان ئاشکرایە کە شێخ ڕەشید بەڕاستی شێخە و نابا ئێمە شەڕی لەگەل بکەین. "دیسان مەلا عەبدولخالق پرسیاری کرد و گۆتی، "چۆن لێتان ئاشکرایە کە شێخ ڕەشید، شێخێکی ڕاستە"؟ مەلا مستەفا گۆتی، "لە سەرێ ئاوێ،" (سەرێ ئاوێ ناوچەیەکە لە دەڤەری برادۆستان) شەڕێکی گران بوو لە بەینی لەشکری ئێمە و لەشکری شێخ ڕەشید.  من بەشداری بەرۆکی شەڕم کرد، وامانزانی دەتوانین لەشکری سۆفییەکانی شێخ ڕەشید تێک بشکێنین و تەفروتونایان بکەین. كه‌چی لەشکری ئێمە نەیانتوانی بەرگەی بەرپەرچدانەوەی سۆفیان بگرن و شکاین. من بۆخۆم زۆرم هەولدا کە لەشکر نەشکێت، سێ جۆره‌چەکم گۆڕین، هەر سێکیان بە دەستی من کاریان نەکرد. ئەو کاتی گۆتم ئەو جارەیان ئێمە سەرکەوتوو نابین. واباشترە پشت بدەین و بەرۆکی شەڕ بۆ سۆفیان بەجێ بهێلین هەتا خەسارەتمان زۆر زیادتر نەبێت. بۆیە ئێمە دەزانین کە هێزێکی ئیلاهی بوو لەشکری سۆفییەکانی شێخ ڕەشید بەسەر ئەو شەڕدا زال بوون. 

لێرەدا پرسیار و وەلامیان تەواو.

ئەو شەوی لە گوندی ئێمە مانەوە. ڕۆژی پاشتر سێ تفەنگی وەک بەخشیشی خزمەتکردن بۆ گوندیان بەجێ هێشتن و بەرە و دەشتی بەرازگر کەوتنە ڕێ. بەلام هەر وەک لەناوەخۆیان سیخوڕی دەولەتی عێڕاقیان هەبوبێت و یەکسەر ئاگاداری هێزی حکومەت کرابێتەوە کە سێ تفەنگیان بۆ ئێمە بەجێ هێشتون. دوو ڕۆژ پاش دەرچونیان، هەیتە(پۆلیس)ەکانی حکومەت هاتن و داوایان لێ کردین کە ئەو سێ تفەنگانەی مەلا مستەفا بەجێی هێشتوون، تەسلیمیان بکەین. ئێمەش لە سەرەتا حاشامان کرد کە هیچ تفەنگێک بۆ گوندییان بەجێ هێلرابن. بەس ئەوان تەواو زانیاریان لەبەر دەست بوو. چەند کەسێکی گوندییان گرتن و لە پێچەکیاندان و گۆتیان، "هەتا هەرسێ تفەنگمان تەسلیم نەکەن، بەرتان نادەین." ناچار هەرسێ تفەنگەکانی بەخشیشی مەلا مستەفامان تەسلیم کردن، ئەوجا وازیان لێ هێناین. 

ماویەتی

وێنەکان وەرگیردراون.

Tuesday, January 25, 2022

گێڕانەوەی باپیرم ١٩٣٠ و ١٩٣٢ (٣)



پاش ئەوەی بە برینداری لە هێشربەرانی مەلا مستەفا بارزانی دەرباز بوین،
لە لایەن خەلکی دلسۆز و مرۆڤدۆستەوە هەولدرا یارمەتی برینداران بدرێ و چارەسەریان بۆ بکەن. بەس چونکی لەو ناوچە شاخاویەدا، هیچ دەزگا و بنکەیەکی تەندرووستی و داوودەرمان و برینپێچ نەبوون، تەنها حەکیم و لوقمانی کوردەواری و نەخوێندەوار و پشتبەستە بە دەرماناتی کوردەواری و گیاوگۆل هەبون. بۆیە بەشێک لە بریندارەکانیش گیانیان سپارد و مردن. هنده‌کیشیان سەقەت و کەم ئەندام بون.


بەلێ باپیرمان حەمەد خەما، هەتا لە مانگی دووی سالی ١٩٩١ کۆچی دوایی کرد، دەستی ڕاستەی هەر بە سقەتی مابووەوە. باپیرمان گۆتی، "عەبدوللای برینداری ته‌مه‌ن سێ سالی چاک ببووەوە. بەس هەتا تەمەنی هەرزەکاری ئەو ترس و تۆقاندن و برینداربونی لێ ببووە حالاته‌کی دەروونی و لێی جیا نەدەبویەوە. هەردەم شەوان لە خەودا ڕادەچلەکی و هاواری دەکرد. هەتا بەهۆش دەهاتەوە و دەهاتەوە سەرەخۆی. بەو حالاتی دەروونییەوە ژییا. هەتا لە سالی ١٩٤٧ لە تەمەنی ١٩ سالیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد". باپیرمان هەرجار باسی بۆ دەکردین و دەیگۆت "کە عەبدوللا جوانەمەرگ بو، ڕۆژانە لە شوانیی کە بە تەنیا دەمامەوە، چینە گریانێکم بۆی دەکرد". دەیگۆت، "ڕۆژێک لەوبەری شیوی ڕەنیان لە چختە چیای سەرهێلین (سەرهێلین تیرە چیایەکە لە بەینی گوندەکانی جۆرت و بەنێ) لەسەر تاتە بەردێکی بەرز دانیشتبوم و دەگریام. لە گریاندا بۆریشکەم لێکەوت، واتە خەوتم. عەبدوللا هاتە خەونم و گەنجێکی ئەوەندە جوان و نورانی بوو، چاوت لێی نەدەبونەوە. بەو جوانەیەی خۆی هاتە لام و دەفێکی بەدەستەوە بوو، پێیگۆتم "(بابۆ ئەوە چییە ڕۆژانە چینە گریانێک دەکەیی و جێگای من ناخۆش دەکەی". خودا شاهێدە واز لەو گریانە نەهێنی، کەوە دەفێکت لەسەری دەدەم کە هەتا مابی، بە هێڕی بژیێی)". لە قسەکانیدا دەیگۆت، "لەگەل عەبدوللا وای پێگۆتم، یەکسەر خەبەرم بووەوە و چاوم گێڕان و دەبینم ئەوە خەونە". ئیدی جار جارە کە باپیرمان شتی لەبیر دەچوو، یان سەرئێشەی دەگرت، یەکسەر دەیگۆت دلنیام عەبدوللا لەو خەونیدا کەوە دەفی لەسەری دایمە، بۆیە گێژم و شتم لەبیر نامێنێ".

باپیرمان درێژەی دایێ و گۆتی؛

"بەلێ چەند مانگێک لە کۆلانان و تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی ماینەوە بەبێ مال و حال هەتا برینەکانمان ساڕێژ بون و پاشان گەڕاینەوە ناو گوندە خاپور و وێرانه‌كه‌مان، جارێکی تر دەستمان دایەوە ئاوەدان کردنەوەی.
بەس دیارە مالی بارزان لە خوێنی جۆتیارانی سادە و هەژاری دەڤەرەکەمان تێر نەبون. بەتایبەت هەولی کووشتنی چەند کەسێکیان دەدا کە پێشتر دەستیان لە گرتن و چەککردنی مەلا لێڕی و هه‌والەکانیدا هەبوو.(مەلا لێڕی و هەوالەکانی ئەوانە بون کە لە پاییزی ١٩٢٩ هاتنە گوندی بەنێ بۆ شانەیی و ئێمەیش لەچەکمان کردن و شانەییمان پێنەدان بۆ شێخ ئەحمەد بارزانیی ببەنەوە) ئەوانیش یەکیان لێ من بوم. دوو سال پاشتر، لە ١٩٣٢ چللەی زستانێ، من و خۆش کاکۆ ( خۆش کەسەکی خەلکی گوندی به‌نێ و دراوسێمان بوو و ناوی خۆش بوو) بە سەردان چوبوینە گوندی ئێشمێ. نازانین کو هەستیان کردبوو کە ئێمە لەوێین، نیوە شەو لە ناکاو بووە چرت و فرت و گۆتیان لەشکری بارزان بەسەر گوندیان داگرت. دیسان ئێمە بێ چەک بووین. ئەوانیش بۆ گرتن و کووشتنی ئێمه‌هاتبوون. من و "خۆش كاكۆ" ته‌نگاو بووین و نەمانزانی چۆن ئەمجارە خۆمان ڕزگار بکەین. هه‌ولیندا کە بەڕێگایەک لە دەستیان قوتار بین. پیرە ژنێک بە ناوی مسری هەبوو. چووین گۆتمان خۆمان لە مالی پیرە ژنەکە حەشار دەدەین و دەشارینەوە. لەوانەیە خەیالیان بۆ ئەو مالە نەچێت و نەمان دۆزنەوە. ئەویش پیرەژن لێمان هەلگەڕاوە و کردیە هات و هاوار و گۆتی، "ئەگەر هنۆكه‌ لێرە نەڕۆن، بانگی لەشکری بارزان دەکەم و پێیان دەلێم کە ئێوە لێرەن." ناچار بووین، بەو سەرماوسۆل و بەفر و بەستەلەک، من و خۆش لە گوند دەرچووین. هەتا چیای هنداو (لە بلندایی) شیوی كۆلان (ناوی شیوەکەیە) خۆمان نەگرتەوە. (شیوی كۆلان، وه‌ك گه‌لیه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئاوه‌ڕۆی دۆلی ناوچیانی چیابه‌ن به‌و گه‌لیدا دێته‌خوار. زستانان هه‌تا هاوینی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌وه‌نده‌ بۆشه‌، ڕوبارێكی ئاوی پێدا دێته‌خوار و له‌گه‌ل ڕوباری ده‌شتی به‌رازگر خۆی لێك ده‌داته‌وه‌.) لەوێ لە بن شاخێک ماینەوە. هەتا بەیانی نه‌وێرامان ئاگر هه‌لكه‌ین، نه‌وێرامان بچینەوە‌ ئاوه‌دانی. ئەو شەوی به‌فر و به‌سته‌له‌كه‌كی زۆر سه‌خت و سڕ و قەڕسی بوو. هەردووکمان له‌ناو ئه‌و به‌فر و به‌سته‌له‌كدا، پێمان سڕبردی بون. من په‌سته‌كی خۆمم دڕاند و له‌پێیه‌كانم ئالاند هه‌تا به‌ته‌واوی سڕ و سه‌قەم سقە‌تم نه‌كات. لەشکری بارزانیش سەرجەم مالەکانی گوندیان پشکنی بون. دوای ئەوەی کە زانیانبوو ئێمە لەوێ نەماوین بەرە و پاش گەڕابوونەوە.

ئیدی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ململانێ و بەربەرەکانێ لە بەینی تابعەکانی شێخ ئەحمەد بارزانی و سۆفیەکانی شێخ ڕەشید لۆلانی لە زیادبووندابوو. هەر کە لە یەکتریان هەلدەکەوت، بەبێ کووشتن و مال سووتاندن وازیان نەدەهێنا. هه‌م شێخ ڕه‌شید لۆلانی و هه‌م شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی هەردوولا مرید و مەعسوبی فیداکار و گیان لەسەر دەستیان هەبون بۆ مل شکاندنی خەلکی ڕەش و ڕوت و ناهۆشیار به‌ده‌ستی یه‌كتری. تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی لە هۆزی برادۆست و لە دەڤەری برادۆست بوو. بەس سۆفی و تۆبەکاریان هەبون لە هۆزەکانی برادۆستی، هەرکی، گەردی و پەل و پۆیان هاوێشتبوو هەتا دەڤەری بالەکایەتی و ڕواندز و دەڤەری شەمزینان و ئه‌ودیو سنوری ئێران.

تابعەکانی شێخ ئەحمەد بارزانیش هەر ئەوتۆ پێک هاتبوون لە زۆربەی “گەردیی بەڕۆژی، مزوری بالا، دۆسکی، شێروانی و بەشێک لە برادۆستان کە دەکاتە تیرەی دۆلەمەڕیان و هتد. هەر چەندە شێخ ئەحمەد بارزانی دەستی بە پیلانی تێكشکاندنی هۆزی برادۆست و تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی کردبوو، بەلام هۆزی برادۆست زۆر بون و سۆفی و تۆبەکاری تەکیەی شێخ ڕەشیدیش زۆر بە بڕوایەکی بتەوی ئایینیەوە بەرگریان دەکرد. بۆیە، ئاسان نەبوو بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی کە بتوانی جێگا بە برادۆستان و تەکیەی شێخ ڕەشید لەق بکات و دەرەقەتیان نەدەهاتن. دوای بەسەردا گرتن و کوشتاری بەسەر گوندی ئەلموشێیاندا هینای، ماوەی دە هەتا چواردە سالان، پاشتر هەردەم له‌شكری بارزان لە هێرشبردن بۆ سەر برادۆستان، توشی شکەست و خەسارت دەبون و زەفەریان پێدا نەدەچوون.

بەس کە مەلا مستەفا بارزانی هێزی پەیدا کرد و لە لایەن بەشێکی زۆر لە کورد وەک سەرکردەی کوردایەتیی هاتە ناساندن. مەلا مستەفا و شێخ ئەحمەد بارزانی، هێزی کوردیان لە بەرژەوەندی بنەمالەیان و بۆ تەپەسەرکردنی هۆزەکان و نەیارانیان بەکار هێنا و توانیان چەندین جار، هێرش بکەنە سەر هۆزی برادۆست و خەسارەتی زۆری گیانی و مالی و مەعنەویان لێ بدەن.

ماویەتی!

وێنە لە گوگل وەرگیراوە.

Monday, January 24, 2022

گێڕانەوەی باپیرم (٢) شەڕی ئەلموشێ

 بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای ئاگادار كردنی شێخ ڕه‌شید لۆلانی، ئێمه‌ی خەلکی گوندی بەنێ هەر لەژیانی خۆمان و مال و خێزانمان تەئمین و دلنیا نەبووین. لەبەر هندێ سەرەتای سالی ١٩٣٠ گوندی بەنێمان چۆل کرد و هەموومان  هەلاتین و چووینە گوندی ئەلموشێ و لەوێ دەستمان بە شینایی و کەسابەت کرد. ئێمەی جۆتیار، بەهۆی دەستکورتی و نەبوونییەوە، زۆربەمان توانامان نەبوو تفەنگ بکڕین و چەکمان نەبوو. تاكوتوكی گوندیانمان چەکدار بوون. ئەوانەی چەکیان هەبوو، بە تفەنگەوە دەهاتنە ناو کار و کەسابەت. چونکی پەلاماردانی جۆتیارانمان لە لایەن لەشکری شێخ ئەحمەد بارزانی،یەوە، چاوەڕوانکراو بوو.

گێڕانەوەی باپیرم (٢)

شەڕی ئەلموشێ:

لەبۆ هاوینی ١٩٣٠، مەلا مستەفا بارزانی پالپشتیی ئەحمەد ئاغای مێرگەسۆری لەشکرێکی زۆر و پڕ چەکیان هینابوو.  خۆیان کردبووە ڕێبوار و بە شێوەیەک کە گوندیان هەست نەکەن بۆ قڕکردنی ئەوان هاتون. بەیانی زوو گوندی ئەلموش،یان گەمارۆ دابوو. به‌قسه‌ی خۆیان، به‌دوای گرتنی مامندی كه‌كیدا هاتبون. چونكی مامندی كه‌كی له‌دار و ده‌سته‌ی بنه‌ماله‌ی بارزانی پشتڕێ و ئه‌شقی ببوو. به‌س مامند،یان پێ نه‌گیرابوو. پوخته ‌ڕویان دابووه ‌گوندی ئه‌لمۆشێ. بە وردی چاودێریان کردبوو هەتا بزانن چەند کەسی چەکدارمان هەن.  خۆیان مەلاس دابوو هەتا دانی نیوەڕۆ. جۆتیارانیش بەیانی زوو ڕوویان لە کار و کەسابەت و شەنەبا و ئاودێری و بژارە دەکرد.  من و مستەفا عومەر میرۆمەری ئەو ڕۆژی لە ڕۆخ مالان ئیشمان لەسەر جۆخین دەکرد. من چەکم نەبوو. مستەفاش تفەنگ و ڕەختی لە سەر جۆخینێ بە دارێکەوە هەلواسی بوون. من و خەمێ کچێکی شەش سالی و کوڕێکی سێ سالیمان هەبوون. هەردوو مندالەکانمان لەناو مالێ بوون. خه‌مێ مندالی كردبونه‌عایدی من بۆ قال لێكردن و بۆخۆی چوبووه ‌ده‌ره‌وه‌ی گوندی بۆ دار هێنانی ئاگردان و خواردن پێ لێنان. لەناكاودا، لە هەرچوار لاوە دەستڕێژی کوللەیان لێ کردین و هەر یەکەمان بۆ لایەک ڕاپەڕین. من هەر ئەوەندەم ئاگا لێبوو، مستەفا دەستی هاوێشتە تفەنگەکەی، یەکسەر گوللەیەکیان لێیدا و زۆر بە سەختی بریندار بوو. ئەو بە برینداری شۆڕ بوویەوە بۆ خوار گوندی. منیش بە ڕاکردن خۆم گەیاندەوە مالێ و کوڕەکەم لە پشتی خۆم دا و دەستی کچەکەمم گرت بۆ ئەوەی بتوانم خۆم و مندالەکانم ڕزگار بکەم. لەگەل دەرچونم لەمالێ، تفەنگه‌کیان لێ داین، من و کوڕەکه‌م هەردووکمان بریندار بووین.  ئەو تفەنگەی لێمانیاندا، ڕانی کوڕەکەمی سمت و دەستی ڕاستەی منیشی شکاند. بەهەرحال، سەرەڕای خوێن لەبەرڕۆیشتنێکی زۆر و ترس و هیلاکەت، لەتاو ڕوحی شیرینمان لە ڕاکردن بەردەوام بووین و توانیم گیانی خۆم و مندالەکانم لە مردن دەرباز بکەم. ئەوەی تفەنگی لێداین گۆتیبوو،" فیشەکێکم لە سۆفییه‌ک داوە، زۆری لەدوو ڕۆیشتم، هندی بەرازێک خوێنی لێ ڕژاوه‌و نەکەوتووە." به‌ڕێوه ‌له‌هه‌لاتن هه‌ر دلی كچه‌كه‌مم ده‌دایه‌وه ‌و ده‌مگۆت، هیچ نییه ‌مه‌ترسه ‌هیچمان لێناهێت. كچه‌كه‌م له‌ده‌می وه‌رگرتم و  "گۆتی، قونت جوانه ‌قون" تۆمه‌ز خوێنی ده‌ستم و خوێنی ڕانی كوڕه‌كه‌م به‌پشت و ڕانانمدا هاتبووه‌خوار، ئه‌ویش له‌دوم ده‌ڕۆیشت و خوێنه‌كه‌ی ده‌بینی، بۆیه ‌ئه‌و قسه‌قه‌له‌وه‌ی له‌ده‌م ده‌رچوو، تانه‌یه‌كی له‌جێی خۆی لێدام. من و خەمێی خێزانم یەکترمان نەبینییەوە. دیارە لەگەل دەستپێکی شەڕ، خەمێ دار کردنی بەجێ هێشتبون و بەرەو مالێ گەڕابووەوە لەتاو ڕوحی مندالانی و نەیزانیبوو کە من مندالم دەرباز کردینە. بەس باشیەکە ئەوە بوو، ئەو سەردەمی لەشکرە خێلەکییەکان هیچیان بە ژنان نەدەگۆت و خۆیان تێنەدەگەیاندن. لەو زەمانیدا باو بوو، ئەگەر کەسێک وەلامی ژنێکی دابایەوە دەگۆترا ”سەگ بە سەگایەتیی خۆی بە ژنان ناڕەوی (ناوەڕی) دیارە ئەو کەسە لە سەگیش گلاوترە بۆیە وەلامی ژنان دەداتەوە“. واتە پیاو سالاریی ئەوەندە بەرز بووە، ژنیان بە هیچ نەدەخوێندەوە.


بێینەوە سەر باسی مستەفا عومەر میرۆمەری:


کە بریندار ببوو، بە خوێنگەرمی ڕۆیشتبوو هەتا کەندێکی خوار ئەلموشێ. له‌وێنده‌رێ برینی سارد ببوونەوە و هێزی لێ بڕابوو و کەوتبوو. لەو کاتی دایکی گەیشتبووە سەری و دەستی بە گریە و هاوار کردبوو، تفەنگی لەدەست دەرهێنابوو و لەژێر پەلکەدار و درەخت شاردیبووەوە دایكی به‌و نیازه ‌تفه‌نگی شاردبوویه‌وه‌، هه‌تا چه‌كی له‌به‌ر ده‌ست نه‌بێت به‌لكو به‌بێ چه‌ك تەواوی نەکەن نه‌یكوژن. مسته‌فا كه‌سێكی خۆشمێر و چاونه‌ترس و شه‌ڕكه‌ر بوو. هەرچەندی مستەفا بەنالاندنەوە گۆتیبوو، "دایە تفەنگەکەم وێده‌ره‌وه‌، من هەر دەمرم بەلکی بتوانم پێش کۆتایی ژیانم کەسێکیان لێ بکوژمەوە." دایک تفەنگی وێنەدابوەوە. له‌و كه‌ین و به‌ینیدا  لەشکری بارزان گەیشتبوونە سەری. دیارە ئەو کاتەی گەیشتبوونە سەری خەریکی هه‌زنگ و گیاندان بووە. ئەوانیش ئەوەندە لە دەورەی سوڕابوون و دایک لێیان پاڕابووەوە کە تەواوی نەکەن، تفەگەکەیان دۆزیبووەوە و بردیانبوو. بەس بەداخەوە هه‌ر دوای چه‌ند خوله‌كێک گیانی شیرینی دەرچووبوو و دایكی به‌گریانه‌وه‌ له ‌سه‌ر تەرمی بێگیانی مابوویه‌وه ‌هه‌تا هاوار گه‌یشتبووه ‌سه‌ریان. مستەفا تازە زاوا بوو. دوای کوژرانی بەگۆی هاوژینی مندالێکی پاشبابی پەیدا ببوو و بە باوکی ناو کرابویەوە.


ئەو ڕۆژی لەشکری بارزان حەفت کەسیان کووشتن. حەفت هەشته‌کیش بریندار بوون. لە بریندارەکان یەکیان من بووم. یەکیشیان کوڕەکەم، عەبدوللای تەمەن سێ سالی، بوو. لەوکاتەی کە لە هێرشبەرەکان دوور کەوتینەوە، جل و بەرگەکانی خۆمم دڕاندن و برینەکانی خۆم و کوڕەکەمم پێ پێچان هەتا خەلکانی گوندەکانی تر گەیشتنە هانامان و یارمەتیان داین. لەشکری بارزان تێکڕای مالەکانی لە ئەلموشێ بوون، تالانیان کردبوون.  لەپاش دەست وەشاندن، گوندەکەیان بەجێ هێشتبوو و بەرە و ناوچەی ژێر کۆنتڕۆلی خۆیان گەڕابوونەوە.

ماویەتی!

وێنەکە لە گوگل وەرگیردراوە.

Sunday, January 23, 2022

گێڕانەوەی باپیرم: سال ١٩٢٩


سه‌ره‌تای فیتنه‌ی به‌ینی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و شێخ ڕه‌شید لۆلانی. ده‌كرێ پێش ئه‌و كاتیش ئاژاوه‌و ململانێی كه‌م كه‌م هه‌بوبێت، به‌س نه‌گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئاسته‌ی هێرش كردنه‌سه‌ر یه‌كتر و وێران كردنی یه‌كتری. پاییزی سالی ١٩٢٩ شێخ ئەحمەد بارزانی چوار کەسی لە ڕەشەکەکانی خۆی ناردنە گوندی ئێمە، گوندی بەنێی خواکوڕک. گوندی به‌نێ له‌قه‌د شاخی به‌رزی چیابه‌نه‌. ڕووی ده‌كه‌وێته‌ڕۆژهه‌لات، بەری لە گوندی شۆشنه‌ و چیای دێل،یە. ده‌كه‌وێته‌به‌ینی گونده‌كانی جۆرت و ئێشمێ. ئه‌و ڕه‌شه‌كانه ‌ناردرابوون بۆ ئەوەی شانەیی  (زەکات) لە جۆتیارانی گوندی بستینن و کۆ بکەنەوە بۆ ته‌كیه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی. جۆتیارانی ئەو گوندە، زۆر لە بارێکی ناهەموار و کەمدەرامەت و داهاتدا دەژیان. سەرەڕای دەستکورتی و نەبوونی و ژیانی دژواریان، هەموویان زەکات و سەرفترەیان دەدانە تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی و لە توانایاندا نەبوو شانەیی بدەنە کەسێکی تر لە دەرەوەی دەڤەرەکەیان. هەر ئەوتۆ هۆزی برادۆست، زۆربەیان بە قەناعەتەوە لەگەل تەکیە و بیروباوەڕی شێخ ڕەشید لۆلانی دابون و زەکات و سەرفترە و خێراتیان بۆ ئەو تەکیه‌و حوجرەی خوێندنی ئایینی سەر بەو تەکیه ‌دەناردن.


ئەو چوار کەسەی لە لایەن شێخ ئەحمەد بارزانییەوە ناردرابوون، قسه‌كه‌ر و بڕیارده‌ریان مه‌لا لێڕی بوو. داوایان لە جۆتیارانی گوندەکەمان کرد کە هەر یەکەی دەیەکی، واتە لە نۆ شت، دەیەمینیان بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی کۆ بکەنەوە و تەسلیم بەو چوار کەسە بکرێت. واتە، گەنم، جۆ، گەنمە شامی، هەرزن، تالە، شەدانی، قونجی، برنج، ماش، نۆک لۆبیە، و مەڕو مالات و هەتا دوایی. لە هەر هەمووی دەیەکییان دەویست. جۆتیارانی گوندیش لەگەل ئەو چوار کەسە بە سەرکردایەتی مەلا لێڕی، کۆبوونەوە و پێیان گۆتن، "بە داوای لێبوردنەوە، ئێمە زەکات و سەرفترەمان بۆ تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی ناردوون و لە تواناماندا نییە و ناتوانین سالێ دوو جار شانه‌یی بده‌ین. به‌تایبه‌تیش ناتوانین بۆ هیچ تەکیه‌یەکی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كه‌مان بنێرین." دیاره ‌مەلا لێڕی و هه‌ڤاله‌كانی فه‌رمانی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانییان له‌به‌رچاو گرت نه‌ك بارودۆخی ناهه‌مواری جۆتیاران. بۆیه ‌دەستیان كرد بە گەف و گوڕ و خۆسورکردنەوە و داڕسانە هندەک جۆتیاران و گۆتیان، "دەبێ هەر کەسێک بەبێ خۆبادان و دواکەوتن، شانەیی بهێنیت و تەسلیممان بکات، ئەگینا هەر یەکتان دوا بکەوێت، دارکاریی دەکەین و بە کەیفی خۆمان شانەیی لە مالەکەی هەلدەگرین."


بەو شێوە جۆتیارانی ئەو گوندە لەژێر زەخت و زۆری ئەو چوار کەسە، هیچ ڕێگەیتریان لەپێش نەما، بە ناچاری ئێمەی جۆتیار بە دزیی ناردراوانی شێخ ئەحمەت بارزانییەوە مشورەتمان کرد و بڕیارماندا کە به‌ناوی نانخواردنی نیوەڕۆوە بانگیان بکەینە مالی شێمەد و هەرچواریان چەك بکەین و شانییان پێ نەدەین. هەموو جۆتیارانی گوندی ڕازی بوون لەسەر ئەو بڕیارە و پیلانه‌كه‌مان سه‌ری گرت. لەو کاتەوەی ئەوان هەرچوار هاتنە ژورێ، خۆمان پێدادان و لە چەکمان کردن. لەناو دەستی ئێمەدا، مەلا لێڕی خۆی بچوڕیەوە و خەنجەرێکی لە مهاجیر شۆشنەیی دا.  باش زیندەی نەگرت، مهاجیریش قونداغە تفەنگه‌کی لە ناو چاوانی مەلا لێڕی دا و یەخستی. کە لە مەلا لێڕی دراو کەوت، ئەوانیدی زانییان خۆیان بجولێنن دەئێشێندرێن، بۆیە هیچ خۆیان نەجولاند و ڕەختەکانیان لە پشتێ کردەوە و دایانە دەستی جۆتیاران. هەرچوار کەسین بە دەست گرێدایی و چەک کراوی هناردنەوە بۆ بارزان و پێمان گۆتن، "لە تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی بترازێ، ئێمە ناتوانین شانەیی بدەینە کەسی تر.  ئینجا تکایە جارێکی تر بۆ شانەیی ڕوو مەکەنەوە گونده‌كه‌مان.“ 


بەس مالە شێخی بارزان لە خۆیان زیادتر حەزیان بە هەبوونی کەسی تر نەدەکرد و هەردەم هەولیان دەدا کە هەموو هۆزەکانی ئەو دەڤەرانە تەسلیم بە ئەمر و فەرمانی ئه‌وان بن و خه‌ریجی و شانه‌یی بده‌نه‌ دیوان و ته‌كیه‌ی بنه‌ماله‌ی بارزان. ئەوەی تەسلیم بەوان نەبێت، تەپەسەر بكرێن و لەناو ببرێن.  بۆیە لەسەر ئەو گرفتە، کەوتنە عێناد و غەزەب و تەگبیر کردن و گۆتیان، "دەبی جۆتیارانی گوندی بەنێ قەتل و عام بکرێن و خاک و خۆلی ئەو گوندەش بە گوندەکانی دەوروبەره‌وه ‌بسوتێندرێن".


ڕۆژانە گەف و گوڕمان پێ دەگەیشتن و هێدی هێدی دەستیان دەهاویشتە خەلکانی برادۆست، هەر کەسێکیان بەبەر دەست کەوتبا، سوکایەتیان پێ دەکردن و دارکاریان دەکردن. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سۆفی و ڕیشدار بون.  هەتا دەهات ئاگری ئاژاوەگێڕیان گەشتر دەبوو. زیادتر دەست درێژیان دەکردە سەر خەلکی برادۆست. چونكی سۆفیه‌كانی شێخ ڕه‌شید لۆلانی سه‌رجه‌میان نوێژكه‌ر بوون. وه‌ك نیشانه‌ی تۆبه‌داری، ڕیشه‌كی قه‌له‌م كردیان ده‌هێشته‌وه‌. هنده‌كیشیان، ته‌واو ڕیشیان ده‌هێشته‌وه‌ و خشتیان نه‌ده‌كرد. دیاره ‌شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و تابعه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر قێزه‌ون پڕوپاگنده‌یان دژی سۆفیه‌كانی شێخ ڕه‌شید لۆلانی كردبوو. بۆیه ‌ڕقئه‌ستوریان گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئاسته‌، كه‌هه‌ر سۆفیه‌ك كه‌وتبا ده‌ست له‌شكری بارزان، سه‌ره‌ڕای ئه‌شكه‌نجه‌دان، ڕیشیان ده‌تراشین و سه‌ر و سمێلیان لێ هه‌تك ده‌كردن. چووبانه ‌سه‌ر هه‌ر ماله‌ سۆفیه‌ك، به‌رمالی نوێژیان لێ ده‌ستاندن و له‌به‌ر چاویان، میزیان پێدا ده‌كرد و ده‌یان سوتاندن.  ئێمە ئەوانەی گوندی بەنێ، چەند کەسێکمان ناردنە لای شێخ ڕەشید لۆلانی و پێمان ڕاگەیاند کە مالی بارزانی بەدوای هەلێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لەناومان بەرن.  بەس شێخ ڕەشید بەبێ ئەوەی هیچ هێز و پارێزگاری و چارەسەرییه‌ک بۆ گوندەکەمان دیار بکات، بەو کەسانەی گۆتبوو "(وەلایەلعەزیمە) مالی بارزانی ناتوانن هیچتان لەگەل بکەن و ئەگەر تاوانێک ئەنجام بدەن، بەسەریانەوە ناچێت. بڕۆنەوە سەر کار و کەسابەتی خۆتان“. بەس ئێمە دەمانزانی مالی بارزان چ شەڕەنگێز و بێ ویژدانێکن

بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای ئاگادار كردنی شێخ ڕه‌شید لۆلانی، ئێمه‌ی خەلکی گوندی بەنێ هەر لەژیانی خۆمان و مال و خێزانمان تەئمین و دلنیا نەبووین. لەبەر هندێ سەرەتای سالی ١٩٣٠ گوندی بەنێمان چۆل کرد و هەموومان  هەلاتین و چووینە گوندی ئەلموشێ و لەوێ دەستمان بە شینایی و کەسابەت کرد. ئێمەی جۆتیار، بەهۆی دەستکورتی و نەبوونییەوە، زۆربەمان توانامان نەبوو تفەنگ بکڕین و چەکمان نەبوو. تاكوتوكی گوندیانمان چەکدار بوون. ئەوانەی چەکیان هەبوو، بە تفەنگەوە دەهاتنە ناو کار و کەسابەت. چونکی پەلاماردانی جۆتیارانمان لە لایەن لەشکری شێخ ئەحمەد بارزانی،یەوە، چاوەڕوانکراو بوو.

ماویەتی!

وێنەکەم لە گوگل وەرگرتووە.

Friday, January 21, 2022

مێژوی ڕەشی خێل و کوردایەتیی:


گوندی مه‌لا ئۆمه‌ر. ئەم نوسینە کورتەیەکە لەناو بابەتەکانی دیرۆکیی خۆمم دەرهێناوە.

پاییزی ١٩٦٢ ئێمە لە گوندی ماوەران بە یارمەتیدانی سالح ئاغای ماوەرانێ دامەزراین. بۆ بەهاری ١٩٦٣ بە فەرمانی شێخ و ئاغاواتی برادۆستی لە ماوەران هەلقەناین. کە لە ١٩٦٣ ماوەرانمان بەجێ هێشت، لەبیرمە ئێمە چەند مالێك لە گوندی مەلا ئۆمەر چادر و ڕەشمالمان گرتنەوە و بۆ کاتێکی نادیار لەوێ دامەزراین. (گوندی مه‌لا ئۆمه‌ر نزیكه‌ی ١٠ كیلۆمه‌تر له‌سه‌روی هه‌ولێره ‌ده‌كه‌وێته ‌ڕۆژهه‌لاتی جادده‌ی بۆ سه‌ربه‌ن و شه‌قلاوه ‌ده‌ڕوات پێشان جاده‌كه ‌به‌ناو گوندی مه‌لا ئۆمه‌ردا ده‌ڕۆیشت. پاش دامه‌زرانمان له‌وێ، هه‌ست ده‌كرا كه ‌ڕۆژ بە ڕۆژ پالپشتی هەندەك خەلکی هەولێر بۆ مەلا مستەفای بارزانی، ڕوی لە زیادبوندا بوو. ئەوانەی شارەزا نەبون لە سەرچاوەی گرفتەکانی بەینی بنەمالەی بارزانی و هۆزی برادۆست، وایان بیر دەکردەوە، گوایە ئەوانەی دژایەتی بنه‌ماله‌ی بارزانی دەکەن، تەنها لەسەر ئەوەیە کە مەلا مستەفای بارزانی کوردایەتیی دەکات و برادۆستیەکانیش دژایەتی بزوتنەوەی کورد دەکەن و لایەنگریی بۆ دەولەتی عێڕاق دەکەن. لەڕاستیشدا وانەبوو، بەلکو لەشکری مەلا مستەفا بارزانی ڕاوی هۆزی برادۆستیی نابوو و گوندەکانیان وێران کرابون و ناچار بون هەلبێن بۆ دەشتی هەولێر. هەر بەو ناهۆشیاریی نەشارەزایی لە سەرچاوەی گرفتەوە، بەشێک لە خەلکی هەولێر و دەوروبەری وەك دوژمن تەماشای هۆزی برادۆستیان دەکرد و وردە وردە ئەو دژایەتیی خۆی خزاندە ناو قالبی پڕوپاگندە و دەستوەشاندن و کوشتار.



وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ‌باسمان كردووه‌، گوندی مەلا ئۆمەر دەکەوێتە سەر جادەی بەینی هاوینەهەواری سەربەن (مەسیف سەلاحەددین) و هەولێر. ڕۆژانی پێنجشەم و هەینی، بەشێك لە خوێندکارانی هەولێر سواری پەستێك و یەک دوو پێکئاب دەبون و بەرە و سەیرانگەی سەربەن و ئێواران درەنگ دەگەڕانەوە بەرە و هەولێر. پاش ماوەیەك لە ڕۆژانی گەشتکردندا، خوێندکارەکان دەستیان بە شیعار گۆتنەوە کرد دژی سۆفیەکانی شێخ ڕەشید، کە نزیک دەبونەوە لە زۆمەی سۆفییان، دەیان گۆت ”هاها سۆفی کەرەکەت تۆپی“ سۆفییەکان ئەو شیعارەیان لەلا ئاسایی بوو و هیچ کاردانەوەیان به‌رامبه‌ریان نەبوو. دوای چەند حەفتەیەکیتر دەستیان کرد بە شیعاری (کێتان دەوێ لە کوردان، مەلا مستەفای بارزان). ئەو شیعارە کاری زۆر خراپی کردە سەر هەست و دەروونی سۆفییەکان. چونکی سەرەڕای ئاوارەبوونیان، کەس نەبوو توشی زەرەر و زیانی دەروونی و گیانی و مالی نەبوبێ. لەو سۆفیانەی کە لەوێ لەژێر چادران کەوتبون و گوندەکانیان بەدەستی لەشکری مەلا مستەفا بارزانی کاول و وێران کرابون و لەو دەشتە ڕوتە ژیانێکی هەجەمەرگی و دۆم ئاسایان بەسەر دەبرد.

دیارە بەهۆی ئەو بارە دەروونییەوە هندەک گەنج و کەسانی خوێنگەرم نەیانتوانی ئارامگر بن بەرامبەر شیعار و كرداری خوێنداکارەکان. لە کاردانەوەیاندا، ئێوارەیەکی درەنگ سۆفییەکان دوو کەسیان ناردنە سەر گردی هنداو پێچی خانزادێ و ئالایەکیان دابووە دەست و پێیانگۆتبون،” هەر کاتی پەست و پیکئاب لە پێچەکانی سەربەنێ هاتنە خوارێ و نزیك بونەوە، ئالاکەتان ڕاوەشێنن، ئێمە دەزانین، چییان بەسەر دەهێنین.” ئیتر پیلانەکەیان وه‌ها دامەزراند کە تڕمبێلەکانی خوێندکاران نزیك بونەوە، ئێشکگرەکان ئالایان ڕاوەشاند، سۆفییەکان دار ئەسپیندارێکیان هاویشتە جادە و ڕێگایان داخست. کە پەست و پیکئاب گەیشتنە دارەکە و ڕاوەستان، سۆفی ئەو خوێندکارانەیان دابەزاندن و وەرگەڕانێ بە دار و بەرد و کۆلەمستان، هەر خوێندکار بوو لەو دەشتاییە هەلدەهات و سۆفی بەدوایانەوە بون بە مەترەقان. هەتا زۆربەیان کەوتنە سەر خاك بە لێدان. ئەوکاتی هندێك هەر لەناو سۆفییەکان لێیان بونە بەڕەوان و لە کۆلیان کردنەوە. باپیرم گێڕایەوە و گۆتی "یەک دەستە جلکم هەبون، ئەو ڕۆژی جلکەکانیان بۆ شوشتبوم و هیشک نەببونەوە. دەستە جلکەکم لە جیرانان وەرگرتبون، ئەوانیش دەسرۆک(جەمەدانی) (ئاغەبانی)یان نەبون. لە نەبونیدا، شوتکێک (پشتبێند)م لەسەر ئالاندبوو. کە چوم بۆ بەڕەوانی، هەر خوێندکار بوو خۆی بە بەنچێلی دادەدام و دەیگۆت "قوربانت بم مام حاجی یارمەتیم بدە دەمکوژن". پاش ئەوەی خوێندکارەکانیان لەدەست سۆفییە داخدارەکان دەرهێنان و خەلك بەهانایانەوە هاتن و ئەو خوێندکارانەیان گواستنەوە بۆ خەستەخانەکانی هەولێرێ، وەك زاندرا و باس و قسە کردنی خەلکانی زۆمە وەبەر گوێی ئێمەی مندال کەوت، شەش خوێندکار بەهۆی گرانی برینەکانیان و لێدانی بێ زەمیرانەوە، گیانیان لەدەست دابوو. حکومەتی ئەو سەردەمیش، شێوەی حەلقە بوو لە پەنجەی شێخ و ئاغا و خاوەن ڕەعیەتەکاندا.

هەر ئەوتۆ حکومەت ئەو کارانەی لێ خۆش دەهات. چونکی ئاژاوەی خێلی یەکترخۆریی کورد، دەبووە هۆی پێکەوە مەژغول بون و بەر بە شەری حکومەت کردنیانەوە نەدەما. لەپاش ڕوداوەکە، ئەو شەوی پۆلیس دەورەی لە مالە سۆفییەکاندا و هەولیاندا کە تاوانباران دەست نیشان بکەن و بیانگرن. بەس هەرچی ژن و مندال و پیر و گەنجی سۆفییان هەبون، هەر هەموویان خڕۆشانە پێش هێزی پۆلیس و هەر یەکەی هاواری دەکرد، دەیگۆت،” من لێم دان.” ئیتر پۆلیس نەیتوانی هەر هەموویان دەستگیر بکەن. ناچار، گۆتیان چوار ڕیش سپیمان دەوێن بهێن قسەمان بۆ بکەن و ڕاستیەکانمان تێبگەیەنن. کە چوار کەسی ڕیش سپی چونە ناو هێزی پۆلیسەکان، هەرچواریان سواری تڕمبێلێک کردن و بەرە و هەولێریان بردن. ڕۆژی دواتر حاجی محەمەد شێخ ڕەشید لۆلانی چووە پۆلیسخانە، هەرچوار سۆفییەکانی بەردان و هاتنەوە مالی خۆیان.

پاشی ئەو ڕووداوە، سۆفییەکان لەوێ باریان کرد و ئەو جارە زۆربەیان بۆ ئەوەی لە بێ ئاویدا پەککەوتە نەبن، ڕویان لە دەو زێی کەلەکی یاسین ئاغا و هنجیرۆک و نزیک قەسرەسۆران کرد.

ئیدی ئەوە ڕوداوێکە ٥٨ سالی بەسەردا تێپەڕیوە و لە زۆربەی جیهاندا خێل و عێل تەنها وەک مێژوو یادی دەکرێتەوە، کەچی کوردانی عێڕاق خێل و عێل و ڕەعیەتیان تێدا توختر بووە و وەک سەدەکانی ناوەڕاست دیوەخان و تەکیە جممەیان دێت.


وێنەکەم لە فەیسبۆکی گوندی مەلا ئۆمەر وەرگرتووە.

Sunday, January 2, 2022

2022 Salnamey RENGÎN


لەگەل ڕێز و حورمەت بۆ تەواوی هاوڕێ و هاوزمانانی خۆشەویستمان، نەها سالنامەی ڕەنگینی ٢٠٢٢ بەرامبەر ٢٧٢٢ ئامادەیە بۆ هەرکەسەکی دەیەوێ دەتوانن لینکی خوارەوە داگرن و بیبەنە لای چاپخانەیەک و لە چاپی بدەن بۆ هەلواسین لە دیواری مالەوەتان بۆ ئەوەی مندالان و لاوان سود لە زانیاری و ناو و شێوەی سالنامەی ئینگلیزی و کوردی وەرگرن. ببورن کە ئەمسال بەهۆی مژغولی و پێڕا نەگەیشتن تۆزێک دواکەوتم لە دابەزاندنی سالنامەکە.