باپیرم لەو گێڕانەوەدا "گۆتی؛
"سەرەڕای شەڕەنگێزی و دوژمنداریش، هەرجاری بنهمالهی بارزانی و چهكدارهكانیان کەوتبانه تەنگانە و هاواریان بۆ برادۆستان هێنابا، زۆر بە سادەییەوە یارمەتیمان دەدان. کەچی هەر کاتی ئەوان بەسەر ئێمەدا زال بانە، بێ ویژدانانە هەلسوکەوتیان دەکرد".
بۆ نمونە: "حهرهكهتی قازیی محەمەد دەستی پێ کرد، شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا و هەموو هێزەکانیان پەیوەندیان بەو شۆڕشەوە کرد و چوونە ئێران هەتا شۆڕش تێک شکا. لە پاش تێکشکانی كۆماری مهاباد و گیرانی قازیی محەمەد و هاوڕێکانی، حکومەتی ئێران لە بەهاری سالی ١٩٤٧ تەنگی بە هێزەکانی شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بارزانی هەلچنی و ناچار کران کە بەرە و سێکوچکەی ئێران، عێڕاق، تورکیا هەلبێن و بگەڕێنەوە بۆ ناو خاکی عێڕاق. ئەو سێ گۆشەیەش هەمووی برادۆستن و بەبێ ڕەزامەندی ڕێگەدانی شێخ ڕەشید و هۆزی برادۆست، ئاسان نەبوو گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی عێڕاق بەرە و گوندەکانی خۆیان. بۆیە لەسەر سنوور، مەلا مستەفا قاسیدێکی بە نهێنی ناردبووە لای شێخ ڕەشید لۆلانی و داوای یارمەتی و ڕێگا پێدانیان لێی کردبوو. ئەویش پەیمانی یارمەتیدانی پێ دابوون هەتا بەناو گوندەکانی برادۆستاندا بەرە و دەڤەری شێروان و بارزان بگەڕێنەوە. لەسەر ئەو پەیمانە، شێخ ڕەشید هەم خەبەری دابووە سەرجەم گوندەکانی گەلی خواکوڕک و دەشتی بەرازگر و پێی ڕاگەیاندبوون کە خزمەتێکی باش و بە قەدر و ڕێزەوەیان بكهن و پارێزگاریان بکەن هەتا لە دەشتی بەرازگر دەربازیان دەکەن بەرە و ناوچەکانی خۆیان و لەوێ بەولاوە کەیفی خۆیانە چی دەکەن. سەرەڕای خەبەردانیش، چەند کەسێکی ڕاسپاردبون کە یەک دوو ڕۆژ پێشی گەیشتنی بارزانی و چەکدارانی، دەچونە ئەو گوندانەی دەکەوتنە سەر ڕێگە و پێیاندەگۆتن کە سبەی یان دوو سبەی لەشکریان دەگاتە ئێرە و ئامادەباشیی خۆتان پێشان بدەن و کەستان بەچاوی غەرەزەوە لەسەر ڕابردوو تێیان نەڕوانن. ئیدی گرنگ نەبوو ئێمەی گوندی چ ئێش و ئازارێکمان بەدەستی لەشکری بارزانەوە چێشتبوو. فەرمان فەرمانی شێخ ڕەشید بوو و هەموومان بڕیاری ئەومان لە شێوەی فەرمانی خوا دەزانی و جێبەجێمان دەکرد.
هەر لەسەر داوای شێخ ڕەشید لۆلانی، سەرجەم گوندەکانی برادۆست، پێش گەیشتنی لەشکری بارزان، خۆیان ئامادە دەکرد و خواردن و پێداویستییەکانیان پهیدا دەکردن بۆ پێشوازی و خزمەتکردنیان. ئەوە بوو، لە مانگی گولانی١٩٤٧ مەلا مستەفا بە زیادتر لە پێنج سەت کەسەوە گەیشتنە گوندی ئێمە، گوندی بەنێ. گوندی بهنێ ڕووه و ڕۆژههلات ههلكهوتووه، لهقهد شاخی چیابەنە. دهكهوێتهبهینی گوندهكانی جۆرت و ئێشمێ. بهرامبهر چیای دێل و گوندی شۆشنێ. ئێمەش پێشتر لەسەر فەرمانی شێخ ڕەشید، خۆمان ئامادە کردبوو. بە پێی توانامان، پێشوازیمان کردن و خواردنێکی زۆر باشمان بۆ دانان. ئێوارێ مەلا مستەفا لەسەر تاتەنوێژی پێش دەرگای مزگەفت لەگەل مەلا عەبدولخالق ئابڕی(ئاوبڕی) و ئێمەی گوندی دانیشتبوو. ئێمەش هەموومان لە دەورەیان کۆببوینەوە گوێمان دابوێ داخوا چ باس و قسەیەک دەکات. کاتێک مەلا مستەفا بە دەنگێکی بەرز گۆتی، "گەلی سۆفیا، ئاگادار بن، لەشکەر برسی و ماندییه، کەس چ تشتا ل لەشکری نەکڕیت. هەر کەسهكی بوێت تشتهكی بکڕی، ئهز پخۆ کڕیار و فرۆشیارم. هەرکەسی بێی من بازاڕ دگەل پێشمەرگەی بکهت، دێ هێتهجهزا کردن." پێشمەرگەکان زۆربەیان دەو و ددانیان کەسک ببوون هندی بەڕێوە لە برسان گیاوگۆل و پەلکەداران بخۆن. هەبوو دەچووە لای نانپێژەک، پێی دەگۆت، "یەک نانم بدێ، تفەنگەکەمت پێ دەدەم،." بۆیە مەلا مستەفا پێشتر ئەو ئاگاداریەی بهگوندیانماندا.
مەلا عەبدولخالق ئاوبڕی پرسیاری لە مەلا مستەفا بارزانی کرد و گۆتی، "ئەزبەنی، خو گوندێ بارزان ئاوەدان نییە، بەخۆت و ئەو لەشکرەوە دێ کێوەچن؟"
مەلا مستەفا، لە وەلامدا گۆتی، "مەلا عەبدولخالق، وەللایەلعەزیمە، لەو گەڕانەوەمدا، کەس نییە لێی بترسێم، تەنها ئەگەر شێخ ڕەشید پشتگیریم بکات، گوندی بارزانیش ئاوەدان دەکەینەوە. "دیسان مەلا عەبدولخالق پرسی و گۆتی، "باشە، ئەدی بۆ کۆتایی بەو ئاژاوە ناهێنن لە بەینی خۆتان، ئێوە و لەشکرتان و شێخ ڕهشید و تەواوی سۆفیەکانیش، پشتگیریی یەکتری ناکەن؟"
مەلا مستەفا گۆتی، "خودا مالی سەبەبکاران کاول و وێران بکات. ئەگینا، کەر و گۆلکی بارزانیش لێیان ئاشکرایە کە شێخ ڕەشید بەڕاستی شێخە و نابا ئێمە شەڕی لەگەل بکەین. "دیسان مەلا عەبدولخالق پرسیاری کرد و گۆتی، "چۆن لێتان ئاشکرایە کە شێخ ڕەشید، شێخێکی ڕاستە"؟ مەلا مستەفا گۆتی، "لە سەرێ ئاوێ،" (سەرێ ئاوێ ناوچەیەکە لە دەڤەری برادۆستان) شەڕێکی گران بوو لە بەینی لەشکری ئێمە و لەشکری شێخ ڕەشید. من بەشداری بەرۆکی شەڕم کرد، وامانزانی دەتوانین لەشکری سۆفییەکانی شێخ ڕەشید تێک بشکێنین و تەفروتونایان بکەین. كهچی لەشکری ئێمە نەیانتوانی بەرگەی بەرپەرچدانەوەی سۆفیان بگرن و شکاین. من بۆخۆم زۆرم هەولدا کە لەشکر نەشکێت، سێ جۆرهچەکم گۆڕین، هەر سێکیان بە دەستی من کاریان نەکرد. ئەو کاتی گۆتم ئەو جارەیان ئێمە سەرکەوتوو نابین. واباشترە پشت بدەین و بەرۆکی شەڕ بۆ سۆفیان بەجێ بهێلین هەتا خەسارەتمان زۆر زیادتر نەبێت. بۆیە ئێمە دەزانین کە هێزێکی ئیلاهی بوو لەشکری سۆفییەکانی شێخ ڕەشید بەسەر ئەو شەڕدا زال بوون.
لێرەدا پرسیار و وەلامیان تەواو.
ئەو شەوی لە گوندی ئێمە مانەوە. ڕۆژی پاشتر سێ تفەنگی وەک بەخشیشی خزمەتکردن بۆ گوندیان بەجێ هێشتن و بەرە و دەشتی بەرازگر کەوتنە ڕێ. بەلام هەر وەک لەناوەخۆیان سیخوڕی دەولەتی عێڕاقیان هەبوبێت و یەکسەر ئاگاداری هێزی حکومەت کرابێتەوە کە سێ تفەنگیان بۆ ئێمە بەجێ هێشتون. دوو ڕۆژ پاش دەرچونیان، هەیتە(پۆلیس)ەکانی حکومەت هاتن و داوایان لێ کردین کە ئەو سێ تفەنگانەی مەلا مستەفا بەجێی هێشتوون، تەسلیمیان بکەین. ئێمەش لە سەرەتا حاشامان کرد کە هیچ تفەنگێک بۆ گوندییان بەجێ هێلرابن. بەس ئەوان تەواو زانیاریان لەبەر دەست بوو. چەند کەسێکی گوندییان گرتن و لە پێچەکیاندان و گۆتیان، "هەتا هەرسێ تفەنگمان تەسلیم نەکەن، بەرتان نادەین." ناچار هەرسێ تفەنگەکانی بەخشیشی مەلا مستەفامان تەسلیم کردن، ئەوجا وازیان لێ هێناین.
ماویەتی
وێنەکان وەرگیردراون.
No comments:
Post a Comment