Wednesday, February 23, 2022

ڕۆژی دووه‌می تۆپ بارانی مال و خێزان (١٢):

ڕۆژی پاشتر زۆربه‌ی خەلکی دیانا و برادۆستی بەتایبەت، هەموویان خەریکی کۆ کردنەوەی لاشە و پارچە و ئێسقانی ئەو ١٣١ ژن و مندالانە بون کە بە تۆپباران گیانیان لێ ستاندرابوەوە بۆ ئەوەی ژێرگیان بکەن. بەشێکیش بە بریندارانه‌وە مژغول بون. لەشکری کوردایەتیی لەو پیلانە نەکەوتن و شەوی دواتر دیسان دەستیان کرد بە هاونبارانکردنی زۆربەی دیانا و تەکیەی حاجی محەمەد لۆلانی.

له‌بیرمه‌ هاونێك به‌سیله‌ی ئه‌و ژووره ‌كه‌وت كه‌ئێمه‌ی مندالی تێدا بوین. ژوره‌كه ‌پڕ تۆز و بۆن باروت بوو. ئێمه‌ی مندال تێكڕا قیژاندمان و خۆمان به‌سه‌ر یه‌كتر دادا. لەپەنای تۆپباران كردنیشدا، شەوێ هێرشیان هێنا بۆ سەر دیانا و گەیشتنە ناو کۆلانەکانی مالە فەلان. بەس کە دەنگی تفەنگان نزیك کەوتەوە، ئیتر سۆفی بانگی یەکتریان کرد و دەیان گۆت،” کوڕینە هەستنە سەرەخۆ و بەرپەرچیان بدەنەوە، ئەگینا ئەوا گەیشتنە سەر مال و خێزان و ناموسمان، هەستن کاتی غیرەت و دەستهەلینانە. هەستن بە سەربلنی بمرین باشترە لەوەی ناموسمان بکەوێتە دەستی دڕوندەکان.” لەوێدا سۆفیەکان تێكڕا گیان فیدایانه ‌دەستیان دایە تفەنگان و کەوتنە هێرشبردنی پێچه‌وانه‌ بۆ سەر هێرشکەرانی چه‌ته‌كانی كوردایه‌تیی. شەڕێکی دەستە و یەخە بەرپا بوو. خەلکێکی زۆر لە هەردوو لایان کوشتی و بریندار بوون. بەس چونکی سۆفیەکان شەڕی مان و نەمانیان دەکرد، باکیان پێنەبوو چەندیتر دەکوژرێن. فیدایانە بەرپەرچیان دانەوە. هەر لەناو مالە فەلانی دیانا جەنازەیان لێ بەجێ مابون و شکەستن و پشتیاندا. لە سەنگەری شینکەکانی بادلیا و بن سەروکیانیی دیاناش لەشکری سۆفیان دەستیان بە هێرش کرد دژی لەشکری کودایەتیی ژن و مندالکوژ. ئەو شەوی هەتا سبیانێ شەڕ زۆر گەرم و گوڕ بوو. سبیانێ دیسان سۆفی لە هێرش بردنەوە نەکەوتن و هێزی دەستوەشێن لە مال و خێزانی بێتاوان، ناچار بون بالای چیایەکان ببن و هەلبێن. حکومەتیش لەبەر ئەوەی سۆفیەکان هەولی پێکهاتنەوەیان دابوو لەگەل بنەمالەی بارزانی و دەیانەویست چەکداری بۆ حکومەت نەگەن و بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانیان، بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر سۆفیان هات، هێزی حکومەت خۆیان کردبووە ماری مردی و نەجولان و بەهانەی لێقەوماوانەوە نەهاتن. بەس کە ڕۆژی دووەم بۆ سێیەم حکومەت بینیی سۆفیەکان گیانفیدایانە دەستیان بە هێرش کردووە دژی لەشکری کوردایەتیی، ئیدی ئەوانیش هێزیان جولاند و هندەک تۆپ و سەربازیان ناردن بۆ پشتگیریی لەشکری سۆفیان. هه‌ر ئەو ڕۆژی سۆفی توانییان لەشکری کوردایەتیی تێکبشکێنن و  دەستیان بەسەر ئەو کەتیبە تۆپانەشدا گرتبوو کە تۆپبارانی خەلکی سڤیلی دەشتی دیانایان پێ کردبون. لەو بەرپەرچ دانەوەیشدا، دەیان کوشتی و بریندار لە هەردوو لایاندا هەبون. ئەو دەست وەشاندنەی لەشکری بارزانی، بووە هۆی هەلوەشانەوەی گفتوگۆی ئاشتی و بێ متمانەیی هۆزی برادۆست و سۆفییەکانی تەکیەی لۆلانی بە مالی بارزانی. ئیدی لەشکری سۆفیان خۆیان قەیم کرد و سەنگەریان گرتن. لەناو مال و خێزانیشدا شین و واوەیلا و ماتەمینی بوو. سەرەڕای قڕکاریش، خەلکان زۆربەیان مال سوتایی و بێ نان و خواردن بون. خەلکانی خێرخواز بەناودا دەگەڕان و خواردن و پێداویستیان بۆ دەهێنان. بریندارەکان دەگوازرانەوە بۆ خەستەخانەکانی هەولێر.

بێسەرو بەریەک بوو کەس نەیدەزانی چ شێوە حەشرێکە. ئەوانەی لە یەکتر دابڕابون، لەگەل پێک گەیشتنەوە و یەکتر بینینەوە بە گریانەوە باوەشیان بە یەکتردا دەگرتەوە. بڕیاربەدەستانی برادۆستان هانایان بۆ حکومەت برد بۆ ئەوەی چارەسەریەک بۆ ئەو مال و خێزانە ناخ بریندار و دلشکاوە بدۆزنەوە کە نەهێلن جارێکی تر بکەونەوە بەر قڕکاری لولەی تۆپەکانی کوردایەتیی. حکومەت بڕیاریدا کە تەواوی مال و خێزانی برادۆستان بگوازرێنەوە بۆ کەلەکی یاسین ئاغا هەتا جێگا و ڕێگایان بۆ دابین دەکرێ.

هەرکەس بیەوێ بە تەواوی لەم نوسینانە و ئەو مێژووە ڕەشە تێبگات، هەولبدەن بەشە نوسینەکانی پێشتر بخوێننەوە. 

چونکی ئەوە بەشی دوازدەهەمە.

وێنەم لە گوگل وەرگرتووە و پەیوەندیی بە کارەساتەکەوە نییە.

چاوەڕوانی بەشیتر بن.

Tuesday, February 22, 2022

تۆپبارنی مال و خێزان لە دیانا (١١):

من و ڕەسول و سەمەد بزنەکانمان بەرە و مالان هینانەوە. لە نزیك مالان، کەریم مهاجر گەیشتە لامان تۆزێك پشومان هاتەوە. گۆتمان ئۆخخەی دیارە بەهانای ئێمەوە هاتووە. بەلام کەریم، لە جیاتی یارمەتی ئێمەی مندال بدات، سەمەدی برای لەگەل خۆی برد و بەرە و چەپەرەکانی شینکی بادلیان ڕۆیشتن. بە من و ڕەسولی گۆت، ”بزنەکان بەڕهەللا بکەن و بۆ خۆتان بڕۆن بۆ تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی.” کە من و ڕەسول گەیشتینەوە ناو مالان، گرمەی تۆپ و گریە و هاواری ژن و مندالان و نالەی برینداران، کەللەی سەری مرۆڤی کاس دەکەرد. بە هەر لایەكدا شەنقاومان دەهاویشت بریندارێك یان پارچە لاشەی کوژراوانی لێ کەوتبون. من و ڕەسول گەیشتینە ناو ڕیزە کەپری سەر جادە، هاونێکی لە کەپرێکدا، یەکسەر ئاگری تێبەربوو. ئێمەش سەر لێ شێواو بوین و ڕاپەڕین بۆ لای مالەکانی خۆمان. کە گەیشتینە ناو مالان، کەسی خۆمان و كه‌سی زیندوو لەناو مالان نەمابون. بۆن خوێن و باروت و دوکەل و دومان گێژی کردبوین. گرمە و بروسکەی هاونان بەردەوام بوو. کەس لە کەس نەدەبووە خاوەن و هەر یەکە و بەدوای کەس و ئەندامانی خێزانی خۆیاندا وێل بون. ئێمەش هەر بە ڕاپەڕین ڕومان لە جادە کرد و بەرە و تەکیەی مالە شێخ کەوتینە ڕێ.

گەیشتینە ناو دار سپیندار(ئەسپیندار)ەکانی ئەو ئاوەی لە دیانا دەچووە خوارێ. چەند کەسێك لەوێ هندێك لاشە و برینداریان دانابون و بە دیاریانەوە دانیشتبون. هندێکیش لە هەولی برینپێچانی زامداران دابون. ئێمەش هەر بە ڕاکردن دەڕۆیشتین. یەکێک لەوانەی لای لاشە و بریندارەکان بانگی کردین گۆتی،” کوڕە وەرن مەڕۆن بەبەر تۆپان دەکەون.”  ئێمە بەهۆی پەشوکاوی، هەر ئاگامان لە تۆپ و کوژرانی خۆمان و بانگکرنی ئەوان نەبوو. هەر بە ڕاکردن هەتا گەیشتینە نزیك قوتابخانەی سەرەتایی دیانا. لەوێ هاونێکی لەپێش ئێمەدا. لەگەل گرمە و گوڕیی بژکینی هاونەکە ڕەسول یەکسەر بەر بوەوە. من وامزانی کە ئەویش کوژرا. بەرە و دواوە ڕامکرد. نزیکەی سەد مەترێك ڕۆیشتم، دەنگێك هاتە گوێم و هەر دەیگۆت،” ڕاوەستە عیسا ڕاوەستە.” منیش ڕاوەستام دیتم ڕەسولە. ئیتر کە ڕەسول گەیشتەوە لام، ئەوەندە شەپرزە ببوین لە ترسان و هیلاکی و ڕاکردندا هەر بە خەیالمدا نەهات لێی بپرسم و بزانم بۆ بەر بوەوە و چی بەسەر هاتووە. هەر بە گریانەوە هەردوکمان ڕامان کرد هەتا گەیشتینەوە ناو ئەسپیندارەکانی خوار دیانا. لەوێ ئەوانەی پێشتر بانگیان کردین و ئێمە گوێمان نەدانێ،  یەکێك لەوان گۆتی،” وەرنە ئێرە ئێمە دەتانبەینەوە بۆ لای کەسوکارتان.” ئێمەش هەم هیلاك ببوین، هەمیش لەترسان نەمان دەزانی ڕوو بدەینە کامەلا. بەناچاری لەوێ ڕاوەستاین بە گریانەوە، هەتا شەو ڕاشکا و یەکێك لەو کەسانە دەستی گرتین ئێمەی بردین هەتا دەرگای قوتابخانەی دیانا و تەسلیمی پاسەوانەکانی تەکیەی حاجی محەمەد شێخ ڕەشید لۆلانیی کردین. ئەوانیش دەستیان گرتین و خستینیانە ناو ژورێك بێجگە لە من و ڕەسول، زیاتر لە چل مندالیتری دابڕاو لە کەسوکاریان تێدابون. پاسەوانێك دەرگای لەسەر داخستین و وەك مێگەلە کار و بەرخ هەر هەموومان بێدەنگ لە ترسان خۆمان گرمۆلە دابوو لەناو ئەو ژۆرەدا. زۆر لەو مندالانە لە هەردوو چاوان فرمێسکیان دەهاتنەخوارو دەنگیان لەبەر دەرنەدەهات. هیچ ئاگامان لە برسیایەتی و هیلاکەتی و دابڕان نەبوو. ترس و تۆقان هەموو خانەکانی لەشی داگرتبوین و مردنمان بە چاوی خۆمان دەبینی و دەستهەلاتی دەرباز بونمان نەبوو.

ئەو شەوە باپیرم بەبێ پشودان هەموو جێگایەك گەڕا بوو بەدوای مندا. چەندین جار چوبووە ناو لاشەی مندالە کوژراوەکان و منی بۆ نەدۆزرابویەوە نە بە ساخی و نە بە کوژراوی. سەردانی ئەو ژۆرەشی کردبوو کە ئێمەی تێدا بوین، بەس پاسەوانەکان دەرگایان بۆ نەکردبویەوە. 


دایکم مندالێکی ساوا و یەک دوو مندالی پیاوری لەبەر دەست بوون. لەگەل یەکەم تۆپ لێدان لەگەل ئامینەی خوشکی بەگەل برینداران کەوتبون به‌نیازی خۆیان بۆ خەستەخانەی دیانا. خه‌سته‌خانه‌ش، ئه‌وه‌نده ‌مولزیم و به‌سه‌روبه‌ر نه‌بوو كه‌ له‌گه‌ل ڕوداوه‌كان یان شه‌وان كراوه ‌و خاوه‌ن خه‌فه‌ریات بن. مه‌لا سۆفیی مێردی پلكم له‌گه‌ل یه‌كه‌م هاون، ده‌ست و قاچه‌كانی هورد و خاش ببون. 

دایكم و ئامینەی خاله‌تم خستیانبووه ‌ناو به‌تانیان و چوار چه‌نگ به‌هه‌رحال و ڕاکێشان و بلند کردن و هەلگرتن گه‌یاندیانبووه ‌دیانا. له‌وێش هیچ كه‌س لێیان نەببوه ‌خاوه‌ن و یارمه‌تیده‌ر. ناچار له‌دیار لاشه‌ی زه‌بون و بێچاره‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌ده‌ست هاتبوو، هه‌تا به‌یانی چه‌ندین به‌تانیان پەیدا کردبون له‌به‌ر خوێن له‌برینان ڕۆیشتن بگۆڕن و نەیان توانیبوو بگەڕێنەوە ناو مالان و به‌دوای منداله‌كاندا بگه‌ڕێن. 

له‌سالی ٢٠١٦ جارێك به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ل مالی مه‌لا سۆفی كرد و پرسیاری ئه‌و قڕكاری و بریندار بونیم لێ كرد. به‌ئاهییه‌كی سارد و ناخێكی پڕ له‌حه‌سره‌تی مه‌زلومه‌تیه‌وه‌، گۆتی، ئه‌رێ وه‌لله ‌ئه‌و تاوانم هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه‌. ڕاسته ‌هه‌موو ده‌ست و قاچم له‌گه‌ل یه‌كه‌م هاون، هوردو خاش ببون. خودا خێریان بنوسی، دایكت و ئامینه‌ی خێزانم و خێرخوازانیتر لاشه‌ی خوێناویی منیان خسته‌ناو به‌تانیان و بردمیان بۆ لای خه‌سته‌خانه‌. به‌س خه‌سته‌خانه‌یش نه‌بوو، ناچار بوین هه‌تا به‌یانی چه‌ندین به‌تانییان له‌خوێنی من گۆڕین و منیش شه‌لال و بێحال له‌ناو ئازار و خوێندا مام و كتك (پشیلە)‌ برسیه‌كان ده‌هاتنه‌سه‌ر برینانم و ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رم نه‌بان، ده‌ست و قاچه‌كانم نه‌مابون و نه‌مده‌توانی كتكه‌كانیش له‌سه‌ر لاشه‌ی خوێناویم ده‌ربكه‌م. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گۆتی، هه‌كه ‌خودا ڕوحی كه‌سێك نه‌بات، ناڕوات، ئه‌گینا مانه‌وه‌ی من شێوه‌ی موعجیزه‌یه‌. هه‌تا به‌یانی خوێن له‌لاشه‌م ده‌چۆڕایه‌وه‌. ڕۆژی پاشتر منیان گه‌یاندمه‌ خه‌سته‌خانه‌ی جمهوریی هه‌ولێرێ، له‌وێش، ته‌واوی لاشه‌یان له‌گێچ گرتم، سێ مانگان به‌قوردسترین عه‌زاب له‌ناو ئه‌و گێچ كردندا ژیام. دوای سێ مانگان، ئه‌وجا قالبی گێچیان شكاندو لێیان كردمه‌وه‌. كه ‌گێچه‌كه‌یان لێ كردمه‌وه‌، ده‌تگۆت له‌بن به‌رداشی ئاشی ده‌ریان هێناوم. هه‌رچه‌نده ‌هێسكه‌كان خۆیان گرتبویه‌وه‌، به‌س بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌رزشیان به‌ده‌ست و پێیه‌كانم كرد هه‌تا خوێن پێیاندا گه‌ڕایه‌وه ‌و به‌كار كه‌وتنه‌وه‌".

بابم لە چەپەرەکانی هنداو بادلیان بوو. لەشکری بارزان لەگەل تۆپبارانکردنی مال و خێزانی برادۆستان و بەخوێنی ژن و مندالان سۆرکردنی دەشتی دیانا، وایان دانابوو کە لەشکری سۆفیەکانی برادۆستان بەهۆی کوژرانی مال و خێزانیان، چەپەرەکانیان بەجێ دەهێلن و ئەوانیش بە ئاسانی دەتوانن دەست بەسەر بنكه‌كانیان و دەشتی دیانادا بگرن و ئەوانەی بە تۆپباران نەکوژرابون، بە دیل و ئەسیری دەیانگرن و سەریان دەبڕن و کۆتایی بە ژیانی زۆرینەی ئەو برادۆستانەی دەشتی دیانا دەهێنن. ئەوەبوو ئەو شەوی هێرشیان هینابووە سەر ئەو چەپەرانەی پارێزگاریان لە دەشتی دیانا دەکرد. بەس هێرشەکەیان بەرپەرچ درایەوە و نەیانتوانی سەرکەوتوو بن. بابم دەیگێڕاوە و دەیگۆت "هێرشبەران شەو لە بەرامبەرمان ئەوەندە هاتبونە پێش و دەیانەویست خۆیان باوێنە ناو خەندەکی چەپەرەکانمان. ئێمەیش بەرپەچمان دانەوە و لەخۆمان دوور خستنەوە. لەوبەری بانگیان دەکردین و دەیانگۆت بڕۆنەوە مالێ قەلیەتان حازرە". واتە گۆشتی ژن و مندالی کوژراوتان قەلیەیە.

وێنەم لە گوگل دەرهێناوە و پەیوەندیی بە ڕوداوەکەوە نییە.

چاوەڕوانی بەشکانی تر بن.

Monday, February 21, 2022

تۆپباران کردنی مال و خێزان لە دەشتی دیانا ١٩٦٥ (١٠)


لە کۆتایی به‌هاری سالی ١٩٦٥ لە دەشتی دیانا گرد بونەوە، زۆربه‌یان چادر و ڕەشمالیان گرتنەوە و بەشێکیشیان کەپر (سابات)یان دروست کردن بۆ کاتێکی دەمکی هەتا مالی بارزانی ڕێگا دەدەن و ئەو خەلکانە بەرە و گوندەکانیان بەڕێ بکەون و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی گوندە وێران كراوه‌کانیان بکەن و دەستی برایەتی و تەبایی بۆ یەکتر درێژ بکەن. تەکیەی مالە شێخی برادۆستیش گوازرایەوە ناو مەکتەبی سەرەتایی دیانا. مالی بارزانی لە پەنای گفتوگۆدا پیلانیان داڕشتبوو کە ئەگەر ئاشت بونه‌وه‌ سەری نەگرت، یەکسەر دەست لە مال و خێزانی بێ تاوانی برادۆستان بوەشێنن و ئەگەر بۆیان بکرێ بۆ هەتا هەتایه ‌تەپەسەریان بکەن و نەهێلن جارێکیتر توانای ئەوەیان هەبێت كه ‌بەرگری لە خۆیان بکەن. بڕیار به‌ده‌ستانی هۆزی برادۆستیش ئه‌وه‌نده ‌خۆشباوه‌ڕ و ئێهمال بون، بیریان له‌دڕوندایه‌تیی چه‌ته‌كانی كوردایه‌تیی نه‌كردبویه‌وه‌ کە دەست لە مال و خێزان بوەشێنن. ئێمه‌ی مندالیش له‌جیهانی تایبه‌تی خۆماندا ده‌ژیاین و ئاگاداری ناخی ڕه‌شی ململانێكه‌ران نه‌بوین. ڕۆژانه ‌زۆربه‌ی هاوته‌مه‌نان ده‌گه‌یشتینه‌وه ‌یه‌كتر و ده‌ستمان به‌كه‌لانێ، په‌لیكانێ، ماله‌سیجانێ، كێلانێ و بڕانێ ده‌كرد. له‌یاریكردنیشدا هه‌رده‌م به‌شه‌ڕ ده‌هاتین و پاشی چه‌ند خوله‌كێك پێكده‌هاتینه‌وه‌ و درێژه‌مان به‌یاریه‌كان ده‌دایه‌وه‌. ڕه‌سولی سۆفی یەحیا و سه‌مه‌د مهاجر شۆشنەیی، به‌خێر و پیاوه‌تی بزنه‌كانی ئێمه‌یان له‌گه‌ل مێگه‌لی خۆیان ده‌بردن. ئێواران دایكانمان هه‌م بێری و هه‌م كابانی، زه‌رك و تور و پارزینكیان هه‌لده‌گرتن و به‌ره ‌و بێری بزنان ده‌ڕۆیشتن. 

ئێمه‌چه‌ند خێزانێك كه‌وتبوینه‌ ڕه‌خ (ڕۆخ) یه‌كتر. هه‌ر خێزانێك چه‌ند منداله‌ هورده‌واله ‌و دوور له‌بیری تاوانی تاوانبارانی كوردایه‌تییان هه‌بون. ئێمه‌ی مندال‌، هه‌رده‌م به‌زگی برسی و به‌رگی پنی پنیمانه‌وه‌، بێعارانه ‌له ‌یاری كردن و سه‌ره‌ڕۆیی نه‌ده‌كه‌وتین و دایكانیش عه‌ودال و هیلاك و ناخ به‌سۆ به‌دوامانه‌وه‌بون. باوكانیشمان چه‌ك له‌شان بون و له‌چه‌په‌ره‌كانی هنداو ده‌شتی دیانا به‌رامبه‌ر له‌شكری كوردایه‌تیی بون به‌نیازی خۆیان پارێزگاری له‌مال و خێزانیان ده‌كه‌ن.

من و چه‌ندین مندالی هاوته‌مه‌ن و عجول خه‌ریكی یاریی چاوشێركانێ و كه‌لانێ بوین. دایكانمان زه‌رك و پارزینكیان هه‌لگرتن و ویستیان بڕۆن بۆ بێری بزنان. له‌و سه‌روبه‌ندیدا له‌سه‌ر یاری كردن، لێمان بووه ‌شه‌ڕ و یه‌كتر ڕاوه‌شاندن. دایكیشم ڕاوی نام و چه‌په‌لۆكێكی به‌سه‌ری دادام. قۆلی گرتم و له‌گه‌ل خۆی ڕایپێچام بۆ ناو بزنان. بێر كراو بزن دۆشران و بێری ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌بون بۆ مال. دایكم پاله‌ستووه‌كی پێڕانام و گۆتی، وه‌لله‌هی له‌گه‌لمان ناهێیته‌وه ‌بۆ مال و ده‌بی له‌به‌ر بزنان له‌گه‌ل ڕه‌سول و سه‌مه‌د بمینێیته‌وە. ئەوان گەڕانەوە، من و ڕەسول و سەمەد لەبەر بزنان ماینەوە. 

 لە دەوری کاتژمێر شەش بۆ حەفتی ئێوارێ، لەگەل بزنان هه‌لكشاین بۆ خوار سەروکانی دیانا. چەند کەسێك لە چەپەر(ڕەبایە)کانی گردەکانی ئەوبەری سەروکانی دیانا هاتبوونە سەر ئاوێ و خەریکی نوێژ کردنی ئێوارێ بون. له‌بیرمه یه‌كیان لێ، (ع. ن. ك) بوو. و ئێستایش لە ژیاندا ماوە. کاتێك گرمەی هاونێك هات، ئەو زەلامانەی لەسەر ئاوێ بون، بە ئێمەیان گۆت،” هەڕونە سەر ئەو گردە بزانن لە کێندەرێیدا.” من ئەو کاتی تەمەنم حەفت بۆ هەشت سالان دەچوو. لەوانەیە نزیکەی دوو سال ڕەسول لە من گەورەتر بوبێت. تەمەنی سەمەدیش لە دەوری چواردە سالان بوو. کە بە ڕاکردن چوینە سەر گردی و بینیمان تۆز لە مالەکانی ئێمە هەلدەستێ، یەکسەر من گۆتم وەللا لە ناوەندی مالەکانی ئێمەیاندا. کە ئەو زەلامانەی خەریکی نوێژکردن بون ئەوەیان لە ئێمە بیست، یەکسەر دەستیان دایە تفەنگەکان و بەرە و چەپەرەکانیان ڕۆیشتن. وەک بیستمان مالی بارزانی مقەدەم عەزیز عەقڕاوی،یان دانابوو بۆ سەرپەرشتی کردنی کەتیبەی هاونان و هاونباران کردنی مال و خێزانی سۆفییان


بێینەوە سەر یەکەم هاون 

کۆمەلە مندالێك لە بەینی مالی ئێمە و مالی مهاجر شۆشنەیی  لە بن ڕۆخی کەپری نەبی شۆشنەیی یاریی كه‌لانێیان دەکرد. پێشمەرگەی بارزانیش ڕێك هەدەفیان لەو مندالان گرتبوو. یه‌كه‌م هاون ئەو کۆمەلە مندال و مالی نەبی شۆشنەیی تێکڕا پێکان و شازدە کەس لەت و پەت و پارچە پارچە بون. مالی نەبی شۆشنەیی کەسیان بە گیان دەرنەچون. تۆپچییەکانی كوردایه‌تیی کە بینییان ڕەسەدیان زۆر ڕاست ئامانجەکەی پێکا، ئیتر بەربونە هاون بارانکردنی مال و خێزانی بێ ئاگاو بێ تاوان، هەتا نزیکەی کاتژمێر دەی شەو بەردەوام بون. بەو هاون بارانکردنە بێجگە لە برینداران، ١٣١ ژن و مندال گیانیان لەدەستدا و سەدانیش بریندار و زەندەق ڕژاو بون.

وێنەم لە گوگل وەرگرتووە و پەیوەندیی بەو کارەساتەوە نییە.

باسی ئەو کارەساتە چەند بەشێکن و بە بەرنامە دایندەبەزێنم. 

چاوەڕوان بن.

Sunday, February 20, 2022

تەکیەی شێخ ڕەشید کەوتە باداوا و ئیسکان (٩)


کە لە سالی ١٩٦٢دا برادۆست و تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی و بەگ و بەگزادەکان لە تورکیا گەڕانەوە و تەسلیمی دەولەتی عێڕاق بونەوە، لەبەر لەشکری کوردایەتیی بە سەرپەرشتیی مەلا مستەفای بارزانی، نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر گوند و ملک و مالی خۆیان، لە ئاوارەیی تورکیا گەڕانەوە و ئاوارەی هەولێر و دەشتی هەولێر بونەوە. تەکیەی شێخ ڕەشید لە هەولێر لە گەڕەکی باداوا و ئیسکان دامەزرا. سۆفیەکانیش پەرت و بلاوی گوند و دەشتی هەولێر بون و شێوەی دۆم و ڕەوەند لەژێر ڕەشمال و چادر و کۆخدا ژیانیان بەسەر دەبرد.

سەرەڕای دەردەسەری و بێجێگاییش، هەردەم دەکەوتنە بەر پەلاماری خەلکانێکی مێشک شورایەوە بە درۆ و دەلەسەی کوردایەتیی و گوایە سۆفیەکانن لێناگەڕێن دەولەتی کوردی دابمەزرێ. خەلکانی جۆتیاریش ئەوەندە بە حەسرەتی گەڕانەوە بون بۆ سەر گوندەکانیان، هەردەم گوێم لە هندەکان دەبوو و دەیانگۆت "خۆزی خۆزی ئەو جارەیش لێگەڕابان بگەڕێینەوە سەر جێگا و ڕێگای خۆمان، ئامادەین ژیان بە بەڕوو خوادن بەڕێبکەین و نانیشمان نەبێت، خەممان نابێت". شێخ ڕەشید لۆلانی تەواو عەقلییەت و دڕوندایەتیی بنەمالەی بارزانیی لەبەر چاو بوو و دەیزانی کە دەستیان بەسەر برادۆستاندا شکا، ویژدانیان نییەو وازیان لێناهێنن هەتا تەواو سەرکوت و وێرانیان نەکەن. لەبەر هندێ هیچ هەولی نەدەدا بۆ چارەسەر و کۆتایی هێنان بە شەڕی خێلەکیی بەینی خۆیان و بنەمالەی بارزانی. چونکی ئومێدی پێیان نەبوو کە ڕاستگۆ بن و دوڕویی نەکەن. بۆیە ڕۆژێک لە شێخ ڕەشیدیان پرسیبوو ” ڕات چییە ئەگەر سۆفی و مریدێکتان بچیتە ناو لەشکری بارزانی و ببێتە تابعی مالە شێخی بارزان“؟ لە وەلامدا گۆتی بوو، 

”خودا لەسەر شاهێدە سۆفیەکمان سێ جاران ببیتە جوو و بگەڕێتەوە، قبولی دەکەینەوە، بەس یەکجار ببیتە تابعی بنەمالەی بارزانی، بەهیچ ڕێگایەک قبول ناکرێتەوە“. ئیدی شێخ ڕەشید تەواو گەیشتبووە قەناعەت کە ناتواندرێ لەگەل بنەمالەی بارزانی پێکەوە بژیێن. بۆیە لە باداوا و ئیسکان مایەوە هەتا سالی ١٩٦٤، هەر لەوێ نەخۆش کەوتوو کۆچی دوایی کرد. لەناو تەواوی سۆفی و مریدەکانی تەکیەی شێخ ڕەشیددا بووە ماتەمینی و شین و گرین و مەزوب بون هاواریان دەکرد و دەیانگۆت ”سەرداری دونیا و قیامەتمان لەدەست چوو“.  جەنازەی شێخ ڕەشید ئامادە کراو بردرایە شاری موسل لە تەنیشت مەرقەدی نەبی یونس بەخاک سپێردرا. سالانە هزاران سۆفی و مرید سەردانی مەرقەدی شێخ ڕەشید و نەبی یونسیان دەکرد. لەپاش کۆچ کردنی شێخ ڕەشید لۆلانی، ئەوانەی جێگرەوەی بون، وەک وی هەلسەنگاندنیان بۆ بنەمالەی بارزانی نەکردبوو و هەردەم بەو ئومێدەوە بون کە بتوانن گفتوگۆیان لەگەل بکەن و ئاشت ببنەوە و جۆتیاران و گوندیانی برادۆست ڕێگەیان پێبدرێ بگەڕێنەوە سەر لادێکانیان و ژیانێکی نۆرمال بەڕێوە ببەن. لەسەر ئەو بیرکردنەوە، سالێک پاش کۆچ کردنی شێخ ڕەشید، هەولیاندابوو کە لەگەل مەلا مستەفا بارزانی گفتوگۆ بکەن و پێکبهێنەوە. بەس لەو هەولەدا هەر زوو بە ڕووی سەرەوەی سەرانی کوردایەتیی هەلخەلەتان و سۆفی و تەواوی برادۆستەکانیان دەنگدان کە مالان بارکەن و لە دەشتی دیانا کۆببنەوە هەتا تەواو بڕیار لە بارزانڕا دێت و دەگەڕێینەوە سەر گوندەکانمان و کۆتایی بە دوژمنداریی عەشائێری دەهێنین. ئیدی سۆفیەکانیش ئەوەندە بڕوایان بە مالە شێخ هەبوو، ئامادەبون سەری خۆیان بدۆڕێنن، بەس ئامادە نەبون فەرمانی مالە شێخ بشکێنن. هەرچی مالە سۆفی و برادۆست هەبون، بەهاری ١٩٦٥ مالیان بار کردن و لە دەشتی دیانا بار و بارگەیان خستن. هندەک ڕەشمال و خیوەتیان گرتنەوە، هەندەکیش کەپر و ساباتیان چاک کردن و تێیدا مانەوە بۆ کاتێکی کورت. بە نیازی خۆیان دایاننابوو کە بۆ هاوینێ ڕێگایان پێبدرێ و بگەڕێنەوە بۆ گوندە وێران کراوەکانیان و دەست بە ئاوەدان کردنەوەیان بکەن. هێزی کوردایەتییش هەر لە پیلان دابون بۆ قڕکاریی سۆفی و برادۆستان بەتایبەتی. لێرەدا کارەساتیان بەسەر مال و خێزانی برادۆستاندا هێنا. لە بەشی دادێت دێینە سەر باسی ئەو کارەساتە.

وێنەکەم وەرگرتووە.

ماویەتی.

Friday, February 18, 2022

گەڕانەوەی برادۆستان لە تورکیا بۆ عێڕاق ١٩٦٢ (٨):

لە پاییزی سالی ١٩٦٢دا شێخ ڕەشید لۆلانی و مەحمود بەگی خەلیفە و بەگ و بەگزادەکانی تر قراریان دابوو کە چیتر بە ئاوارەیی لە ناو خاکی تورکیادا نەمێننەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان زیادتر بە هیلاک نەچن و لە برسان و سەرمادا نەتولێنەوە. ئەو سالی شێخ محەمەد خالد بارزانی بەخۆی و تابعەکانیەوە چەکداری دەولەتی عێڕاق بون. واتە فرسان بون و لە دەوروبەری سارداو و هاودیانا و مێرگەسۆر و گۆڕەتوو و هەتا دەگاتە کێلی سەلیم خان بە لەشکری شێخ محەمەد خالد بارزانی سپێردرابوو بۆ پاراستن. کە برادۆست لە تورکیاوە گەڕانەوە و گەیشتنە دەشتی بەرازگر، شێخ محەمەد خالد بارزانی وەعدی پارێزگاریی بە برادۆستان دابوو هەتا دەگەنەوە دەشتی دیانا. بەس برادۆست بڕوایان پێ نەهاتبوو. بۆیە هەر لە دەشتی بەرازگر لەشکریان کۆ کردبویەوە و هەرچی چەکی هەبوو، هینایانبون لە بەرازگر هەتا دەشتی دیانا کە پارێزگاری لە مال و خێزانیان بکەن و نەهێلن بکەونە بەر پەلاماری لەشکری کوردایەتیی. 

شێخ محەمەد خالد بارزانی داوای دیداری لەگەل شێخ ڕەشید لۆلانیی کردبوو. شێخ ڕەشید گۆتیبوو ”پاش ئەو هەموو تاوانانەی بنەمالەی بارزانی دەرحەق بە ئێمەیان ئەنجام داوە داوای دیداریشم لەگەل دەکەن، وەلایەلعەزیمە لە قیامەتیشدا نەزەری ئێمە و ئەوان لە یەکتر حەرامە و نابێ یەکتر ببینین“. ئیدی حکومەت هەلیکۆپتەرێکی ناردبوو، هەر لە بەرازگر شێخ ڕەشید بەو هەلیکۆپتەر گوازرابویەوە بۆ ڕواندز و مال و خێزانیش قۆناغ بە قۆناغ لەوێوە بەناو لەشکری شێخ محەمد خالد بارزانیدا هاتبونە گۆڕەتوێ و مێرگەسۆری و هاودیانا و هەتا گوندی بالەکیان لەسەر گەلیی عەلی بەگ. خەلکانی دەربەدەر کراو، دابەش بون بەسەر گوند و شارەکاندا، هەر لە حەریر و باتاسەوە هەتا دەگاتە هەولێر و دەشتی هەولێرێ.

ئه‌وانه‌ی به‌و شێوه ‌ئاواره‌بون، زۆرینه‌یان ڕوت و ڕه‌جال و بێ داهات بون، بۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ته‌سلیم بونه‌وه‌یان به‌ده‌وله‌تی عێڕاق، زۆربەی پیاوه‌كانیان ناونوس كرابون بۆ فرسانی. به‌هۆی ئه‌و زولمه‌ی له‌ده‌ست بنه‌ماله‌ی بارزانیان بینیبوو، نه‌ك خۆیان به‌جاش نه‌ده‌زانی، به‌لكو وایان ده‌زانی كه‌ئه‌ڕكێكی پیرۆزه‌ چه‌ك هه‌لگرتن و پارێزگاری له‌خۆ كردنیان و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی ناڕه‌وای له‌شكری بنەمالەی بارزانی.  ئەو کاتی موچەی هەر فرسانێک ١٣ دینار بوون. حکومەت موچەی هەموو چەکدارەکانی دەناردە لای شێخ و ئاغا و بەگەکان. ئەوانیش شەش دیناریان دەدایە هەر چەکدارێک و حەفت دیناریشیان گلدەدانەوە.

ئێمە و چەند مالێکی گوندی خۆمان پاییزێکی درەنگ و سارد گەیشتینە دەربەندی شەقلاوە، بەهۆی هەبوونی مەڕ و مالاتەوە لەوێ ماینەوە. باپیرم و بابم و حاجی شێمه‌د و ڕه‌سول برایم سەردانی سالح ئاغای ماوەرانێیان کرد و داوای یارمەتیان لێی کرد. ئەویش هەولیدا، لەگەل خەلکی ماوەرانێ، چەند خانووێکیان بۆ ئێمە بەتال کردن و ئەو زستانەمان لەوێ بەسەر برد. لەو خانووانەی دایان بە ئێمە، یەکێك لێی، خانووی سەلمان ئاغای برای سالح ئاغا بو بۆی چۆل کردین. 

له‌بیرمه ‌باپیرم ده‌چووه ‌تاق و باوێشه‌كانی پشت ماوه‌رانێ، بارێكی داری جوانی ده‌بڕین و له‌كه‌رێكی ده‌نان، من له‌گه‌لی ده‌چوم، له‌دەربەندی شه‌قلاوه‌، باری دارانی به‌ ڕپیه‌ك ده‌فرۆشتن. بە پارەی ئەو بارەداران پێویستیەکانی مالێی پێدەکڕین و زیادەیش دەمایەوە.

هه‌ر ئه‌وتۆ له‌بیرمه‌ بۆ یه‌كه‌م جار بوو، ڕادیۆم له‌مالی سالح ئاغا بینی. ڕادیۆیه‌كی گه‌وره ‌له ‌شێوه‌ی سندۆق له‌سه‌ر ڕفانكه‌یه‌ك داندرابوو، كۆمه‌له‌پاتریه‌كی چوار گۆشه‌ی تەڕ له‌پشت ڕادیۆكه ‌داندرابون و به‌وایه‌ر وزه‌ی ده‌دایه‌ ڕادیۆكه‌، ئاریه‌له‌كی بۆ له‌سه‌ر بان داندرابوو، سه‌ری ئاریه‌له‌كه ‌دوو بشكۆژی فه‌خفوریی سپیی پێوه‌بون. سالح ئاغا خۆی نەبا، کەسیتر بۆی نەبوو دەست بۆ ئەو ڕادیۆ بەرێت و بەئیشی بێخیت. منی مندال چەند جارێک لەگەل باوکم و باپیرم لە دیوانی سالح ئاغا گوێمان لەو ڕادیۆ دەگرت و وام بیر دەکردەوە کە کەسانێک چوبنە ناو ڕادیۆکە و لاوک و حەیران بۆ ئێمە بلێن و لە دلی خۆمدا، دەمگۆت، چۆن جێیان بویتەوە و بەکوێدا چوینە ژوورێ!. 


له‌بیرمه ‌ئەو زستانی بەفر باری و سڕ و سەرمایەکی زۆر دژوار دەستی پێ کرد. بەهۆی ئەو سەرمایەوە، دەچووین چێچكه‌(چۆلەکە)مان لەژێر سواندەی خانووەکان دەفڕاندن. سڕ و سه‌قه‌م ئه‌وه‌نده‌ دژوار بوو، کە هه‌لده‌فڕین نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ سوانده‌یه‌كی تر، له‌سەرمان بەردەبوونەوە و دەمان گرتن و سەرمان دەبڕین.


وێنەم لە گوگل وەرگرتووە و پەیوەندیی بە نوسینەکەوە نییە.

ماویەتی

Wednesday, February 16, 2022

چاو هه‌لهێنانم به‌ژیان لەناو شەڕ و گێچەلی خێلەکیدا (7)


با لێرەوە دەست بەو شتانە بکەین کە ژیانی مندالیی منی تێدا دەست پێ کردووە.  بەپێی باسکردن لە لایەن دایك و باوکم، لە مانگی ٩ سالی ١٩٥٧ من لە سولکێی خوار گوندی بەنێی خواکوڕک لەدایك بوومە. لە سالانی ١٩٥٨-١٩٥٩ دیسان مالی بارزانی په‌لاماری گوندنشینانی ناوچەی برادۆستیان داوه‌ و دەیان جۆتیار و نەداری ئەو دەڤەرەیان غەلتانی خوێن کردووە. ئەو جارەیان مالی بارزان زۆر بەهێزتر بوون، چونکی زۆرینەی کورد وای بیر دەکردەوە ، گوایە مەلا مستەفا و دارودەستەکەی زیادتر لە ده‌یه‌یه‌ك ژیانیان لە ڕوسیای کۆمۆنیست و دژی سیستەمی سەرمایەداری بەسەر بردووە و لەوانەیە وانەیەك لەوێ فێر بووبن و لە هزر و بیری لە قالبدراوی بنەمالەپەرستی و ئاغایەتی و ڕق و کینە و تۆلەکردنەوە دەرچووبن و ئێستا بیری نەتەوەیی و ژیانی تەبایی لەناو مێشکیاندا جێگیر بووبی. بەس بەداخەوە کە کورد بەتایبەت چینی خوێندەوار زۆر بە هەلەداچوبون لە بارەی تێگەیشتن لە عەقلیەتی خێلەکیی مەلا مستەفا و بنەمالەکەی و سەرتاپای ئەو هزرانە بە پێچەوانەوە بوو لەناو ناخی ئەو بنەمالەیەدا.

ئیدی مەلا مستەفای بارزانی بە کوشتنی ٩ کاروانیی سۆفیان، وایکرد کە سۆفیەکان ئارامییان نەمێنێ و بچن لە تۆلەی کاروانییەکاندا، چواردە چەکداری بارزانی لە پردی سەرکەمێ بکوژن و بەهانە بەدەست مەلا مستەفاوە بدەن بۆ هێرشی گەورە و بەربلاو بۆ سەر برادۆستان.
هەر بەو هۆیەوە مالی بارزانی ئەو هەلەیان قۆستەوە بۆ خۆ زالکردن بەسەر ئاغاوات و هۆزەکانی ناوچەکە و پاشانیش قۆڕخکردنی حیزبی ژێر دەستیان و بەکارهێنانی لە بەرژەوەندی بنەمالەیان هەتا ئەمڕۆش، کە ئێستا سالی ٢٠٢٢ وە و هێشتا کوردان نەیانتوانیوە مالی بارزان ناچار بکەن کە ئەو حیزبە لەپێناو نیشتیمان و هاولاتیان تێبکۆشی و ڕێگا بە خەلکانیتر بدرێ سەرکێشی ئەو حیزبە بکەن و لە بەرژەوەندی گشتی گەلی کورد خەبات بکه‌ن. ئیتر هەلی زێڕین بۆ بنەمالە و قوربانیدان و زەرەرمەندی و دواکەوتووییش بۆ زۆرینەی کورد و تەپەسەرکردنی گشت ئەو چینانەی کە وەك بنەمالە بیر نەکەنەوە و هەولدان بە هەموو ڕێگاێکی شەرعی و ناشەرعی بۆ خۆ زالکردن و خۆسەپاندن و حوکمی میراتەیی یەك لەدوای یەکی ئەندامانی بنەمالەیان و تالان کردنی قوتی هاولاتیان و هەژارانی کوردستان.

بێینەوە سەر باسەکەمان، وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێیداوە، لە سالانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩ شه‌عب شه‌عبانێ به‌رپا بووه‌و مالی بارزانی ده‌رفه‌تیان بۆ هاتووه‌، به‌پالپشتی شوعیەکان و شەعب‌ شعبانێ هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەی برادۆست و زۆربەی گوندەکانی ئەو دەڤەرەیان ڕامالینە. گونده‌كان زۆرینەیان سوتێندراون و هۆزی برادۆست بە تەکیەی شێخ ڕەشید لۆلانی و مەحمود بەگی خەلیفە و هەرچی بەگ و بەگزادەی ئەو دەڤەرە هەیە هەموویان ڕەویان کردووه‌. بەشێکیان ئاودیوی ئێران بوونه‌، بەشێکیشیان کەوتینە ناوچەی شەمزینانی تورکیا. وه‌ك ده‌زاندرێ، ئه‌و ناوچه‌، زۆربه‌ی كوێستان و سار‌دن. له‌ڕه ‌و كردن، من مندالێکی شیره‌خۆره ‌و له‌باوه‌شی دایكم بویمه‌. لە بەردەکەشکی بەفرێکی زۆریان بەناودا بارییە. به‌ڕێگاوه ‌دایكم بانگی باپیرمی كردوه‌ و پێی گۆتییه‌، منداله‌كه‌م مردووه‌. ئه‌ویش منی له‌دایكم وه‌رگرتووه ‌و گوێی به‌سینگمدا گرتووه‌، بینیتی كه‌ هێشتان پشوو ده‌ده‌م و ته‌واو دلم له‌لێدان نه‌كه‌وتووه‌. دیاره ‌له‌سه‌رمان وام لێهاووه‌. به‌ڕێگاوه ‌ماله ‌دراوسێیه‌كمان ئاگریان هه‌لكردووه‌. باپیرم، منی بردوته‌به‌ر ئاگردانی ئه‌وان هه‌تا گه‌رم بویمه‌وه‌ و ڕوحم هاتیته‌وه‌به‌ر. 

چایه‌ی به‌توكله‌گیوشك:

هه‌ر له‌و كۆچڕه‌ودا، دیاره ‌مهاجر عه‌بدولسه‌مه‌دی شۆشنه‌یی زۆر مه‌ڕاقی چایه ‌بووه‌. بەڕێگاوە هاتیته‌ لای باپیرم و پێی گۆتووه‌، خال حه‌مه‌د، تۆوچام په‌یدا كردوه‌، ئه‌گه‌ر شه‌كرت هه‌بێت، چایه‌ك چاده‌كه‌ین و به‌یه‌كه‌وه ‌ده‌یخۆینه‌وه‌. باپیریشم پێی گۆتووه‌، به‌لێ كه‌مێك شه‌كرم له‌گه‌ل خۆ هێناوه‌. به‌هه‌ردوكیان ئاگریان كردۆته‌وه ‌و چادانیان له‌سه‌ر ئاگر داناوه‌. كه ‌كولاوه‌، باپیرم ته‌ماشا ده‌كات، مهاجر، توكله‌گێوژ(گیوشك)ی داتاشیون و هینایتی خستوتیه‌ ناو كتریی چایه ‌هەتا ڕه‌نگی وه‌ك چایه‌ لێهاتووه‌. به‌س كه‌خواردیتیانه‌وه ‌له ‌تامی دار زیادتر، هیچ تام چای لێنه‌هاتووه‌. به‌هه‌رحال، دیاره ‌به ‌ناچاری خواردۆتیانه‌وه‌ و قه‌ناعه‌تیان پێی هاتووه‌. له‌و ئاواره‌بوندا، خراپترین ژیانیان به‌سه‌ر بردوه ‌و ده‌یان مندال و ناوسالیان له‌ده‌ست چونه‌، له‌ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریدا ژیانیان له‌ده‌ست داوه ‌و هەر بەڕێگاوە بە بەرگی خۆیان به‌خاك سپێردراون. بار و دۆخیان زۆر خراپ بووە. لەو ئاوارەییدا ماینەوە هەتا پاییزی ١٩٦٢و  ئێران و تورکیا یارمەتیەکی ئەوتۆیان نەداون کە بتوانن زیادتر خۆیان لە دەرەوەی سنوری عێڕاقدا بگرنەوە. بەناچاری شێخ ڕەشید لۆلانی و مەحمود بەگی خەلیفە، پەیوەندیان بە دەولەتی عێڕاقەوە کردۆتەوە، دەولەتی عێڕاقیش بە دەرفەتیان زانیوە کە ئەوانە بگرنەوە باوەش و لە بەرژەوەندی عێڕاق بەکاریان بهێنن. هەموو ئەوانەشم لە گێڕانەوەی باپیرم و خەلکی دەڤەرەکە بیستووە، هه‌تا ده‌گاته ‌ته‌مه‌نی فامدار بونم و تۆمار كردنی ڕوداوه‌كان له‌ناو مێشكمدا.

وێنەکە پەیوەندیی بە نوسینەکەوە نییە و لە گوگل وەرمگرتووە.

ماویەتی

Tuesday, February 15, 2022

تۆلە و کوشتنی چواردە کەس لە لەشکری بارزانی (٦)

 

یەکێک لە سۆفیەکان بەناوی (....) بۆی گێڕامەوە و گۆتی ”کە لەشکری مەلا مستەفا بارزانی نۆ کاروانیی سۆفیانیان بە دڕوندانەترین و ئەشکەنجەدان و کەول کردنەوە کوشتن، لە کاردانەوەی تاوانی مەلا مستەفا بارزانی و لەشکەرەکەیدا، زۆربەی سۆفی ئەوەندە هەلچوبون، خوێن بەری چاوی گرتبون و دەیانەویست هەتا زووە بە توندترین شێوە تۆلەی ئەو کاروانییان لە لەشکری بارزانی بکەنەوە". درێژەی دایێ و گۆتی "هەوالمان پێگەیشت کە قۆلە چەکدارێکی مەلا مستەفا لە ڕێگان بەرە و پردی سەرکەمێ.


ئێمەیش لەشکرێکی توند و تۆلمان ئامادە کردن و چوین، لە هەردوو بەری پردەکە بۆیان لە بۆسە (کەمین) دانیشتین. چەکدارەکانیان هاتن و خۆمان لێیان ئاشکرا نەکرد هەتا گەیشتنە سەر پێیزەی پردێ. ئەوکاتی لە هەردوو دیوی پردێڕا لێماندان. چواردە چەکدارمان کوشتن و تفەنگ و ڕەختەکانیشمان بردن. پاشان زانیمانەوە کە پازدەهەمینیان بە برینداری خۆی لەناو پێیزەیی پردێ شاردبویەوە و نەمانبینی بوو. کە ئێمە تەرمەکانمان بەجێ هێشتن، بریندارەکە هەستابویەوە و خۆی گەیاندبووە ئاوەدانیەک و یارمەتیان دابوو هەتا گەیشتبویەوە ناو کەس و کاری خۆی". کوشتنی ئەو چواردە کەسە بووە هەنجەت و بیانۆیەکی  زۆر باش بۆ بنەمالەی بارزانی و هەلڕشتنی ڕق و کینەیان و بەکار هێنانی کوردانی دەوروبەریان بۆ هێرش کردنە سەر تەواوی برادۆستان. ئیدی ئەوە مێژووی ڕەشی خێل و بنەمالە و ئاغاواتی کوردایەتییە. دوور نییە هەر مەلا مستەفا پیلانی دانابێت بۆ بەکوشتدانی چەکدارەکانی بۆ ئەوەی بیانکاتە بەهانە و پڕوپاگندە بۆ ڕازی کردنی هێزە کوردایەتییەکان و بەریانبداتە گیانی گوندیانی برادۆست.

مه‌به‌ست له‌نوسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووە ڕەشەی خێل و کوردایەتیی دەست و پەنجە سۆر بە خوێنی هزارەها هەژار و نەداری کورد، نه‌دژایه‌تییه‌، نه‌كه‌رب و كینه‌، نه‌لایه‌نگیرییه‌، ته‌نها مەرام لەم باسانەدا، نوسینه‌وه‌ی مێژوو و تۆماری تاوانه‌كانه‌ وەک خۆیان. ده‌زانم كه‌ئاسان نییه ‌تاوانبارانی خاوه‌ن كارگه‌ی كۆیله‌كان، بدرێنه ‌دادگه‌و ڕوبه‌ڕوی سه‌زا بكرێنه‌وه‌. به‌س دیسان پێویسته‌ له‌سه‌ر تاكه ‌هه‌ستیار و هۆشیار و مێشك ئازاده‌كان، كه ‌ده‌ست بۆ نوسینه‌وه‌ی مێژووی دروست  ببه‌ن و دوور له‌كاریگه‌ریی كوردایه‌تیی و به‌رژه‌وه‌ندیداری، ڕاستیه‌كان وه‌ك خۆی تۆمار بكه‌ن و بۆ جیلی نوێیان بگێڕنه‌وه‌. هێزە چەکدارەکانی کوردایەتیی زۆر بێ نان و خوێ و بێ ئەمەک بوینە. نانیان لە هەر گوند و مال و ناوچەیەک خواردبێت، لە جیاتی قازانج، بوینە بەلا و کارەسات بەسەریانەوە. دلنیام جۆتیارە ئاساییەکانی دەڤەری بارزان و مزوری بالا و شێروان و مێرگەسۆر، لە زۆربەی خەلکانیدی زیادتر تەپەسەر و زەندەق ڕژاو کراون و هەتا ئێستایش ناهێلن یەک کەس لەو دەڤەراندا قودرەتی گێڕانەوەی بچوکترین تاوانەکانی ئەو بنەمالە سەرخێلە کوردایەتییەی هەبێت. 

بەڕێزان بەندە شارەزاییم نییە و نازانم پردی سەرکەمێ لە کێندەرێیە. تەنها چۆنم گوێ لێبووە، وەک خۆی بە ئامانەتەوە گێڕایتمەوە.

وێنەگەیش پەیوەندیی بەو ڕوداوەوە نییە و لە گوگلم وەرگرتووە.

بەردەوام دەبین لە گێڕانەوەی مێژوو. 

ماویەتی.