Tuesday, March 22, 2022

شکانی لولاقی چەپەم لە بەهاری ١٩٦٣


به‌هار سالی ١٩٦٣ کە تەمەنم پێنج بۆ شەش سالان دەچوو، شوانی بەرخ و کاران بوم. ڕۆژێک لە خوار ماوەرانێ، له‌دوای به‌رخان ده‌به‌زیم، به‌رخه‌ك كه‌وته‌ پێشم و گاوم به‌سه‌ر پشتی به‌رخه‌كه‌دا هاویشت بۆ ئه‌وه‌ی پێی لێنه‌نێم، لە بستیە شاخێک بەربومەوە لولاقی پێی چەپم شکا و لە یەک ئالا. شوان کارەکانی تر هاتن بە هانامەوە بەس ئەوەندە ئازاری زۆر بوو هەر هاوارم کرد و گۆتم دەستم لێ مەدەن. ئەوانیش ناچار بون یەکێکیان ناردەوە بۆ مالێ و هەوالی لنگ شکانی منیان پێڕا گەیاندن. باپیرم زۆری خۆش دەویستم. هەردەم لە دایک و بابیش زیادتر دلی پێمەوە بوو و لەهەر ڕوداوێکدا، ئەو پێمڕا دەگەیشت و لەباوەشی دەگرتم.

لەگەل هەوال پێگەیشتن، باپیرم حەمەد هات و لەدوورەوە کردیە هەلا و گۆتی،” کوڕە هەستە خۆ برینداری گوللە نیی." بەلام کە چاوی بە لاقم کەوت و بینیی لە یەک ئالابوو، دەستی بە قسەی خۆش و دلدانەوەم کرد و گۆتی هیچ نییە دوو ڕۆژی تر چاک دەبێتەوە و لەبیری دەکەی. ماچێکی ناوچاوانی کردم و منی دایە پشتی خۆی و گەیاندمیەوە مالێ. هەر بەو ئێوارە، مستەفا مستەفا عومەری ئامۆزای ڕەسول برایم،یان نارد بۆ لای کەسێکی بەیتار. ئەو کەسە هات یادی بەخێر و خۆشی بێت، ناوی شەریف مەرەزا بوو. لە هۆز و ڕەوەندی هەرکییان بون.  کە گەیشت و شکانی لاقمی بینی. داوای کرد لەگەنێکی ئاوی شیرتێنیان هێنایە بەردەستی. بەو ئاو و سابون لاقی منی شوشت و هێدی هێدی دەیمالیمالی. داوای لە مالێ کرد کە هندەک هارد (ئارد)ی نۆک لەگەل زەردێنەی هێلکە بشێلن و بیکەنە هەویر. هەر ئەوتۆ داوای کرد هندەک شەپکە داری تەنک و بستێک زیادتری بۆ دروست بکەن. خۆیشی هەر خەریکی قسەی خۆش و خافلاندنم بوو. لەگەل لاق مالین و نوکتە و پێکەنین، لە هیکەوە شکاکەی خستەوە جێی خۆی.کە هێسکەکان خرانەوە جێی خۆی و لێکدران، بورامەوە و ئاگام لە خۆ نەما. کاتێک بە خەبەر هاتمەوە بەیانی بوو. لاقم لە شەپکەدار و هەویری نۆک و هێلکە گیرابوو. به‌یتار پێیگۆتین كه‌ نابێ شه‌پكه‌دار بكرێنه‌وه‌ هه‌تا ده‌زاندرێ ته‌واو هێسكه‌كان خۆیان له‌ یه‌كتر داوه‌ته‌وه‌ و خۆیان گرتیته‌وه‌. بۆ چه‌ند ڕۆژێك له‌سه‌ر جێگا كه‌وتم. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مندالێكی پڕ جوله‌ و نه‌ڕاوه‌ستایی بوم، ئه‌و ڕۆژانه‌ی توانای هه‌ستانم نه‌بوو، ئەوەندە درێژ بون هەر ته‌واو نه‌ده‌بون. دوای حه‌فته‌یه‌ك هه‌ولمدا به‌ گۆچان (دارشه‌ق) بێمه‌ پێش ده‌رگا و بگه‌ڕێمه‌وه‌. دوای دوو حه‌فته‌ توانیم لاق بده‌مه‌ به‌رخۆم و به‌ گۆپال هێدی هێدی بچمه‌وه‌ ناو كار و به‌رخان. له‌هه‌مووی ناخۆشتر ئه‌و كاتانه‌ بوو كه‌ شكایه‌كه‌ یه‌كتری ده‌گرته‌وه‌ و خوریانێكی بێتام به‌رده‌بووه‌ ده‌وره‌ی برین. له‌به‌ر شه‌پكه‌ دارانیش ده‌ستم نه‌ده‌گه‌یشتێ و نه‌مده‌توانی بیخورێنم. چه‌ند ڕۆژێك به‌ گۆپال ڕێم ده‌كرد و دەچومە بەر کار و بەرخان. ڕۆژێك لە شوانکاری له‌گه‌ل سه‌لیمی كوڕی ڕه‌سول برایم به‌شه‌ڕ هاتین. سه‌لیم هنده‌ك له‌من به‌ ته‌مه‌نتر و به‌ خۆوه‌تر بوو. من گۆپالم لێی ڕاست كرده‌وه‌. ئه‌ویش په‌لاماری دام و گۆپاله‌كه‌ی لێ شكاندم. به‌س چه‌ندە خۆش بوو بە شه‌ڕ هاتنی كاتی مندالیمان! هه‌ر ئه‌و ده‌م بوو پاشی چه‌ند خوله‌كێك له‌بیرمان ده‌چوو و پێكه‌وه‌ ده‌ستمان به‌ یاری و ده‌ست له‌ملانێ ده‌كرده‌وه‌. ئه‌و ڕۆژی به‌هۆی گۆپال شكانه‌وه‌، ناچار بوم به‌بێ گۆپال ڕێبكه‌م. ئیتر له‌و ڕۆژیه‌وه‌ پێویستیم به‌ گۆچان نه‌بویه‌وه‌ بۆ پێڕۆیشتن و ته‌واو لاقم خۆی گرته‌وه‌. یادی بەیتار شەریف مەرەزا بەخێر زۆر باشی گرتەوە. بەس هەتا چەند سالێکیش دوای گرتنەوەی، زستانان لە سەرمای زۆر جێی شکان ژانی تێدەوەستا و دەستی بە ئازار دەکردەوە.

وێنەم لە گوگل و گوگل ئێرث وەرگرتونە.

Thursday, March 17, 2022

فاتیمەی خوشکی باپیرمان و شینۆی هەوژینی:‌


شینۆ و فاتیمە هەر لە گوندی بەنێ ژیان بەسەر دەبەن. له‌سه‌ره‌تای به‌ یه‌ك گه‌یشتنیانه‌وه ‌هه‌تا ناوەڕاستی تەمەنیان، فاتیمە دوازدە جاران دوگیان دەبێت. هەر دوازدە ‌نێرینە دەبن. به‌دبه‌ختی ڕویان تێدەکات هندەک مندالیان بە ناتەواوی پێیدا دەبن و دەمردن. هندەکیان بە دەرد و نەخۆشی دەمرن. هەتا تەمەنی پەنجا شێست سالییان، تەواوی مندالەکانیان جوانەمەرگ دەبن و لەناو دەچن. شینۆ و فاتیمە وەک دوو هاوسەری ئومێد بڕاو و دەست و قەدەم شکاو،  دلیان بەهیچ خۆش نابێت. ئیدی بەو هۆیەوە هەردووکیان تووشی بێ هێزی و شەکەتی دەبن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لاشەیان بێتواناتر دەبێت. هەردوکیاشیان سۆفی و تۆبەداری تەریقەتی نەقشبەندی بونە لەسەر دەستی شێخ ڕەشید لۆلانی.

ئەو سەردەمیش حوجرەی لۆلان هەڕەتی فێرکاری و پێگەیاندنی فەقێان و خوێندنی ئایینی بووە. شینۆ ته‌مه‌نی به‌سه‌ر ده‌چێت و ته‌ندروستیی ناله‌بار ده‌بێت. بەر لە مردنی، وەسیەت ڕادەگەینی بە شاهێد و دیاریکراو، هەرچی زەوی و عەردی هەیبوو لە گوندەکانی جۆرت و ئەلموشی ژێری و بڕەپیر و بەنێ، هەمووی دەبەخشیتە حوجرەی سەر بە خانەقای شێخ ڕەشید لۆلانی. شینۆ بڕوای وابووە کە بەرهەمی ئەو ملک و ئەملاکی بە حوجرەی بەخشیوە، دەبێتە پشتگیری و خێر و بێر بۆ زیادتر پەرە پێدانی خوێندنی ئایینی. لەپاش نەزر کردنی ملک و مالی بە حوجرەی لۆلان، دەرەدی سولکێ و به‌شه‌ك له ‌ملكی گوندی به‌نێ بۆ فاتیمەی هاوسەری دیاری دەکات. پاشان کە شینۆ کۆچی دوایی دەکات، فاتیمەش لە بارێکی قورسی دەروونیدا بە تەنیا بەبێ مێرد و مندال ژیان دەگوزەرێنی و هیچ سود لەو ملک و مال نابینێ. سەرەڕای بێ دەرەتانی و تەنیایشی، هەر لە سولکێ دەمینێتەوە. ژیان چه‌نده ‌سخت و ناله‌بار بووه ‌له‌و ناوچه‌دا، شه‌ڕی به‌ینی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و شێخ ڕه‌شید لۆلانیش هه‌رده‌م كاره‌سات و وێرانه‌ی به‌سه‌ریاندا هێناوه‌ و ژیانی سەختتر کردووە. هه‌رده‌م جێی ژیانیان ته‌واو گه‌رم نه‌بووه‌، به‌هۆی ئه‌و ململانێوه‌ ئاواره‌ و مال سوتایی بوینه‌وه‌. فاتیمه ‌زۆر هیلاك ده‌بێت به‌ده‌ست ئاواره‌بون و بێ مالی و بێكه‌سیه‌وه‌. لە هەژاری و دەستکورتی و ته‌نیاییدا ناچار دەبێت هەتا ئاوارە بوونی سالی ١٩٥٩ هه‌ر لەناو ئەشکەوتی سولکێ ژیان بەسەر دەبات. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌، شكه‌وتی سولكێ ناوی فاتیمه‌ی به‌سه‌ردا بڕابوو. پێیان ده‌گۆت، "شكه‌وتی فاته‌شینكێ." ( واته ‌شكه‌وتی فاتیمه‌ی شینۆی ) بۆ چه‌ندین جاران كه ‌له ‌ئاواره‌یی ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، فاتیمه‌ ژیانی له‌ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وتدا به‌سه‌ر ده‌برد. هه‌تا دواجار له‌سالی ١٩٥٩ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێرشی به‌ربه‌لاوی شه‌عب شه‌عبانێ. له‌شكری بنه‌ماله‌ی بارزانیش بە هاوکاریی شوعیەکان له‌په‌نای هێزی شه‌عبدا، زۆر بێ ویژدانانه ‌په‌لاماری هۆزی برادۆستیان داوه ‌و گونده‌كانیان كاول و وێران كردون و خه‌لكانی ئه‌و ده‌ڤه‌ر ڕه‌ویان كردوه ‌بۆ كوردستانی توركیا و به‌شكیشیان كه‌وتینه‌ ناو كوردستانی ئێران هه‌تا سالی ١٩٦٢ ئه‌و كاتی ته‌سلیمی ده‌وله‌تی عێڕاق بوینه‌وه‌.

كۆچی دوایی فاتیمه‌:

پاشان كه‌ئاواره‌كانی برادۆست ناچار دەبن پەیوەندی بە دەولەتی عێڕاق بکەنەوە و لە سالی ١٩٦٢ تەسلیمی عێڕاق دەبنەوە و پەرت و بلاوی هه‌ولێرێ و ده‌شتی هەولێرێ دەبن، فاتیمەش لە گەڕەکی باداوانی هەولێر له‌ژورێكی بچوكدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. زۆر جاران من له‌ته‌مه‌نی مندالیدا سه‌ردانیم ده‌كرد. یه‌كسه‌ر ده‌ستی له‌رزۆكی له‌ملی ده‌كردم و له‌ته‌نیشت ‌خۆی دایده‌نام. خواردن و شه‌كرۆكه ‌و هه‌رچیه‌كی هه‌یبا، بۆی ده‌هێنام. زۆربه‌ی خواردن و شته‌كانی له‌حه‌د به‌ده‌ر سور و پڕ خوێ بون. جار هه‌بوو چایه‌كه‌شی هه‌ر سور بوو. منیش مندال بوم كه ‌ده‌هاتمه‌وه‌ پرسیارم ده‌كرد و ده‌مگۆت، بۆچی شته‌كانی داپیره‌ فاتیمه ‌هه‌مووی هه‌ر سورن‌؟ دایك و باوكم ده‌یان گۆت، "ئاخر دوازده ‌جاران جه‌رگی سوتاوه‌،" واته ‌دوازده ‌مندالی لێ مردون و ناخ سوتاو بووه‌. بۆیه ‌هه‌ر شتی سور و به‌خوێ ده‌خوات و قه‌ناعه‌تی به‌شتی بێ خوێ ناهێت." به‌هه‌رحال له‌سالی ١٩٦٤ له‌باداوا، نەخۆش کەوت. بەو نەخۆشی كۆچی دوایی كرد و مال ئاوایی له‌ژیانی هه‌جه‌مه‌رگی و ده‌رده‌سه‌ری كرد و چووه ‌ناو خه‌وی نه‌بڕاوه‌. چه‌ند شتێكی كه‌می میراته ‌بون و له‌پاش به‌جێمان. له‌هه‌موویان سه‌رنجڕاكێشتر، كلاوێكی سۆر و خڕ و درێژی توركیی له‌سه‌ر بوو شه‌ده‌ و هه‌وری ‌و پۆشیی به‌سه‌ردا به‌رده‌دانه‌وه‌. ئه‌و كلاوه‌یان ده‌ست دابوێ، ده‌بینن زۆر له‌وه‌زنی نۆرمالی خۆی گرانتره‌. ده‌یدڕێنن و ده‌بینن كۆمه‌له ‌پاره‌یه‌كی ئاسنی ئه‌و سه‌رده‌می تێدا ده‌بێت. پاره‌كانیان به‌سه‌ر یه‌كتردا به‌ش كردبوو. زەوی و زارەکانیشی بونە میراتە و بۆ باپیرم مانەوە. ئیتر ژیان ئه‌وهایه‌. هه‌ر مالێكی نه‌مانخوارد، ده‌بێته ‌میراته ‌و ئه‌وانه‌ی دوای خۆمان هندێکی لێدەخۆن و هندێکیش بۆ خەلکانیدی بەجێی دەهێلن. بەلاش نەگۆترایە (مالی نەخۆری، بۆ چەکمەبۆری). ڕەحمەت لەوانەی مالی خۆیان دەخۆن و لێناگەڕێن هەمووی ببیتە میراتە.

Tuesday, March 15, 2022

گواستنه‌وه‌ی ته‌كیه‌ بۆ بەنێی پیرەسنیان، پاشان بۆ لۆلان (٢)


باپیرم گێڕایه‌وه‌ و گۆتی، "دانیشتوانی گوندی شۆشنێ دلگرانیی خۆیان ده‌ربڕی دژی دامه‌زرانی ته‌كیه‌ی شێخ ڕه‌شید له ‌گونده‌كه‌یان و گۆتیان، "ته‌واو بەهۆی تەکیەوە زه‌وی و ئاقارمان داگیر ده‌كرێ و جێی ئێمه‌ی تێدا نامێنێتەوە. ده‌نگۆی دلگرانیی دانیشتوان به‌گوێی شێخ ڕه‌شید ڕاگه‌ییشت. ڕۆژێك شێخ ڕه‌شید بانگی گوندیانی شۆشنێی كرد و پێیگۆتن، "من نه‌هاتوم گوندی ئێوه ‌داگیر بكه‌م و هیچ تموحم له‌ملك و مالتاندا نییه‌، ته‌نها عاشقی مه‌رقه‌د و مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانی ئێره‌ بوم. به‌س مادام ئێوه‌ پێی دلخۆش نین، من ته‌كیه‌م ده‌گوازمه‌وه ‌و لێره ‌بار ده‌كه‌م." ده‌یگۆت، "به‌شێك له‌گوندیانی شۆشنێ زۆریان پێناخۆش بوو ‌ته‌كیه‌ی شێخ له‌وێ بگوازرێته‌وه‌. كه‌چی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت بڕیاردرا و ئه‌شیای ته‌كیه ‌ئاماده ‌كرا و ده‌ست كرا به ‌بار كردن.

شێخ ڕه‌شید سواری هه‌سپێك بوو بۆ ڕۆیشن. دانیشتوانی گوندی چونه‌ پێشی و پێیانگۆت، "یا شێخ خودا ئێوه‌ی بۆمان ناردبوو و ئێمه ‌قه‌دری ناردراوی خودامان نه‌زانی. ته‌نها داواكارین كه ‌لێمان ببوری.“ باپیرم گۆتی، "شێخ ڕه‌شید وه‌لامی دانه‌وه‌ و گۆتی، ”من لێتان بوراوم. به‌س به‌عزێكتان به‌بێ یاسین و ته‌لقین ده‌مرن." به‌قه‌ناعه‌تی خه‌لكانی دینداری ئه‌و سه‌رده‌م، مردنی كه‌سێك كه ‌یاسینی له‌سه‌ر نه‌خوێندرابا و ته‌لقین نه‌درابا، مردار ده‌بوو. هه‌ر وه‌ك ئه‌و ئاژه‌لانه‌ی كه ‌مردار ده‌بن و كه‌س پێیان ڕاناگات سه‌ریان ببڕی. مردار بویه‌وه‌یش گۆشتی ناخورێ. واته ‌پیسه‌. بۆیه ‌شێخ ڕه‌شید ئه‌و قسه‌ی پێیان گۆتبوو. گوایه ‌ئێوه ‌مرۆڤی باش نین و له‌به‌ر ناباشیی خۆتان ده‌مرن و كه‌س ناگاته ‌سه‌رتان بۆ ئه‌وه‌ی یاسینتان لێ بخوێنی و ته‌لقینتان بدات. ئیتر دوای ئه‌و گفتوگۆ، شێخ ڕه‌شید گوندی شۆشنێی به‌جێ هێشتبوو و ته‌كیه‌ی گواستبویه‌وه ‌بۆ بەنێی پیرەسنیان. لەوێیش کێشەی دەبێت لەسەر گوندەکە لەگەل مهاجیران. هەرچەندە وەک من زانیتم، شێخ ڕەشید گوندەکەی کڕی بوو. بەس دیارە نەیتوانیبوو بەنادلیی دانیشتوان لەوێ جێنشین بێت. بۆیە بڕیار دەدات کە تەکیە بگوازێتەوە بۆ لۆلان. لۆلان جێگایه‌كی چۆل و كوێستانێكی بێ ئاوه‌دانی بووه ‌له‌سه‌ر سنوری ئێران. به‌س به‌هۆی دامه‌زرانی خانەقا ‌له‌وێ، لۆلان شوهره‌تی په‌یدا كرد و ژماره‌ی سۆفیه‌كان له ‌زۆر بوندا سنوره‌كانی هه‌ر سێ ده‌وله‌تی عێڕاق و ئێران و توركیایان بڕی.

به‌لێ سۆفیگه‌رایی هه‌ر به‌هۆزی برادۆستیانه‌وه‌ نه‌وه‌ستا. زۆرینه‌ی ڕه‌وه‌نداتی هه‌ركی بونه ‌ته‌ریقه‌تداری سه‌ر به‌ته‌كیه‌ی لۆلان، هه‌ر ئه‌وتۆ زۆربه‌ی هه‌ركیه‌كانی سیدا ڕه‌شكیی ئێران و هۆزی هه‌ركیه‌كانی عێڕاق و هۆزی گه‌ردیی ناو توركیایش هەتا دەورو بەری گەوەڕ ڕوویان له ‌لۆلان كرد بۆ تۆبه‌ وه‌رگرتن و بونه ‌سۆفی. هه‌ر به‌هۆی سۆفیگه‌رایی و سه‌رده‌می شێخ ڕه‌شید لۆلانییه‌وه‌، هه‌تا ئێستایش سه‌دان كه‌س و مالبات ده‌دۆزرێنه‌وه‌ كه ‌به ‌ڕه‌سه‌ن له‌هۆزی برادۆست و ناوچه‌ی برادۆست نین. كه‌چی له‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان برادۆست نوسراوه‌. به‌شكیان به‌قسه ‌هه‌ر خۆیان به‌ ڕه‌سه‌ن هه‌لده‌ده‌نه‌وه‌. به‌لام به‌شێكیشیان ته‌واو خۆیان به‌ برادۆست ده‌زانن. هەر وەها لەو سالانەی شێخ ڕەشید دەستی بە تەریقەت و تۆبە دانەوە کردووە، بڕیاری داوە کە هەموو ڕۆژانی هەینی بەپێی توانا چەند سەر بزن و مەڕێک سەر ببڕدرێن و میوانداری بۆ سۆفییان بکرێ. فەقێ و مەلا دەنگ خۆشەکان کۆ بکرێنەوە و مەولود بخوێندرێتەوە. ئەو بڕیار هەتا ئێستایش کاری پێدەکرێ. هه‌رچه‌نده‌ بڕوام وایه‌ هه‌تا هۆز هه‌بن، ئاغا و ده‌ره‌به‌گیش ده‌بن. هه‌تا ئاغا و ده‌ره‌به‌گ هه‌بن، كۆیله‌داری و ته‌به‌قات و چینایه‌تیش ده‌مێنن. هەتا چینایەتیش هەبێت و کەسانی وەک شێخ و ئاغا و بەگ سولحی عەشائێری بکەن و بڕیار لەسەر گرفتەکانی کۆمەلایەتی بدەن، قانون و دادگه‌رایی و مافی ڕاسته‌قینه ‌جێگیر نابێت و كورد وه‌ك گه‌لێكی هۆشیار و شارستانی خۆی پێنا سه‌لمێندرێ. 


هەردەم شێخ و ئاغاوات لەناو کۆمەلگای نەخوێندەوار و دواکەوتوو و ناهۆشیاردا دروست دەبن. جوگرافیای دەڤەری برادۆست و دەوروبەریشی زۆر گونجاو بووە بۆیان و قانون و خزمەتی شارستانیانە بەو ناوچەڕا نەگەیشتبون. زۆربەی گوندەکانی ناوچەی برادۆست دوورەدەست و بێ خزمەتگوزاری بوون. بۆ نمونە، گەلی خواکوڕك، گەلی ڕەش، گەلی ئارێ، گەلی لۆلان، دەشتی بەرازگر و دەشتەهێرت، هەرهەمووی بێ بەش بون لە قوتابخانە و خەستەخانە و کارەباو     ڕێگاوبان و گشت خزمەتگوزارییەكان. تەنها سیدەکان و دیانا و ڕواندوز هندێك بنکەی خوێندن و تەندرووستییان تێدا هەبوونە. باقی گوندەکانی دەوروبەریشیان هیچ خزمەتگوزاریان نەبووە. کارەبا هەر لە هیچ جێگایەك بوونی نەبووە. ڕۆناکایی ئەو سەردەم هەر فتیلە و قەندیل و فانۆس و ئاگردان بوونە.

وێنەی شێخ ڕەشیدم وەرگرتووە و لەسەر نەخشەی گوگل دامناوە.

دروست بون و دامەزرانی خانەقای شێخ ڕه‌شید بەشی (١):


كورته ‌باسێك له‌سه‌ر دامه‌زرانی ته‌كیه‌ی شێخ ڕه‌شید محەمەد شەریف له‌گوندی شۆشنێ. سه‌ره‌تای ده‌ست به ‌تۆبه ‌دانه‌وه ‌و دامه‌زراندنی حوجره ‌و ته‌كیه‌ی شێخ ڕه‌شید، له‌سالانی ١٩٢٠دا بووه‌. له‌و ده‌ست پێكردنیدا، هاتووه ‌له‌گوندی شۆشنێ دامه‌زراوه‌.(گوندی شۆشنێ ده‌که‌وێته ‌نزار واته ‌ڕۆژ ئاوای چیای دێلی، به‌رامبه‌ر گوندی به‌نێی خواكوڕكی). پاشان ده‌گوازێته‌وه ‌بۆ بەنێی پیرەسنیان.(بەنێی پیرەسنیان دەکەوێتە بن چیای بەربزینی لە نێزیک ناحیەی برادۆست (سیدەکان). پاشان لەوێیش دەگوازێتەوە بۆ لۆلانێ.

وه‌ك باسمان كرد سه‌ره‌تا تەکیەیەکی بچوك پێك دەهێنی لە گوندی شۆشنێ. باپیرم بۆی گێڕامه‌وه ‌و گۆتی، ”کە لە ١٩٢٠ ته‌كاندا، ‌شێخ ڕه‌شید ده‌ستی به ‌شێخایه‌تی و ته‌ریقه‌ت  و تۆبە دانه‌وه‌ كرد‌، له‌گوندی شۆشنێ سۆفیگه‌رایی به‌رپا كرد‌ و ویستی ئه‌وێ بكاته‌ جێی ژیان و په‌ره ‌پێدانی ته‌كیه ‌و حوجره ‌و په‌یڕه‌وی ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندی." به‌پێی عه‌قلی ئه‌و سه‌رده‌م، شێخ ڕه‌شید زۆر كاری باش و خراپی ئه‌نجام ‌داون‌. كاره‌ باشه‌كانی ئه‌وه ‌بووه‌ كه‌به‌هۆی بلاو كردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و خودای تۆله ‌و قه‌هر و غه‌زه‌ب و عیقابه‌وه‌، زۆرینه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌ی برادۆستی ئه‌وتۆ گۆڕیون كه ‌خینداره‌كان له‌خوێنی به‌ناحه‌ق ڕژاویان خۆش بونه‌ و دوژمنداریی له‌ژێر حوكمی شێخ ڕه‌شیددا نه‌ماوه‌. بۆ نمونه‌، باپیرم ده‌یگێڕاوه‌ به‌ناو و ناسیاوی ته‌واوه‌وه ‌باسی ده‌كرد و ده‌یگۆت، "كه‌سێك باوكی كوژرابوو، باوك كوژراوه‌كه‌ و بكوژه‌كه ‌هه‌ردوكیان تۆبه‌یان وه‌رگرت و بونه ‌سۆفیی ته‌ریقه‌تی نه‌خشبه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ ڕه‌شید. كه ‌بونه ‌سۆفی، ئه‌وه‌نده‌ به ‌قه‌ناعه‌ته‌وه ‌تۆبه‌یان كرد، باب كوژراو چووه ‌لای بكوژی باوكی و پێیگۆت ”سوپاس كه‌ باوكی منت شه‌هید كرد و هاویشتته ‌به‌هه‌شتی بێكۆتایی. ئێستا هاتومه‌ته ‌لات و ده‌مه‌وێ خه‌رجیی ئه‌و فیشه‌كه‌یشم لێ وه‌رگریه‌وه ‌كه ‌باوكی منت پێی شه‌هید كردووه‌." ده‌یگۆت "بكوژه‌كه‌یش ئه‌وه‌نده ‌خۆی به ‌تاوانبار ده‌هاته ‌به‌رچاو، ده‌ستی به‌گریان كرد و چاوه‌كانی له‌ڕۆنك مالینه‌وه ‌هیشك نه‌ده‌بونه‌وه‌. پاشان باوك كوژراو و بكوژ هه‌ردوكیان باوه‌شی خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌كتر گرته‌وه ‌و بونه ‌ده‌سته‌برای ئاخره‌تی و تۆله‌له‌بیركه‌ر." 

باپیرم درێژه‌ی ده‌دایێ و ده‌یگۆت "به‌و شێوه‌، شێخ ڕه‌شید خینداری و نه‌یاری و ئاژاوه ‌و كاری خراپی بنبڕ كردن. هه‌ر ئه‌وتۆ شیربایی و نه‌خت وه‌رگرتنی حه‌رام كرد. دزی و تالانی و حه‌رامخۆریی له‌و ناچه‌دا نە‌هێلا." به‌پێی قه‌وانین و شه‌ریعه‌تی ئیسلام، سه‌زا و هه‌تك كردنی تاوانبارانیشی ئه‌نجام داوه‌. هەر بۆ نمونە، دیاره‌ له‌ گه‌رمه‌ی به‌رپا بونی سۆفی گه‌راییدا، له‌گوندی شۆشنێ خۆش كاكۆ به‌نه‌یی ده‌كه‌وێته ‌به‌ر توهمه‌یه‌كی هه‌لبه‌ستراو، گوایه ‌شه‌وێك چووه‌ته ‌ناو جێی ژنێكی به‌مێرد. چه‌ند كه‌سێك له‌به‌گزاده‌كانی ده‌وروبه‌ری شێخ ڕه‌شید به‌و توهمه‌یه ‌زۆر توڕه‌ و ڕق له‌دل ده‌بن له‌خۆش و داوای سه‌زادانی توندی ده‌كه‌ن. شێخ ڕه‌شیدیش ڕێگا به ‌به‌گزاده‌كان ده‌دات كه‌سه‌زای بده‌ن. ئه‌وانیش به‌دوای خۆشدا ده‌نێرن. كه ‌ده‌گاته ‌لایان، ده‌یگرن و له‌‌دارێكی ده‌به‌ستنه‌وه چوك (زەکەر)ی دەبڕن به‌ مه‌به‌ستی هه‌تك کردن. ئیتر خۆش هه‌ر به‌كلك بڕدراو له‌ناو كۆمه‌لگای ناهۆشیاری ئه‌و سه‌رده‌مدا ناودێر كرابوو. ئه‌و سه‌زادان خه‌لكانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی ته‌واو تۆقاندبوو و كه‌س نه‌یده‌وێرا هه‌له‌یه‌كی بەو شێوە ئەنجام بدات لە له‌ترسی سه‌زای قورس و هه‌تك كردن و حه‌یا بردنی. نازانم ئه‌گه‌ر خۆش زوڕیه‌تیتری لێكه‌وتبێته‌وه ‌یان نا‌. ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌زانم كه ‌دوو كوڕ و دوو كچی له‌پاش به‌جێ مابون. وەک ئاگادار بم، نەوەیەکی خۆش بەناوی جەرگیس لە ژیاندا ماوە و لە ئێرانە.


وێنەکان لە گوگل وەرگیراون و تێکم بردینەوە

ئەمە بەشی یەکەمە، بەشی دووەمی لەدوادێت.

Sunday, March 13, 2022

ڕۆیشتنی شینۆ و فاتیمە و باپیرمان بۆ هه‌ولێر:


لە درێژەی ئەو بارە ناهەموار و نەبونی و زەبونی و کولب و قات و قڕیدا لەبەینی سالانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٧ ئومێدیان بەوە نابێت کە لەو ناوچە شاخاویاندا بتوانن زوو خۆیان بگرنەوە و دانەوێلە و نان و خۆراک بەرهەم بهێننەوە. بۆیە شینۆ بە خەیالیدا دێت کە بڕواتە لای بەدرۆی بەگزادە و حەمەدی باپیرمان بهێنیتەوە لای خۆی و لەگەل فاتیمە بڕیار دەدەن ئەو ناوچە بەجێ بهێلن و چەندین کەژ و کێو و دەشت و دۆل بە زگی برسی و گیا خواردن و لاشەی لەرزۆکەوە دەبڕن و ڕوو لە قەلاتی هەولێرێ دەکەن بۆ ئەوەی دەست بە کرێکاری و گولچنینی پەرێزە پاش ماوەکان و سەپانی بکەن تاکو بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن و لەو تەنگانە و بەرسییەتی ڕزگاریان دەبێت.

باپیرمان لەگەل شینۆ و فاتیمە سەپانی و قوڕکاری و کرێکارییان کردووە لە دەورەی قەلاتی هەولێرێ و هەتا گوندەکانی جمکە و بنبێلزان (دوو گوندن لە دەشتی هەولێرێ). باپیرمان لە گێڕانەوەکانیدا هەرجار دەیگۆت، لە دەورەی قەلاتی هەولێرێ جۆتمان دەهاژوا و ئاوەدانیی زۆر کەم بوو. دەوروبەری قەلاتی هەولێرێ هەمووی کێلگەی جۆتیاران بوو. ئه‌و سه‌رده‌می كاره‌با له‌و قه‌لات و ده‌شتی هه‌ولێریش بوونی نه‌بووه‌. باپیرم به‌پێكه‌نینه‌وه ‌ده‌یگێڕاوه ‌و ده‌یگۆت، "شه‌وێك گه‌نممان لەسەر جۆخین بۆ مالێك ده‌كێشایه‌وه‌، ڕه‌فیقه‌كانم باریان ئاماده ‌ده‌كردن، منیش قه‌ندیلم بۆیان ڕاگرتبوو، هه‌تا له‌به‌ر ڕۆناكایی قه‌ندیل شته‌كان ببینن." ده‌یگۆت، "كاتێك كه‌رێك هه‌ر ده‌هاته ‌سه‌ر گه‌نم، منیش نەمزانی قه‌ندیلم نزیك كلكی كه‌ره‌كه ‌كرد، ده‌تگۆت نه‌فته‌، یه‌كسه‌ر ئاگر له‌قه‌ندیل به‌ربووە ‌كلكی كه‌ر، هه‌تا كوژاندمانه‌وه‌، خه‌ریك بوو لاشەی کەر ‌ته‌واو بسوتێ.


یه‌كتر ناسینی باپیرم و خه‌مێی داپیرمان:

دیارە دەشتی هەولێرێ بۆ ئەو سەردەمی پیت و بەرەکەت و داهاتی زیادتر و باشتر بووە لە ناوچە دوورەدەست و شاخاویەکانی برادۆست. بۆیە زۆر کەس لە گەلیی خواکوڕک و گوندەکانی ئەو دەڤەر، ڕویان لە هەولێر و دەشتی هەولێرێ کرددووە بۆ سەر لەنوێ بوژانەوەی ژیانیان. شینۆ و فاتیمە و باپیرمان لە قەلاتی هەولێرێ باری ژیانیان ڕوو لە باشتر بون دەکات و هەر لەوێش باپیرمان كچێكی خاستۆیی (خاستۆ گوندێكه ‌له ‌گه‌لیی خواكوڕكی، ناوچه‌ی برادست) به‌ناوی خه‌مێ ده‌ناسی و ڕۆژانه‌ سه‌ردانی یه‌كتری ده‌كه‌ن. بە یەکەوە دەچنە کار و پەیدا کردنی داهاتێک بۆ ژیانی ڕۆژانەیان و یارمه‌تی یه‌كتری ده‌ده‌ن. باپیرم گۆتی، "خه‌مێ كچێكی هه‌تا بلێی چه‌له‌نگ و زیره‌ك و ژیان دۆست بوو. زۆر سه‌رنجی ڕاكشام و به‌رده‌وام به‌چاوێكی پڕ له‌خۆشه‌ویستییه‌وه ‌لێیم ده‌ڕوانی. ئه‌ویش به‌بێ كه‌س و وارس كه‌وتبووه ‌قه‌لاتی هه‌ولێرێ. چه‌ند جارێك گفتوگۆمان كرد له‌باره‌ی بڕیاری پێكه‌وه ‌ژیانمان و هاوسه‌رگیری. ئەوەندەیش دەرون پاک و دلخاوێن و بە ئەدەب بوین، ڕۆژانە بە یەکەوە بوین، کەچی دەستمان بە حەرامی بەر یەک نەکەوت. سەرەڕای بەریەک نەکەوتنیش، ڕۆنانە یەکترمان نەبینیبا و نەدواندبا، حەوسەلەمان بۆ یەکتر نەدەما. ڕۆژێك دەستم لەخۆ ناو پێم گۆت، خەمێ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ، من له‌به‌ر چاوتم و پڕ به‌دل خۆشتم ده‌وێی و حه‌ز ده‌كه‌م بڕیاری هاوسه‌رگیری بده‌ین و به‌حالی یه‌كتری ڕازی بین. هەرئەوتۆ ببینە یارمه‌تیدەر و جێی متمانه‌و باوه‌ڕ پێكه‌ری یه‌كتری هەتا کۆتایی ژیانمان." دیاره ‌خه‌مێ ڕازی ده‌بێت و قرار دەدەن لەگەل یەکتر بچنە ناو ژیانی هاوسەرگیری. باپیرمان دەیگێڕاوە و دەیگۆت، "کە من و خەمێ بە یەك گەیشتین، بە هەردوکمان یەك بەتانیمان هەبوو. ئەویش هەمووی پینەو بە یەکەوە دروایەوە بوو." خەمێی هاوسەری باپیرم، خەلکی گوندی خاستۆی خواکوڕک بووە. دیارە ژنێکی زۆر ڕەشیدو بە توانا بووە. چونکی بەهۆی زیرەکی و ناوداری ئەوەوە، باپیرمان هەر بە ناوی خەمێوە ناودێر بووە. ئێستاش لە لای کەسانی ناوسالی دەڤەری برادۆست، هەرکە گۆتت حەمەدی خەمێ، کەم کەس هەیە نەزانێ کێیه‌. باپیرمان لەگەل خەمێ، لە بارەی ژیانی هاوبەشیان، زۆر سەرکەوتوو و خۆشەویستی یەکتر بوونە. له‌دوای بوونه ‌مال به‌یه‌كه‌وه‌، لە سالی ١٩١٩ هه‌ول ده‌ده‌ن خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه ‌له‌گه‌ل شینۆ و فاتیمه‌ی خوشكی باپیرمان. بار و بارگه‌یان تێك ده‌نێن و به‌ره ‌و ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و لە گوندی بەنێی خواکوڕك جێنشین ده‌بن‌. ئیتر باپیرمان لەگەل خەمێی هاوسەری، دەست بە جۆتیاری و مەڕداری و بەروبومی باخچە و بیستان دەکەن و ژیانیان بنیات دەنێنەوە. ‌پاش دامه‌زرانەوەیان له‌ گوندی به‌نێ، چه‌ند كه‌سێكی گوندی خاستۆ لێیان په‌یدا ده‌بن و داوای نه‌ختی خه‌مێ لە باپیرمان ده‌كه‌ن. ده‌یگێڕاوه ‌و ده‌یگۆت، "داوای یه‌ك زێڕیان لێ كردم. به‌س هێشتان خۆمان نه‌گرتبوه‌وه‌ و په‌یدا كردنی زێڕێكیش زۆر زه‌حمه‌ت بوو. هه‌ر چۆنێك بێت، به‌ناچاری، زێڕێكمان بۆیان په‌یدا كرد و له‌كۆلمان بوونه‌وه‌." ئیدی بەرە بەرە حالیان باشتر دەبێت و وایا لێدێت باپیرم شوانێک دەگرێ ئەوەی یارمەتیی بدرێت لە بەخێو کردنی مەڕ و بزن. به‌شێكی بەرچاو له ‌زه‌ویه‌كانی گوندی به‌نێ، داپیر و باپیرمان کڕیویانه‌. باپیرمان حه‌مه‌د و داپیرمان خه‌مێ، له‌ته‌مه‌نی هاوژینییاندا ببوونه ‌خاوه‌نی ٣ مندال، کچێک و دوو کوڕ بەناوی عەیشێ، عەبدوللە و مستەفا. باپیرمان زۆر جار دەیگۆت ”بەرە بابمان یەک ڕەنە“ واتە یەک ڕگ بونە و پێشتر زیادیان نەکردووە. هەردەم یەک یان دوو یان سێ کەس بونە لە خێزانیاندا.


وێنەم لە گوگل دەرهێناوە.

Friday, March 11, 2022

به‌رپا بونی كولب و نه‌بونی:


هەر لە دەستپێکی سەدەی نۆزدەدا ئەو ناوچانە بەهۆی ململانێی ڕوسیا و تورکیا و دەولەتانی تر، لە ژیانێکی زۆر نالەباردا بون. بەرە بەرەیش لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە نزیک دەبووەوە. ئیدی کاریگەرییەکی زۆر سەخت بوو و نەبونی و پێڕانەگەیشتن ژیانی یەجار گران کردبوو لە باری ئابووری و بژێویی ژیانی خەلکانی ئەو ناوچەوە. به‌تایبه‌ت باپیرم زۆر به‌خراپی و دڕونده‌یی باسی له‌شكری عورس (ڕوسیا) و تورکیای ده‌كرد و ده‌یگۆت، ”ئه‌وه‌نده‌ بێ زه‌میر و بێ ویژدان بوون، به‌سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا زالبانه‌، كه‌ له‌و ناوچه ‌ده‌كشانه‌وه‌، هه‌رچی خواردن و دانه‌وێله ‌هه‌بایه‌، له‌شێوه‌ی تالان كۆیان ده‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی پێیان بردرابا ده‌یانبرد، ئه‌وه‌ی ده‌مایه‌وه ‌ده‌یانسوتاند بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئەو دەڤەر سودی لێوەر نەگرن.

به‌و شێوه ‌خه‌لكیان توشی نه‌بوونی و زه‌بوونی كرد." زۆرینەی گوندیان ‌دوچاری کولب؛ (خەلا، برسیێتی) بوون. بەهۆی برسیتییەوە، خەلك دەستیان بە دزی و تالان کردنی یەکتر دەکرد. مەگەر کەسێکی هێزدار بیتوانیبا پارێزگاری لە مال و حالی بکات، ئەگینا هەژار و نەدار و مالدار زۆرینه‌ی وەك یەك دوچاری ئەو برسیبوون هاتن. لەبەر برسیێتیی و نەبوونی و بێ خۆراکی، خەلك تووشی چەندان نەخۆشیی کوشندە و جۆراوجۆر دەبوون. خەلکان بەهیچ تێر نەدەبون و ئەگەر تەشتێکی نان لەبەر یەک کەس داندرابا، هەمووی دەخوارد و لرفی دەکرد و پێیشی تێر نەدەبوو. بۆیە ئەگەر کەسێک لەو سالانەی دواییش زۆر پەلەی کردبا لە زات خواردن، پێیاندەگۆت، هێدی بخۆ خوو کولبت لێ دانەهاتییە!. لە هەمووی خراپتر، خەلک لە بێخوێییدا بەهیلاک چوبون. خۆ ئەگەر خوێ پەیدا ببا، زۆرکەس دەیانتوانی گیا و گۆل خوێ بکەن و بیخۆن. ئەو برسیایەتی و کولب و نەبونی، بووە هۆی گیان لەدەستدانی هزاران مرۆڤ. کەس خۆی لە مردیەکانیش نەدەکردە خودان. باپیرمان ده‌یگۆت، سەرەڕای کولب و قڕبون لە برسان، كاره‌سات ئه‌و كاته‌ دروست بوو كه‌نان شرینی ده‌ستی پێكرده‌وه‌( نان شرینی واته ‌ئه‌و كاته‌ی كه‌م كه‌م نان په‌یدا ده‌بویه‌وه‌، ئه‌وه‌نده ‌نه‌بوو كه‌خه‌لكان له‌تێربوون بیخۆن. به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژ بوو، زات نه‌چووبووه ‌ناو گه‌ده‌یان، بۆیه ‌كه ‌نان شرینی ده‌ستی پێكردەوە، هه‌ركه‌سی نانی ده‌خوارد، پێیده‌كه‌وت و ده‌ڕشایه‌وه ‌و نه‌خۆش ده‌بوو. زۆر خه‌لك به‌و نان شرینی کتوپڕ دەکەوتن و گیانیان له‌ده‌ستدەدا.

مردنی حه‌سه‌نی برای باپیرمان له‌و كولبدا:

حەسەنی برای باپیرمان بە هۆی كولب و زات په‌یدا نه‌بوونه‌وه‌ لەشی بێهێز و لاواز دەبێت، بەرگەی برسیایەتی ناگری و وەک سەدان کەسی تر گیان لەدەست دەدات. مردن ئەوەندە زۆر بووە، ژێرگل کردن و شاردنەوەی لاشەکان زۆر کەم بووە. زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت باپیرمان كه‌سانێك په‌یدا بكات بۆ بنخۆل کردنی ته‌رمی براكه‌ی و ژێرگل كردنی. دیاره‌ چاوی به‌رایی ناده‌ن لاشه‌ی بێگیانی براكه‌ی ببینێ قه‌ل و خه‌رته‌ل و سەگەکان بیخۆن، هەولی زۆر دەدات و چەند کەسێك دەدۆزیتەوە، پێیان دەلێ: "وەرن لاشەی براکەمم بۆ بشارنەوە، هەول دەدەم بچمە لای خۆش كاكۆ بەنەیی و ئاوده‌ل ئێشمەیی، چەند سەر بزنیان ماون، هەموو ملکی خۆمیان دەدەمێ بە یەك بزن، بۆ ئەوەی پاداشتی شاردنەوەی لاشەی برام، بۆ ئێوەی سەر ببڕم و تێرتان بکەم." ئەو کەسانە دەست بە هەلکۆلینی قەبر دەکەن. باپیرمان دەڕوا بۆ لای خۆش و ئاوده‌ل کە بزنیان لێ بکڕی. کە دەگاتە لایان، دەبینی بزنەکانی خۆش و ئاوده‌ل،یش هەموویان دزراون و لێیان تالان کراون. ئه‌وانیش بەبێ بزن و خواردن ماونه‌تەوە. هەتا باپیرم دەگەڕێتەوە، براکەی ژێرگل کراوە و ئەو کەسانەش لەوێ نەماون و هەر یەکەی بۆ لایەک ڕۆیشتووە. باپیرم باسی دەکرد و دەیگۆت، "بەڕێگاوە دەیان لاشەی ژن و مێرد و مندالانت دەدیتن. حەیوانات و قه‌ل و خه‌رته‌ل و سەگە برسییەکان لاشەیان دەخوارد و کەس توانای نەبوو لێیان ببیتە خاوەن و بیانشارنەوە. هه‌موو جارێ باپیرم ده‌یگێڕاوه ‌و ده‌یگۆت، "سالێك هه‌ر سی ڕۆژی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژو بووم به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك مسقاله ‌زاتم خواردبێت. ته‌نها خواردنم توو بوون." هه‌ر ئه‌وتۆ باسی كابرایه‌كی ده‌كرد و ده‌یگۆت، "مه‌رعان هه‌بوو، هه‌نده‌ك له‌خۆی ڕازی بوو. پێشی كولب دابێت و خواردن ده‌ست نه‌كه‌وێت، ڕۆژێك ماله‌جیرانێكیان بانگی ده‌كه‌ن بۆ خواردن. كه‌ده‌چێته ‌مالیان ده‌بینێ ته‌نها برنج به‌شیریان هه‌یه‌، ده‌كشێته‌وه‌ و ده‌لێ، "برنج به‌شیر ناخۆم،" باپیرم گۆتی، ”كه ‌زات نه‌ما، ڕۆژێك هه‌مان جیران ده‌گاته‌ مه‌رعانی و ده‌بینی، تاكه ‌كالكێكی خواردووه ‌و هه‌ر كه‌ته‌ كالكێكی له‌پێدا ماوه و به‌حه‌سته‌م نوزه‌ی له‌به‌ر دێت له‌برسان. ئه‌ویش بانگی ده‌كات و دەلێت، "ها مه‌رعان، برنج به‌شیری ناخۆی؟" ئیدی ئه‌و ته‌علیق ببووه‌ باو له‌ناو خه‌لكانی ئه‌و گونداندا، هه‌ر كه‌سێك زۆر برسیی ببا، پێیان ده‌گۆت، برنج به‌شیری ناخۆی؟ (کالک پێلاوی ئەو زەمانی بون، لە چەرمی گا و گامێش و چێل دروست دەکران و بە بەن و سۆژن پێکەوە دەدروان و لەپێ دەکران. دیارە مەرعان لە بێچارەییدا کالکێکی خۆی خواردووە). باپیرمان ده‌یگۆت "پاش مردنی برام، منیش هێتیمێكی بێكه‌س مامه‌وه. ناچار بووم بۆ ماوه‌یه‌ك بچمه ‌لای به‌درۆی بەگزادە، (به‌درۆ به‌گزاده‌یه‌كی ده‌ست ڕۆیشتوو بووە) خێزانی به‌درۆش دلی پێم ده‌سوتاو زۆر یارمه‌تیی ده‌دام. باپیرم له‌گێڕانه‌وه‌یدا ناوی خێزانی به‌درۆی ده‌هێناو ده‌یگۆت ژنێكی زۆر باش و دلفراوان و نانده‌ر بوو." به‌داخه‌وه ‌ناوی ئه‌و شێره‌ ژنه‌م له‌بیر نه‌ماوه‌. به‌س باپیرم ده‌یگۆت، "وه‌ختێك وه‌یلێهات، نان یه‌كجاری په‌یدا نه‌ده‌بوو." ده‌یگۆت، "به‌هاری به‌سه‌ر‌دا هات و خه‌لكان به‌گیا و په‌لكه‌داران ده‌ژیان." هاوژینی به‌درۆ، قۆغه‌یه‌كی له‌بۆ هاویشتبوومه‌ بنی جه‌نتای شوانی و پێیده‌گۆتم، كوڕم ڕۆژی دوو قۆغه ‌شیر بۆخۆت بدۆشه‌ و بیانخۆره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ده‌مت نه‌شكێ و توانای شوانیت هه‌بێت. باپیرم له ‌گێڕانه‌وه‌یدا گۆتی، من به‌و شێوه‌ خۆم ڕاگرت و له‌برسان نه‌مردم.


وێنەم لە گوگل وەرگرتووە و پەیوەندیی بە ڕوداوی ناوچەی برادۆستەوە نییە.

هەتا بتوانین لەگەلتانین بەو کورتە بابەتە مێژوویانە.

Thursday, March 10, 2022

سێودینی باپیری باپیرمان

 سێودینی باپیری باپیرمان: واتە بابکی پێنجەممان

بەپێی گێڕانەوەی باپیرمان، لە سەدەی هەژدەدا سێودینی باپیری باپیرمان، زەوی و ده‌ره‌دییه‌كی زۆری هەبووە لە  گوندەکانی هارونێ و چنارێ لە دەشتی بەرازگری دەڤەری برادۆست. قەسرێکی لە گوندی چنارێ هەبووە. ئێستاش بناغە و دیوارەکانی ماون و لە لای زۆربەی خەلکی بەرازگر قەسری چنارێ یان بلێین قەسری سێودین ئاشکرا و مەشهورە.

سێوەدین تەنها تاقە کوڕێکی هەبووە بەناوی عەبدوللا. نەزاندراوە داخوا کوڕەکەی گوێنەگر و سەرەڕۆ بووە، یان سێودین کەسێکی ڕاڕاو نەگونجاو بووە. باب و کوڕ لێیان دەبێتە کێشە و لە یەکتر تێناگەن. سێودین کوڕەکەی وەدەر دەنێ و لە مال و ملکی خۆی بێبار و بێبەشی دەکات و لەو ڕکان دەچیتە لای بەگزادەکانی چنارێ و پێیان دەلێ، ”من پیرە مێردێکی بێکەس و بێتوانام و پێویستیم بە خزمەت و قال لێکردن هەیە. بەخێوم بکەن هەتا دەمرم قەسر و سەرجەم زەوی و زاری چنارێ و هارونێ بۆخۆتان و لێتان نەزر دەکەم." ئەوانیش خزمەتیان کردووە بۆ ماوەیەکی تەواو. دیارە لێی بێزار بونە و ئەویش ڕوح چر بووە و زوو نەمردووە، بۆیە ڕۆژێك لە قەسرێیان فڕێ داوەتە خوارێ و گۆتوویانە گایەك لە بن قەسرێ لێیداو کوشتی. ئیتر دوای ئه‌وه‌ی له‌قه‌سرێ،یان فڕێداوه‌ و كوشتویانه‌، هەرچی مال و ملکی سێودین هەیبووە دەستی بەسەردا گیراوە و هەر هەمووی کەوتۆتە دەست بەگزادەکانی ئەو دەوروبەر و عەبدوللەی کوڕی لە مال و ملک بەری و بێ پشک بووە. هەر چۆنێک بێت هەتا مرۆڤ ساخ بێت، لە ژیان و تێکۆشان بەردەوام دەبێت. بەهەر شێوەیەک بوبێت، عەبدوللە ژن دەهێنێت و لە گوندی بەنێی خواکوڕک هندەک زەوی و جێگای لێژیانیان پەیدا دەکەن و بە جۆتیاری ژیانیان دەگوزەرێنن. هەر لەوێ دەبنە خاوەنی مال و سێ مندالیان پەیدا دەبن. کچێک و دوو کوڕ بەناوی فاتیمە، حەسەن و حەمەد. نۆبەرە واتە مندالی گەورەیان فاتیمە بووە.

باپیرمان حەمەد زۆر بەسەرهاتی تال و شرینی بۆ دەگێڕاینەوە و دەیگۆت، ”من ئەوەندە مندال بوم بەبیرم ناهێ کەی دایکمان کۆچی دوایی کردووە. بابمان ئێمەی بە سێویایەتی بەخێو کردووە و فاتیمەی خوشکمان یارمەتیدەر و هاریکاریی بووە. زۆری نەخایاند، باوکیشمان کۆچی دوایی کرد. ئێمە هەرسێ مندال هێتیم و سێوی ماینەوە و خەلکان یارمەتییان دەداین. پاشان فاتیمە مێرد بە خزمێکیان دەکا بەناوی شینۆ. دیارە شینۆ زۆر باش بووە بۆیان  و بە جوانی بەخێویانی کردووە، بۆیە هەرکاتی باپیرمان حەمەد ناوی شینۆی دەهێنا، بە خال شینۆ باسی دەکرد. شینۆ خاوەنی زەوی و ملکێکی یەکجار زۆر بووە. زۆربەی زەویی گوندەکانی  جۆرتی سەرێ و خوارێ، زیارەت، بڕەپیر، سولکێ، چەمی سولکێ و ئه‌لموشی ژێری هی شینۆ بوونە. حەمەد و حەسەن و شینۆ و فاتیمه ‌هەرچواریان پەیمانی دلسۆزی و تەبایی دەبەستن و سۆزدارانە و تەبا خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەبن.

بابەتی مالباتمان لە گێڕانەوەی باپیرمانەوە بەردەستن و جار جارە کورتەیەکیان لێ دەخەینە بەر دیدەنی گەشی هاوزمانانمان