ڕاو : به‌شی ٤
١- به چه‌ند شێوه‌یه‌ك ماسی ڕاو ده‌كران. له ڕوباره‌كانی به سولاغ و هه‌لدێر له شێوه‌ی تاڤگه‌دا، چهپهرێكی زۆر گه‌وره ده چندراو و دروست ده‌كرا. له كێندهرێ ئاوی ڕوبار ببایه سولاوكهیهكی بلند و به ڕێژنه، ئه‌و چهپهریان ده‌برد و ده‌دایه به‌ر سولاوكهی ڕوبارو به
گوریس و ستون (ئه‌ستوند) قه‌ییم ده‌كرا. چهپهرهكهیان تۆزێك فڕ دروست ده‌كرد هه‌تاكو ماسیه گه‌وره‌كانی تێدا بمینن و هورده‌واله‌كانی تێدا بچنه خوار. به‌و چه‌په‌ر دانانه‌وه ده‌گۆترا بهۆك. شه‌وان بهۆكیان به‌جێ ده‌هێشت. به‌یانیان كه ده‌چونه سه‌ری، ده‌یانبینی بهۆك پڕ بووه له ماسی. ماسیه‌كانیان ده‌رده‌هێنان و بهۆكیان به‌جێ ده‌هێشت. به‌لام جار هه‌بوو هرس (ورچ) به بهۆك فێر ده‌بو. هه‌ر شه‌و ده‌چووه سه‌ری، هه‌تا تێر ماسیی ده‌خواردن و بهۆكی به‌جێ ده‌هێشت. ئه‌گه‌ر ماسیی زۆر به بهۆكێدا نه‌كه‌وتبان، هه‌ر به‌شی هرسهكهی ده‌كرد و خاوه‌ن بهۆك هیچ ماسیی بۆ نه‌ده‌مانه‌وه. جاریش هه‌بو، شه‌وان ڕوبار بۆش ده‌بوو ئاو زۆر زیادی ده‌كرد، خاوه‌نی بهۆك به‌یانی ده‌چو بۆ ماسی هێنانه‌وه، كه‌چی ده‌یبینی، خودای ماسیان بهۆكی ڕامالیه و هیچی له‌سه‌ر یه‌ك نه‌هێشتووه.
٢- بهاران كه ڕوبار زۆر بۆش ده‌بون دار‌و قرش (كرش) و شتی ده‌وره‌ی خۆی ڕادهمالی و شێلو ده‌بو، زۆربه‌ی ماسیه‌كان ده‌چونه ناو كونه‌كانی ده و ڕوبار و شیوكهكانی بچوك بچوكی شێلو نه‌بویی. ئه‌و كونانه‌ی ماسی خۆیان ده‌دایێ، پێیاندهگۆترا، هۆله ماسی، یان هه‌له ماسی.
له بهاری ١٩٧٦ سه‌ردانی مالی خاله‌تم كرد له لۆلانێ. حاجی ئیدریسی مێردی پلكم گۆتی، چیدهلێی بچینه سه‌ردانی مالی حاجی عه‌بدولله له سالاریا. گوندی سالاریا له نزیك سنوری ئیرانه. ناوچه‌یه‌كی به‌فرگر و كوێستانه. بهاران له‌گه‌ل بژین و توانه‌وه‌ی به‌فر، ڕوباره‌كان بۆش و شێلو ده‌بن. ئه‌و شه‌وه‌ی چوینه گوندی سالاریا، ڕۆژی دواتر حاجی ئیدریس به من و خالد حاجی عهبدوللهی گۆت، هه‌ستن بچینه ماسیگرتن. منیش ته‌ماشام كرد، نه تۆڕ، نه قولاب، نه دوشاخه، نه دهنهمێت و ده‌رمان مهرگهموشیان پێنه‌بو. پرسیم و گۆتم چۆن و به‌چی ماسیان ڕاو ده‌كه‌ین؟، حاجی ئیدریس، گۆتی، بڕۆن بابچین، ماسیان به‌ده‌ستان ڕاو ده‌كه‌ین. من بڕوام نه‌كرد، به‌لام گۆتم ده‌با بچین داخوا چۆن ده‌بێت؟ كه چوین، كه‌ندێك ئاوی سافیی لێدههاتهخوار بۆ ناو ڕوبار. حاجی ئیدریس
جێگایه‌كی ده‌ست نیشان كرد‌و پێی گۆتین ئه‌لێره به‌ری ئاو بگرن. به هه‌ر سێكمان به‌ردمان هینان و به‌ری ئه‌ومان ته‌واو گرت. حاجی ئیدریس جۆته گۆریهكی ئێرانیی له‌پێ دابون، پێیان ده‌گۆت، گۆریه‌ی زیندانی. گۆریهكانی له ده‌ست كردن و خۆی خسته ناو ئاوی به‌ر لێ‌گیراو، هه‌رجاری ده‌ستی ده‌برده ناو كون و كه‌لێنی به‌رده‌كان، دو سێ ماسیی به‌یه‌كه‌وه ده‌گرتن و فڕێ ده‌دانه ده‌ره‌وه. من و خالیدیش كۆمان ده‌كردنه‌وه و ده‌مان خستنه ناو توره‌گه و جه‌نتا. ئه‌و ڕۆژی هند ماسیی گرتن كۆلهپشتی هه‌رسێكمان پڕ بون و به‌زۆر شیاین بیانهینینهوه.
هه‌ر ئه‌و ئێواره به‌شی مهنجهلێك ماسیان خاوێن كردنه‌وه، هنده‌ك چیلكه داریان خستنه بنی مه‌نجه‌ل، پاشان ماسیه‌كانیان له شێوه‌ی دۆلمه ڕاست و چه‌پ له‌سه‌ر یه‌ك نژنین هه‌تا مه‌نجه‌ل نزیكی پڕ بون بو. هه‌ر چینهكیشیان داده‌نا، هنده‌ك سماق و خوێیان به‌سه‌ردا ده‌كردن. پاشان خستیانه سه‌ر ئاگر، هه‌تا به‌یانی ماسیه‌كان كولابون. ڕۆژی دواتر، ئه‌و ماسیه‌یان هینان، ئه‌وتۆ كولا بون، ئێسك و گۆشت گشتی وه‌ك یه‌ك لێهاتبون. گۆشت ماسیه‌كه ئه‌وه‌نده به چێژ و خۆش بون، وه‌ك ده‌گۆترێ، حه‌فت تامیان لێ ده‌هات.
٣- هاوینان كۆمه‌له كه‌سێكی مه‌له‌وان ده‌چون، ڕه‌چاویان ده‌كرد و ده‌یانزانی كامه گۆم، زۆر ماسیی تێدانه. دهنهمێت، یان بلێین قومبه‌له‌یه‌كیان ده‌هینا و ده‌یانخسته ناو شوشه‌یه‌ك یان قۆدییه‌ك (قوت‌و) و پڕ به‌ر ڕۆخهكانیان خیز (زیخ) و ورده به‌رد ده‌كردن و فتیلهیهكی دو بستان درێژیان تێده‌گرت. كه دهنهمێت حازر ده‌كرا، یه‌كه‌ك له‌سه‌ر گۆم ڕاده‌وه‌ستا، ئه‌وانیتریش ده‌چون، به‌ردیان دههاویشتنه ڕه‌خ و چاوانی گۆم هه‌تا ماسیه‌كان خۆیان بده‌نه‌وه ناو گۆم، له‌وكاتی ئاگهریان به‌رده‌دایه فتیله‌و دهنهمێتیان ده‌هاویشته ناو گۆم. له‌گه‌ل گرمه و ته‌قینه‌وه‌ی دهنهمێت، هه‌رچی ماسی هه‌بو له‌و گۆمدا، ورد و درشتی بێ ڕوح ده‌بون و كچكهكان به‌سه‌ر ئاو ده‌كه‌وتن و گه‌وره‌كانیش ده‌كه‌وتنه بنی گۆمه‌كه. ئیتر ده‌بی به مه‌له‌وانی ده‌ست كرابا به ماسی ده‌رهێنان هه‌تا قه‌ناعه‌تیان ده‌هات. ماسی ئه‌وه‌نده زۆر بون له ڕوباره‌كانی ئه‌و ناوچه‌دا، كه دهنهمێت له‌هه‌ر جێگایه‌ك ده‌درا، ئه‌و ڕوبار له ده‌وروبه‌ری دهنهمێت لێدان سپی هه‌لده‌گه‌ڕا له ماسیی بێ گیان و به‌سه‌ر ئاو كهوتو.
٤-ده‌رمانی مهرگهموشیش هه‌بو بۆ ماسی گرتن به‌كار ده‌هات. ده‌چون یه‌ك سینیه كرم،یان ده‌هێنان و ده‌رمانیان ده‌كرده فتیله و له كرمه‌كانیان ههلدهكێشا، یانیش له‌گه‌ل هه‌ویر تێكههلاو دهكراو ده‌یان هاویشته ناو ئاو. هه‌رچی ماسیی ئه‌و مهرگهموشی ده‌خوارد، تێكڕا ده‌مردن. دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك، ئاوه‌كه پڕ ده‌بو له‌و ماسیانه‌ی به‌ده‌رمانی مه‌رگه‌موش ده‌كه‌وتن.
٥- له سالانی هه‌شتاكان، ماتۆڕی كاره‌با په‌یدا بون. كه‌سانێك هه‌بون، به ماتۆڕی كاره‌بای گۆمهكانیان ده‌كردنه كاره‌باو هه‌رچی ماسیی كچكهو گه‌وره‌ی تێدا بان، گشتیان ده‌مردن و به‌شی خۆیان ڕاو ده‌كردن، هزارانیش به‌ئاودا ده‌چون و خه‌سار ده‌بون.
مرۆڤ ده‌كرێ ڕاو بكات و نه‌فسی شۆمی تێر بكات به گۆشتی گیانداران. لێ كاره‌ساته بۆ ڕاو كردنی چه‌ند جه‌مه (ژه‌م) گۆشت ماسیه‌ك، هه‌رچی زینده‌وه‌ری ڕوبار هه‌یه، تێكڕا بێگیانیان بكات و ژیانیان لێبستێنیتهوه. به‌ڕای به‌نده، ڕاو كردنی ماسی به بهۆك، به تۆڕ یان به دوشاخه، زۆر گونجاوو له‌جێیه. به‌لام به‌ڕاستی ده‌رمان لێدان و دهنهمێت لێدان و كاره‌با لێدان، هه‌رسێكیان گه‌وره‌ترین تاوانن و ئه‌گه‌ر قانون و لێپێچینه‌وه هه‌بێت، ده‌بێ گه‌وره‌ترین سه‌زا به‌شی ئه‌و ڕاوكهرانه بێت كه كۆمهلكوژیی ماسیه‌كان ده‌كه‌ن به ئالاتی نه‌گونجاو.
No comments:
Post a Comment