Monday, March 28, 2022

دوو چیڕۆکی سالانی ١٩٦٥ هەتا ١٩٧٠.


پێشی بێمە سەر بابەتی ڕەدوکەوتنی (م) خاتون، دەمەوێ کورتەباسێک لەسەر گەنجان بە گشتی و کچانی سۆفییان بەتایبەتی بگێڕمەوە. لەو پێنج سالانەی لە گوندی مەلاعومەر گیرسابوینەوە دەیان گیرو گرفت ڕویاندا. لەو سەردەمیدا، لەناو ئێمەی خواکوڕکی یان بلێین سۆفیدا، حەز و خۆشویستنی کچ و کوڕان شتێکی ئاسایی بوو و کوشتنیان لەسەر نەبوو. بەس کچانی ئەو گوندان بەهیچ شێوەیەک نەیاندەتوانی تەماشای گەنجێک بکەن بەناوی خۆشویستنەوە لە ترسی مالباتیان. 

بە هەموو مالەکانی ئاوارەی ئەو گوند، یەک ڕەوە کچ و کوڕی گەنج و هەرزە هەبون. کچەکان ڕۆژانە بە یەکەوە دەچونە پاچە و بژارە و خزمەتی بیستانان و پەمو ڕنین و کێشانەوە بۆ سەر نعۆر و جێی دیاریکراو. بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە بە یەکەوە بون، زۆر سەرەڕۆ و یاریکەر و پەلامادەری بە کۆمەل بون. هەموویان کچی خۆپارێز و بە ئەخلاق بون. بەس کە دەگەیشتنە یەکتر، وەک ڕەوە بەراز بون و یاری و حەنەک و لاقردیان بە یەکتر و هەر کەسێکی تریش دەکرد کە بە بەردەستیان کەوتبا.


کەسێکی گەنجی ئەو گوند، ناوی (م) عەزیز بوو. گەنجێکی حەز لەخۆکەر و پۆشتە بوو. دەنگێکی زۆر ناسک و لەباری هەبوو، هەردەم لە شەوانی ساوار کوتاندا ئەو بانگ دەکرا بۆ گۆرانی گۆتنی وەبەر ساوارکوتانێڕا. زۆربەی گۆرانیی فۆلکلۆریی درونە و پالەیی لەبەر بون. ڕۆژێک ڕەوەیەک لە کچەکانی سۆفییان گەیشتبونە یەکتر و چوبونە سەر کاڕێزی گوندی. کاڕێزەکە یەک جۆگەی گەورە ئاوی لەبەر دەڕۆیشت. (م) عەزیزیش لەناو بیستانان دەهاتەوە و کچەکان ڕێی لێدەگرن و پێیدەلێن،وەرە گۆرانیمان بۆ بلێ و هەلپەڕکێ دەکەین“. ئەویش دەست بە گۆرانی دەکات و کچەکان شایی دەکەن هەتا هیلاک دەبن. پاشان هەر دەست بە (م) عەزیزی دادەهێنن و پەسنی دەکەن و دەلێن ئۆیی چ لاوێکی لایێق و پۆشتە و جوانە. ئەو دەلێ من مێردی پێدەکم، ئەویتر دەلێ، بەخوا لێناگەڕێم خۆم مێردی پێدەکەم، ئەو لەبۆخۆی ڕایدەکێشی ئەویتر لەودیوی ڕایدەکێشی. بە هەر هەمووان لێکی دەکێشنەوە و جل و بەرگی دەدڕێنن و دەیخەنە ناو جۆگەی دەراوی کانیێ، چەند لیم و لیتۆری کاڕێزێ هەیە، هەمووی پێدا دەدەن و ڕاست هەلدێن و دەڕۆن. باپیرم گۆتیبەسەردا چوم و (م) عەزیزم بینی، دەتگۆت ڕاوە بەراز لەناو قوڕێیان شێلایە. گۆتی پێمگۆت، ئەوە چییە کێ وایلێکردی؟ گۆتی ”(م) عەزیز لە ڕق و توڕەییان گۆتی، هەی نەفرەت لە هەموو سۆفییان بێت لەگەل تەربییەت و ئەخلاقیشتان“. باپیرم گۆتیهندەک دلیم دایەوە و یارمەتیمدا هەتا تۆزێک لە قوڕ و لیتاو خاوێن بویەوە. پاشان (م) عەزیز ئەوەندە متوعی سۆفیان ببوو. هەردەم لە پەیوەندی دابوو لەگەلیان و زانیم پاشی سالی حەفتایش بۆ سەردانی هندەک ڕەفیقی، هاتبووە گوندەکانی گەلیی خواکوڕکی.


 به‌دوو كه‌وتنی (م) خانی كچی(ح) سپیارەیی لە گوندی مەلاعومەر:

له‌و سەروبەنددا لە کۆتایی سالانی شەستدا(م) خانی كچی سۆفی (ح) سپیارەیی ڕەدوو (بەدوو)ی خزمێكیان كه‌وت به‌ناوی (ع). کە (ع) کچەی ڕواو هەلیگرت، بابی کچە شێت و هار بوو. لە توڕەییاندا خوێنی لە چاوان دەباری. لەو هەلچوندا بابی کچە مالی (ح) دورجه‌یی تاوانبار كردن. گوایه‌ ئه‌وان ده‌ستكایه‌تی و ده‌ستدۆزیان بۆ (ع) كردووه‌ و کچەیان هەلخەلەتاندووە بۆ ڕەدوکەوتن. له‌سه‌ر هندێ ئێواره‌یه‌ك (ح) سپیارەیی و (ح) دورجه‌یی لە ڕێگەی کاڕێزی گوندی دەگەنە یەکتر. (ح) سپارەیی بە (ح) دورجەیی دەلێ "عەیب ناکەن (گ......) بکەن و کچەکەی منتان هەلخەلەتاندووە و ڕەدوتان خستووە"؟ (ح) دورجەییش کەسێکی خۆپارێز بوو، خۆی نەدەهێنا ئەو ڕێزەی دەستدۆزی بۆ کچ و کوڕانی دراوسێیانی بکات و وشەی (گ.....)یی پێ هەزم ناکرێ و بە توندی وەلامی دەداتەوە. (ح) سپیارەیی گەف دەکات و دەبەزیتەوە مالێ و تفەنگ دەهێنی. هەردوکیان ستاره‌ له‌ یه‌كتر دەگرن و یه‌كتری دەدەنە‌ به‌ر تفه‌نگان و بۆ كوشتن ده‌یان هاویشته‌ یه‌كتری. بابم و چەند کەسێکی تر وەک بەڕەوانکار هەولیاندا لەکۆل یەکتریان بکەنەوە، بەس (ح) سپارەیی هەر "دەیگۆت، جێی قبول کردن و لێخۆشبون نییە و هەر دەیاکوژم. خه‌به‌ر درایه‌ سۆفییه‌كانی چه‌مه‌دوبز، له‌وێڕا، حاجی (ش) و حاجی (ک) و چه‌ند چه‌كدارێكیتر هاتن، ده‌وره‌یان له‌ (ح) سپارەیی،دا. دیار بوو نەیویستبوو تەسلیمیان ببیت و هەر چەکی لێیان ڕاست کردبویەوە. پاشان بە قسەی خۆش و زمانلوسی دەورەیان لێیدابوو و چه‌كیان كردبوو. لە کاتی چەک کردنی، خۆی بچوڕیبویەوە، ئەوانیش قونتاغه‌ تفه‌گەکیان لێدابوو، سەریان لێی شکاندبوو. به‌و شێوه‌ دەست و پەلیان لێبەستبون و بردیانبووه‌ مالی حاجی محەمەدی شێخ ڕه‌شید لۆلانی له‌ گه‌ڕه‌كی ئیسکان، شاری هه‌ولێر. ئیدی حاجی محەمەد هەردوو لای بانگ کردبون و ڕازیی کردبون کە چیدی گێچەل بە یەکتر نەکەن. سەرەڕای ڕازیبونیان کە شەڕ بە یەکتر نەفرۆشن، هەر لالوت بون و تێکهەلاوی و گفتوگۆیان بە یەکەوە نەمابوو. لەپاش ماوەیەکی درێژ، خەلکانی خێرخواز هەولیاندابوو. (ح) سپیارەیی کچەکەی و زاواکەی قبول کردبونەوە. هەرچەندە نازانم بە چ شێوەیەک سولحیان کردبوو. بەس ئەوەندە دەزانم کە کچە ڕەدوو کەوتووەکە و کوڕەی هەلگری بە ڕێزەوە هاتنەوە مالە خەزوران و بونەوە خۆشەویستی یەکتری. کورد دەلێ (هەر چاکە چاکە) خۆزگە هەموو تێکنەگەیشتن و گرفتەکان بە عەقل و دانایی چارەسەر دەکران نەک بە کوتک و سنگی.

Friday, March 25, 2022

حساری بوڕهان ئاغای دزەیی سال ١٩٦٧:

 

بوڕهان ئاغا دزەیی خاوەنی حسارێکی زەبەلاح بوو لە گوندی مەلاعومەر. دیارە هەر لەسەر (تەسلیح زراعی) بوڕهانیش وەک هەموو ئاغاواتیدی لە حکومەت پشتڕێ ببوو و ببووە(پێشمەرگە) واتە چەتە بەناوی کوردایەتییەوە. پاش ڕوداوی بەینی مامە و مەرعی بە ناچاری باپیرم حەمەد و شێخۆ ناوخۆش و چەند کەسێكیدی گەیشتنە یەکتر و سەردانی بوڕهان ئاغایان کرد و داوایان لێیکرد کە حساریان وێداتەوە هەتا ئاوارەکان لەو گوند بێ ڕێگەی و نوانی نەبن.

بوڕهان ئەو کاتی خۆی بە کاربەدەستی پێشمەرگەی ئەو ناوچە دەزانی و مەشهور بوو بە (بوڕهانە کۆر). بوڕهان زۆر بە مەردانە وەلامی دابونەوە و گۆتیبوو ،”حسارەکەم بۆ ئێوە هەمووتان بەسەر خۆتاندا دابەشی بکەن و هەتا ئێوە پێویستتان بێت، داواتان لێ ناکەم کە چۆلی بکەن.” بوڕهان برایەکی تری هەبوو بەناوی یوسف ئاغا. خەلکی گوندەکە باسیان دەکرد گوایە یوسف هۆرمۆنی ژنانەی بەهێزتر بونە لە هی مێردانە و بوڕهانیش پێی قبول نەبووە بە براکەی بگۆترێ (نێرەموک). هەردوکیان لێک کەوتبون. بوڕهان حساری بەجێ هێشتبوو و ببووە پێشمەرگە. یوسف،یش لە ترسی بوڕهانی هەلاتبوو و لە هەولێر دەژیا و نەگەڕایەوە گوندی. ئیدی لەسەر هندێ، حساریان بەبێ خاوەن مابویەوە.

بەهۆی بوڕهان ئاغاوە پەیوەندیی ئەو ئاوارانەی گوندەکانی مەلاعومەر و چەمەدوبز بەردەوام و خۆش بوو لەگەل پێشمەرگەی ئەو دەشتانە. كه‌چی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش، ئێواره‌یه‌ك چ پیاو لە مال نەبون و زۆربەی ناردرابونە دەوامی فرسانی. بووە ترس و گۆتیان مالی بارزانی چەند مەفرەزەیەکی پێشمەرگەی ناردووە بۆ ئەو دەشتە و لەوانەیە ئەوشۆ بەسەر مالە ئاوارەکانی سۆفیاندا بگرن و هەموویان سەر ببڕن و بکوژن. شەوێ لەناو مال و خێزاندا بووە گریە و ترسێك کەس نەیتوانی ئارامگرانە داکاسێت. پێشتر هندێك مالە بۆتی ( بۆتی چەند بەرە بابێکین لەناو گۆرانان کە پێیاندەگۆترێ حەفت تیرە)( عه‌شائێر سه‌بعه‌) خوێن لێکەوتوو بون و لەو گوندە جێنشین ببون. کە ئەو هەوالەیان پێگەیشت، براگەورەیان ناوی خەلیل سالح بۆتی بوو. کاتێك بینیمان خەلیل بۆتی سەرجەم برا و ئامۆزاکانی خۆی کۆ کردبونەوە و هەر هەموویان بە چەکەوە هاتن و لە دەورەی حسارەکە دابەش بون. بە مال و خێزانی ئێمەیان گۆت،” بڕۆن بێ ترس بخەون، ئەو کاتی کەسێك دەگاتە ناو حسارێ، کە بەسەر لاشەی ئێمەدا دەرباز ببێت.” ئەو شەوی هەتا بەیانی ئەو بۆتیانە پاسەوانیان لە مال و خێزانی برادۆستە ئاوارەبووەکانی ئەو گوندە کرد. ئەو کاتی تەمەنم لە دەوری نۆ سالان بوو. بەس هەرگیز مەردایەتی و پیاوەتیی بۆتیەکانی ئەو گوندی لەبیر ناکەم، بەتایبەت خەلیل سالح بۆتی.

ئێمه‌ هه‌تا سالی ١٩٧٠ له‌وێ ماینه‌وه‌. چه‌ند مشكلیه‌یه‌ك له‌و گوندانه‌ له‌ به‌ینی سۆفیه‌كان و خاوه‌ن زه‌وی و دەخل و دانی ئه‌و گوندان دروست بون. دیاره‌ زه‌ره‌ر و زیان شتێكی تاله‌. هه‌موو كه‌سێك پێی قبول ناكرێ. سۆفییه‌كانیش خاوه‌ن مه‌ڕومالات بون. زۆر جاران شوانەکان کار و بەرخ و مه‌ڕیان به‌رده‌دانە گه‌نم و جۆی گولدایی و خاوه‌نەكان له‌ پێشوه‌ ده‌ستیان به‌ گریان ده‌كرد. ئه‌گه‌ر شه‌ققه‌ زلله‌یه‌كیشیان له‌ شوانكارێك دابا، ئه‌وا سۆفییه‌كان وه‌ك ڕه‌وه‌ كه‌متیار هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ریان و داركاریان ده‌كردن. هه‌ر له‌سه‌ر زه‌ره‌ر و زیان، ڕۆژێك سۆفییه‌كان له‌گه‌ل بوڕهانی برازای خه‌لیل بۆتی به‌شه‌ڕ چون و به‌ تفه‌نگان داڕسانه‌ یه‌كتر. خه‌لیل بۆتی ترسا کە خوارزاكانی بكوژرێن و ژیانیان لێ تێك بچیت. هه‌ستا چووه‌ سه‌ر خوارزاكانی و هه‌موویانی چه‌ك كردن. سۆفییه‌كانیش بوڕهان و برا‌كانی بوڕهان، واته‌ خوارزاكانی خه‌لیل بۆتیان گرتن و به‌ لێدان و ده‌ستبه‌ستراوه‌یی له‌ناو هۆله‌ مه‌ڕێكیان به‌ند كردن. ناچار خه‌لیل هانای بۆ حاجی محه‌مه‌د لۆلانی و کاربەدەستانی برادۆست برد. ئەوانیش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ چه‌ند كه‌سێكیان ناردن و خوارزاكانی خه‌لیل ئازاد كران. ئه‌وه‌ش دیاره‌ پاداشتی خه‌لیل و خوارزاكانی بوو كه‌ له‌ حالاتی ته‌نگانه‌دا شه‌و هه‌تا به‌یانی پاسه‌وانییان له‌ مال و خێزانی ئێمەی ئاوارە كرد. 

ئایی نادادپەروەری و نائاگایی کۆمەلگا، چ دەردێکی کوشندەی!


Thursday, March 24, 2022

كوژرانی مامه‌ به‌ده‌ستی مه‌رعی سالی ١٩٦٧:

 

لە بابەتێکی پێشوتردا باسمان کردووە کە لە سالی ١٩٦٥ مال و خێزانمان تۆپباران کران لە لایەن لەشکری مەلا مستەفا بارزانی بەناوی کوردایەتییەوە. پاش ئەو تۆپباران کردن، ئێمە گوازراینەوە بۆ کەلەکی یاسین ئاغا. بۆ پاییزی هەمان سال، بەسەر گوندانی ئەو ناوچەدا دابەش کراین. ئێمە نۆ مال کەوتینە گوندی مەلا عومەر. زستانی یەکەم خانوو بۆ هەموومان پەیدا نەبون. ئێمە دوو خێزان لە بن کونە جسرێکدا ماینەوە. 

کەسێکی خەلکی گوندی مەلا عومەر هەبوو بەناوی مەرعی. مرۆڤێکی جوامێر و خانەدان بوو. لە سالی ١٩٦٦ مەرعی جێی بۆ کردینەوە و ژورێکی وێداینەوە. مەرعی جیرانێکی هەبوو بەناوی مامە. لە لە تالح و ناوچاوانی ئێمە، سالی دواتر واته‌ كۆتایی به‌هاری ١٩٦٧ مامه‌ ده‌ستی به‌ خشت (لکبن) (کەرپوچ) بڕین كردبوو به‌ نیازی دروست كردنی خانووێکی نوێ. لەبەر ئەوەی مامە دوو کوڕی هەبون. کوڕی گەورەی بە ژن و مندال بوو و جێگایان بەرەتەنگ بوو، بۆیە دەستی بە قوڕ گرتنەوە کردبوو له‌سه‌ر جێی جۆخینی مه‌رعی‌. کە مه‌رعی به‌سه‌ردا چوبوو ده‌بینی جێی جۆخینی ته‌واو تێكداوه‌. مه‌رعی به‌ مامه‌ ده‌لێ، "ئه‌وه‌ ویژدانت نییه‌، بۆچی جێی جۆخینمت تێك داوه‌؟ خۆ ده‌توانی له‌ جێگایه‌كی تر قوڕ بگریه‌وه‌ و خشته‌كان له‌سه‌ر جێی جۆخین دانەڕێژی". دیاره‌ مامه‌ هیلاک بووه‌ و به‌ توندی وه‌لامی مه‌رعیی دابویه‌وه‌. ده‌بێته‌ ده‌مه‌قالێ و شەڕ له‌ به‌ینیان. مامه‌ هه‌تا له‌ ملانی دێت، دوو خاكه‌ناس ده‌خێوێنیته‌ پشتی مه‌رعی. مه‌رعی پشت ده‌دات و ده‌یه‌وێ له‌به‌ری هه‌لبێت، مامه‌ هه‌ر به‌دوای ده‌كه‌وێ و له‌كۆلی نابێته‌وه‌. مه‌رعی به‌ دیابی كوڕی ده‌لێ، "بڕۆ قرمه‌م له‌بۆ بهێنه‌". دیابیش مندال بوو یه‌كسه‌ره‌ به‌ غاردانه‌ ده‌ڕوا و قرمه‌ ده‌هێنی و ده‌داته‌ ده‌ست باوكی. مه‌رعی به‌ مامه‌ ده‌لێ "بگه‌ڕێره‌وه‌ ده‌تكوژم". مامه‌ هه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه‌. مه‌رعی یه‌كسه‌ر نۆ گولله‌یه‌ك به‌ناو پیستێری مامه‌ وه‌ده‌نێ. مامه‌ هه‌ر له‌دووی ده‌ڕوات و مه‌رعی به‌ره‌ و مالی خۆی هه‌لدێت. دیاره‌ مامه‌ برینی سارد ببونه‌وه‌ و له‌ كۆلانی پێشی مالی مه‌رعی كه‌وتبووه‌ خوار و كوڕه‌كانی و چه‌ند كه‌سێكی ئاوایی گه‌یشتنه‌ سه‌ری و چوار چه‌نگ هه‌لیانگرت به‌ره‌ و ماله‌وهیان‌ بردەوە. من مندال بوم و خۆم به‌ناو قه‌له‌باغیی مالی مامه‌داكرد و خه‌لكان له‌ هنداو مامه‌ ڕاوه‌ستابون. مامه‌یش هه‌ر ده‌ینالاند و ده‌یگۆت، ”ئایی دلم تۆ‌قی". كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ر ده‌یگۆتێ، "بابه‌ تۆزێك غیره‌ت بده‌ به‌ره‌خۆت، تۆ برینه‌كانی منت له‌بیر نه‌ماون؟ ئێستایش هه‌ر واده‌زانی هیچم به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌". من به‌سه‌رهاتی كوڕی مامه‌ نازانم. به‌س وه‌ك له‌ خه‌لك و جیرانه‌كانی ئه‌وانم بیست، كاتی خۆی، پێشمه‌رگه‌ هاویشتیانبووە‌ سه‌ر گوندی مه‌لا عومه‌ر و كولله‌یه‌ك به‌ پشتی كوڕی مامه‌ كه‌وتبوو و له‌ ورگی ده‌رچوبوو. به‌ پێی گێڕانه‌وه‌یان، ئه‌و كوڕه‌ ورگ و ڕیخه‌لۆكی خۆی به‌ده‌ستی خۆی خستبونه‌وه‌ ناو زگی و به‌ پشتبێند پێچایبون و هه‌لاتبوو به‌و شێوه‌ خۆی گه‌یاندبووه‌ گوندی كاكه‌یینشینی سفەییه‌ و له‌وێ خەلکی خێرخوازی ئەو گوند یارمەتییان دابوو و دەرمانیان كردبوو و چاك ببویه‌وه‌. بۆیه‌ كوڕه‌كه‌ به‌ مامه‌ی باوكی ده‌گۆت، "باوكه‌ خۆڕاگر به‌، تۆ برینه‌كانی منت له‌بیر نه‌ماون"؟ به‌س مامه‌ هه‌ر ده‌یگۆت، "كوڕم دلم تۆ‌قی". به‌هه‌رحال جیبێكی قوته‌ی ئه‌مه‌ریكییان په‌یدا كه‌رد و مامە گەیاندرایە خەستەخانە لە هەولێرێ. بەس مخابن‌ بۆ ئێوارێ لاشەی بێگیانی هاتەوە مالێ و له‌ قه‌برستانی نزیك مالیان بە خاك سپێردرا. مەرع،یش ئه‌و شه‌وی له‌ مالی خۆی مایه‌وه‌. دره‌نگانی شه‌و باوكم گۆتی،” بڕۆ بزانه‌ مه‌رعی چیده‌كا و چی پێویسته‌.” منیش چوم. هه‌ر له‌ ده‌رگای حەوشە ده‌نگی دام و لێی ڕاخووڕیم و گۆتی،” تۆ كێی؟” منیش خۆم پێی ناساند. دیاربوو له‌سه‌ر بانی قرمه‌ی له‌به‌ر ده‌ستان بوو و نۆبه‌دار بوو. پێی گۆتم،” به‌سه‌ر كه‌وه‌ و هه‌ڕوه‌ لای مندالان.” منیش گۆتم، نه‌ مام مه‌رعی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ باوكم منی ناردووه‌ داخوا چیت پێویسته‌. گۆتی، ”سلاو بۆ باوكت، هیچم پێویست نییه‌. هه‌موو شتێك باشه‌“.  

بۆ ڕۆژی پاشتر هادیی برای مەرعی له‌گه‌ل چه‌ند كه‌سێكی چه‌كدار له‌ گوندی چه‌مه‌دوبزه‌وه‌ هاتن و مال و خێزانی مه‌رعیان باركرد و ڕۆیشتن. بەو هۆیەوە مه‌رعی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانی، چوونه‌ ناو عاره‌به‌كانی گەعێتل. ئیتر ئێمەش نەمان توانی لەناو خانووی مەرعی بمێنینەوە و بەدوای جێگایەکدا دەگەڕاین.

تێبینی:

مەرعی کەسێکی حەز لەخۆکەر بوو. جوتە تاژییەک و مایینەکی ڕاو کردنێی هەبون. بەردەوام دەچووە زورگەکانی لای شاخی سفرگۆران و کەروێشک و ڕێوی و شتی ئەوتۆی ڕاو دەکردن. 


مالی مامەیش دراوسێیان بون. مالە جۆتیارێکی دەست کورت بون. کەونە تفەنگێکی خەپرەکەیان هەبوو. لەو کاتەی مەرعی قرمەی لە مامە دای، کوڕی گەورەی مامە چوبوو تفەنگی هینابوو، دوو سێ فیشەکی پێدا هینابون، چتاقکیان هەلی نەکردبوو. دیارە کۆتایی بە تەمەنی مەرعی نەهاتبوو، ئەگینا فیشەکێک هەلیدەکرد و هەردوکیان بەبەر یەکتر دەکەوتن. لەو سەردەمیشدا. هیچ قانون و دادگەراییەکی حکومەت لەو گونداندا نەبوو. ئیدی ئەگەر خەلکانی ڕیش سپی سولح و چاکەکارییان کردبا، ئەگینا دوژمنداری هەر بەردەوام دەبوو.